بەشی بیستەم (٢٠) ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
بەیانیە، تازە خۆر لە چیای سەرکەشی “گۆمێ” ڕووناکی دەرخستبوو بوو تا بە تیشکە بەتینەکانی چیای “جەنگی” و دەر و دۆڵی ناوچەکەی گەرم دابێنێ. لە داوێنی ئەم دوو چیایەدا هەڵۆ تیژباڵەکانی زمزیران و پێشەوای هەمیشە زیندوو، ئەویندارانی ڕێگای ئازادی مابوونەوە. ماندوو و شەکەت، ڕێگایەکی دووریان بڕیوە. دەیانهەوێ بە شکاندنی سەرخەوێک ماندوویی شەوی ڕابردوویان دەرکەن. پێشمەرگەکان هەر کەسەو لە گۆشەیەک چۆتە نێو کیسەخەو وخەریکی حەسانەوەن. چەند کەسێک لە تێکۆشەران سەرەڕای ماندوویی و بێ‌خەوی، وەک نیگابان لە تەپۆلکەی پشتی خۆمان چاوەدێری ناوچەکەیان دەکرد بۆ ئەوەی هاوڕێکانیان بەئاسوودەیی پشوویەک بدەن. زۆری نەکێشا کە هێزێکی دووژمن، پێکهاتوو لە گرووهی زەربەتی حەمامیانی بۆکان کە بەنیازی زەرەبەلێدان لە تیمێکی تەشکیلاتی کومیتەی شارستانی سەردەشت بەرەو شوێنی حەسانەوی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا و زمزیران هاتبوون، بەلێواری چۆمەکەدا داگەڕابوون تا نزیکەی چوار پێنج میتریی شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکان. لە یەکەم دەسرێژدا جاشەکان هەموو ئەو پێشمەرگانەیان کردبووە ئامانج کە لە کیشەخەودا نووستبوون. لە حاڵێکدا کە ئێمە زۆربەمان خەوتبووین، بە دەنگی تەقەی جاشەکان، پێشمەرگەکان ڕاپەڕین و لە یەکەم دەسکردنەودا جاشەکانیان دایەبەر دەستڕێژی چەکەکانیان. سەرەڕای ئەوەی زۆر لە پێشمەرگەکان نیزیک بوون، بەڵام جاشەکان خۆیان لە بەر هەڵمەتی هێزی پێشمەرگە نەگرت و هەرزوو شکان و بەرەو گوندی “ئەحمەدبریو” هەڵاتن و پێشمەرگەکانیش وەدوایان کەوتن . لەو شەڕەدا ١٧کەس لە جاشەکان کوژران کە جەنازی ۱۱ کەسیان کەوتە بەر دەستی تێکۆشەرانی دێموکرات، چەندین قەبزە چەک و چۆڵی جۆراوجۆریس کەوتنە دەستی هێزی پێشمەرگە. بەداخەوە لەو شەڕدا دوو کەس لە پێشمەرگە قارەمانەکان بە ناوەکانی: حەسەن قامیشەیی لە هێزی زمزیران و برایم قوڵقوڵەیی لە هێزی پێشەوا شەهید بوون و سێ پێشمەرگەش بریندار بوون . دوای هەڵاتنی جاشەکان فەرماندەکانی هێزی زمزیران و پێشەوا هەردوو هێزەکەیان بەچەند دەستە دابەش کرد بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ زەربە لە هێزی پێشمەرگە بدات. هێزی دوژمن لە پایەگاکانی ساوانەوە ناوچەکەی تۆپباران دەکرد. هەروەها دەستەیەکی دیکە لە جاشەکان کە دەیانهەویست پشتی ماڵی گردێنە بگرن، لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەو دوو هێزەوە تێک‌شکێندران . سەر لە ئێواری هەمان ڕۆژ تەرمی هەردوو شەهیدەکە لە لایەن هاوسنگەرانیانەوە لەو نزیکانە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردران . دوای بەخاکسپاردنی شەهیدەکان ئێمە ئەو تیمە لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ کە تا گوندی گردێنە لە خزمەتی هاوڕێکانی خۆمان دابووین، دوای ماڵئاوای لە