عه‌لی سووره‌چۆمی‌
گه‌رانه‌وه‌ ڵاپه‌ره‌ی تایبه‌ت بۆ بابه‌ته‌کانی عه‌لی سووره‌چۆمی
درێژه‌
>>>>
خدربه‌گ
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە

بۆ خوێندنه‌وه‌یی بابه‌ته‌کان >>>
محه‌ممه‌د بایزیدی

محه‌ممه‌د بایزیدی>>>

عومه‌ر فه‌رخه‌پوور
بۆ چه‌ند شارێک

مه‌ودای نێوان چه‌ن

 شارێکی ئێران

 بۆ سه‌رده‌شت به‌ ماشێن

سه‌رده‌شت

مه‌هاباد

١٢٢ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

بۆکان

١٤٤ کیلپۆمێت

سه‌رده‌شت

سنه‌

٣١٧ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

شنۆ

١٤٠ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

ورمێ

٢٤١ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

ئیلام

٦٠٨ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

پیرانشار

٩٢ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

بانه‌

٦٨ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

ته‌ورێز

٣٤١ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

ئیسفهان

٩٣٧ کیلۆمێتر

سه‌رده‌شت

تاران

٧٢٧ کیلۆمێتر

په‌خشی راسته‌وخۆ
له‌سه‌ر هێڵ
کۆرۆنا و رەگەزپەرستیپۆلیڤیا لە شکستی جیڤاراوە بۆ سەرکەوتنی مۆرالیس
عەلی مەحمود محەمەد
کورتەیەکی مێژویی لەسەر پۆلیڤییا
پۆلیڤییا بەناوی سیمۆن بۆلیڤوار (۱۷۳۸-۱۸۳۰) ەوە ناو نراوە , کە زۆر لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی ڕزگار کرد لە داگیرکاری (کۆڵۆمبیا, فەنزویلا, پیرۆ, پۆلیڤیا), پۆلیڤار ئەو ناوەیە بێ سڵەمینەوە چەپەکانی فەنزویلا ناویان هەڵگرتووە و شانازی پێوە دەکەن, خەونەکانی سیمۆن بۆلیڤوار لە دادپەروەری و ڕزگاری و یەکخستنی ئەمەریکای لاتین تا ئەمڕۆ بە زیندوویی ماوەتەوە .
ئەم وڵاتە پۆلیڤیا چۆن بە وڵاتی راِونانی سەرۆک بەناوبانگبوو, هاوکات لە ڕابردووشدا وڵاتی کودەتا سەربازییەکانیش بووە, لە ماوەی ۱۶۲ ساڵدا ۱۱۸۹ کودەتای سەربازی بەخۆوە بینیوە, وێڕای دواینەکەی بە سیناریۆو ئارایشێکی نوێ بەڕێوە چوو, بۆیە بەردەوام لە ناجێگیری سیاسیدا بووە, تا مۆرالیس هات ماوەی حوکمڕانییەکەی زۆرترین ماوەو ئاسایشترین کاتەکانی حوکمڕانی بوو لە مێژووی وڵاتدا, هۆکاری هەموو ئەوانەش ئەو هەژاری و پاوانکردنی دەسەڵاتە بوو لە لایەن کەمایەتیەکی سپی پێستەوە .
ئەم وڵاتە تژییە لە چیرۆکی کوشت بڕو جیاکاری بە ئەندازەی ئاپارتایدەکەی باشووری ئەفریقا, نموونەیەک بچوک لە کاتێک کرێکارانی قەسدیر مانیان گرتبوو بۆ زیادکردنی کرێکانیان, خاوەند کورهکان سوپایان بانگ کرد بۆ لێدانیان, لە ئاکامدا کرێکارانی کانەکان لە کۆمەڵکوژی کاتافا لە ۲۱-۱۲-۱۹۴۲ دا , ۱۹ کرێکار کۆمەڵکوژ کران و ۴۹ش بریندار کران, لە ساڵی ۱۹۴۳ ەوە ئەو یاداوەریبە کراوەتە رۆژی کرێکارانی کانەکانی پۆلیڤیا.
بزووتنەوەی نەتەوەیی شۆڕشگێڕ کە لایەنگری لە کرێکاران و هندییەکان دەکرد ساڵی ۱۹۵۱ گەیشتە دەسەڵات کودەتایان کرد بەسەریدا, کە لە بەرنامەیاندا بوو ژیانی کرێکاران باش بکەن .
پۆلیڤیا پێشەنگی شەپۆڵە شۆڕشگێڕییەکان بوو لە ئەمەریکای لاتیین, لە ساڵی ۱۹۵۲ کورەکانی بەرهەم هێنانی قەسدیر خۆماڵی کرا, لە سەرەتای ئەبریلی ۱۹۵۲ شۆڕشی کرێکاری لە پۆلیڤیا هەڵگیرسا, یەکێتی کرێکاران چەند مانگ دەسەڵاتداربوون , دوایی ئەو جارەش خەڵتانی خوێنکرا,خەباتی ساندیکایی و خەباتی هندیەکان (سی ئۆ بی) , ۵ ساڵی خایاند تا بە تەواوی سەرکوتکراو کودەتای سەربازی بەسەردا کرا.
پۆلیڤیا لە رێکەوتی ۱۰-۱۰-۱۹۸۲ لە دیکتاتۆریەت ڕزگاری بوو, پاش ۱۱ ساڵ دەسەڵاتی سەربازی لە وڵات .

سندوقی دراوی جیهانی دیارییەکانی بۆ پۆلیڤیا
لە نێوان ساڵەکانی ۱۹۲۵-۱۹۲۹دا, وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ساڵانە ۲۰۰ ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنان کردووە لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین , لە بەرامبەردا ساڵانە۳۰۰ ملیۆن دۆلار قازانجیان دەسکەوت بووە , قازانجەکان ۱۵۰% ی سەرمایەگوزاریەکە بووە , نەوتی فەنزویلا و کانەکانی پۆلیڤیا و شیلی و سامانی کوبا ئامانجی چاوچنۆکی ئەمەریکا بوو لە مێژوودا .
لەو ساوە خەڵکی ئەم وڵاتە هەستیان بەوە نەکردووە لەو دیو سنورەکانەوە بە تایبەت لە لایەن ولاتە ئیمپریالیەکانەوە خێرو بەرەکەتیان بۆ بێت, بەڵکە گومانیان لە دەسکە گوڵە دیارییەکانیشیان هەبووە , ساڵی ۱۹۸۵ سەرۆک ڤیکتۆر باز ئستنسورو لە بزووتنەوەی نیشتمانی شۆڕشگێڕ بڕیاری ژمارە ۲۱۰۶۰ی دەرکرد , بەو بەیانە دەرگای وڵاتی خستە سەر پشت بۆ ئابووری بازاڕ , ئەمەش زەنگی پیادەکردنی نەخشە نیو لیبراڵیەکان بوو لە بواری ئابوریدا, یەکەم دیاری ئەو بڕیارە بۆ خەڵکی پۆلیڤیا دەرکردن و بێکارکردنی ۲۵۰۰۰ کرێکاری کانەکانی قەسدیر بوو.
یەکێک لە سەرکەوتنەکانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی جیهانی کە بە شانازیەوە تا ئێستا باسی لێوە دەکەن و بە سەرکەوتنی دەزانن بۆ دەزگاکەیان, ڕزگارکردنی پۆلیڤیا بوو لە قەیرانی ئابووری ساڵی ۱۹۸۵, لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کاربردی کۆمەڵ ئەمەش وەک نموونەیەک سەرکەوتوو بە ولاتانی خۆرهەڵاتی ئاوروپا ناسێنرا, تا ئەزموونی لی َوەربگرن و کاری لەسەر بکەن, لەو چاکسازیەدا کۆمپانیای کانەکان فرۆشران, بێکاری زیادیکرد, هەقدەستی کرێکاران دابەزی, ئابووری پوکایەوە, جیاوازی چینایەتی چووە سەر, نرخی ئاو بەرز بوەوە, خزمەتگوزاری کەمکرایەوە, پشتگیری لە پێداویستییە زەرورییەکان ژیان نەما , بە کردار هەمووان ئەمانە کران, هەرچەندە سەردانی بانکی دراوی جیهانی بکەیت لەسەر دەرگای چونە ژورەوە نووسراوە” خەومنان جیهانێکی بێ هەژارییە” وەلێ رێک پێچەوانەکەی دەکەن وەک ئەوەی لە پۆلیڤیا باسمان کرد.
لەگەڵ زۆربوونی دوکانی ئارایشت وئۆتۆمۆبێلی مۆدێل باڵا لە شەقامەکاندا, سواڵکەرەکانی سەر شەقامەکانیش زیادیان کرد, داهاتی تاک دابەزی بۆ سێ یەکی ساڵی ۱۹۸۰, ئەو هەژارییە بوو ئێستاش کە باسی ئەو دەزگا نێو دەوڵەتیانە دەکرێت هەژارانی پۆلیڤیا هێڵنجیان پێی دێتەوە لە تاوا دەڕشێنەوە, بۆیە نیولیبراڵیەت لای ئەوان بۆنی لە کەلاک ناخۆشترە, هەر دەرەکەوێت بە چاو ورگیان نا, بەڵکە بە لوتیان لەو دیو سنورەکانەوە هەستی پێدەکەن.
لە نەوەدەکان بە تایبەتیکردن کەرتەکانی نەوت و گازیشی گرتەوە, بەمەش دەرگا بۆ دزینی ئەم دوو کەرتە گرنگەی ئابووریش خرایە سەر پشت, تایبەتیکرن هەر بە نەوت و گازەوە نەوەستا بگرە ئاوی خواردنەوەشی گرتەوە, لە سەرەتای نەوەتەکان سندوقی دراوی جیهانی بە تایبەتیکردنی کەرتی تایبەتی سەپاند بەسەر دەسەڵاتداراندا, لە ئەنجامدا سەدان خۆپیشاندان سازکرا, پاش ئەوەی هەژاران خواردنەوەی ئاویشیان لێ گرانکرا و نەیانتوانی کرێی ئاو بدەن, بەهۆی زیادکردنی نرخی بۆ ۲۰دۆلار , کە پێنج یەکی داهاتی تاک بوو, بەمەش جگە لە برسَتی, ئابووری لیبراڵی تێنویەتیشی بۆ هەژارانی پۆلیڤیا بەدیاری هێنا, بە وتەی وەزیری ئەشغالی ئەوکاتی پۆلیڤی ۴۰۰۰۰ خێزان لە لاباز ناتوانن کەڵک لە ئاو وەرگرن بەهۆی هەژارییەوە, ئەمە وتەی شایەدحاڵەکانی تێنوییەتی نییە, بەڵکە قسەی کەسێکە لە زوەکەوە لەبەر خواردنەوەی خواردنەوە کهولییەکان بەکارهێنانی ئاوی واز لێهێناوەو پۆلیسی بە وەفای بەردەرگای سندوقی دراوی جیهانییە.
لە ڕاپرسیەکدا کە لە مانگی یۆلی ساڵی ۲۰۰۴ دا ئەنجامدرا , ڕێژەی ۸۴,۶۴% ی خەڵک لەگەڵ چاکسازی یاسای سوتەمەنی بوون , ۹۲,۲% لەگەڵ خۆماڵی کردنی سوتەمەنی بوون , واتە دژ بەو بڕیارانەی ۳۹ ساڵ پێشتر بڕیاری لەسەر درا, لە ئەمەریکای لاتین بە شێوەی گشتی ئاراستەی جەماوەر دژ بە ئابووری بازاڕی ئازاد و هەنگاوە لیبراڵیەکانە لە بواری ئابووری .
لە بەرواری ۱۱-۱-۲۰۰۵ کۆمپانییای سویالونیزی ئاو بەهۆی ناڕەزایەتی جەماوەری تێنوەوە لە وڵات دەرکرا, کە لە بەرواری ۱۹۹۷ ەوە لە پۆلیڤیا کاریان دەکرد لە شاری لاباز, کە نرخی بەشداریکردنی ئاوی لە هەندێک ناوچە ۶۰۰% بەرز کردبوەوە .
لە ئەبریلی ۲۰۰۴دا, لە کوشابامیا لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتیانەی بزووتنەوەی بەرهەم هێنەرانی کۆکا ئەنجامیان دا,کۆمپانیای بتشلی ئەمەریکی دەرکرا, لەو کاتەدا سەرۆکی لیژنەی ئاو ئۆسکار ئۆلیفەرا وتی: بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە هەژارترین وڵاتدا سەرکەوتنێکی مەزنی بەسەر سستەمی جیهانگیریدا داسەپاند, ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ خەباتی جەماوەری لە ئاستی جیهانیدا, ئاخر چۆن دژی نەوەستنەوە چاکسازییە ئابووریەکان جگە لە برسێتی و هەژاری هیچی بە دیاری نەهێناوە بۆیان, داهاتی تاک لە ۲۵ ساڵی پێش ئەو چاکسازییە لە ۹۴۰ دۆلارەوە گەیشتۆتە ۹۶۰ دۆلار, کەچی هەڵئاوسان بەردەوام لە بەرز بونەوەدابوو لەو ماوەیە, خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە نەماند بوو, ۵۸,۶%ی خەڵک بە پێی INF لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون , بە تایبەت لادێنشینەکان نزیک بە تەواویان لەژێر هەژاریەوە دەژێان, بە بەهێزترین مایکرۆسکۆبیش بگەڕایتایە دەرچویەکی زانکۆت تیایاندا نابینییەوە .


بۆچی هەڵبژاردنی پۆلیڤیا لە لایەن جیڤاراوە؟
بەڕێکەوت بوو جیڤارا پۆلیڤیای بۆ قوناغی دووەمی شۆڕشکردن لە ئەمەریکای لاتین هەڵبژارد یان دوربینی و پلانێکی ورد بوو؟, زۆرێک دوای مەرگی جیڤارا هەڵبژاردنی پۆلیڤایان لە لایەن ئەوەوە بۆ شۆرشکردن بە هەڵە زانی, ئاخر ئەوانە یان شارەزای مێژوو نەبوون, یان خوێندنەوەی وردو قولیان نەبوو بۆ ئاستی ئامادەیی هەژارانی پۆلیڤیا بۆ ڕزگار بوون لە چەوساندنەوە, لە کاتێکدا لەو سەرو بەندە زۆرینەی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بزاڤی چەکداری چەپگەرایانەی لێبوو, نزیک ۲۵ بزووتنەوەی چەکداری لە کاردا بوون, ئەو هات ژمارەیەکی نوێی بۆیان زیادکرد, راستە جیڤارا خەباتە چەکدارییەکەی بە هاوکاری سیای ئەمەریکی لە ماوەیەکی کورتدا لە لایەن راستگەرا ئۆلیگارشییە پۆلیڤیەکانەوە سەرکونکراو تێکشکا, بە مەرگی خۆی کۆتایی هات, ئەو خەونەی بە کرێکارانی کانەکانی قەسدیر و هندییە سورەکانەوە بەستبویەوە لەو کاتەدا هیچی لێ شین نەبوو, لەگەڵ مەرگی ئەودا شۆڕشی چەکداریش هەرەسی هێنا, هەرچەندە ئەمساڵ حکومەتی کودەتاچی رەگەزپەرستی پۆلیڤی یەکەم وڵات بوو لە جیهان ئاهەنگی یادی مەرگی جیڤارایان گێڕا, بە پێچەوانەی هەموو جیهانەوە, بەڵام بینیمان دوای ۵۳ساڵ لە مەرگی جیڤارا, لە هەموو کوچەو کۆڵانێکی لابازدا لە پێشەوەی جەماوەرەوە ئامادەی ڕاپەڕینەکانە, لەسەری هەموو شەقامێکدا لەناو باریکاردەکانە, لە ژوری سەری هەموو ماڵە بێ سفرەکانەوە وێنەکەی هەڵواسراوە, لە ژێر سەرینی هەموو دڵدارەکان دەست لە ملیان خەوتووە , بە سەرسنگی هەموو کچانەوەیە, لەگەڵ هەموو هەناسەیەکدا فێنکیە بۆ ئەو جەهەنەمەی سەرمایەداری لەو کیشوەرە سازی کردووە بۆ هەژاران , ئەمجارەیان جیڤارا بە سەرکەوتنەوە گەڕاوەتەوە بۆ پۆلیڤیا, نە سیای ئەمەریکی و نە دەسەڵاتدارانی کرێگرتە ناتوانن پێشی پێ بگرن, جیڤارا ئەمجارە پارتیزان نییە, کرێکاری کانەکانی قەسدیر ونەوت وگازو کێڵگە پان و بەرینەکانی لیسیۆمە, هیندیی و ژنانی هەژارە, پێغەمبەری ڕزگارییە بۆ گەلی ئەمەریکا لەو برسێتی و نەهامەتیەی کۆڵۆمبس بە دیاری بۆیانی هێنا, جیڤارا رێک ئەنتی کۆڵۆمبسە.
لە شەستەکان بەربڵاوترین وشە لە ئەمەریکای لاتین بڵاو ببوەوە وشەی شۆرش بوو, جیڤارا قارەمانی پیادەکردنی ئەو وشەیە بوو, شۆرش سێ گۆشەی ڕادیکاڵیەت لە ناوچەکە (ئیکوادۆر- فەنزویلا-کۆڵۆمبیا)ی تێپەڕاند ,هەموو ئەمەریکای لاتینی گرتەوە, ئەمڕۆ جیڤارا ئەو ناوەیە هەموو ئەمەریکای لاتین کردووە بە سێ گۆشەی شۆڕش , ئەمجارە لە ڕێگەی فیشەکەوە نا, بەڵکە بە دەنگەکانی هەڵبژاردن ئاڵای سەرکەوتن لە وڵات بە دوای وڵاتدا لە کۆشکی کۆماریەکان دەچەقێنن, ئەمە گوڵ و لێرە سەمای بۆ بکەن .
جیڤارا هەرچەندە لە بزووتنەوەکەی تێک شکا, بەڵام کاریگەری لە جوتیارانی ناوچەی هەڵسوڕانی کرد, ئەمڕۆ وەک مەسیحێک لەو هەرێمانە سەیر دەکرێت خەباتی چەکداری تێدا ئەنجام دا.
لەیاداشتەکانی پۆلیڤییا کە لە نێوان ۷-۱۱-۱۹۶۶ بۆ ۷-۱۰-۱۹۶۷ نووسیویەتی, تیایدا نیگەرانی خۆی بەرامبەر کرێکارەکانی قەسدیر دەربڕیوە , کە بە ئەنجامدانی شۆڕش هەڵنەستاون , هەرچەندە ئەوکات لە ڕیزەکانیان پارتی کۆمۆنیستی پۆلیڤیا زۆر چالاک بوو, ڕاپەڕینی ئەوان لەو سەروبەندەدا کاری لەسەر ورەی گەریلاکان دەکرد, ئەگەری گۆڕینی پارسەنگی هێزەکان لە ئارادا هەبوو بە قازانجی گەریلاکان, جیڤارا بەشێک لە خەونەکانی لەسەر بنیات نابوو.
لە بەرواری ۸-۱۰-۱۹۶۷ زیاتر لە ۱۵۰۰ چەکداری ڕژێم بە هاوکاری دەزگای سیخوڕی سیای ئەمەریکی هێرشیان کردە سەر جیڤاراو هاوڕێکانی, کە ژمارەیان تەنها ۱۶ گەریلا بوو, پاش ۶ سەعات شەڕ ی قورس جیڤارا بە برینداری بە دیل گیرا و پاشان شەهیدیان کرد, بەڵام بەرگە خوێنینیەکەی لەبەر دانەکەندو بەردەوام بوو لە شۆڕش, بەو بەرگە دڵی جیهانی داگیرکرد, ئێستا وا دەبینیین بە سەرکەوتوویی گەڕاوەتەوە شەقامەکانی لاباز, شەوو ڕۆژ لە هەموو شەقامێکدا ئامادەیە گۆرانی ڕاپەڕین بۆ هەژرانی پۆلیڤیا و هەموو ئەمەریکای لاتین دەچڕێ .

پۆلیڤیاو گۆڕانکارییەکان

دوای ۴۸۱ ساڵ لەدەسەڵاتدارێتی سپی پێستەکان بەدوای گەشتە وێشومەکەی کۆڵۆمبس و داگیر کردنی پۆلیڤیا لە لایەن ئیسپانیاوە لە ساڵی ۱۵۲۵دا, وە ۱۸۳ ساڵ لە سەربەخۆیی وڵات, بۆ یەکەمجار پۆلیڤییە رەسەنەکان کە ۶۸%ی دانیشتوانی وڵات پێک دەهێنن, نزیک ۲۰%یش دو ڕەگی ئەوروپی- هیندییە سورەکانن و تەنها ۵%یان ئەوروپین, کەسێکیان بوو بە سەرۆک لە وڵاتی کودەتا سەربازییەکان, کە جاری وا هەبوو تەمەنی کودەتاکان لەم وڵاتە تەنها یەک رۆژ بووە, توانی زۆرترین ماوە ۱۴ ساڵ لەناو ۱۸۳ ساڵەکەی سەربەخۆیی لەسەر تەختی دەسەڵاتدارێتی بمێنێتەوە, ئەویش ئیڤۆ مۆرالیس بوو, ئەو بە کرێکاری بیناسازی و دەستفرۆشی تا کرێکاری کشتوکاڵی دەستی پێکرد, بوو بە یەکەم سەرۆکی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمەریکا لە جیهاندا, وازی لە بەشێکی زۆری موچەکەی و کۆشکی کۆماری هێنا, بۆینباخی ببڕای ببڕای لە مل نەکرد, سادەو ساکار ژیا, خیانەتی لە وانەکانی جیڤارای مامۆستای نەکرد.
هەموو هێزەکانی دژ, لە ئەمەریکای باوەڕ بە تێزەکانی مۆنرۆوە” کە ئەمەریکای لاتین بە باخچەی پشتەوەی باڵەخانەکەیان دەزانن”, تا ئۆلیگارشیەکان و سپی پێستە دەسەڵاتدارەکانی رابردوو لە شارە دەوڵەمەند نشینەکەی سانتاکروزەوە, راستیستەکان بۆ کەنیسەی کاسۆلیک و ئینجیلیەکان و دژ بەرانی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و ژیاندنەوەی کلتورو داب و نەرێتی هاوڵاتییە رەسەنەکان, تا دەگاتە ئیلان ماسک خاوەندی کۆمپانیای تێسلا, هەموو ئەوانەی بە هەنگاوە چاکسازیەکانی مۆرالیس و بە گرتنە دەستی دەسەڵات زیانیان کردبوو,یان لە زیان دەترسان, لە ۲۰ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتنە هەوڵی کودەتا کردن, لە سەرەتادا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەڕان بە دوای عەدالەتی هەڵبژاردنەوە, سوتاندنی ناوەندی هەڵبژاردن لە سانتا کروز, تا هەڵگرتنی قەناس و کوشتنی لایەنگرانی مۆرالیس و پەلاماردانی ماڵ و منداڵیان, لە کۆتادا هەڵگەڕانەوەی پۆلیس و کودەتای سەربازی, ئەوجا لە قۆناغی ئازادیخوازییەوە بۆ کوشت بڕی بێ پەردەو دژایەتی رۆژنامەنووسان و قەدەغەکردنی کەناڵەکانیان و راگەیاندنی حوکمی سەربازی, ژمارەی کوژراوەکانی سەردەمی کودەتا ۱۱ جاری سەردەمی مۆرالیسی دەسەڵاتدارە لە ماوەی ۱۴ ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا, تەنها لە ماوەی ۹ رۆژی یەکەمی گەیشتنیان بە دەسەڵات , کە بەشێکیش لەو قوربانیانەی سەردەمی مۆرالیس هەر قەناسە بەدەستەکان ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فاشیست کوشتیانیان, دوای کودەتاکە هەموو نەفەسێکی دیموکراسی قەدەغە کرا, وەک بەرەکانی شەڕ کۆپتەرە سەربازییەکان بە ئاسمانەوە بوون, گولە راستیەکان دڵەکانی سارد دەکردەوە, زیندانیەکان پڕ کران لە نەیاران, ترەمپ رایگەیاند گۆڕانکارییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراتیەت, بێشک لای ترەمپ دیموکراتیەتی سپی پێستی سەرمایەداری و سەفقاتی لیسیۆمی دواتر سەرکەوتن و گرنگە.

کودەتاکەی پۆلیڤیا بۆ کرا؟
لە ۲۳۱ ساڵی رابردوودا لە هەڵبژاردنی جۆرج واشنتۆنەوە لە ساڵی ۱۷۸۹, ئەمەریکا تەنها ۱۶ ساڵ لە مێژووی خۆیدا بە ئاشتی تێی پەڕاندووە, وڵاتێکە لەگەڵ ئاشتی هەڵناکات, ولیام بلۆم فەرمانبەری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: لە ساڵی ۱۹۴۵ ەوە ئەمەریکا ۵۰ حکومەتی روخاندووە, ئەمەی پۆلیڤیاش بەشێکە لە هەمان سیناریۆ, ئەمەریکا کودەتاکەی بە شۆڕشی دیموکراتی دایە قەڵەم و وای وێنا کرد کە خەریکە نیوەی رۆژئاوای جیهان بە تەواوی دیموکراسی بێت, پاش ئەوەی لە زۆرێک وڵاتانی ئەمەریکای لاتین حیزبە راستڕەوەکان گەڕانەوە دەسەڵات بە هەڵبژاردن یاخود کودەتا وەک بەرازیل و ئیکوادۆر و پاراگوای و هندۆراس, وەک ئەوەی کودەتا سەربازییەکان رابردوو کە زۆرینەیان کۆمەڵکوژیان تێدا ئەنجامدرا ئەو ئەنجامی نەدا بێت.
هەردوو بیریاری گەورەی جیهانی چومسکی و فیجای براشاد لە وتارێکی هاوبەشیاندا سەبارت بە کودەتاکەی پۆلیڤیا نووسیان ئۆلیگارشی پۆلیڤی بە هاوکاری ئەمەریکا کودەتایان کرد.
بەڵام ئیلان ماسک خاوەندی کۆمپانیای تێسلا وتبووی کودەتای پۆلیڤیا پەیوەندی بە دیموکراسی و شتی واوە نییە, هێزی کۆمپانیاکانە کە لە گەڵ حکومەتی ئەمەریکا دژ بە حکومەتی پۆلیڤیا کە ئامادە نەبووە سامانی وڵات بە مەزادی ئاشکرا بفرۆشیت.
وتەکانی ماسک ئەو راستییەی سەلماندەوە کە ئەوەی کرا لە پۆلیڤیا کودەتای لیسیۆم بوو, وەک ناونرابوو.
دوای کودەتاکە وەزیری وزەی نوێی پۆلیڤیا نامەی نارد بۆ ماسک تیایدا نووسیبووی: پێشوازی هەر کۆمپانیایەک دەکەین تۆ بینێریت, هاوکات دوای کودەتاکە پشکی کۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەم هێنانی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی سەرکەوت, چونکە لیسیۆمەکەی پۆلیڤیا حەیاتییە لەبەر هەم هێنانی پاتری ئۆتۆمۆیلی کارەبایی, بۆیە دۆڕانی کودەتاچییەکان بە توندی لە ۱۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰دا دۆڕانی ئیلان ماسک و کۆمپانیای تێسلاش بوو, سۆسیالستەکان کە سەرکەوتن کۆمپانیای تیسلا ۲,۰۵%ی نرخی پشکەکەی دابەزی.
پۆلیڤیا ۵۰ بۆ ۸۰%ی یەدەکی لیسیۆمی جیهانی هەیە, لە باشوری رۆژئاوای پۆلیڤیا بە پانتایی ۱۰۵۸۲ کیلۆمەتر دووجار لە بەرزایی ۳۶۶۳ مەتر, بیابانێکی سپی پان و بەرینی لیسیۆمی لێیە, ۱۵ ملیۆن تەنی دڵنیای یەدەکی لیسیۆمئ لە جیهانا هەیە, ۸ ملیۆن تۆنی لە بۆلیڤیایە, بەڵام ئەگەر زۆرە ئەو یەدەکە زیاد بکرێت دەگاتە ۶۰ ملیۆن تەن, لێ ئەویش کاتی دەوێت.
لە شوباتی ۲۰۱۹ کۆمپانیای چینی Xinjiang TBEA و کۆمپانیای Yacimientos de Litio Bolivianos سەر بە دەوڵەتی پۆلیڤی رێک کەوتن بە سەرمایەی ۲,۳ ملیار دۆلار, کارگای بەرهەم هێنانی پاتری ئۆتۆمۆبێل دابنێن ۵۱%بۆ پۆلیڤیا, ۴۹%بۆ چین بوو, لە بڕی ناردە دەەوەی لیسیۆمەکە, پاتری هەناردە بکرێت, کە پێشتر ۸۲% ی داهات بۆ کۆمپانیاکانی فرە نەتەوەیی رۆژئاوا بوو, ۱۸% بۆ گەلی پۆلیڤی بوو,” هەرچەندە تەنها پۆلیڤیا نییە, چین قەرز دەری یەکەمە لە ئەمەریکا لاتین, خەریکە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیش رەتی دەدات, ئاڵو گۆڕی بازرگانی لە ۱۷ ملیار لە ساڵی ۲۰۰۲ ەوە بەرز بۆتەوە بۆ ۳۱۵ ملیار دۆلار لە ساڵی ۲۰۱۹ ەدا لە کیشوەرەکە, ململانێی ئەمەریکاو چین لە ئەمەریکای لاتین تینی سەندووە, لە گەڵ هاتنە سەرکاری حکومەتە پێشکەوتنخوازە پەمبەییەکان لە گەرمیدا سورتر دادەگەڕێت”پرۆژەیان هەبوو تا ساڵی ۲۰۳۰ , ۴۱ کارگەی پاتری لیسیۆم دروست بکەن لە پۆلیڤیا,ئەمە تەنها خەون و هیوا نەبوو, پێشتر حکومەتە چەپەکەی پۆلیڤیا داهاتی نەوت غاز ی لە ساڵی ۲۰۰۵ کە تەنها ۵۷۳ ملیۆن ۆلار بوو, گەیاندییە ۳ ملیار دۆلار, ئێستا هەر سێ وڵاتی بەرهەم هێنەری لیسیۆم , هاوپەیمانی سێگۆشەی لیسیۆم پێک دەهێنن ” پۆلیڤیا, ئەرجەنتین, شیلی”, پێش کودەتاکە پۆلیڤیا لە گەڵ چینی و روسییەکان رێکەوتبوون پێکەوە لیسیۆم دەربهێنن و بەرهەمی بهێنن, کودەتاکە کۆتایی پێ هێنا.


