بەشی حەڤدەیەم (١٧) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by
بەشی حەڤدەیەم (١٧) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ ) یادەوەری و بیرەوەرییە خۆش وناخۆشەکانی ڕابردوو نە کۆتاییان دێ و نە لە بیر دەچنەوە .ئەگەر چاوێکی خێرا بە مێژووی حیزبی دێمووکرات‌دا بخشێنین بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ڕێبازە پڕشکۆکەی پێشەوا، دوکتۆر قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی شەهیدانی دیکەی ئەم حیزبە چەندە پڕڕێبوار و ئاوەدانە. لە هەمووهەلومەرجێک دا ئەم خەباتەیان بە بێ سڵکردنەوە لە سەختی و دژوارییەکان ئیدامە داوە، ڕۆژ نەبووە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان زەربە لە هێزی داگیرکەری دووژمن نەدن . ناوچەی سەردەشت یەک لەو ناوچانە بوو کە بە درێژای خەبات و تێکۆشانی پڕشکۆی حیزبی دێموکرات، خەبات تێکۆشان تیایدا لە لووتکەدا بووە . ئەگەر لە ساڵەکانی ۴۶ و ۴٧ تێکۆشەرانێکی وەک مەلا ئاوارە و هاوڕێکانی لە “هۆمل” و “سەرشیوو” رووبەڕووی ژاندارمەکانی رێژیمی پاشایەتی بوونەوە، ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە تا ئێستاش هەمان ڕێچکە و ڕێباز ئیدامە دەدن . دوای ئەو پێشەکییە دەگەڕێمەوە سەر ئەسڵی مەتڵەب هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد بۆ کەمکردنەوی ئەم فشارانەی لە سەرمان بوو، بۆ چۆڵنەکردنی سوونێ دەبوو بۆ جێبەجێکردنی دووهەمین گەڵاڵەی عەمەلیاتی کە لە پێش دا کاری لە سەر کراوە دەست بەکاربین . کۆمەڵێک لە فەرماندەکان لە کوێستانەکانی قەندیل بەمەبەستی چۆنیەتی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ئەم عەمەلیاتە کۆبوونەوە. ئێمەش ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣۶٧ لە بنکەکانی سوونێ، کە ژمارەمان زیاتر ٨٠کەس دەبوو بە هەموو ئەو ئیمکاناتەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم عەمەلیاتە پێویست بوو بەرەو کوێستانەکانی قەندیل وەڕێ کەوتین. سەفێکی دوور و درێژ لە ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی هەوراز و نیشێوەکانمان بڕی بۆ ئەوەی هەرچی زووتر لە شوێنی مەبەست نیزیک بینەوە. بێ‌گوێدان بەکەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگە و ماندوویەتی وسەرما و گەرما بەرەو “کانی‌کەنێر” و کوێستانەکان سەردەکەوتین کە هێشتا شیو و دۆڵەکان پڕبوون لە بەفەر هەوا زۆرسارد بوو . سەرنجام دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین، بۆ کوێستانەکانی قەندیل سەرکەوتین، ئەو قەندیلەی کە هەمیشە حەشارگە و مەکۆی پێشمەرگە و ئازادیخوازانی کورستان بووە. بەری بەیان گەیشتینە دەوروبەری “دەشتی خوارێ”. لەوێ لە گەڵ ئەو بەشەی دیکە واتە کاک حوسێن پەیرەوان وشەهید ڕەحیم قارنجی یەکمان گرتەوە ئەو ڕۆژە لەوێ ماینەوە. هەر ئەم ڕۆژە فەرماندەکان کۆبوونەوە بۆ باسکردن لە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم تەرحە عەمەلیاتییە. ئێواری ڕۆژی دوایی هەموومان بەرەو گوندی “سەپێکان” وەڕێ کەوتین، ڕێگە زۆر ناخۆش بوو، دۆڵەکان پڕبوون لە بەفر، زۆر بە زەحمەت دەمانتانی بەسەریان دا تێ‌پەڕین. لە ترسی هەڵدێران، تا ئەو جێیەی لەبیرم بێ چەند پێشمەرگە هەڵدێران و زۆر ناخۆش بوو. بەهەرحاڵ دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین بەرەو بەرزایەکانی گوندی “سەپێکان” شۆڕبووینەوە. لە نیوە شەوێکی دەرنگ‌دا گەیشتینە دەوروبەری گوندی سەپێکان و تا بەیانییەکەی هەر لەوێ ماینەوە. بەیانی ١۴ی جۆزەردان لە بن سێبەری دارگێوژەکانی ئەم دەڤەرە فەرماندەکان کۆبوونەوە بۆ تەقسیمی کارو دابەشکردنی شوێنەکان . دوای کۆبوونەوەیەکی بڕ لە ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕای پێشمەرگانە هەموو پێشمەگەکەکان بە سەر ٧ دەستەدا دابەش کران و هەر دەستەی شوێنی خۆی بۆ دیاری کرا. لەو کاتە دا کە دەستەکان دابەش دەکرێن وماڵ ئاوایی لە یەکتر دەکرێ زۆر ناخۆشە چاو لە هەرکامەیان دەکەی دنیایەک بیرەورەریت لا زیندوو دەبێتەوە، بیرلەوە دەکەیەوە داخوا بڵی دوای تەوابوونی ئەم عەمەلیاتە جارێکی دیکە بەیەک شاد بینەوە و پێکەوە لە کۆڕی پێشمەرگانە دا و پێکەوە باس لە عەمەلیاتەکە وخاڵە بەهێزوو لاوازەکانی بکەین . بەداخەو چەندین جارێک کاتێک هەموو تیمەکان دوای بەڕێوەبردنی عەمالیاتێک کۆبوونەوە، چەند کەس لە هاوسنگەرانمان شەهید بوون و بە یەکجاری ماڵ ئاوایان لێ کردین، هەرگیز یەکترمان نەدیتەوە. لە دەورانی پێشمەرگایەتی‌دا لەوە نەخۆشتر نابێ. لەو عەمەلیاتەیش‌دا بەداخەوە ئەم ڕۆژە ناخۆشەمان بەچاوی خۆمان دیتەوە. ناوچەکە بە تەواوەتی ئاوەدان بوو، پڕبوو لە بێری و شوان و ڕەشماڵ و وەرزێر کە لە هاتوچۆ کارکردن بوو. ئێوارەیەکی درەنگان هەموو تیمەکان بەرەو شوێنی دیارێکراوی خۆیان وەڕێ کەوتن . ئێمەش کە لە تیمی هێرش‌دا بووین، لە شوێنی خۆمان ماینەوە. دیارە زۆربەی تیمەکان بە هۆی نزیکیی شوێنی دیاریکراویان هەر لە لای ئێمە مانەوە. درێژەی هەیە…..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *