رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان لە بنكەی دەفتەری سیاسی بەڕێوەچوو

كوردستان و كوردنیوز: كاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێ شەممە 26ی سەرماوەز، رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان

 بە بەشداری سەدان كەس لە ئەندامانی رێبەرایەتیی، كادڕو پێشمەرگە، بنەماڵەو ئەندامانی دانیشتووی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە شارەكانی باشووری كوردستان، لە بنكەی دەفتەری سیاسی حیزب بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە وێڕای خوێندنەوەی سردوودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" لە لایەن كۆڕی هوونەرییەوە، سەبارەت بە رۆژی پێشمەرگەی كوردستان و رۆڵی پێشمەرگە لە بزووتنەوەی كوردستان دا فیلمێكی دیكۆمێنتی كە لە لایەن كوردكاناڵەوە ئامادە كرابوو پێشانی ئامادەبووان درا.

پاشان پەیامی كۆمیسونی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە بە بۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزەوە ئامادە كرابوو لە لایەن برایم زێوەیی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە پێشكەش كرا. ناوبراو سەرەتا سەبارەت بە رووداوە مێژووییەكەی رۆژی 26ی سەرماوەز لە ساڵی 1324ی كۆچی هەتاوی دواو وێڕای گرنگ نرخاندنی رۆژی 26ی سەرماوەز ئاماژەی بە دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەو رۆژەدا كردو بەم جۆرەی ناو هێنان: نەمان و لەنێوچوونی دامودەزگاو بنكەی زوڵمی بێگانە لە بەشێكی كوردستان، پێكهێنانی سوپای میللی و بە دەستەوەگرتنی كاروباری وڵات و هەڵكردنی ئاڵاو هێمایی نەتەوەیی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای كۆماری كوردستان.
زێوەیی لە درێژەی قسەكانی دا وێڕای ئاماژە بە فاكتەرو هۆكاری نێوخۆیی و جیهانییەكانی رووخانی كۆماری كوردستان، نەپساوەیی خەبات و شۆڕشی نەتەوەی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن ئەندامان و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان هێنایە بەرباس و وتی: پاش رووخانی كۆماری كوردستان بە هۆی هۆكاری نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەكان، گوشارو زەبرو زەنگ كوردستانی خۆشەویستی داگرتەوە، بەڵام پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات و گەلی كورد لە خەبات و چالاكی و كۆڵنەدان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانیان وازیان نەهێناو زۆری نەخایاند تێكۆشەرانی ئازاو بەجەرگی كورد و حیزبی دیموكرات دووڕگە بەناو ئارامەكەی رێژیمی پاشایەتییان بە وەرێخستنی بزووتنەوەی چەكداریی ساڵەكانی 47 ـ 46 ئاڵای خەباتیان بە شەكاوەیی راگرت.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی دا ئاماژەی بە حزووری ئەمساڵی تێكۆشەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوخۆی وڵات كردو وتی: لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دوایی دا حزوورو چالاكیی پێشمەرگە بە شێوەی جاران لە گۆڕێ دا نەبووە، رێژیم پێی وابوو بە یەكجاریی دیوارێكی بەرز لە نێوان خەڵك و پێشمەرگە هەڵچنراوە، بەڵام ئامادەبوونی كادرو پێشمەرگەكانی حیزب دوای كۆنگرەی 14 ئەو خەیاڵە خاوەی رێژیمی كردەوە بلقی سەر ئاوو هەروەك دیتیشمان لەو پێناوەدا چوار رۆڵەی لێهاتووو بەجەرگی گەلەكەمان گیانی خۆیان بەختی ئازادی و بەختەوەری نیشتمان كرد.
لە دوایین بەشی وتەكانی دا بەڕێز زێوەیی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی ئێران چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
لە بڕگەكانی تری رێوڕەسمەكەدا پەیامی یەكیەتی ژنانی دیموكراتی كوردستان و یەكیەتی لاوانی دیموكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ریز لە لایەن تریفە سادقی جێگری ئەندامی بەڕێوەبەری یەكیەتی ژنان و زورار زەرزا ئەندامی بەڕێوەبەری یەكیەتی لاوانەوە بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان خوێندرانەوە.
هەروەها چەندین مەقام و گۆرانی و پەخشان نێوئاخنی رێوڕەسمەكە بوون كە بریتی بوون لە: ـ سروودی "بژی بژی پێشمەرگە" و "مەڕێژن بۆم فرمێسكی خەم" لە لایەن كۆڕی هونەری حیزب ـ گۆرانی "شەهید" لە لایەن خاتوو ساڕێژ حەكیم زادە
 ـ گۆرانی "وەتەن" لە لایەن هونەرمەند فەرهاد ساڵحی
 ـ كورتە پەخشناێك لە لایەن مێرمنداڵی خاوەن بەهرە زانكۆ خاكی
دوایین بڕگەی رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان هونەرنەمایی تیمی كۆنگفۆی "وڵات" بوو كە بە چەندین خۆنواندن و نیشاندانی حەڕەكەتە وەزشییەكان بەشداریی رێوڕەسمەكەیان كرد.
پێویستە بگوترێ بەشدار بووان دوایی تەواو بوونی رێوڕەسمی 26ی سەرماوەز كە زیاتر لە 2 كاتژمێری خایاند سەردانی پێشانگەی هونەریی هونەرمەندان، "محەمەد نەدیمی"، "سەعدیە شاكری" و "ئاران میهرپەروەر" یان كرد كە لە لایەن بەشی چاندو هونەری كۆمیسیونی لێكۆڵینەوەو پەروەردەی حیزبەوە ساز درابوو.

 

بگه‌رێوه