مۆرالیسیان بۆ نەویست ؟
تۆباک کاتاری شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی لە ئیسپانیاو رزگاربوونی هاووڵاتیانی رەسەن لە ساڵی ۱۷۸۱ بەرپا کرد, ئیسپانیەکان گرتیان, جەستەیان پارچە پارچە کرد بۆ ئەوەی هیچی لەدوا بەجێ نەمێنێت نەوەک یادی بکەنەوە, وەک بن لادن و بەغدادییان چی لێکرد چۆن فڕێ درانە دەریاوە.
خۆسیە تۆرێز لە ساڵی ۱۹۷۰ بە کودەتای سەربازی هاتە سەر حوکم بەسەر جەنەرال ریخیلۆ کە رۆژێک پێشتر ئەویش کودەتای کردبوو, سیاسەتی چەپگەرایانەی پیادە کرد,سپی پێست و سەربازیش بوو, لە ساڵی ۱۹۷۱ راستگەراکان کودەتایان بەسەردا کرد, دور خرایەوە , وازیان لێ نەهێنا تا لە ئەرجەنتین لە ساڵی ۱۹۷۶ تیرۆریان کرد, دەترسان دوای چەند ۵ ساڵی دیکە بگەڕێتەوە.
بۆیە مۆرالیس دەبیوایە بڕویشتایە, هاوکات هەڵگری جیناتی تۆباک کاتاری و خۆسیە تۆرێز بوو, هەم توخمی چەپ بوونی هەڵگرتووە وەک خۆسیە تۆرێز, هەم روحیانەتی ئازادیخوازی رەسەنایەتی تۆباک کاتاری لە خوێنیدایە, بۆیە دەبوایا بڕۆیشتایە, تاوانی ئەوەبوو هاووڵاتی رەسەن و کەسێکی سۆسیالستی ریفۆرمیستی بە بنەچە کرێکاربوو, بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و ئەمەریکای بە باشی نەپاراست, دەرگای تاڵانکردنی لیسیۆم و نەوت و گازی نەکردە سەر پشت, دەیانەویست لەناوی ببەن, دەربازبوون لە کودەتا چییەکان بۆ ئەو سانا نەبوو, شەوی کودەتاکە لە پەلەوەگەیەک دەخەوێت بە نهێنی, دەیەویست خەباتی چەکداری رابگەیەنێت, گرتنی سەربازگەیەکیشی خستبوە بەرنامەی خۆیەوە, بەڵام دەکەوتە تەڵەکەوە, وەک ئێستا خەونەکەی ناهاتە دی, کودەتا چییەکان بە کارمەندەکانی فرۆکەخانەیان وتبوو, یەکی ۵۰۰۰۰ دۆلارتان دەدەینێ دەستگیری بکەن, ۱۰۰۰ کەس لە لایەنگرانی لە فرۆکەخانەی کۆتشابامبا بەڕێیان کرد, دوای ساڵێک تەنها لەهەمان فرۆکە خانە ملیۆنێک پێشوازی لێکرد.

نەیارەکانی کێ بوون ؟؟؟
چوار کارەکتەری سەرەکی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی راستگەرایان دەکرد, کە هاوبەشی لە نێوانیاندا هەبوو” سپی پێستی, راستگەرایی, پارێزگاری ئاینی کاسۆلیک و ئینجیلی, سەرمایەداری و توندوتیژبوون”, دوای کودەتاکە کە چوونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە ئاڵای وێڤالای هاووڵاتییە رەسەنەکانیان سوتاند و رایان گەیاند ئیتر ئێرە نابیننەوە, بەڵام گرەوەکەیان لە ۱۸ی ئۆکتۆبەرە مەزنەکەی پۆلیڤیا دۆڕاند, ئەو ۴ کارەکتەرەش بریتی بوون لە:
-سەرۆک کۆماری کاتی پێشوو لە رێگای کودەتاوە … جانین ئانیز لە ۱۲ی نۆڤەمبەرەوەJeanine Áñez; 13 August 1967)” , پارێزەرو رۆژنامەنووس, سپی پێستی رەگەزپەرستی راسیست, رۆژی کودەتاکە کە چووە ناو کۆشکی کۆماریەوە وتی” خوا رێگای دا ئینجیل بگەڕیتەوە کۆشکی کۆماری”, پێشتر لە ساڵی ۲۰۱۳ ەدا رایگەیاندبوو خەون دەبینێت بە پۆلیڤیایەکی بێ سروتی شەیتانی هیندییە سورەکان” کۆلاس”, وە وتبووی ژیانی شاری بۆ ئەوان نییە, بەڵکە پێویستە بچن بۆ بەرزاییەکانی تشاکۆ, ئانێز ئەندامانی بزوتنەوەی بەرەو سۆسیالزمی بە وەحشی ناوبرد, باوەڕی بە پاککردنەوەی پۆلیڤیا لە سروتی شەیتانی هاووڵاتیانی رەسەن هەیە, دەیووت دەبێت پایتختیان لێ پاک بکرێتەوە, بیان نێرینەوە بۆ کێوەکان.
ئەو باوەڕی بە باڵایی رەگەزی سپی پێست هەیە, کە تەنها ۵%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤیا پێک دەهێنن, هەرچەندە ۹۷%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤی خۆیان بە کریستان دەزانن, لێ کریستانی لای ئەو تەنها بۆ سپی پێستەکانە, ئەو لە رێگای پەرلەمانێکەوە بووە سەرۆک کرسییەکانی هەموو بەتاڵ بوون,
تەنانەت لە جەنەوەری ۲۰۲۰ لە شاری سوکری رایگەیاند نابێت رێگە بەو دڕندانە بدەین بگەڕینەوە دەسەڵات, لەکاتێکدا بە بەڵگە مۆرالیس میهرەبانترین فەرمانڕەوای پێنج سەدەی رابردووی وڵات بوو.
۲- کارلۆس میسا کاندیدی دۆڕاوی سەرۆک کۆماری ,” October 17, 2003 – June 9, 2005 ” وە سەرۆکی دەرکراوی کۆمار “کرێکاران لە دژی خۆپیشاندانیان کرد, لە ئازاری ۲۰۰۵دەستی کێشایەوە, وەلێ پەرلەمان دەستکێشانەوەکەی پەسەند نەکرد, دواتر لە ۱۰ی یۆنی جارێکی دیکە دەستی کێشایەوە, ئەوجا دەستکێشانەوەکەی قەبوڵکرا, پاش ۳۲ رۆژ خۆپیشاندانی بەردەوام, ئێستا باسی کۆمەڵگای مەەنی و نوێنەرایەتیان دەکات, کەچی ۸۰ کەسی لە خۆپیشاندەرانی ئەوی رۆژێی پۆلیڤیا کوشت ئەوجا کورسی دەسەڵاتی جێ هێشت, رازیش نەبوو پەرلەمانی پۆلیڤیا کۆبونەوە بۆ پەسەندکردنی دەست لە کار کێشانەوەی مۆرالیس بکات, لەم هەڵبژاردنە خراپتر لە جاری پێشوو دۆڕا.
۳- لویس فیرناندۆ کۆماتشۆ و مارکۆ بۆماری, دوو کەسایەتی سەرمایەدار, لە بەڕێوەبەرایەتی یەکێتی خاوەند کارانی سانتاکرۆزن, ناوەندی سپی پێست و سەرمایەداران و پارێزگارە راستڕەوەکانی وڵات, سپی پێستی بیروباوەڕ رەگەز پەرستی زەبروزەنگاوی شەڕەنگێز, پارێزگاری دژ بە ژنی ئۆلیگارشی راستگەرای توندڕەوی دژ بە هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤین, چۆڕاوی کۆنەپەرستیان لێدەتکێت, لە کاتی کودەتاکەی ساڵی رابردوو بە ئینجیلێکی گەورەو و ئاڵای کۆنی پۆلیڤاوە چونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە, لەوێ رایانگەیاند باشاماما ئیتر نایاتە ناو کۆشکی کۆمارییەوە, مەبەستی هاوڵاتیانی رەسەنە, ئەمجارەش زۆریان هەوڵدا, وەلێ کۆماتشۆ لە هەڵبژاردن خۆی تاقیکردەوە, دۆڕانەکان وزەی یاخی بوونەوەیەکی دیکەی لێ بڕی, هەرچەندە بۆ چرکەیەکیش لە رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وچانی نەداوەو لە تاوانکردن رانەوەستاوە, پێشی ناچێت بە سانایی تەسلیم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت.
۴-هەرچەندە ۸۸,۹% هاوڵاتیانی پۆلیڤیا کریستانن, بەڵام کەنیسەی کاسۆلیک و ئینجیلیەکانیش لایەنگری دەسەڵاتی لە مێژینەی سپی پێستەکانن لە وڵات کە تەنها ۵%ی هاووڵاتیان پێک دەهێنن, کە لە هەڵبژاردنەکە دۆڕان, بۆ خۆی بردنەوەی بیروباوەڕی هاوڵاتیانی رەسەن ویبهالا بوو بەسەر ئینجیلدا, ئەوان هەر ۳۳ نەتەوە رەسەنەکەی وڵات جۆرە کریستانێکیان بۆ خۆیان لە گەڵ بەهاکانی مەسیح گونجاندبوو, رەتی چەوسانەوەو رەگەز پەرستی دەکات, بۆیە ئەو کەنیسانە رەتی ئیمانەکەیان دەکەنەوە.

مۆرالیس لە وڵات چی کردبوو؟؟

لە مێژووی کۆماری پۆلیڤیا مۆرالیس زۆرترین ماوە لە وڵاتی کودەتا سەربازییەکانی سوپا ۳۵۰۰۰ کەسیەکەدا حوکمڕانێکی سەقامگیر بووە, لەو ماوەیەدا حوکمڕانی جێگیر بووە و هەمووان هەستیان بە بوونی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی کەرامەت کردووە, بە تایبەت زۆرینەی هاووڵاتینی دانیشتووانی رەسەن, لەو ماوەیە تامی هاووڵاتی بوونیان کرد و بەهرەمەند بوون لە سامانی دەوڵەت و زۆرێکیان زانکۆیان تەواو کرد, کە پێشتر خەون بوو, لەماوەی ئەو ۱۴ ساڵەدا جگە لە گەڕانەوە کەرامەت بۆ هاووڵاتیانی رەسەن و تێکەڵەکان”رەسەن -ئەوروپی”, لە روی ئابووری و ئازادییەکانەوە کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی نا: , گرنگترینیان
۱- جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت.
۲- نەخوێندەواری لە۱۳% ەوە دابەزی بۆ ۲,۴%, بێکاری لە ۹,۲% دابەزی بۆ ۴,۱% , هەژاری لە ۶۰,۶% دابەزی بۆ ۳۴,۶% , زۆر هەژاری لە ۳۸,۲% دابەزی بۆ ۱۵,۲%.
۳- بەرهەمی نەتەوەیی وڵاتی لە ۹ ملیار دۆلارەوە بەرز کردەوە بۆ ۴۳ ملیار و ۶۸۷ ملیۆن دۆلار.
۴- پارەی یەدەکی وڵاتی لە ملیارێک و ۸۵ ملیۆن دۆلارەوە بەرز کردەوە بۆ ۱۵ ملیار و ۲۸۲ ملیۆن دۆلار.
۵- بە خۆماڵیکردنی وزەو سامانی ژێر زەمینی وڵات کە پێشتر بۆ کۆمپانیا بیانیەکان بوو لە پێنج سەدە لەمەوپێشەوە زێڕو زیوی وڵات بۆ ئیسپانیەکان بوو, ئێستاش خاوەند ۹ ملیۆن تەن یەدەکی لیسیۆمە, کە روحی پاتری ئۆتۆمۆبێلی کارەباییە, کە جیهان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات., ئەگەری بەرز بوونەوەی بۆ ۲۱ ملیۆن تەن هەیە
۶- دابینکردنی خوێندن و نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیان, پێگەیاندنی چینێکی بەرفراوان لە هاووڵاتیانی رەسەن, جاران جوتیارێکت نابینی دەرچووی زانکۆ, ئێستا نەوەیەکی لێیان گەیندە زانکۆ.
۷- کەمکردنەوەی ئیمتیازاتی سەرۆک کۆمارو جێگیرەکەی و وەزیرەکان, دەرگای کۆشکی کۆماری خرایە سەر پشت بۆ هەمووان.
۸- بەشداریپێکردنی ژنان و هاوڵاتیانی رەسەن لە حوکمڕانی و نەهێشتنی ئاپارتایدی جنسی و رەگەزی.
۹- زیادکردنی لانی کەمی کرێ بە رێژەی ۵۰% و دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی لە ۶۵ ساڵەوە بۆ ۵۸ ساڵ.
ئەمەو دەیان و سەدان چاکسازی دیکەی لە بەرژەوەندی هەژاران و هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤی ئەنجامدا, هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو دەستکەوتانە بوو, بەرەو روی کودەتاکە بوونەوە .

هەڵەی مۆرالیس

مۆرالیس هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد کاتێک خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆک کۆماری کاندید کردەوە, لە کاتێکدا دەیتوانی جێگیرەکەی ئەلفارۆ غارسیای تێکۆشەرو سەرکردەی پارتیزانی پێشتر” سەرکردەی بزوتنەوەی مارکسیستی تۆباک کاتاری پۆلیڤیا” کاندید بکات, سپی پێستێکی رۆشنبیری ناسراو مێژوو نووسێکی بە بڕشت و ناسراو و چەپگەرایەکی جێگیر بوو, لە دوای کودەتاکەش هەر بە یاوەری مایەوە, یاخود بەهەمان شێوەی ئێستا لویس ئارسا و جێگیرەکەی دیڤید شۆکیۆانکا کاندید بکردبایا, کە سێ خول وەزیری ئابووری بووە لە حکومەتەکەی, سەرۆک و جێگرەکەی هەردوکیان وێڕای بیروباوەڕی سیاسییان لە گەلی ئیمارای رەسەنن, مۆرالیس پێش هەموو شتێک قوربانی چوارەم خولی کاندید بوونیەتی لە دەرەوەی دەستوورەوە, بە پێگەیەکی لاوازەوە چووە هەڵبژاردنەوە, دابەزینی دەنگەکەشی لە ” ۵۳%, ۶۴%, ۶۱%” ەوە بۆ ۴۷% بۆ خۆی پاشەکشەیەکی ۱۴% یی بوو لە ئەنجامەکانی خولی پێشوو, دەنا ئەوەی دەوترا ساختە کردن دوور بوو لە راستیەوە,
لۆلا سەرۆکی پێشووی بەرازیل پێی وت: خۆت کاندید بکەیت بۆ چوارەم جار دەیبەیتەوە بەڵام هەڵەیە, مۆخیکا باوکی هەژارانی جیهانیش هەمان ئاگادارکردنەوەی پێیدا,
کەچی نەیارەکانی رێگایان پێی داو خستیانە بۆسەوە, ئەمینداری گشتی رێکخراوی وڵاتانی ئەمەریکی لویس ئەلماغرۆ دانی نا کە رۆڵی گێڕاوە دژ بە مۆرالیس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۲۰۱۹ دا, وە رێگادان بە خۆکاندیدکردنەوەی مۆرالیس لە لایەن ئەلماغرۆوە لەبەر ئەوە بوو باوەڕی وابوو لە هەڵبژاردنەکە دەدۆڕێت, وەک بەشێک لە پیلانگێڕی کە دووساڵ پێش هەڵبژاردنەکە ئامادە کرابوو , ئەوان گرەویان لەسەر دۆڕانی کردبوو, کە بردییەوە بەرەو روی بوونەوە, چونکە ئەنجام پێچەوانەی نەخشەکەیان بوو, هەمووان دەزانن لایەنگرانی ئەو هاووڵاتیانی رەسەنی ناوچە هەژارو دورەکانەو سندوقەکانی دەنگدانی ئەوان درەنگتر دەگەنە ناوەندەکانی جیاکردنەوە, ئەوەی کێشەی لەسەر بوو, زۆر کەمتر بوو لەوەی ئەنجامەکان بگۆڕێت, دەوترا گزی هەڵبژاردن لە ۷۸ ناوچە کراوە بەهۆی دوا کەوتن لە گەیشتنی ئەنجامەکانی لە کۆی ۳۴۵۵۵ ناوچەی دەنگدان, کە دەکاتە تەنها ۰,۲۲%ی کۆی ناوچەکان, ئەمەش ئەنجامی ناگۆڕی, چونکە ئەو ۱۰,۴۹% لەپێش نزیکترین کاندیدەوە بوو ” ۴۷٫۰۸% Evo Morales- Carlos Mesa 36.51% “, ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا چیان بکردبایە نایان توانی جیاوازیەکە لە ۱۰,۴۹% ەوە دابەزێنن بۆ کەمتر لە ۱۰%, تەنانەت ئەگەر لە کۆی ۰,۲۲%ی دەنگە دواکەوتووەکە, دەنگێکیشی بۆ مۆرالیس نەبوایە, کە دەنگی ناوچەکانی قەڵەمڕەوی ئەو بوون, کە بە پێی یاسا ئەو ژمارەیە سەرکەوتنەکەی یەکلا دەکردەوە, بۆیە بە ناچاری نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت, پێش هەڵبژاردنیش دەنگۆی کودەتا بڵاو کرایەوە,۱۱ ساڵ پێشتریش هەمان هەوڵدان هەبووە, ساڵی ۲۰۰۸ ویستیان کودەتا بکەن, فیلیپ جولدبێرج باڵوێزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە وڵات دەرکرا, ئەوکات مۆرالیس ئاستی جەماوەری لەسەروی ۶۰% ەوە بوو, بۆیە ئەستەم بوو سەرکەوتنی, سێجار هەوڵی کودەتا شکست پێ هێنرا لە رابردوو, ئێستاش بە دەستوور نایانتوانی بە سانایی کودەتا بکەن, بۆیە نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت لە رێگای سوپاوە, کە ۱۴ ساڵ بو زاتی کودەتای وایان ناکرد, چونکە لە مێژوودا پۆلیڤیا سەرۆکی جەماوەری وای بەخۆوە نەبینیبوو, زیاتر لە ۵۰% ی دەنگەکان بهێنێتەوە, کودەتاکە لە رێگای پەرلەمان و ئەنجومەنێکی پیرانی کورسی بەتاڵەوە بەرگی یاسایی بەبەردا کرا, ئەمجارە سوپا کاری خۆی کرد, هیچ بەرگرییەک نەکرا, دەستکەوتی چواردە ساڵ حوکمڕانی توایەوە , مۆرالیس لە تەنگانەدا کەماسییەکەی بۆ دەرکەوت, وەلێ کارلەکار ترازابوو, نایتوانی ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە, وتی هەڵەمان کرد خەڵکمان چەکدار نەکرد وەک فەنزوێلا, شەپۆڵی هاووڵاتیانی رەسەن بێ چەک زەلیل بوون بەدەست کەمایەتیەکی چەکداری فاشیستەوە, سوپا کە نەتوانرا بێلایەن بکرێت, وەک ئامراز بە دەست کەمایەتییەوە مایەوە, هەموو کات وەک پاژنەی ئەخیل خاڵە لاوازەکەیە.
ئەوەی کرا کودەتایەکی سەربازی سیاسی بوو لە بەرگی تازەدا, کە پرۆسەی دەستلەکار کێشانەوەی کودەتایی و تۆقاندن و پەیڕەو کردنی یاسای گاڵتەجاڕیانەی بێ تەواو کردنی لانی کەمی یاسای لە گەڵدا بوو, وەلێ ئامانجە کۆنەکە ئەوەیە چەپ و دانیشتوانی رەسەن بڤەن لە کۆشکی کۆماری, مۆرالیس وجێگیرەکەیان وادار کرد دەست لەکار بکێشنەوە, دواتر رێگا نەدرا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و جێگیرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان بچنە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە کە مافی بوون بە سەرۆکیان هەبوو, هەموو سەر بە پارتی بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالستی بوون, بۆیە جێگیری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانیان دیاریکرد بە سەرۆک لە کۆبونەوەیەکی نا شەرعیدا کە زۆر کەمتر لە نیوەی ئەندمانی ئەنجومەنی پیران ئامادە بوون, لە کۆبونەوەیەک کورسییە بەتاڵەکان زۆر زیاتر بوون لەوانەی لە ژورەوە بوون, بە هەنووکەشەوە پەرلەمان دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک و جێگیرەکەی ئەوکاتی پەسەند نەکردووە, کە پارسەنگ لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەلای مۆرالیسەوە بوو ” ۸۸ لە کۆی ۱۳۰ پەرلەمانتار, ۲۵ لە کۆی ۳۶ ئەنجومەنی پیرانی هەبوو”, هاوکات کاتی خۆی پەرلەمان دەست لەکار کێشانەوەی کارلۆس میسای لە ساڵی ۲۰۰۵ رەتکردۆتەوە, ئەمەش پێشینەیەکی شەرمەزارییە بۆیان,بە تایبەت بۆ میسا, بەدوای ئەو سیناریۆ کرچ و کاڵەدا حکومەتێکی سەربازی فاشیستانەیان راگەیاند, لە مۆرەکانی راستگەرا سپی پێستە ئۆلیگارشیەکان, لە گەڵیشیدا سوپایان سەربەستکرد لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان, ژمارەی قوربانیان و برینداران و زیندانیان لە ۹ رۆژی دوای کودەتاکە دەیان جاری ۲۰ رۆژ خۆپیشاندانی ئۆپۆزسیۆنە لە سەردەمی مۆرالیس کە ئەوکاتیش زۆرینەی ناڕازییە راستگەرا فاشیستەکان ئەنجامیان دا.


شیری چۆلەکە گەیشت

لە کۆتاییدا شیری چۆلەکەکە وەک خۆشترین موژدە لە ئەمەریکای لاتینەوە دەرکەوت, ئیرادەی جەماوەر بەسەر هێزی دۆلار سەرکەوت, کودەتای پۆلیڤیا لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە وەک پولی دۆمینۆ هەرەسی هێنا, ۱۸ی ئۆکتۆبەر بە ئەندازەی ۱۱ی ئەپرێلی ۲۰۰۲ فەنزوێلا گرنگ بوو بۆ کیشوەری ئەمەریکای لاتین, کودەتای سەربازی بە کودەتای گەلی و ئیرادەی گەل وەڵام درایەوە, چونکە ئەوان وەک ئەمەریکای لاتین زیاتر لەسەر یەک ئاواز شایی دەکەن, کە ئاوازی جیڤارایە, پۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو جانین ئانییز سەرۆکی کودەتاکەری کاتی پۆلیڤیا ئاڵای سپی شکستیان بەرز کردەوە لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنەی گەلی پۆلیڤیا.
کودەتاکەی نۆڤەمبەری ۲۰۱۹ی پۆلیڤیا نەک کۆتایی بە بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم وەک شیلی و زۆربەی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین لە قۆناغە جیاجیاکان حەوت دەیەی رابردوو نەهێنا, بەڵکە بووە داینەمۆی هاتنەوە مەیدان و بەهێزتر لە جاران, بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان قوناغی دووەمی حکومەتی پەمبەیی دژ بە لیبرالیزمی نوێ لە ئەمەریکای لاتین دەست پێدەکاتەوە, وەک واشنتۆن پۆست هوشیارکردنەوەی شەپۆڵی پەمبەیی دایەوە و نووسی سۆسیالستەکان پۆلیڤیا شەپۆڵی پەمبەیی لە ئەمەریکای لاتین زیندوو دەکەنەوە.
پۆلیڤیا لەچاو مەکسیک و ئەرجەنتین قورسایی نییە, بەتایبەت لە روی ئابوورییەوە, کە بەرازیل یەکەمی کیشوەرەکەو مەکسیکیش دووەمیانە” پۆلیڤیا بەرهەمی نەتەوەیی ساڵانەی ۴۵۰۴۵ ملیۆن دۆلار, مەکسیک ۱,۷۴ ترلیۆن دۆلار , واتا ۳۸ جارێتی, ئەرجەنتین ۴۴۹ ملیار دۆلار واتا ۱۰ جارێتی, بەڵام سەرکەوتنەکە لە سەرکەوتنی چەپ لەو دوو وڵاتە گرنگترە کە پێشتر بەدەستیان هێنابوو, بەهۆی تێکشکانی عەقڵی کودەتاچی ئۆلیگارشی لوتبەرزی سپی پێستەوە, لە هەڵبژاردنەکەی ۱۸ی ئۆکتۆبەر لویس ئارس کاندیدی مۆرالیس ۸,۰۲%ی لە مۆرالیسی ۲۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹ زیاتر دەنگی هێنایەوە, دەنگی دۆڵفینەکە زیاتر بوو لە خاوەنەکەی وەک راستگەراکان بە دۆڵفینی مۆرالیسی ناو دەبەن,” لویس ئارسی ۲۸-۹-۱۹۶۳ کاندیدی سۆسیالستەکان ۵۵,۱۰%ی دەنگەکان , کارلۆس میسا ۱۲-۸-, ۱۹۵۳ , ۲۸,۸۳% , لویس فرناندۆ کۆماتشۆ ۱۵-۲-۱۹۷۹, ۱۴%ی دەنگەکان”, لە هەڵبژاردنەکە ۸۸,۴۲%ی دەنگدەران بەشدارییان کرد.
هاوکات ۷۵ کورسی پەرلەمان لە کۆی ۱۳۰کورسی و ۲۱ کورسی ئەنجومەنی پیران لە کۆی ۳۶ کورسی ئەنجومەنەکەیان بەدەست هێنا, هەرچەندە بڕیاری یەکلاکەرەو ۲۴ کورسی دەیدا بۆ گۆڕانکاری دەستوری, بەمەش وەک مۆخیکا باوکە خۆشەویستەکەی چەپی جیهان وتەنی کودەتای لیسیۆم کۆتایی پێ هات, هەرچەندە لە کۆی ۱۰ هەرێم بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم ۴ لەو هەرێمانەی پێ کۆنترۆڵ نەکراوە, بەڵام تیاندا یان هێزی کاریگەرە یانیش یەکەمە بێ زۆرینەیە, بەتایبەت شاری بۆرژوا سپی پێست نشینی ئۆلیگارشیەکان سانتا کرۆز, کە سەرچاوە نا ئارامیەکانی سەردەمی کودەتا و دوای هەڵبژاردنەکەو ئایندەشە, لە سانتا کروز بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم ۳۶,۲۱%ی دەنگەکانی هەیە, فرناندۆ کۆماتشۆ راستی فاشیست جگە لە سانتاکروز کە تیایدا ۴۵,۰۷% ی دەنگەکانی هەرێمەکەی هێناوەتەوە ” دوای لاباز دووەم گەورەترین هەرێمە لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە ۳,۴۲۰,۰۸۴, وە گەورەترین لە روی روپێوەوە ۳۳,۷۴%ی خاکی وڵاتە , ۲۵ کورسی پەرلەمانی هەیە”, لە شوێنەکان دیکەی وڵات پەراوێزە, ئەو تەنها سەرکردەی هەرێمێکە بە ناتەواوی, لە هەرێمی بنی لە باکور کۆماتشۆ ۲۳,۷۰%ی دەنگەکانی هەیە و میسا ۳۹,۱۷%ی دەنگەکانی ئەو هەرێمەی هەیەو یەکەمە تیایدا, لە باندۆ دووەم و سێیەمن بە هەردو لایان ۵۲,۱۱%ی دەنگەکانیان هەیە,لە هەرێمی تاریکا لە باشور کە بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم ۴۱,۶۲%ی دەنگەکانی هەیە, لێ ئەوان بە هەردو لایانەوە زۆرینەن.
سەرکەوتنی چەپ لە پۆلیڤیا هاوکات بوو لەگەڵ سەرکەوتنی راپرسیەکەی گەلی شیلی, لە راپرسیەکەی ۲۵ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰دا گەلی شیلی, رێک هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنەکەی پۆلیڤیا بەڕێوە چوو, بە ۷۸,۹۹%ی دەنگەکان بڕیاری گۆڕینی دەستورەکەی بینۆتشەیان دا , کە دەستورە نوێیەکە لە لایەن لیژنەیەکی هەڵبژێردراوەوە بنووسرێتەوە, راستڕەوەکان بە نا دەنگیان دا لە راپرسیەکە, راست لە شیلی دۆڕانێکی قورستر لە پۆلیڤیا دۆڕا, لە کۆی ۳۴۵ شارەوانی ۳۴۰ی دەنگیان بە گۆڕینی دەستورەکەی پینۆشە دا, ئەو شارەوانییانەی دەنگیان بە گۆڕینی دەستور نەدا, سێیان گەڕەکی دەوڵەمەند نشینی پایتەخت بوون بە ناوەکانی فیتاکۆرا, ولوس کۆندیس زلو بارنیشا.
لە هەڵبژاردنی وڵاتی گویانای ئەمەریکای لاتینیش, پارتی گەلی پێشکەوتنخوازی چەپ – مارکسی لە هەڵبژاردنی ۲ی ئازاری ۲۰۲۰دا بە هێنانی ۳۳ کورسی لە کۆی ۶۵ کورسی پەرلەمان گەیشتنەوە بە دەسەڵات, بۆیەکەمجار لە وڵات کەسایەتیەکی بە رەچەڵەک موسڵمان بەڵام ئایدیا چەپی سۆسیالستی و عەلمانی بەناوی عیرفان عەلی بووە سەرۆک کۆماری وڵات.
لە ئۆرۆگوایش دوای ئەوەی لە دیسەمبەری ۲۰۱۹ چەپەکان لە هەڵبژاردندا دۆڕان, پاش ۱۵ ساڵ لە حوکمڕانی, کەچی لە سەپتەمبەری ۲۰۲۰ پایتەختیان بە ۵۲% بردەوە, کە لە کۆی ۳,۴ ملیۆن دانیشتووانی وڵات ۱,۳ ملیۆن هاووڵاتی لە خۆ دەگرێت, ئەندازیاری کارەبا و سەرکردە لە حیزبی شیوعی خاتوو کارۆلینا کۆس براوەکەی ئەمجارە بوو, بووە پاریزگاری مەزنی پایتەخت.
لە ئیکوادۆریش کە نەیانهێشت سەرۆکی چەپگەرای پێشوو رەفائیل کۆریا بەشداری هەڵبژاردن بکات بۆ پۆستی جێگیری سەرۆک, بەڵام پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانی یەکێتی لە پێناو هیوا لە هەڵبژاردنی ۷-۲-۲۰۲۱ دا دەنگی یەکەم بهێنێتەوە, چەپ لەو تەنگژەیەی بەدوای کودەتا هەڵگەڕانەوەکەی مۆرینۆ لە چەپ, یان دروستتر خیانەتەکەی لینین مۆرینۆ, وەک هیزی یەکەمی وڵات خۆی رێکبخاتەوە, راپرسیەکان دەریدەخەن لە ئیکوادۆر هەڵبژاردن بکرێت کوریسمۆی چەپ دەیباتەوە .
لە فەنزوێلاش لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە لە ۶ی دیسەمبەر ئەنجامدرا,پارتی سۆسیالستی دەسەڵاتدار بە هێنانی ۶۹,۳۲% ی دەنگەکان بردییەوە , وێڕای دەنگی چەپ و شیوعیەکان ۲,۷۳% و هاووڵاتییە رەسەنەکان, هەرچەندە لە دەنگدانەکە تەنها ۳۰,۵%ی هاووڵاتیان , ۹% کەمتر لە هەڵبژاردنی پێشوو بەشداری دەنگدان کرا.
هەموو ئەمانە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مەکسیک و ئەرجەنتین و ناوخۆییەکانی بەرازیلەوە, تەنانەت بە هەڵکشانی بیری سۆسیالستی لەناو گەنجانی ئەمەریکا, وە بە قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتانی ئەمەریکای لاتینەوە کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی نەتەوەیی بە رێژی ۱۰% داببەزێت, وە ۱۵ ملیۆن هاووڵاتی کیشوەرەکە پەیوەست بنەوە بە سوپای هەژارانەوە, بۆمان دەرەکەوێت, کە ئاراستەی دەنگدان لە کیشوەرەکە گۆڕاوە, وتەیەکی ئەفریقی هەیە دەڵێت کە مۆسیقا دەگۆڕێت , سەماش لە گەڵیدا دەگۆرێت,
هەموو سەرکردە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین ئاهەنگیان گێڕا بۆ سەرکەوتنی پۆلیڤیا, لە لۆلاوە بۆ مۆخیکا, وڵاتانی فەنزوێلاو ئەرجەنتین و مەکسیک و نیکاراگوا هەموو بادەی خۆشییان هەڵدایەوە.

راستگەراکان دۆش دامان
سانتاکروز ” سانتا کرۆز گەورەترین شاری پڕ دانیشتووانی پۆلیڤیایە, ۳۵%ی بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بەرهەم دێنێت, ۴۰%ی وەبەرهێنانی بێگانەش لە خۆ دەگرێت,لە گەڵ ۸۰%ی بەرهەمی کشتوکاڵی وڵات.”شوێنی دەوڵەمەندەکان پۆلیڤیاو دڵی ئابووری وڵاتە, زۆرینەی پێک دێت لە کەمایەتی سپی پێستی باڵا دەست بەسەر ئابووری و سیاسەت لە وڵات و دو رەگەکان, ناوچەکانی دی وڵات لە چاوییەوە زۆرینەی هاووڵاتیانی رەسەنی هەژارن, سانتا کرۆز لەو رۆژەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرا کراوە, لە یاخی بونەوەدایە بە پشتیوانی کەمایەتی فاشیستەکان, چرکە ساتێکیش نوچانی نەداوە.
هەرچەندە دادگای باڵای هەڵبژاردن لە نەیارانی بزوتنەوەی لە پێناو سۆسیالزمن, لێ نەیانتوانی وەک سەرۆک کۆماری پێشوو دان نەنێن بە سەرکەوتنەکە, کە بواری مانۆڕی بۆیان تێدا نەماوە, بردنەوەکە بە رادەیەکی گورچک بڕە مانۆڕی بۆ راستگەراکان و سوپاو واشنتۆن و برۆکسل نەهێشتۆتەوە, تەنانە گومان و پرسیاریشی هەموو پێیان قوت دایەوە.
جانین ئانییز کە دانی نا بە دۆڕان, راستگەراکان پەلاماری توندیان دا,هەرچەندە ئەو و چەند کاندێکی دیکەی راست , پێش دەنگدانەکە پاشەکشەیان کرد لە کاندید بوون لە پێناو یەکێتی راست تا رێگا لە بەردەم بردنەوەی چەپ بگرن, ئەوان پێشبینی چوونە خولی دووەمیان دەکرد, وەلێ بردنەوەکە بواری راچەڵکینیشی لێ بڕین, راستی فاشیستی پەڕگیر بەسەرکردایەتی کاندیدی دۆڕاو لویس فرناندۆ کاماتشۆ کە تەنها هێزی یەکەمی هەرێمی سانتا کرۆزە دۆڕانێکی قورس دۆڕاو دان بە شکستی هەڵبژاردن نانێن, پێی ناچێت بچنە ژێر باری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە, هەرچەندە تەنها ۱۴%ی دەنگەکانی هێنایەوە, کەچی دان نانێت بە دۆڕانەکەی, مانگرتنی ۴۸ کاتژمێری راگەیاند, ناڕەزایەتی لە سانتا کرۆز, کۆتشابامبا, ئۆرۆ و سوکری بەڕێوە برد, هاوکات ئۆپۆزسیۆنی سەردانی تیپی هەشتی سانتاکرۆزیان کرد , داوای کودەتایان کرد, بۆ ئەوەی دەسەڵات نەکەوێتە دەست شیوعیەکان, لە هەندێک شاری رۆژهەڵاتی وڵات خۆپیشاندان دەستی پێکرد و داواکرا دەسەڵات تەسلیم نەکرێت, ئەنجامی هەڵبژاردن رەتبکرێتەوە, ئەمەش باوەڕ بوونە بە دیموکراسیەت؟؟.
هاوکات پارتە ئۆپۆزسیۆنە راستگەراکان پەلاماری ئۆرلاندۆ جۆتیرۆسی سەرۆکی ساندیکای کرێکارانی کانەکانیان لە ۲۲-۱۰ داو تیرۆریان کرد.
ئێستا فرناندۆ کاماتشۆ کاندیدی فەرمانڕەوای هەرێمی سانتاکرۆزە لە لایەن پارتی راستگەرای فاشیستی کریمۆسەوە, کە داوای پۆلیڤیایەکی فیدرالی دەکات, وەک هەنگاوێک بۆ جیاکردنەوەی هەرێمەکە, چونکە ئومێدێکیان بە کایەی هەڵبژاردن نەماوە, شەڕەکە بۆتە شەڕی ناسنامەکان.

بەرەو دۆڕانە مەزنەکە
کاتێک مۆرالیس خۆی بۆ خولی چوارەم کاندیدکردەوە, سەرۆکی پێشووی بەرازیل لۆلا ئاگاداری کردەوە کە هەڵە دەکات, هەرچەندە بردیەوە, بەڵام پێگەی جەماوەری دابەزیبوو, بە ئێستاشەوە نەیارانی نەیانتوانی بەڵگەی گزیکردن لە هەڵبژاردنی پێشوو بخەنە روو, ئەمینداری گشتی رێکخراوی وڵاتانی ئەمەریکا لویس ئەلماغرۆ بە بەهانەی ساختەکردن لە هەڵبژاردن داوای کرد مۆرالیس دەستلەکار بکێشێتەوە, دواتر پەشیمان بوەوە, بەڵام کارلەکار ترازا بوو, دەرکەوت هیچ بەڵگەیەک بۆ ساختەکاری نەبووە, هەڵبژاردنەکە پاکژ بووە.
لە بری ئەوەی گزیەکان دەستنیشان بکەن, لە جیاتی ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان بپارێزن بۆ هەژمارکردنەوە, کەچی لە سانتا کروز بیرۆی هەڵبژاردن سوتێنرا لە لایەن ئۆپزسیۆنەوە, لە شاری فینتۆ سەرۆکی شارەوانی پرچیان بڕی و بۆیەی سوریان کرد وەک ئەتک کردنێک, شەڕێکی سەرانسەریان بە گوتاری فاشیستانە دژ بە زۆرینەی هاووڵاتیانی رەسەن راگەیاند, ویستیان مێژووی زەلیلییەکان بگەڕێننەوە, ئەو چەند رۆژە بووە هێز بۆ توندکردنی شەڕی سەرانسەری لە نێوان کەمایەتی و زۆرینەدا, ئەستەم بوو کۆمەڵگا بگەڕێنرێتەوە پێش مۆرالیس, لەو ماوەیەدا نەوەیەک پەروەردە کرابوو.
فەرماندەی سوپای پۆلیڤی ویلیام کالیمان رامرۆ پاڵەپەستۆی خستە سەر مۆرالیس لە ۱۰ی نۆڤەمبەر دەست بکێشێتەوە, بزووتنەوەی ئبجیلی پۆلیڤیا کە گرێدراوی ئینجیلی ئەمەریکاو بەرازیلە پشتیوانی کودەتا بوون, لویس کاماجۆ ملیاردێر و فاشیست لە سانتاکرۆز, بە پشتیوانی وڵاتانی ئەمەریکا, بەرازیل و کۆڵۆمبیا و ئۆپۆزسیۆنی فەنزوێلی و کەنیسەی ئینجیلی و کاسۆلیکی ئاڵای کودەتاکەی بەرز کردەوە, شەڕ دژ بە تەواوی هاووڵاتیانی رەسەن راگەیەنرا.
لە پرۆسەی کودەتاکە باش داکۆکی نەکرا لە مۆرالیس , خۆیان بۆ شەڕێکی وا ئامادە نەکردبوو, ساندیکای ناوەندی کرێکارانیش لەگەڵ رۆیشتنیدا بوون, بەڵام دواتر بەرەو روی کودەتا چیەکانیش بونەوە, راستڕەوەکان داشیان لەو چرکە ساتە وا سوار بوو, ئامادەی گفتوگۆ کردن نەبوون لەگەڵ مۆرالیس, تەنانەت بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیش رازی نەبوون, راستە بزووتنەوەی بەرەو سۆسالزم پارتێکی سیاسییە, وەلێ یەکێتی فکرییان نییە, بەشێک لەوانە پشتیوانی مۆرالیسن بەڵام باوەڕیان بە سۆسیالزم نییە ؟, بەشێکیشیان باوەڕیان بە سۆسیالزمەو نەیاری مۆرالیسن, لەو رۆژەدا پارت لە تەنگژەدا بوو, بەتایبەت مۆرالیس نووسابوو بە کورسییەوەو پاشەکشەی بۆ جوتیارانی دەوڵەمەندی سانتا کرۆز بە تایبەت ئاژەڵدارە گەورەکان زۆرکردبوو.
کودەتا چیەکان پەلەیان کرد لە بەتایبەتی کردنی کەرتی گشتی, هەرچیەکیان بەردەست کەوت قسوریان نەکرد, گەندەڵی و تاڵان و کۆمەڵکوژی, بە گشتی ئامارەکانی ئابووری وڵات لە ماوەی ساڵێک حوکمڕانیان سەرتاپا سورن, بەرهەمی نەتەوەیی پێشبینی دەکرێت ۱۱,۱% بۆ ئەمساڵ بپوکێتەوە, کەمهێنانی دارایی بودجە ۱۲,۱% یە, قەرزەکان ۴,۲ ملیار دۆلارن زیاترن, وڵات موفلس و قەرزار, ۳۰۰۰ ملیۆن پۆلیفی پارەی هەیە , ۱۵۰۰ ملیۆن ئیلتزامی قەرز دانەوە بۆ کۆتایی ساڵ, زیادبوونی رێژەی بێکاری لە ۴,۱% ەوە بۆ ۱۱,۸% بەرز بۆتەوە, دوای هاتنە سەرکاری سۆسیالستەکان بە مانگێک توانیان بێکاری بۆ ۱۰% کەمیبکەنەوە , راوەستانی پڕۆژە ئابوورییەکان…. لە هەمووشی زیاتر شکستیان بوو بەرامبەر نەخۆشی کۆرۆنا, بەهۆی داڕمانی کەرتی تەندروستییەوە, پۆلیڤیا لەو رۆژڤە لە ژمارە ۴۱ ی لیستی نەخۆشکەوتووان ریزی گرت, ۱۴۳۱۸۱ کەسی تێپەڕاند, مردووەکانیش گەیشتە ۸۸۴۱کەس.
کودەتاچیەکان نەیانتوانی ژیانی خەڵک باشتر بکەن بگرە زۆرخراپتر بوو, هەژاری چووە سەر, هێرش بۆسەر کەرامەتی زۆرینەی رەسەن گەیشتە لوتکەی نا مرۆڤانە, نەیانتوانی بەرەو روی کۆرۆنا ببنەوە, شوێنەواری تەندروستی و ئابووری خراپی لێکەوتەوە, بۆیە شکستەکەی پۆلیڤیا دەبێتە نموونە بۆ وڵاتانی دی.
تەنانەت ساندیکای کوب ناوەندی کرێکارانیش پێشتر داوای دەست لەکار کێشانەوەی مۆرالیسیان دەکرد, بەڵام نایانەویست بگەڕێنەوە قۆناغی حوکمڕانی نیولیبرالیەت, دوای روخانی مرۆالیس بونە داینەمۆی ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر بە دەسەڵاتی راستگەرا کودەتاچیەکان, هەرچەندە جیاوازیەکان تەنها ئایدۆلۆجی نەبوو لە نێوان خەڵک و کودەتاچیەکان, بەڵکە کۆمەڵایەتی , ناسنامە, چینایەتی , شارو دێ , سپی و رەسەن , هەژارو دەوڵەمەند و …. بوون, درزەکە لە نێوان زۆرینەو کەمایەتی کودەتاکەر نەک بە ۱۱ مانگ فەرمانڕەوایی, بە ۵ سەدەی رابردوو پڕ نەکرابوەوە, راستە هەڵبژاردن دەنگدان بوو بە نموونەی ئابووری سەردەمی مۆرالیس و رەتکردنەوەی بەتایبەتیکردن و نیولیبرالیەت, بەڵام هاوکات شەڕی کولتورەکانیش بوو, گەڕاندنەوەی کەرامەتە بۆ زۆرینە, جێگیری سەرۆک کۆمار وتی ۹۰%ی هاووڵاتیانی رەسەنمان لە گەڵە, کەواتە هەموو دەنگەکانیان دەنگی ئەوانە, بۆیە پێویستە لەم فازەی دەسەڵاتدارێتی زیاتر لایەنگری هەژاران بن, راستە مۆرالیس بەشداری هەڵبژاردنەکەی نەکرد, وەلێ خەڵک دەنگیان بە نموونەی فەرمانڕەوایی ۱۴ ساڵەی ئەو و دژایەتیکردنی بە تایبەتیکردن دا, دەنگدنەکە لە نێوان دوو کلتور, دوو مۆدێلی ئابووری بوو, لە هەردوکی مۆرالیس هەڵبژاردەی براوە بوو تیایدا.
کودەتا چییە نیولیبراڵەکان لە ۳ ئایار و ۲۸ ی یۆنی و ۲۷ی سەپتەمبەر هەڵبژاردنیان دوا خست, دەترسان لە هەڵبژاردن, دەیانزانی چیان تۆو کردووە بۆ دۆرینەوە, بەهۆی فشارەوە لە ۱۳-۸ پاش سەپاندنی ئابلووقە لە لایەن ساندیکای کرێکارانەوە بەسەر لابازی پایتەخت, رازی بوون بە هەڵبژاردن لە ۱۸ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت , ناڕەزایەتی دژ بە دواخستنی هەڵبژاردن بووە هۆی نەچوونی ئۆکسجین بۆ نەخۆشەکان زیاتر لە ۴۰ کەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەستدا, ئێستا ئەویش کەیسێکە دژ بە مۆرالیس لە لایەن سەرۆکی کودەتاچیی پێشوەوە لە دادگا تۆمار کراوە.
کە تەسلیم هەڵبژاردن بوون, وە ژمارەیەک زۆر لە کاندیدەکان بە ئانیزی سەرۆکیشەوە پاشە کشەیان کرد لە کاندید بوون, بۆ ئەوەی بە کاندێکی راستگەراوە بچنە بەرامبەر کاندیدی بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم, ئەوان و رۆژنامەو دەزگا راپرسیەکانیش پێشبینیان وابوو, لە خولی دووەم چەپ بدۆڕێت و درێژە بە دەسەڵات بدەن, لێ پێشبینیەکەیان نەهاتە دی, دۆڕانێک بە تامی سەرکەوتنی شۆڕش دۆڕان.


ئێستا چی ؟؟

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست, پۆلیڤیای لە پاڵ مالی و نیوزلەندا, تایوان, ئەمەریکا هەڵبژارد, کە لە پێوەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەرەو باشتر چوونە, شکستی کودەتا لە رێگای شکستی کەمەر شکێنی هەڵبژاردن و جەمسەر بەندی کۆمەڵگا لە روی کۆمەڵایەتی و مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئابووری, رێگای مانۆڕی لەبەردەم بەرەی هێزو پارەو کودەتا بڕی.
مۆرالیس کە بە هەڵاتن وڵاتی جێ هێشتبوو, وەک پاڵەوان بە پێشوازی ملیۆنی لە شارەکان پێشوازی لێکرا.
پێش تەسلیمکردنی دەسەڵات, حکومەتی راست داوای ۳۵۰ ڤیزای بۆ حکومەتی کودەتا کرد بۆ هەڵاتن, دوایی گەیشتە ۴۴۵, بەشێکی زۆر بەشدارانی کودەتا وڵاتیان جێهێشت, حکومەت بڕیاری گۆڕینی فەرماندەی سوپای دەرکرد, بە دوایدا بڕیاری گرتن بۆ کۆڵۆنێڵ ئیڤان رۆخاس کە ماڵی مۆرالیسی سوتاندبوو دەرچوو, ئەنیز ویستی رابکات خەڵک نەیان هێشت, کە بڕیاری ژمارە ۴۰۷۸ ی لە ۱۴ نۆڤەمبەر واژۆ کردبوو, تیایدا هێزە چەکدارەکانی لە بەرپرسیارێتی تاوان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا بێبەریکردبوو, کودەتا چییەکان زۆریان هەڵاتن بۆ بەرازیل و ئەمەریکا, لێپرسینەوە دەکرێت لە کودەتا, بەرپرسی پایگای کۆتشاباما ئەلفریدۆ کۆیلار دەستگیر کرا, بە تاوانی کوشتنی ۱۲ کەس و بریندارکردنی ۱۲۵ کەسی دی, ژەنەرال ئەلفریدۆ کۆیلار خرایە ژێر چاودێری توندەوە, کەیس لەسەر تاوانەکان دوای کودەتاکە کرایەوە, کە کۆی گشتی ۳۷ کەس کوژران, کە ۲۷یان راستەوخۆ بە گولە کوژرابوون, و ۵۲۲ کەسیش بریندار کران, کۆمەڵکوژی سینکاتا لە ۱۹ی ۱۱ی ۲۰۱۹ , لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.
داواکاری گشتی پۆلیڤی لێکۆڵینەوە لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری فرناندۆ کاماتشۆو ۵ کەسی تر کردەوە, لە ناویاندا باوکی و فەرماندەی سەربازی هەن , تۆمەتبارن بە ئەنجامدنی تاوان لە کاتی کودەتا سەربازیەکە.
سەرۆکی پۆلیڤیا دەڵێت: ئەو سەربازانەی گلاونەتەوە هەردوو کۆمەڵکوژی سینکاتا لە شاری ئال ئاتۆ و ساکابا ناتوانن لە بەرپرسیارێتی هەڵبێن.
بەڵام حکومەت لێکۆڵینەوە لە کودەتاکە و لێکەوتەکانی سپارد بە لێژنەی مافی مرۆڤی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین, بۆ ئەوەی دادوەری لە دەست نەدات .

مۆرالیس چی دەکات؟؟
مۆرالیس لە کۆبونەوەی پارتەکەی دیاریکرایەوە بە سەرۆکی بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم و سەرپەرشتیکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پۆلیڤیا لە ۷ی ئازاری داهاتوو, بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەکان بەڕێوە دەچێت لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردن گەرمەو ململانێکان سەختن, بۆ ئەوەی بردنەوەکان بپارێزرێت, بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالزم پێویستی بە سەرکەوتن هەیە, بە تایبەتیش شەڕە سەختەکە دەکەوێتە شاری سانتا کرۆزەوە, راستگەراکان لەسەر ئاستی وڵات ۳۸ هاوپەیمانیان دروستکردووە بۆ هەڵبژاردنی ۷ی ئازاری شارەوانیەکان, لێ لە سانتا کرۆز نەیانتوانیووە بە هاوپەیمانی بچنە هەڵبژاردنەوە, لە حوکمڕانی سەرتاسەریش بێ ئومێد بوونە, بۆیە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هەوڵی جیاکردنەوەو پارچەپارچە کردنی وڵات بدەن.

هەنگاوەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هەژاران

حکومەت لە یەکەم رۆژی دەست بەکاربوونی, بڕیاری بە پەلەی دا بۆ هاوکاریکردنی برسیەکان, جگە لە لێپرسینەوە لە کودەتا, هەنگاوی دووەمیش سەپاندنی باجی سامانە بەسەر ئەوانەی داهاتیان لە ۳۰ ملیۆن پۆلیڤار ” ۶,۸۹ پۆلیڤار دۆلارێکە”ساڵانە زیاترە, کە ۱۵۰ کەس دەگرێتەوە, بەمەش دەیەوێت ساڵانە ۱۱۰ ملیۆن پۆلیڤار بگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
هەر لەو مانگەدا توانی رێژەی بێکاری لە ۱۱,۸% ەوە دابەزێنێت بۆ ۱۰%, وە بەهۆی تایبەتیکردنەوە ئەو کارگاو کارخانە دەوڵەتیانەی لە کار راوەستێنرابون کاریان پێ بکاتەوە, پێش کودەتای لیسیۆمیش لەگەڵ چین و روسیا رێک کەوتبوون کە پێکەوە کار بکەن بۆ دەرهێنانی کانی لیسیۆم و دامەزراندنی کارگای پاتری ئۆتۆمۆبێل لە ناوچەکانی کانەکانی لیسیۆم دروست بکەن, حکومەت چاوی بڕیوەتەوە ئەو رێکەوتنانە, هاوکات لە پەیوەندە نێو دەوڵەتییەکان گەڕایەوە بۆ پێش کودەتاکە .
شەڕی کۆرۆنا تەواو نەبووە, شوێنەواری قەیرانی ئابووری توندە, بەڵام هاوکات کەرامەت بۆ زۆرینە گەڕاوەتەوە, لە پاڵ کەرامەت پێویستیان بە سکی تێریش هەیە, شیری چۆلەکە ئەگەر گۆشتی چۆلەکەی لە گەڵدا نەبێت خەونە, بۆیە چارەسەر ئاهەنگی سەرکەوتن کۆتایی دێت, خەڵک چاوەڕوانی کار و نان و ئازادییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *