بەشی شازدەهەم (١٦) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by

ڕۆژگارە سەختەکان تێپەڕ دەبن، بەڵام سەروەرییەکان لەبیر ناچنەوە. ئەو رۆژانەی بەسەرمان برد پڕبوو لە فیداکاری و گیانبازی، لەخۆبردوویی قووربانی زۆرمان بۆ دا، بەڵام لە کۆتایی‌دا بەچۆک‌دا نەهاتین و نەبەزین . هەروەک لە بەشی پازدەهەم‌دا باسم کرد، لە چەند بەشی جیادا سەروەرییەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دەخەینە بەرچاوی ئێوەی خۆشەویست .
بنکە و بارەگاکانی هێزی گیاڕەنگ وکۆمیتەی شارستانی سەردەشت هەر لە “سوونێ” و “کونەمار” جێگیرن. ناوچەکە بەتەواوی ئاوەدان و لە ژێرکۆنترۆڵی ئێمە دابوو. ئێمە بۆ ماوی پێنچ ساڵ بە تەواوەتی لەو شوێنە مابووینەوە و لە بەردەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌دا بوو.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بە ئیمە چۆڵ بکات و بۆ جێبەجێ کردنی هەوڵی زۆری دا. ڕۆژ نەبوو تۆپباران نەکرێین. بە هەر شێوەیەک بۆی کرابا هەوڵی ئەوی بوو کە ناوچەکە چۆڵ بکەین بۆ ئەوەی ئەو دەروازەیە بخاتە کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. بەڵام ئێمەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ گوێدان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کاروچالاکی خۆمان لەو ناوچە بەردەوام بوو.
تا دەهات فشارەکان بۆ چۆڵ کردنی ناوچە زیاتر دەبوو. ئێمەش هەر سوورن لە سەر مانەوە لەو ناوچەیە.
کۆماری ئیسلامی لە پایزی ٦٦ڕا دەستی کرد بەلێدانی جادە لە “قاسمەڕەشەوە”بۆ “دۆڵی پشکاوێ” بە خەیاڵی خۆی بۆ “کونەمار” و سوونێ” تا لەو ڕێگەوە ئەو ناچەمان پێ چۆڵ بکات.
لە بەهاری ٦٧دا دیسان کۆماری ئیسلامی بەرنامەی جیاوازەوە هەوڵی چۆڵکردنی ناوچەکەی دا. ئەو کاتە بنکەکانی “یەکێتێ نیشتمانی کوردستان” لە دۆڵی “ناوزەنگ” و “قاسمەڕش” بوون. لەلایەن ئەوانەوە پەیامێک بۆ هێزی گیاڕنگ و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت دەنێردرێ. پەیامەکە ئەوە بوو کە بتوانن لەوڕێگەوە، ناوچەکە بە ئێمە چۆڵ بکەن. کاتێک پەیامەکە دەگات، وەڵامی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت ئەوە دەبێ کە بەهیچ جۆر ناوچەکە چول ناکەین. بۆیە شێلگیرانەتر لە پێشوو لە ناوچەکە خەریکی کاروو چالاکی خۆمان بووین.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەموو فشارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ بۆ زەربەلێدان لە هێزی دووژمن، دوو گەڵاڵە عەمەلیاتییان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە. گەڵاڵەی یەکەم لێدانی هەموو ئەم موهەندیس و کاربەدەستانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە هەموویان سەر بە سپای پاسداران بوون کە خەریکی لێدانی جادە بوون بۆ دۆڵی “پشکاوێ” و “گۆڕەشێر”.
گەڵاڵەی دووهەم؛ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتێکی گەورە بوو لە گوندی “سەپێکان” .
بۆ جێبەجێ کردنی یەکەم عەمەلیات لە ساڵی ٦٧دا جم‌وجۆڵی و تەڕاحیی هێزی گیاڕەنگ دەستی پێ‌کرد. داڕشتنی گەڵاڵەی ئەو عەمەلیاتە بە شەهید حەمە نارستی وکاک عەبدوڵڵا شەققاز سپێردرا.
بۆ ئەم مەبەستە ڕێکەوتی٧ی جۆزەردانی ١٣٦٧ تیمێکی تێکەڵاو لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بە فەرماندەیی کاک حمە نارستی وکاک عەبدوڵڵا شەققاز بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین و دوای تێپەڕکردنی سنووری “کانیەزەرد” چووینە ناوچە .
دیاربوو بەتەواوی جمووجۆڵی ئەو کەسانەی خەریکی لێدانی جادەکە بوون لەژێر چاودێری دابوو. ئێوارەی رۆژی ٩ی جۆزەردانی ١٣٦٧ لە نێوان گوندەکانی “وەردێ” و “بنەوخەڵەف” چوینە سەرجادە و لە کەمین‌دا بووین. زۆی نەکێشا ئەو ئێمەی مەبەستمان بوو، واتە دووماشێن کە هەڵگری ئەو کەسانە بوون کە خەریکی جادە لێدان بوون بۆ دۆڵی “پشکاوێ” و “گۆڕەشێر” کەوتنە کەمینی پێشمەرگەکانی هێزی بەهێزی گیاڕەنگ و لەماوەیەکی کورت دا هەموویان کوژران و هەردوو ماشێنەکەش لەلاین پێشمەرگەکانەوە ئاگریان تێبەردران. ئاگر و بڵێسەی گڕ و دووکەڵی ماشێنە سووتاوەکان لە گوندەکانی دەوروبەر ڕا بەتەواوی دەبینرا.
بەم جۆرە لە ساڵی ٦٧دا یەکەم عەمەلیاتی هێزی گیاڕەنگ لە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو. ئەو زەربەیە کە لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی درا ،کاریگەری خۆی دانا و کۆماری ئیسلامی وازی لە جادەکە هێناو و فشارەکانیش کەم بوونەوە .
دەبێ بگوترێ لە هەل‌ومەرجی ئەو کات‌دا ئەم عەمەلیاتە گاریگەریی خۆی دانا و دووژمنی تووشی شۆک کرد .لەوعەمەلیاتەدا دوای ئەم زەربەیە هەموومان بە سڵامەتی گەڕاینەوە بنکەکانی خۆمان لە سوونێ و کونەمارێ .
دەستەیەکی دیکەش لە تێکۆشەرانی دێموکرات پێک هاتوو لە کاک حوسێن پیرەوان، سەرپەرستی هێز و، کاک ڕەحیم قاڕنجی، فەرماندەری لکی یەک چەند کەسێکی دیکە لە کوێستانەکانی قەندیل بوون بۆ داڕشتنی تەرحی عەمەلیاتی لە گوندی “سەپێکان” تا بەپێی بڕیاری پێشووی کومیتە شارستانی سەردشت وهێزی گیاڕەنگ دووهەمین عەمەلیاتێکە بڕیاری لێ‌درابوو جێبەجێی بکەن .
درێژەی هەیە…….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *