(گەڕانەوە) وەرزی دووھەمی بیرەوەریەکانم… به‌شه‌کانی یه‌که‌م تا سێهه‌م

Posted by
(گەڕانەوە)
وەرزی دووھەمی بیرەوەریەکانم…
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
بەشی: یەکەم.
سەرتا….
لەوەرزی دووھەمی بیرەوەریەکانم دا….
دەمھەوێ جارێکی دیکە لە سەر ڕووداوەکانی بەرگری و شەڕی پێشمەرگانە بەردەوام بین.
ھەموو وردەکارییەک لە ھێڵەکانی پێشەوەی بەرگری و شەڕی سەخت لە گەڵ داگیرکەراندا دەگێڕینەوە. وەک ھەمیشە بەڵێنی دەدەم بە ئەمانەتەوە ئەوەی ڕوویداو بیر خۆم و ڕەفیقەکانم ماوە لێرە باسی بکەین.
ئەدەبیاتی بەرگری و مێژووی خەباتێکی پێشمەرگانە. نووسینەکان پەیامی ئاشکرا دەبن لە سەر ھزری پێشمەرگانە ،فەلسەفەی خەباتی پێشمەرگانە بەرامبەر داگیرکەر. ئەمڕۆ بە ڕوونی دیارە کە ھێندێک قەڵەمی خۆڵەمێشی و ئەوانەی بە درێژایی شۆڕش و بەرگری کوردستان بێ دەنگ و حاشیەیی بوون! ئێستا دەیانەوێ دوای دۆخی نالەباری بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەرفەت بێنن ,خەریکی داھێنانی بیرۆکەی ھەڵەن و پاساو بۆ داگیرکاری و سەرکووتی خەڵکی کوردستان دێننەوە. بە دیوێکی دیکەدا ،سیناریۆی پشتی پەردەی داگیرکەرن و فکری ژوورە داخراوەکان.
بە پێی دەرفەت وەڵامی ئەو قەڵەمانە دەدەینەوە.
بەڵێ: دەتانبەمەوە بۆ ژێر سێبەری دار و ژێر ڕەنووە بەفرەکان بۆ سەر کانیاوەکانی کوردستان ،لێواری جادە و کەمین(ە) کەمەر شکێنەکان ،ھێرشی خافڵگیرانەو تاکتیکی بە ھێزی پارتیزانی. سادە و ساکار قەڵەمێکی پێشمەرگانە.
بە ھاری ساڵی ١٣٧٠- دوای جێگیر بوونی کومیتەی شارستان و ھێزی گیاڕەنگ لە بناری قەندیل و ڕووداوە تازەکانی ناوچە ،ھێزی گیارەنگ بە سازماندھی نوێ خۆی بۆ کارو تێکۆشانی وەرزێکی نوێ ئامادە دەکرد. ساڵێکی سارد و سڕن لە ژێر چادر و لە بناری قەندیل بەڕێ کردبوو. ئاڵووگۆڕە نوێ-یەکانی ناوچە بە قازانجی کورد شکا بوونەوە ،دوای ڕاپەڕین و کۆڕەوەی باشووری کوردستان.
لە سازماندەھی نوێ دا لک و پەلەکان-دیاری کرانەوە. فەرماندەری ھێزو جێگرەکەی وەک خۆیان مانەوە. لە سازماندەھی تازەدا ئێمە بەر لکی دوو کەوتین ،پێویستە بڵێم: تا پێش سازماندھی سەرپەلی پەلی فەرماندھی بووم. ئەوە بوو لە لکی٢- کە کاک عەوڵا شەخسە(شەقاز)
فەرماندەری لک بوو ،وەک جێگری لک دیاری کرام. راستی بەرپرسایەتی لە نێو ھێزێکی نیزامی دا ئەرکێکی قووڕس دەخاتە سەر شانت ،پێویست دەکات لە شەرایتی سەخت و لە لێواری مەرگ دا ھەوڵ بدەی بۆوەی سەربەرز بیت. ھێزی گیارەنگ ھێشتا خاوەنی دەیان پێشمەرگەی ئازاو بە ئەزموون بوو کە دەکرا لە ھەموو شوێنێکی ناوچەو لە قووڵایی ھێزەکانی دوژمن زەربەی زۆر کاریگەر بوەشێنن. پێش ئەو ڕووداوە ھەر لە ساڵی ١٣٧٠-دا شەڕێکی گەورە لە ناو شاری سەردەشت بەڕێوە چوو بوو کە دوژمنی زۆر بریندار کردبوو.
لێرەدا پێویستە ئیشارە بەوە بکەین کە ھێزی گیارەنگ و کومیتەی شارستان بە گشتی خۆیان ئامادە دەکرد تا بەرەو شیوەڕز“بگەرێنەوە کە تازە لکێک پێشمەرگە و بەشێک لە کادرەکان لەوێ نیشەجێ ببوون ،ئەو گەڕانەوە دەبوایە بە دوای درووست کردنی شوێن و ماڵی تازەدا دەست پێ بکات کە ئەو کارە خایاندی.
ھەر وەک ئیشارەم پێ کرد پێش ئەو گەڕانەوە بۆ ناوچە لە بەھارێکی زوودا ھێزی گیارەنگ خۆی گەیاندبووە ناو شاری سەردەشت کە ئێمەش بەشدار بووین و پێشتر لە بیرەوەریەکاندا گێڕاومەتەوە.
ئەگەر دەقیق بم لە ڕێکەوتەکەیدا وابزانم ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی ٣ی ١٣٧٠- لە بۆکریسکان“ڕا وەڕێکەوتین بۆ شیوەڕز کە بە دەر لە فەرماندەری ھێز کاک کاوە بەھرامی-و جێگری ھێز شەھید حەمە نارستی-دەیان فەرماندە و پێشمەرگە بەشدار بوون کە قووڕسایی ئەو جەولە لکی٢ بوو کە بە فەرماندەری لک کاک عەوڵا و زۆربەی پەل و پێشمەرگەکانی بەشدار بووین. ماوە بڵێم: فیلمبردار“ کە عەوڵا مووسی پوور“,بوو لە گەڵ بوو.
لە درێژەی نووسینەکان لە سەر ئەو کووڕە شیرین و روح سووکە قسە دەکەین و چارەنووسی تاڵی ئەویش دەگێڕینەوە بۆوەی بزانن کووڕە ھەژارەکانی شۆڕش لە بیر ناکەین و ئەو نووسینانە دەبن بە بەڵگەی وەفا بۆ خەباتی ئەوان. ئەگەر دەرفەت بوو باسێکی برایم زیبڕ“ کە دواتر ھەر لەو ناوچە شەھید بوو کە من بەداخەوە بەشدار نەبووم. بۆ ھەر دووک ئەو شەھیدە چەند فرمێسکێک دەڕێژین ،برایم زیبڕو ھەژاری داستانێکی پڕە لە خەم.
باش جارێ لەوە دەگەڕێم.
بەڵێن دەدەم سەنگەر و ھەڵمەت بە بارتەقای ئارەقەو ڕەنج و خوێن بگێڕینەوە ،ھەر لێرەوە چەند ڕووداوێکی نەگووتراو ھەیە کە تا ئەو جێگایەی بکرێ ئیشارەی پێ دەکەین! ئەو مێژووە زۆری تێپەڕیوە پێویستە بێ ترس و بە ویژدانەوە لە سەری بنووسرێ لە گەڵ ھەڵەو کەم و کۆڕیەکانی خۆمان. ماوە بڵێم: چەند ئاسوودەن ئەوانەی لە لێواری جادەیەک لە سەر بستە خاکێک شەھید بوون
ئێوارەی دواتر پووشتەو ئامادە کەوتینە ڕێ ،لە ئێوارەیەکی درەنگدا مەودای سوونێ“و ناوچەکەمان بڕی کۆڵەپشتی لە کۆڵ ئارەقاوی بەرەو قەندیلی سەربەرز سەرکەوتین ،سروەی بای کوێستانی پڕ بوو لە بۆنی گیا.
ئەو بەھارە دوای زۆر ڕووداوی ناخۆش وەک کۆڕەوی خەڵکی باشوور ،جارێکی دیکە کورد بە یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە دەست پێشخەری وەڵاتی فەرانسە توانیبووی لە چواچێوەی مەدارێکی ئەمنییەتی دا مافی پارێزراو بوونی بۆ دابین بکرێ و ڕێژیمی سەددام لە کوردستان دەستەڵاتی لە دەست بدات.
