بەشی هەژدەیەم (١٨) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by
بەشی هەژدەیەم (١٨) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ ) ئەم جارەیش بەدنیایەک ئاوات و ئارەزووی وەدی‌نەهاتووەوە دەچمە قووڵای سەردەمێکی سەختی خەبات وتێکۆشان، ئەو دەورانەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا بەچەکی شانی لە بەرانبەری هێزی پۆشتە و تەیاری کۆماری ئیسلامی دا وەک شێر بەرگریان دەکرد بۆئەوی بە دوژمن بڵێن ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلی خۆمان هیچ کەندووکۆسپێک ناتوانێ ئیرادەی ئێمەی شۆڕشگێڕ تێک بشکێنێ . خەبات لە پێناو ئازدی بیر و باوەڕی نەگۆڕی ئێمەیە بەهیچ هێزێک لەبن نایە . ڕابردوومان پڕە لە شانازی پڕە لە بەرخۆدان، پڕە لە قوربانیدان . دوای ئەم پێشەکییە کورتە دەچمەوە سەر بەشی دووهەمی عەمەلیاتی “سەپێکان” کە بەشێکە لە مێژووی تێکۆشەرانی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ . هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، ڕۆژی ۱۵ی جۆزەردان هەر لە بەیانییەوە هەموو تیمەکان لە شوێنی دیاری کراوی خۆیان ئامادەبوون تا لە یەک کات وسات دا بەهەماهەنگی لە گەڵ یەکتر، ئەرکی پێ‌ئەسپێردراوی خۆیان جێبەجێ بکەن . چەند دەستە لە پێشمەرگەکان بۆ لێدانی پایەگاکانی “ئاڵیەمەران”، “خدراوێ”، “چەکۆ” و “شیوەمێری” دیاریکرابوون. دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان بۆ سەرجادەی “سەپێکان” بۆ سەرجادەی پیرانشار- سەردەشت دیاری کرابوون بۆ ئەوەی هێزی یارمەتیدەری دوژمن بخەنە کەمینەوە. دوو دەستەش لە پێشمەرگەکان وەک هێزی پشتیوان بە مەبەستی لێدانی پایەگای گوندی سەپێکان دیاری کرابوون تا دەستەکانی هێرش لە ژێر ئاگری ئەو دوو تیمەدا پەلاماری ئەم مۆڵگەیە بدن. دەستەیەکیش لە پێشمەرگەکان لە گەڵ مەسئولی گشتی عەمەلیادا بوون و لە بەرزایی پشتی گوندەوە چاوەدێری هەمووناوچەکەی دەکرد . دوو دەستەی دیکەیش لە پێشمەرگەکان بە فەرماندەهی هەردوو فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات، “حەمە نارستی” و “ساڵە ڕەبەتی” وەک تیمی هێرش دیاری کرابوون، کە منیش لەوتیمەدا بووم کە شەهید حەمەنارستی سەرپەرستی دەکرد. سەرئەنجام لە سەعات پێنجی ئێوارەوە لە لایەن فەرماندەری عەمەلیاتەوە دەستووری هێرش دراو هەموو تیمەکان لە هێرشی خۆیان بۆ سەردووژمن دەستی پێکرد. شەر لە هەموو قۆڵەکانەوە دەستی پێکرد؛ هەر لە “ئاڵیەمەران”ەوە تا “شێوە مێری” هێزی دووژمن لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە هێرشی کرایە سەر . ئێمەش لە ژێر ئاوری تووندی دوو دەستەی هێزی پشتیواندا پێشڕەوی خۆمان بەرەو پایەگای گوندی سەپێکان دەست پێکرد. لە کاتی ئاگرباران کردنی ئەوپایەگایەدا یەکێک لە دۆشکاکانی تیمی پشتیوان گیری کرد و بەم هۆیەوە ئەفرادی ناو مۆڵگەکە کەمێک کەوتنە خۆ و لە گەڵ تیمەکانی هێرش ڕووبەڕووی یەک بوونەوە. شەڕێکی قوورس لە دەوروبەری پایەگا دەستی پێ‌کرد، ئێمە کە دەکەس دەبوین بەرەو دەروازەی پایەگا چووین و خۆمان گەیاندە سەنگەرەکانی دەروازی پایەگا. لە کاتی هێرشکردن دا بووین کە ڕەگبارێک کەوتە نێومان. لە ئاکام دا هەرلە دەروازەی پایەگا، کاک ڕەحیم قارنجی فرماندەی بەتوانا و لێهاتووی لکی یەک شەهید بوو و دوو کەسی دیکەیش، کاک عوسمان ئەحمەدی وکاک محەممەد مام‌ئاغا بەسەختی بریندار بوون . شەهیدبوونی کاک ڕەحیم و برینداربوونی ئەم دوو هاوسەنگەرەی دیکەمان بارودۆخی شەڕەکەی گۆڕی. ئێمە زۆرکەم مابووین، ئەرکمان زۆرزۆرقورس بوو؛ هەم دەبوو شەڕ لە گەڵ دووژمن بکەین، هەم لە فکری ڕاگواستنی شەهید و بریندارەکان‌دا بین. بەڕاستی بارودۆخێکی زۆرناخۆش بوو. چەند کەسێک لە هاوڕێیان شوێنی خۆیان بەجێ هێشت بوو و پاشەکشەیان کردبوو. پاشان فشارێکی لەڕادەبەدر کەوتە سەر ئێمە. ئێمەش بەهەوڵ وهیمەتی هەرهەموومان لە شەڕێکی سەخت‌دا توانیمان شەهید و بریندارەکان ڕاگوێزین. هێشتا زۆر دوورنەکەوتبوینەوە کە کاک عوسمان ئەحمەدی، سەر پەل، لە لکی یەک، بەهۆی قوورسیی برینەکەیەوە گیانی بەخت کرد و پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی سووڕخەڵاتی گەل بوو. دوو پێشمەرگەی دیکەی بە ناوەکانی خالید بووبانەیی وئەبوبەکر خولیسی بێ ئەوەی هاوڕێیانیان لەو دەستەیەدا پێیان بزانن، بە خومپارە لە نێوماڵان شەهید ببوون. ئێمەش هەموومان کە دوو شەهید و بریندارمان پێ بوون، بەرەو بەرزاییەکانی “کەسەبەردین” پاشەکشەمان کرد. بەڕاستی رۆژێکی ناخۆش و سەخت بوو، قەت ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێتەوە، تیمەکانی دیکەیش هەرهەموویان لە گەڵ تاریکیی هەوادا بۆ شوێنی دیاریکراو پاشەکشەیان کردبوو . لە بەرەبەیانیەکی زوودا هەموومان لە سەر کێوی کاسەبەردین کە یەکێک لە کێوە بەرزەکانی ناوچەکەیە یەکمان گرتەوە، هەوا زۆرساردبوو، هەموومان ماندو شەکەت، هێشتا بەفر بە کێوانەوە مابو. بە چەند شوێنێک ئاورکرابوونەوە و پێشمەرگەکان دەستە دەستە لە دەوری ئاورەکە کۆ بووبونەوە ناڕەحەتییەکی لە ڕادەبەدەر بە ڕووخساری هەموومانەوە دیار بوو. بەداخەوە هەردووشەهیدەکەی دیکە کەوتبوونە دەستی هێزەکانی دوژمن . لە ڕادەبەدەر ماندو و هیلاک بووین، نانمان پێ نەمابوو، پێوەندی بە کومیتەی شارستانەوە گیرابوو کە هەم نانمان بۆ بێنن و هەم وڵاغمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکان و بریندارەکانیان پێ ڕاگوێزین. دوای چەند سەعاتێک هەم نان هات وهەم وڵاغ. دوای بارکردنی شەهید و بریندارەکان وەڕێ کەوتین بەرەو بنکەکانمان. ناوچەکە پڕبوو لە هەوارچیی باشوور و ڕۆژهەڵات. کاتێک ئێمە لە سەفێکی دوور و درێژدا بە بریندار و شەهیدکانەوە بەنێویان‌دا دەڕۆیشتین، هەموویان بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە چاویان تێ‌بڕیبووین. لە ئێوارەیەکی درەنگ‌دا گەیشتینەوە بنکەکانمان لە “کونەمار”ێ. هەر ئەو ئێوارەیە شەهیدەکان لە گۆڕستانی شەهیدان لە گوندی “بەرقسڵ” بەخاک سپارد. رۆحیان شاد و رێگایان بەرز پیرۆز بێت. بە بڕوای من لەو عەمەلیاتەدا سێ شت هۆ کاربوون بۆ نەگیرانی ئەو پایەگایە و ئەو خەسارانەی لێمان کەوت؛ یەکەمیان گیرکردنی دۆشکای تیمی پشتیوان بوو کە بۆشاییەکی ئەمنیەتی بە زیانی ئێمە لێ کەوتەوە، دووهەمیان هەڵکەوتەی شوێنی مۆڵگە بوو کە دەبوا وردتر بیر لە گرتنی بکرێتەوە و سێهەمیان پاشەکشەی نابەجێ و نابەوەختی بەشێک لە هاوڕێیان و بەجێهێشتنی شوێنی دیاریکراویان بوو. چەند ڕۆژ دواترئێمە چەند کەس لە پێشمەرگەکان کە هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ڕزگارکردنی شەهید و بریندارەکان، لە لایەن شەهید فەتاح عبدولی و کاک حوسێن پەیرەوان لە کۆبوونەوەیەک دا بەشەفاهی تەشویق کراین. بەم جۆرە دووهەمین عەمەلیاتی هێزی گیاڕەنگ لەساڵی ١٣۶٧دا کۆتایی پێهات . جێی ئاماژەپێدانە کە لەم عەمەلیاتەدا ژمارەیەک لە هێزەکانی رێژیم کۆژران و بریندار بوون وێنەکان گوندی سەپێکان . شەهید ڕەحیم قارنجی شەهیدسەعدون مارەعانی شەهید قادر مەمۆ غەفوورڕیشی ڕەحمان وەردەی ئەوی دیکە ناناسرێ

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *