|
راگه‌یه‌ندراوی
کۆمیته‌ی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان
له وڵاتی هوله‌ند سه‌باره‌ت
به مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نیی
کورد
بۆ مانگێک ده‌چێ که زۆرتر له 100 که‌س
له زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد
له‌پێناو گه‌یشتن به کۆمه‌ڵێک ماف و
داخوازیی ره‌وا له ئه‌شکه‌نجه‌گا
جۆراوجۆره‌کانی کۆماری ئیسلامیی
ئێران‌دا مانیان له خواردن گرتووه و هه‌نووکه
دۆخی ته‌ندروستییان
خراپه و
ته‌نانه‌ت مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کا.
به‌داخه‌وه هێشتا کاربه‌ده‌ستانی
کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵوێستێکیان
له‌و باره‌وه نه‌بووه و ئه‌گه‌ر
گوشاری توندی کۆڕ و کۆمه‌ڵه مرۆڤدۆسته‌کان
له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ سه‌ر
ئه‌و رێژیمه نه‌بێ، ئه‌گه‌ری زۆری ئه‌وه
هه‌یه که به‌شێک له رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان
له زیندانه‌کاندا ببنه قوربانیی
پێداگری له‌سه‌ر مافه ره‌وا و سه‌ره‌تاییه‌کانیان.
دیاره به‌شێک له داواکارییه‌کانی
زیندانیانی مانگرتوو پێوه‌ندیی به‌و
حوکمانه‌وه هه‌یه که بۆیان ده‌رکراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا
دادێک له نێو یاساکانی کۆماری ئیسلامیی
ئێران‌دا نابینرێ و زه‌حمه‌ته له
ئێران و به‌تایبه‌تی له کوردستاندا چه‌مکی
"دادگایی‌کردن" واتای ته‌وای خۆی هه‌بێ،
به‌ڵام به‌وحاڵه‌شه‌وه پێویسته
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداچوونه‌وه
به‌سه‌ر حوکمه‌کانی زیندانیاندا بکا و
به‌تایبه‌تی ده‌بێ حوکمه‌کانی ئیعدام
هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌بێ
کۆماری ئیسلامی رێز له مافه‌کانی
زیندانیان بگرێ و واز له ره‌فتاری
ناشایست له‌گه‌ڵیاندا بهێنێ. به‌گشتی
ده‌بێ حکوومه‌تی ئیسلامی هه‌رچی زووتر
به‌ده‌م داواکاری و خواسته ره‌و‌اکانی
زیندانیانی مانگرتووی کورده‌وه
بڕوات و پێش له روودانی کاره‌ساتی دڵته‌زێن
بگرێ.
ئێمه وه‌کوو کۆمیته‌ی هاوکاریی
هێزه کوردستانییه‌کان له وڵاتی هوله‌ند
داوا له سه‌رجه‌م کۆڕ و کۆمه‌ڵه
مرۆڤدۆسته‌کانی سه‌رله‌به‌ری حیهان
ده‌که‌ین که خه‌مخۆری گیان و له‌شساخیی
هاوڵاتیانی مانگرتوومان بن و به هه‌ڵویستی
مرۆڤدۆستانه‌ی خۆیان و به گوشارهێنان
بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئه‌و
رێژیمه ناچار به جێبه‌جێکردنی
داواکارییه‌کانیان بکه‌ن.
کاتی ئه‌وه هاتووه که له
ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا چی دیکه
کردار و ره‌فتاری خه‌ڵکی به‌پێی قازانج
و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نیزام هه‌ڵنه‌سه‌نگێندرێن
و ره‌چاوی داد و مافه‌کانی مرۆڤ بکرێ. سڵاو
له خۆڕاگری و کۆڵنه‌دانی زیندانیانی
مانگرتوو و به‌هیوای گه‌یشتن به ویست
و داخوازییه ره‌واکانیان 3
ڕه‌زبه‌ری 2708 24
سێپتامبری 2008 |