ئەو ڕووداوانە بۆ ئێمە دڵخۆشکەر بوون و بە گووڕو تینێکی زیاترەوە بەرەو کاروتێکۆشانی تازە دەبووینەوە.
ئێمە دەگەینە شوێنی مانەوە ،لێرە لە شەوێکی تاریک دا دەبێ خۆمان بۆ تەزووە ساردەکانی سەرما ئامادە بکەین.
بە ھۆی ماندوویەتی بێدەنگی زوو باڵی کێشا لە نزیک خووڕەی ئاوێک بە دیار سەرمایەکی لە ڕادەبەدەر چاوەڕوانی یەکەم گزینگی خۆر دەکەین
لە بەشی داھاتوودا
چەند ڕووداوێکی جێگای سەرنج و ناکامی و شکستی خۆمان دەگێڕینەوە.
چاوەڕوان بن.
تێبینی
وێنەکە دوو شەھیدی تێدایە
سڵاو بۆ رۆحی شەھید مەنسوور و شەھید نجمالدین شەریعەتی....
ھاوڕێیانی دیکە دەناسنەوە ھیوای سەلامەتی بۆیان
......................
(گەڕانەوە)
وەرزی دووھەمی بیرەوەریەکانم..
بەشی دووھەم.
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
بەشی: ٢
ئەو شەوە لە دۆڵێکی ساردی بناری قەندیل چاوەڕوانی یەکەم پڕشنگی خۆر بووین تا بە کردنەوەی ئاگر جەستەی سەرما لێدراون گەرم بکەینەوە. شەوێکی تاریک و سەرمایەکی زۆرن دیتبوو.
سەرەتایەک.
بەھاری ساڵی ١٣٧٠-یە ،ڕێژیم ترسێکی زیاتر دایگرتووە ،لە چاوەڕوانی ڕوداوەکانی باشووری کوردستاندا ھەستی بە ترسێکی زیاتر دەکرد ،ھێشتا زوو بوو بۆوەی بزانێ پێشھاتەکان بە کوێ دەگەن و چۆن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بۆ مەترسی چالاکی و حزووری ھێزی پێشمەرگە ھێزەکانی لە سەر سنوورەکان زیادترو زیاتر دەکرد. لە بەرابەردا ،حیزبی دێموکرات ھێزەکانی بە درێژایی سنوورەکان ئامادەن بۆ ڕوداوە نوێیەکانی ناوچە. روحی بەرنگاری بەرامبەر داگیرکەر لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زیندووە تا جێگایەک کە لاوانی کورد لە ناوخۆ شەرم لە داگیرکەر ناکەن ،زۆر جار بەرنگاریان دەبنەوە. ئەو ھەست و شعوورە بەرزە بەرھەمی بوونی ھێزی پێشمەرگەیە کە خەڵک بە پشتیوانی خۆی دەزانێت.
تیمەکان و فەرماندەکانی پێشمەرگە بە وردی ئاگاداری ڕەفتاری ھێزەکانی دوژمن ھەن. لە ھەر جێگایەک فەرماندەیەک یا تیمێکی زەربەت خەڵک ئازار دەدەن خەڵک خۆی بە وردی لە سەر ئەو ھێزانە و چۆنییەتی شوێن و ھاتووچۆیان ھێزی پێشمەرگە ئاگادار دەکەن بە وردەکاری تەواوەوە.
جا گوێم بۆ بگرن مەبەستم ھەیە لەو پێشەکییە...
من زۆر بە وردی ڕووداوەکان دەگێڕمەوە کاری ئێرە کاری بە کۆمەڵە لێرە دەیان پێشمەرگەی بە دەست و تفەنگ ھەیە لە سەختترین کاتدا قامکی لە سەر ماشەی تفەنگی شل نابێت ،سینگی دەکات بە قەڵغان لە جێگایەک کە ڕەنگە بیر کردنەوە تێیدا ئەستەم بێت. لێرە ناوبانگ بۆ تاک نییەو بەھاکان و ئەرزشەکانی ئێمە سەر سووڕ ھێنەرن.
من ھەموو ئەو وردەکاریانە دەگێڕمەوە کە ڕوویاندا بە ھەڵەو کەم و کۆڕیەکانەوە...
ئێستا.
ئەو ھێزەی ئێمە بەرنامەی عەمەلیاتی ھەیە بە ھیچ جۆرێک نابێ لەلایەن ھیچ ڕێبوارێک یا کەسانێک ببیندرێ
. ئەو ناوچەی مەبەستی ئێمەیە ئەو دواییانە پێشمەرگە کەمتر چالاکی تێیدا ھەبووە ،ئێرەش لەو بەھارەدا وەک تاکتیکێک بەرامبەر دوژمن بە کار دێنین
بزانین چی ڕوو دەدات! ئێمە تووشی ڕوداوێکی نەخوازراو دەبین دەمھەوێ باسی بکەم بۆ یەکەم جار....!!
تا دەمەو ئێوارە لەو شوێنە ماینەوە. ھەموو ئەو جارانەی کە بەرنامەی تێسرەواندن لە دوژمن ھەبوو دەبوو کۆڵەپشتیەکانن بە نانێکی زۆر بئاخنین.
جا وەرە ئەوەی لێرە دەیخوێنیەوە لە گەڵ خۆی دەتبات.
لای ئێوارەیە لە گەڵ سێبەر شۆڕ بەرەبەرە وێڕای دڵە خوورپەیەک دەکەوینە ڕێ. ھەورازێکی سەخت دەبڕین بە سەرکەوتن بۆ لووتکە ھەر چەند شوێنێکی پڕ مەترسییە بەڵام ،لێرە بەدواوە بە دیداری نیشتمان و نسیمی بایەک شاد دەبین کە دەبێتە یەکەم پێشوازی دڵخۆشکەر. ڕاستی ئێرە باریکەی زەروێنەیە“لێرە نیشتمان حەزینە. لێرە زۆر کاری گەورەمان کردووە٠ دەشتی وەزنێ دیارە کە بە ھەزاران کەس لە ھێزەکانی ڕێژیم سیخناخ-کراوە. با لە بیر نەکەم لێرە کەمێک ڕاوەستم.......ڕوداوێکی خۆش ھەیە...ڕووداوێکی ناخۆشیش ھەیە!
١-لەو گەردەنەدا جارێک ھێزێکی پێشمەرگە لە پڕ لە گەڵ ھێزێکی پاسدار تێکەڵاو دەبن ھەر چەند مەیدانی مین(ە) و زۆر مەترسیدارە! ھیچ چارەیەک نامێنێ! ئەوە دەبێ پێشمەرگەکان ناچار دەبن دەسپێشخەری بکەن. زۆر نابات چەند مینێک بە پێشمەرگەکاندا دەتەقنەوەو بریندار دەبن بەڵام ،شەڕێکی ئەوەندە ھەڵۆ ئاسا دەبێ لە چاوترووکانێکدا ژمارەیەکی زۆر پاسدار ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن. با بڵێم: بابم بەشدار ببوو کە دەیگێڕایەوە زۆر خۆش بوو. یەکێک لە بریندارەکانی پێشمەرگە ئەوەندە ئازایانە دەرکەوتبوو کە دەیانگوت چەند مینێکی کشیشی“(۱)تەقاندۆتەوە.
٢- لەو نزیکانە پێشمەرگەیەکی کوردستانی باشوور بە دەستی ئێمە شەھید بوو! باسی دەکەم لە شوێنی خۆی خەریک بوو خوێنێکی زۆر بڕژێ !!)
لێرە دەبێ وچانێک بدەین ،دوای ئەو وچانە بێ دەنگ و پارتیزانی دوور لە چاوی دوژمن تیمێکی پێشڕەو جیا دەبێتەوە تا چاوەدێری ڕێگاو بانەکان بکات و شوێنی دەرچوون بە ناو عمق”ی ھێزەکانی دوژمن دا دیاری بکەن. ئێرە زۆر مەترسیدارە ھەر یەک لە ئێمە بیرەوەری لێرە ھەیە. پێو بڵێم: باوەڕ کردنی زەحمەتە! پاسدارەکان لێرە چاوێکی مار-یان ھێشتۆتەوە ئەویش بە قەولی خۆیان تا بکرێتە خاڵی پاتک”و لە شەوێکی تاریکدا کە خزاینە ئەڵقەی ئەوان زەربەی خۆیان بوەشێنن! بەڵام کووڕە ھەژارەکانی شۆڕش و فەرماندەکانیان لە وێنەی حەمە نارستی لەوە وریاترن. ئەوەتا برایم زیبڕ ، مەنسوور رەحیمی ، قاسم ڕەحمانی ،عەوڵا مووسی پوور و زۆر کەسی دیکە بەشدارن کە ئێستا دەبینین شەھید بوون. ماوە بڵێم: بیرەوەری خۆشم ھەر لە یەک دوو ئێوارەی داھاتوودا لە برایم زیبڕ ، قاسم رەحمانی و عەوڵا مووسێ پوور ھەیە لە مەیدانی شەڕێکدا کە زیاتر لە دراما دەچوو تا شەڕ!! ،دەیگێڕمەوە.
وەرن....
ھەوا بەرەو تاریکی دەچێت تیم”ی پێشڕەو کاری خۆی کردووە بڕیاری دەرچوون دەدرێ و دەبێ بە نێو ھەناسە توندەکانی بایەکەدا بە سەر خیزماڵکدا پێیەکانن ئارام ئارام گیر بکەین تا دەگەینە پێدەشتەکە...ئەو کارە بۆ پێشمەرگە ئەستەم نییە ڕاھاتووین و سەختی دەتوێتەوە.
بە وریاییەکی زۆر شوێنە زۆر مەترسیدارەکانن بڕی و بە پشتی وەزنێ“دا بەرەو دیوی گوندەکانی کاولان و ئالیەمەران دەڕۆین. شەو زوو بوو لە شوێنێکی نزیک گوند لە شیوێکدا لێی درێژ بووین. ئێرە لێرەوارێکی چڕە و تا ھەوا ڕوناک بوون دەمێنینەوە. ئێمە ھێزێکی ٣۵ کەس تا ۴٠ کەس دەبین و بەرگەی ھەموو شەڕێک دەگرین. لە گەڵ ھەوا ڕووناک بوون ھەستاین تا شوێنەکەمان بگوازینەوە. یەکێک لە کوڕەکان کە خەڵکی ناوچەکەیە قەراری داوە بمانباتە نزیک کانیاوێک“کەوتینە ڕێ بە نێو دارستان و گەوەو تەلانەکاندا چاک ماندوو بووین(ھ) ھەر دەیگوت وەرن ئێرە نا ئێرە! ئارەقە دایگرتبووین و تینوەتی وردە وردە سەبری دەبڕین. بەڵێ: زۆری نەبرد بەو بێنەو بەردە بێ سوودە کاک کاوە بەھرامی“لێی تووڕە بوو! گوتی: ئەوە خەریکی چی! قسەیەکی خۆشی پێ گووت........... زۆر پێکەنین! کە ڕەفیقان دەزانن چی بوو!!!! بە ھەر حاڵ دواتر بە ھەر شێوەیەک بوو کانیاوێکن- دیتەوە ,تینوەتین شکاند.
پێم وابێ بەسە بۆ بەشی داھاتوو..........
(۱-مینی کشیشی)وەسڵە بە سیمێکی باریک و خۆڵەمێشی کە نابیندرێ ھەر کە کێشرا دەتەقێتەوە.
وێنە:
دوو تێکۆشەری خۆشەویستی ئەو ڕێبازو مێژووە ھێشتا چەک لە شان و درێژەدەری ئەو ڕێبازەن.
...................
(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ٣
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی...
ئیدامەی بەشی پێشوو...
شەوێکی درەنگە ،بیر لەوە دەکەمەوە چۆن دەکرێ ئەوەی بە مێشکم“دا دێت بیھێنمە سەر لاپەڕەکان و بیگێڕمەوە ،دڵنیام ناتوانم. خۆزگەم دەخواست وەک نووسەرێک بابەتەکانم داڕشتبا. ئێستا بیر لە ڕۆمانێک دەکەمەوە کە چۆن دێتە ئەفراندن! بیر لە نووسین و وشە کوردی“یەکان دەکەمەوە دەمھەوێ جۆرێک دابەزن کە زوڵم نەبێ و پاراو بن.....
چاو لێ بکەن لێرە ھیچ شتێک خەیاڵ نییە نە چیرۆک و نە کاراکتەرەکان ،تەنیا پێنووس و خەیاڵێکی باشی نووسینی دەوێ.......
