قادر خان سوڵتانپەنا، پاش نیو سەدە خەبات و تێكۆشان، كۆچی دوایی كرد
رۆژی سێشەممە 23ی رەزبەری 1387 (14ی ئۆكتۆبری 2008) تێكۆشەری دێرینی حیزبی دێموكرات، قادر خان سوڵتانپەنا،
دوای نیو سەدە تێكۆشان لە پێناوی ئازادی نەتەوەكەیدا، دڵی لە لێدان وەستا و، چووە ریزی نەمرانی حیزبی دێموكرات و نەتەوەی كوردەوە.
قادر خان، كوڕی ساڵە خان لە بنەماڵەی بەناوبانگی سوڵتانپەنا و، خەڵكی ئاوایی تاڵەجاڕی سەقز بوو. قادر خان لە دەیەی 30 هەتاوییەوە تێكەڵ بە تێكوشانی سیاسی لە ریزی حیزبی دێموكراتی كوردستان دا بوو. بوو بە ئەندامێكی چالاكی رێكخراوی نهێنی حیزب و، ماڵەكەی بووە مەكۆ و رووگەی تێكۆشەران و ئۆگرانی حیزبی دێموكرات. سەرئەنجام ساواك (دەزگای جاسووسی و ئەمنییەتی رێژیمی پاشایەتی)، قادر خانی بە تاوانی تێكۆشانی سیاسی لە دژی رێژیمی دیكتاتۆری پەهلەوی و خەبات بۆ ئامانجەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان، قۆڵبەست و رەوانەی بەندیخانە كرد. قادر خان سوڵتانپەنا، وێڕای ئەنوەر خانی برای و كۆمەڵێكی دیكە لە تێكۆشەران و خەبات گێرانی ئەو سەردەمە لە بەندیخانەكانی رێژیمی شایەتی دا، تووشی ئەشكەنجە و ئازار و بێحورمەتی بوون، بەڵام پشتیان لە رێبازی خەبات نەكرد. قادرخان پتر لە گیراوانی سیاسیی هاوسەردەمی خۆی لە بەندیخانەدا مایەوە. كاتێكیش لە بەندیخانە هاتەدەر، بە هۆی وەفادار مانەوەی بە ئامانجەكانی نەتەوەكەی و سوور بوون لە سەر رێبازی دێموكرات، هەروا خۆشەویست و جێگای متمانەی كۆمەڵانی خەڵك مایەوە.
قادر خان لە گەرمەی راپەرینی گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی، رۆڵی رێنوێنی و هاندان و رێكخستنی ئەندامان و لایەنگرانی سەر بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی گرتە ئەستۆ. لەگەڵ رووخانی رێژیمی حەمە رەزا شای پەهلەوی، قادر خان چەكی پێشمەرگایەتی كردەشان و، لە رێكخراوەكانی حیزب لەم ناوچەیەدا، شانی دایە ژێر ئەرك و بەرپرسایەتی جۆراوجۆر، بۆ ماوەیەك فەرماندەیی هێزی عەزیزی یوسفی و بەرپرسایەتیی كومیتەی شارستانی سەقزی لە ئەستۆ گرت. لە جێبەجێكردنی ئەركی سیاسی، تەشكیلاتی و كۆمەڵایەتیی درێغی نەكرد. دواتر بە هۆی چوونە سەری تەمەن، لە بنكەی دەفتەری سیاسی، لە كۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزب كاری پێسپێردرا.
قادر خان، كەسایەتییەكی بەڕێز، مرۆڤێكی بە بیروباوەڕ و كادرێكی دڵسۆز بوو. لە سۆنگەی وەفاداری بە رێبازی دێموكرات و ئامانجە بەرزەكانی گەلەكەی، 3 ساڵ كەوتە زیندان و نزیك بە 3 دەیە لە تەمەنیشی سەنگەر و بنكەی پێشمەرگە لە چیاكانی كوردستان و، دوور لە زێد و شار و بنەماڵە و هاوسەر و جگەرگۆشەكانی تێپەر كرد.
ساڵی رابردوو، خێڵان خانم یاری وەفادار و هاوسەرە میهرەبان و رووسوورەكەی قادر خان، كە لە درێژایی نیو سەدە خەبات و تێكۆشان دا، پشت و پەنای مێردە تێكۆشەرەكەی بوو، كۆچی دوایی كرد. ئەوا ئەمساڵیش، قادر خان خۆشەویستی هەموو رۆڵەكانی دێموكرات، بە یەكجاری بە جێی هێشتین.
كۆمیسیۆنی راگەیاندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان، بە بۆنەی كۆچی دوایی قادر خان سوڵتانپەنا، لە بنەماڵە بەرێزەكەی و سەرجەم سوڵتانپەناكانی ژوورەوە و دەرەوەی كوردستان، سەرەخۆشی دەكا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ. هاوخەباتان و دۆستانی لە مێەژینە و، ئۆگران و ناسیاوانی قادر خان لە نێو حیزبی دێموكراتی كوردستان دا، بە رێزەوە یادی ئەم كەسایەتییە خەباتكار و لەخۆبردووە دەكەنەوە، دەرسی خەبات هەتا دوا هەناسەی ژیان لە پێناوی ئازادیی كورد وكوردستانی لێ فێر دەبن.
كۆمیسیۆنی راگەیاندنی
حیزبی دێموكراتی كوردستان
24ی رەزبەری 1387
15ی ئۆكتوبری 2008-10-15

...................................................

ئێمه‌ش وه‌ک به‌رێوه‌به‌‌رانی سایتی سه‌رده‌شت  به‌بۆ‌نه‌ێی له‌ ده‌ست دانی ئه‌م تێکۆ‌شه‌ره‌ ماندوو نه‌ناسه‌ سه‌ره‌خۆشی گه‌رمی خۆمان ئاراسته‌ی  بنه‌ماڵه‌و که‌س و کاری و خه‌ڵکی کوردستان و هاورێیانی له‌ حدکا ده‌که‌ین و هیوامان وایه‌ که‌ رو‌حی کاک قادر خان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بێت .

روحی شادو رێگاکه‌ی به‌رده‌وام بێت به‌رێوه‌به‌رانه ماڵپه‌ری سه‌رده‌شت

 

 

 

بگه‌رێوه