به‌یاننامه‌
با پاداشی رۆڵە مانگرتووە خۆراگرەكانمان بە برەودان بە تەبایی، یەكیەتی و هاوكاری بدەینەوە
(بە بۆنەی تێپەر بوونی 6 حەوتوو بە سەر مانگرتنی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان دا)
6حەوتوو بە سەر مانگرتنی بەندییە سیاسی و مەدەنییە كوردەكان لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامیدا رابرد. 6 حەوتوویە دەیان بەندیی كورد مانیان لە خواردن گرتوە و، بە چێشتنی برسیەتی و تینوێتی و تەحەممولكردنی سەربەرزانەی فشار و ئازار و ئەشكەنجەی بەردەوامی بەندییەوان و ئەشكەنجەگەرانیان، ئیرادەی پتەو و ورەی بەرزی خۆیان بە دەسەلاتدارانی كۆماری ئیسلامی نیشان داوەتەوە. ئەو داوایانەی ئەوان لە پێناوی جێبەجێبوونیان دا مانیان لە خواردن گرتوە، داوایەكی رەوا و ئینسانین. ئەوان داوایان كردوە رێژیمی ئێران رەفتارێكی مرۆیی لەگەلأ بەندییە سیاسی و مەدەنییەكانی سەرانسەری ئێران دا هەبێ، كۆتایی بە ئازارو ئەشكەنجەی بەندییەكان بێنێ، چاو بە سزای لە سێدارەدانی زیندانییە سیاسی و مەدەنییەكان دا بخشینێتەوە، دەست لە هەڵاواردنی ئایینی، نەتەوەیی، رەگەزی و دوورخستنەوەی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكان هەلأ بگرێ و، بەندیخانەكانی ئێران بكەونە ژێر چاوەدێریی رێكخراوە نێوخۆیی و جیهانییەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ. رەواو بەحەقبوونی داواكانی ئەوان و شێلگیری و خۆڕاگرییان لە مانگرتن دا و سەر دانەنواندنیان بۆ ویستی دەسەڵاتی ستەمكار و دیكتاتوری كۆماری ئیسلامی، شەپۆلێكی گەورە لە هاوپێوەندی و پشتیوانی لەگەلأ ئەوانی لە نێو خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و كۆڕو كۆمەلأ و رێكخراوە مرۆڤدۆستەكان دا، وەڕێ خستوە.
بەندییە مانگرتووەكان رایان گەیاندبوو ئەگەر مردنیشیانی لێبكەوێتەوە، هەتا داواكانیان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە قبوولأ نەكرێ واز لە مانگرتن ناهێنن. شتێك كە هەر لە رۆژی هەوەڵەوە چاوەڕوان دەكرا سوور بوونی ئەوان لە سەر بەڵێنەكانیان بوو. هەموو ئەوكەس و لایەنانەی رابردووی زۆربەی ئەو مانگرتووانە و خەباتی شێلگیرانەیان لە پێناوی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دا دەناسن، دڵنیا بوون كە ئەوان ئامادەن گیانیشیان لە پێناوی ئامانج و بایەخە بەرزەكان دا بەخت بكەن. هەر ئەوەش كە زۆر لەوان لە هەلومەرجێكی جیسمیی زۆر خراپ دان و سڵامەتی و ژیان و گیانیان كەوتۆتە مەترسی، راستگۆیی و بەرزیی ورەو ئیرادەو باوەڕی ئەوان دەگەیەنێ. بەڵام هەر لە رۆژی یەكەمەوە ئێمەء هەموو ئەوانەی رابردوو و ماهییەتی كۆماری ئیسلامیمان بە باشی ناسیوە، بێگومان بووین كە ئەو رێژیمە زۆر لەوە نامەسئوءلترە كە داوای رەواو ئینسانی مانگرتووەكان ببیسێ و، بایەخ بە سڵامەتیی جیسمی و گیانیی ئەوان بدا. كۆماری ئیسلامی تەنانەت ئامادە نەبووە رێز بۆ ئەو پشتیوانی و هاوپێوەندییە دابنێ كە لە نێو خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێرانییەكان و كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكانی دنیادا، لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتووەكان دا پێك هاتوە. ئەگەر ئەو رێژیمە، گرنگیی بە لە دەستچوونی ئابڕوو و ئیعتیباری خۆی لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانی دابا، داواكانی مانگرتووان كە ئێستا بوون بە داوای هەزاران كەس لە نێوخۆو دەرەوەی وڵات، قبووڵ دەكرد. بەوحاڵەش، ئەوەی لەم بەربەرەكانییە دا سەركەوتوە، مانگرتووەكانن. چونكە توانیویانە سەرەڕای هەموو زەبرو زەنگێك و فشارو هەڕەشەو توندوتیژییەك، حەرەكەتی ئازایانەو حەقخوازانەی خۆیان ببەنە نێو زیندان و زیندانییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و زۆر لە شارەكانی ئێران و، دەیان بەندیی سیاسی و مەدەنیی دیكەیان لەگەڵ خۆیان دا كردوە بە هاودەنگء هاهەڵوێست. بە هەزاران كەس لە كوردستان و دەرەوەی وڵات، بوون بە هاودەنگ و پشتیوانی بنەماڵە سەربەرزەكانیان. ئەوان بەم خۆڕاگرییەیان سەرنجی رێكخراوە مرۆڤدۆستەكان و بیروڕای گشتیی دنیایان بۆ لای بارودۆخی دڵتەزێنی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكان لە زیندانەكانی ئێران دا راكێشاوەو، پێویستیی ئاوڕدانەوەی دنیا لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێرانیان دا، زەق كردۆتەوە.
حیزبی دیموكراتی كوردستان هەر لە رۆژی هەوەڵی راگەیاندنی ئەم مانگرتنە پشتیوانی لە داواكانی مانگرتووان و، تێكۆشان بە مەبەستی گەیاندنی هاواری حەقخوازانەیان بە بیروڕای گشتی و دەوڵەتان و كۆڕوكۆمەڵە مرۆڤدۆستەكانی بە ئەركی خۆی زانیوەو، لە داهاتووش دا لەم بارەیەوە درێغ ناكا. ئێستاش كە 6 حەوتوو بە سەر دەست پێكردنی ئەم حەرەكەتە مەدەنییەدا رادەبڕێء لە ئاكامی برسیەتیی بەردەوام و دیتنی فشار و ئازاری زۆر، گیانی بەشێكی بەرچاو لە مانگرتووان لە مەترسی دایە، رادەگەیەنین كە هەم سڵامەتی و زیندوومانەوەی بەندییە سیاسییە مانگرتووەكان، بۆ درێژەی خەبات دژی ستەم و دیكتاتوری پێویستە. هەم خەبات تا ملدانی كۆماری ئیسلامی بۆ داوا رەواكانی ئەم حەرەكەتە دەبێ لە شكڵ و شێوەی جۆراوجۆردا درێژەی هەبێ. ئێمە بە نۆرەی خۆمان شانازی بەم خەباتە مەدەنییەو بەو خۆڕاگرییە پڕشكۆیە دەكەین و جارێكی دیكە سوپاسی بێپایانمان بە هەموو حیزب و رێكخراوو كۆمەڵە و كەسایەتییە ئازادیخوازو مرۆڤدۆستەكان كە پشتیوانییان لە داواكانی مانگرتوءان كردوە، رادەگەیەنینەوە. ئێمە بەندییە سیاسی و مەدەنییە مانگرتووەكان بە سەرمایەی مەعنەویی خەباتی نەتەوەیی و خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ دەزانین و بە جیددی نیگەرانی سڵامەتیی ئەوانین. هەر لەم روانگەیەوە، داوای راگرتنی مانگرتن كە لەلایەن كومیتەی مافی مرۆڤی كوردستان و كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگیی هاتۆتە گۆڕ، بە داوایەكی دڵسۆزانە دەزانین. هەر لەو كاتەدا پێمان وایە دەستكەوتەكان و ئەزموونەكانی ئەم خەباتە مەدەنییە كەم وێنەیە دەبێ بپارێزین و لە تێكۆشانی داهاتوو لە پێناوی بەرەوپێشبردنی داواكانی مانگرتنەكەدا، پێویستە كەلكیان لێوەربگیرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا داوا لە هەموو حیزب و رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كومیتەكانی پشتیوانی لە مانگرتنی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكان لە كوردستان دەكەین با هەوڵەكانمان بخەینە سەر یەك و دەنگمان بكەین بە یەك بۆ ئەوەی لە ئاستی نێوخۆییو دەرەوەی وڵات دا، بە هێزی زیاترو بە شێوەیەكی كاریگەرتر كار بۆ بردنە پێش و سەرخستنی داوا رەواكانی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان بكەین.
با بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندیی نێوان حیزب و رێكخراوو كۆمەڵە سیاسی و مەدەنی و ئازادیخوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دا و برەودان بە یەكیەتی و تەبایی و هاوكاری، پاداشی رۆڵە خۆڕاگرەكانمان لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامی دا بدەینەوەو رۆحی ئازاردراو و جەستەی كزیان بگەشێنینەوە.
بە هیوای كاری هاوبەش و یەكگرتووانەی خەمخۆران و پشتیوانانی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا.
 سڵاو لە خۆڕاگریی سەربەرزانەی بەندییە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان و سەرانسەری ئێران
 بەردەوامی بۆ خەبات و تێكۆشانی هەموولایەنە تا ئازادبوونی هەموو بەندییە سیاسی و مەدەنییەكان لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا
سەركەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران
نەمان بۆ رێژیمی دیكتاتۆرو دژی ئینسانیی كۆماری ئیسلامی
حیزبی دێموكراتی كوردستان
دەفتەری سیاسی
15ی رەزبەری 1387ی هەتاوی
5ی ئۆكتۆبری 2008

 

بگه‌رێوه