لێرە لە نێو ڕووداوەکاندا بووین بە شێوەیەکی سەر سووڕ ھێنەر. من ھەوڵ دەدەم ھەنگاوەکانی ئێرە پەیامەکانی بگەنە خوێنەر ،بۆوەی بزانین ئامانج لەو شەڕە گەورانە چی بووە! ھەر بەڕاستی دوای دەیان ساڵ چەکەکان بۆ بێدەنگ بوون! لە حاڵێکدا دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵات نەک ھیچ ئاڵووگۆڕێکی بە خۆیەوە نەدیتوە بەڵکوو خراب بووە! خەباتی کورد ھێماو پێوەرەکانی وەک گەڵێکی عەوداڵی ڕزگاری ئەوەندە بەرزو ئینسانین کە ڕەنگە وێنەی لە دنیادا کەم بێت. چاو لێ بکە بە دەستێک تفەنگ و بە دەستێک چڵە زەیتونی ئاشتی بیت بە جۆرێک ئەو پەیامە ئینسانییە لە شەڕەکاندا بەرامبەر دڕندەترین دوژمن ون نەکەی.
باش ئێستا....
رۆژەکەی دوای ئەوەی(ھ) زۆری ھیلاک کردین کاک کاوە بەھرامی“لێی تووڕە بوو! وەنەبێ ئێمەش تووڕە نەبین کەچی ،ئەو کووڕە بە ئارامی و لە سەرەخۆیی وەڵامی دەدایەوە! دوا جار(ھ) کە چایی لێنا یەکەم چایی بۆ کاک کاوە بەھرامی برد و ئاشتی کردەوە بە جۆرێک بە دڵ پێکەنی....
دیارە دەمھەوێ بڵێم لێرە لێبووردەیی زۆرە.
پێم باشە لەو دەرفەتەدا باسێکی فەرماندە ھێزەکەمان بکەم... بە باوەڕی من کەسێکی شارەزا لە کاری نیزامی و تا بڵێی خاوەن ئەزموون ،ئەو دەمێکە لە شەڕی کوردستان دا دەژی و ھەر لە سەرەتاکانی شۆڕش و شەڕی شاری پاوە“وە فەرماندەیی دەیان شەڕی کردووە.
ھەروا ئەو ڕۆژە لە نێو دارەکاندا ماینەوە ،ھەوا زۆر گەرم بوو. شوێنی ئێمە دۆڵێک بوو کە تەنیا ئاسمان لێی دیار بوو. نزیکەی ۴٠ پێشمەرگە بە نەزمێکی باش و کەمترین جووڵە چاوەڕوانی ئێوارە دەکەین ،ئێوارەیەک کە ڕەنگە بۆ من زۆر زەحمەت بێت وەک خۆی بیگێڕمەوە.
کەس باوەڕ ناکات ئەو ئێوارە چەند پڕ دەبێ لە ڕوداوی ناخۆش و چاوەڕوان نەکراو. ھەر وەک بەڵێنیم داوە وەک خۆی زانیاریەکان بێ ھیچ ھەڵاواردن و پەل کردنێک دەگێڕمەوە. ڕەنگە کەسانێک ھەبن وەک من بیر نەکەنەوە. بەڵام بە ویژدانەوە دەڵێم: ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە دیفاع کردنی کەس نییە لە گەڵ ئەوەی ھەڵەی ھەبووە بەڵام ،ھەرگیز بەشێک نەبووە لە خرابەو ئامانجی ناشیرین. ڕەنگە ئێستا کەسانێکی زۆر کەم بە ھۆی کێشەی شەخسی و روحی ،بۆ خۆ زەق کردنەوە بیانەوێ خرابی نیشان بدەن کە ئەوە دەبێتە قەترە لە دەریا.....
دوای نیوەڕۆ پێش ئێوارە داھاتن دەبوا بە گەوەی تەنیشت خۆماندا بڕۆین و دواتر ھەڵگەڕێین بۆ قەدی لاپاڵێک ،بەڵێ: بە نێو دارستانێکی چڕدا ,لەوێ دوای وەسەریەک کەوتنەوە پشوویەک بدەین دواتر بەرەبەرە بە چەند تیم“بەرەو دوو مەیدانی شەڕ بچین. زۆری نەبرد تەواوی فەرماندەکان“ بانگ کران بۆوەی وردەکاری شەڕ لەو دوو شوێنە بزانن.
فەرماندەری ھێز تێبینیەکان لە سەر شەڕی پارتیزانی باس دەکات ،شەھید حەمە نارستی و عەوڵا شەققاز بە ھۆی شارەزایی لە ناوچەکە باسی خاڵەکان و شێوەی ھەڵکەوتەی ئامانجەکان دەکەن.
لێرەش دەرفەتێکم بدەن باسێکی ھەر چەند کەم بێت لە فەرماندە شەقاز“بکەین: نازانم ڕوومەتی جوانی ئێرە دەبێ کێ بتوانێ بینووسێتەوە لە پێشمەرگە لە فەرماندە و ھەرچی بەرچاومان دەکەوێ. کاک عەوڵا شەققاز-تێکۆشەرو دەستی ئەمینی ئەو کەسانە بووە کە لە ساڵەکانی ۴۶-۴٧ دا گۆمی مەندی ئێرانێکیان شڵقاند کە پێی وابوو کەس ناتوانێ پەنجەی بۆ درێژ بکات. ئەو کەسێکی شارەزا و ئەزموونێکە لە شەڕی پارتیزانیدا لە ھێزی گیارەنگ بەوە بە ناوبانگە کە چاک بە دەستیەوە دێت کە دەلالەت بوو بۆ سەرکەوتن و دیققەت لە کاری نیزامیدا. کەسێکی ئارام و تا بڵێی مەند ھەر وەک ئەوەی بۆ سەختی و پێشمەرگایەتی لە دایک بوو بێت. جارێ ھەر ئەوەندە و ھیوای سەرکەوتن بۆی....
ئێستا دابەش بوونەکان بەو جۆرە دەنووسم
تیمی یەکەم: ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان لە چەند پێشمەرگەو فەرماندەیەکی ئازا پێک دێن. لێرەدا با لە ئێستاوە ئێوە تێگەیەنم کە نامھەوێ ناوی کەس بێنم کە دیارە ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە! ئەو تیمە لە خوار گوندی چەکۆ خۆیان دەبێ بگەیەننە سەر جادەی پیرانشار سەردەشت“و لە شوێنێکی زۆر مەترسیدار بۆسە“ دابنێنەوە...
دووھەم: تیمێک لە پێشمەرگەی باش و شارەزا کە وەک بەرپرس من لە گەڵیان بووم“ دەبوو بچین بۆ نزیک گۆڕەمەر“ ئەو جادەی لە ئاڵوەتان(ە)وە بۆ خدراوێ و سەر جادەی پیرانشار سەردەشت“درێژ دەبێتەوە. ھەوڵ دەدەم بە وردی ئەوەی ڕوویدا بۆتانی باس بکەم.
جارێ تیمی یەکەم.
ئەو دەستە پێشمەرگە ٨-کەس دەبوون کە لە باشترینەکانی پێشمەرگەکان بوون. ئەوان بە ھۆی دووری مەسیرەکەیان پێش ئێمە ڕۆیشتن. ئەوە دەبێ بە نێو دارستانەکەدا خۆیان دەگەیەننە نزیک گوندی چەکۆ. وردە وردە نزیک دەبنەوە لە گوند ,لە پڕ بە سەر چەند چەکدارێک دا دەکەون کە کڵاشینکۆفەکانیان لەوێ داناون و خەریکی ڕەژی“کردنن! دیارە نابێ ئەوە باس نەکەم کە پێشتر ئێمە ھەواڵی ئەوەمان بۆ ھاتبوو کە یەکێک لە ھێزە ئیسلامیەکانی باشووڕی کوردستان لە نزیک چەکۆ و خدراوێ بارەگای داناوە. ئەو ھێزە بزووتنەوەی ئیسلامی بوو کە زۆر لە پاسدارەکان نزیک بوون پێویست بوو خۆمان لێیان بپارێزین. دەی کەواتە ئێستا چی دەکرێ! بەرپرسی پێشمەرگەکان کە ئەو ڕیش درێژانە دەبینێ زوو بە ھۆش خۆی دێتەوەو دەزانێ ئەوانە ئەو ھێزە کوردیەن! بەڵام ،ئەگەر بزانن ئەوانە تیمێکی پێشمەرگەی ڕۆژھەڵات و حیزبی دێموکراتن ڕەنگە زۆر خراب بکەوێ! تازە ھیچ ناکرێ و بەرامبەر یەک وەستاون.
بۆ بەشی داھاتوو بزانین چی ڕوو دەدات...!
........................

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *