|
یادی شه‌هیدانی
قۆناغی نوێی خه‌باتی حیزبی
دیموكراتی كوردستان به‌رز راگیرا رۆژی چوارشه‌ممه رێكه‌وتی 3ی ره‌زبه‌ر بۆ به‌رزڕاگرتنی یادو بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی قۆناغی نوێی خه‌باتی حیزبی دیموكراتی كوردستان، نه‌مران: شێخ غه‌ریب حه‌سه‌نی، هه‌مزه عه‌بدوڵڵاهی (ناسراو به هه‌مزه سارتكه‌یی)، قادر نه‌زمی و قادر قادری رێوڕه‌سمێكی یادكردنه‌وه له یه‌كێك له بنكه‌كانی سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌م حیزبه به‌ڕێوه‌چوو. له‌م رێوڕه‌سمه‌دا كه كاتژمێر 3ی دوانێوه‌ڕۆ به راگرتنی ساتێك بێ‌ده‌نگی بۆ رێزگرتن له یادی شه‌هیدانی كورد‌و كوردستان ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا له لایه‌ن به‌ڕێز كاك مسته‌فا مه‌ولوودی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبه‌وه چه‌ند وته‌یه‌ك له سه‌ر ژیان و خه‌باتی هه‌ر چوار شه‌هید پێشكه‌ش به به‌شداربوانی رێوڕه‌سمه‌كه كرا. به‌ڕێز مه‌ولوودی له سه‌ره‌تای قسه‌كانی دا سه‌باره‌ت به یادو بیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م شه‌هیدانی حیزب و گه‌ل گوتی: ئێمه بۆ رێزگرتن له شه‌هیدانی كوردستان رۆژی 10ی خاكه‌لێوه‌مان وه‌ك رۆژی شه‌هیدان دیاری كردوه‌و هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه‌دا به چوونه‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدان یادیان به‌رزو پیرۆز راده‌گرین. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ یادی هه‌موو شه‌هیدان له رۆژو ساتی شه‌هیدبوونیان دا به‌رز رابگرین ئه‌وه ده‌بێ هه‌موو ساته‌كانی رۆژ بۆ ئه‌م یادانه ته‌رخان بكه‌ین چونكی گه‌لی كورد هه‌میشه به سه‌خاوه‌ته‌وه‌و رۆڵه‌كانی خۆی پێشكه‌ش به باره‌گای ئازادی كردوه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ كۆبووینه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یادی شه‌هیدانی قۆناغی نوێی خه‌باتی حیزب و نه‌ته‌وه‌كه‌مان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رز رابگرین. مسته‌فا مه‌ولوودی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی، له‌م رێوڕه‌سمه‌دا كه به سه‌دان كه‌س له كادر‌و پێشمه‌رگه‌و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان تیایدا به‌شدار بوون به نۆره په‌ڕژایه سه‌ر یادو بیره‌وه‌ری هه‌ر چوار شه‌هیدی تازه‌ی رێگای ئازادی گه‌له‌كه‌مان و وه‌ك هاوڕێیه‌كی نزیكی شه‌هیدی فه‌رمانده كاك هه‌مزه سارتكه‌یی چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌كی له سه‌ر قاره‌مانه‌تی و ئازایه‌تیی ناوبراو‌و هه‌روه‌ها خوو ره‌وشتی به‌رزی هه‌مزه سارتكه‌یی بۆ به‌شداربوان باسكرد‌و پاشان سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تیی هه‌ر كام له شه‌هیدان، شێخ غه‌ریب حه‌سه‌نی، قادر نه‌زمی و قادر قادری چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.له كۆتایی قسه‌كانی مسته‌فا مه‌لوودی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی شه‌هیدبوونی هاوڕێیان دواو كوتی: هاوڕێیانی شه‌هیدمان به به‌خت كردنی گیانی خۆیان له پێناو خاك نیشتمان دا سه‌لماندیان كه حیزبی دیموكراتی كوردستان و جووڵانه‌وه ره‌واكه‌ی گه‌له‌كه‌مان هه‌روا به‌رده‌وامه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه شه‌هیدبوونیان بۆ ئێمه‌و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ناخۆش و دڵته‌زێن بوو، به‌ڵام سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه حیزبی دێموكراتی كوردستان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئێستاش ئاماده‌یه به سه‌خاوه‌ته‌وه رۆڵه‌كانی خۆی پێشكه‌ش به باره‌گای ئازادی بكات. له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م رێوره‌سمه‌دا هاوژین سارتكه‌یی، كچی شه‌هیدی فه‌رمانده كاك هه‌مزه سارتكه‌یی به نۆینه‌رایه‌تی له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی 23 گه لاوێژه‌وه په‌یامێكی پێشكه‌ش كرد. هاوژین له په‌یامه‌كه‌ی‌دا سپاسی گشت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرد كه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه له‌م كۆسته گه‌وره‌یه‌دا به‌شداری خه‌م و په‌ژاره‌یان بوون و بۆ به‌رز راگرتنی یادی ئه‌م شه‌هیدانه وێرای به‌ڕێوه‌بردنی كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت، یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌كانیان داون. بڕگه‌كانی دیكه‌ی رێوره‌سمی به‌رز راگرتنی یادی شه‌هیدانی ئه‌مساڵی حیزبی دێموكراتی كوردستان بریتی بوون له: ـ پێشكه‌ش كردنی مقامێك له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی پێشمه‌رگه كاك فه‌رهادی ساڵحی. ـ خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌یه‌كی پڕ له هه‌ست و خۆشه‌ویستی بۆ شه‌هیدانی 23ی گه‌لاوێژ له لایه‌ن شاعیری لاو ئاسۆ خه‌بات. ـ خوێندنه‌وه‌ی پارچه هۆنراوه‌یه‌ك له لایه‌ن ئه‌سرین حوسینی‌یه‌وه كه خاتوو منیره، هاوسه‌ری شه‌هید قادر نه‌زمی ئاماده‌ی كرد بوو. ـ پێشكه‌ش كردنی دوو پارچه هۆنراوه‌ی جوان و پڕ له هه‌ست له لایه‌ن ژاڵه سارتكه‌یی و هه‌ورین نه‌زمی كچانی هه‌ر دوو شه‌هیدی هه‌مزه سارتكه‌یی و قادر نه‌زمی‌یه‌وه.
|