هاوڕێ و هاوسنگەرانمان لە هێزەکانی پێشەوا و زمزیران بەرەو بنکە کانی خۆمان لە “کونەمارێ” گەڕاینەوە و ئەوانیشن بەرەو ناچەکانی خۆیان وەڕێ کەوتن . ئەگەر بۆ هەموومان دەربازبوون لە سنوور کارێکی قورس بوو، بەڵام پەڕێنەوە لە چۆمی کەڵوێ وەک پەڕینەوە لە سنوور ناخۆش بوو. بۆ ئەو مەبەستەش دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران بەفەرماندەریی فەرماندەی چاونەترسی ڕۆژە سەختەکانی خەبات، کاک باییز قەڵاتاسیان بۆ شکاندنی بەربەستەکانی چۆمی کەڵوێ شەوی پێشتر شێرانە خۆیان گەیاندبووە چەند میتریی پردی قەڵاتاسیان. هێزەکانی رێژیم بۆ ئەوەی شەوانە پێش لە پەڕێنەوی هێزی پێشمەرگە بگرن، هەموو پەردەکانی سەر چۆمی کەڵوێیان مینڕێژ دەکرد، یەک لەوان پردی قەڵاتاسیان بوو کە هەموو ئێوارەیەک مینی لێ دادەنرایەوە. کاتێک ئێوارەی ئەم ڕۆژە جاشەکانی پایەگای گوندی قەڵاتاسیان دێنە سەر پەردەکە و مینەکان دادەنێنەوە، پێشمەرگەکان بە ڕادەیەک لە جاشەکان نیزیک دەبن کە شوێنی دانانەوەی مینەکان بەوردی دەخەنە ژێر چاوەدێری وردی خۆیانەوە. دوای ئەوە جاشەکان مینەکان دادەنێنەوە و دەگەڕێنەوە، ئەو تیمە لە پێشمەرگەکان دەچنە سەر پردەکە و بەلێزانیی تەواوەوە مینەکان هەڵدەگرنەوە. دوای ئەوەی هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە هەر ئەو ڕۆژە لە گوندی گردێنە تووشی شەڕ ببوون دەگەنە سەر پردی قەڵاتاسیان و لە چۆمی کەڵوێ دەپەڕنەوە، دەستەی ناوبراو مینەکان لەسەر رێگای جاشەکان دادەنێنەوە. دوای ئەوەی پێشمەرگەکان لە شوێنەکە دوور دەکەونەوە و بەیانییەکەی جاشەکان بە مەبەستی هەڵگرتنەوەی مینەکان لە پردەکە وەڕێ دەکەون، لە رێگادا مینەکانیان پێدا دەتەقێتەوە و چەند کەسێکیان بە توندی بریندار دەبن. بەم جۆر لە ڕۆژی ٢۴ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی‌دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەردوو پیلانی هێزی دووژمنیان پووچەڵ کردوە. لێرەدا جێی خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی ئەو ڕۆژە شەهید بوون، سڵاو بۆ ئیرادە و خۆڕاگری هەموو ئەو پێشمەرگە و فەرمەندانی بەشداری ئەو شەڕە بوون . گێڕانەوی ئەم بیرەوەریانە بۆ ئەوەیە کە لاوانی ئێستا و نەسڵەکانی داهاتوو لە گەڵ ئەو لە خۆبردوویەی کە هێز پێشمەرگەی کوردستان لەو سەردەمە دا لە خۆیان نیشاداوە ئاشنا بن و بەشێک لە ڕابردووی ئەم خەباتە بزانن . ئەوە گێڕانەوەی بەشێک لەو جەولەیە بوو کە من وەک کەسێکی بەشدار لەو شەڕە بۆ ئێوە ئازیزانم باس کرد. لێرەوە داوا لەو کەسانە دەکەم کە بەشداری ئەم شەڕە بوون بە نووسینی کۆمێنت کەموکوڕییەکانم بۆ ڕاست بکەنەوە. ئەم دوووێنیە دوای بیست ساڵ لە شوێنی شەڕەکەگیراون دیارشەهیدان هەمزەسارتکەی وقادرنەزمی وقادرقادریش هەر لەوێ شەهید بوون دوای بیست ساڵ سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەوانیش.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *