|
له رێوره‌سمێكی
تایبه‌تی دا خۆیندكاران و قوتابیانی
سه‌ركه‌وتووی سه‌ر به حدك رێزیان لێ
نرا كوردستان وكورد: كاتژمێر 3ی دوانیوه‌ڕۆی شه‌ممه 23ی خه‌رمانان كۆمیسیونی كۆمه‌ڵایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستان، رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تیی بۆ رێزنان له قوتابیان و خوێندكارانی سه‌ر به‌م حیزبه پێك هێنا. له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كه له بنكه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌ڕێوه چوو، وێڕای كۆمه‌ڵێك له ئه‌ندامانی رێبه‌ریی حیزب و ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی قوتابخانه، نزیكه‌ی سه‌د قوتابی و خوێندكاری سه‌ر به حیزبی دێموكراتی كوردستان و بنه‌ماڵه‌كانیان به‌شدار بوون. له سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌دا، به‌ڕێز حه‌مه‌ره‌سووڵ حه‌سه‌نپوور، به‌رپرسی كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی حیزب، راپۆرتێكی له‌باره‌ی ساڵی خۆیندنی 2008ـ2007 و رێژه‌ی ده‌رچوان له ئاسته جیاجیاكانی خۆیندن دا، پێشكه‌ش كرد. دواتر ژماره‌یه‌ك له كادره پایه به‌رزه‌كانی حیزب كه قۆناغی به‌كالۆرییان ته‌واو كردبوو، هه‌روه‌ها كه‌سه‌كانی یه‌كه‌م تا سێیه‌می ده‌رچووان له ئاسته جیاجیاكانی خۆیندن دا، له‌وحی رێزلێنانی كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تییان پێ‌درا. له‌وحه‌كان له لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و كومیته‌ی ناوه‌ندی و تێكۆشه‌رانی دێرینی ئاماده له‌و رێوڕه‌سمه به‌سه‌ر ده‌رچووان دا دابه‌ش كران. دواتر سه‌ید قادر ئه‌حمه‌دی ئه‌ندامی له‌مێژینه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان و باوكی 2 له‌و خۆیندكارانه‌ی ئه‌مساڵ خۆیندنی زانكۆیان ته‌واو كردووه، به نوێنه‌رایه‌تی له لایه‌ن بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری قوتابیان و خوێندكارانه‌وه، سوپاس و رێز و قه‌درزانی خۆی و بنه‌ماڵه‌كانی پێشكه‌شی حیزبی دێموكراتی كوردستان كرد كه له هیچ هه‌لومه‌رجێك دا، له بایه‌خدان به خوێندنی كچان و كوڕان و بنه‌ماڵكانی سه‌ر به حیزب غافڵ نه‌بووه‌و له‌م باره‌یه‌وه له هیچ هاوكارییه‌ك درێغی نه‌كردوه. رێوڕه‌سمی رێز لێنان له خوێندكاران و قوتابیانی سه‌ركه‌وتوو له نێو هونه‌ر نواندنی هونه‌رمه‌ندانی كۆڕی هونه‌ریی حیزب و پیرۆزبایی گوتنی به‌شداران به وه‌رگرانی له‌وحی رێزلێنان كۆتایی پێهات.
|