لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی چوارەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دەستپێکی ئازارەکان! ئێش و ژانی خەڵک هەر لە کاتی شەڕەکە ڕا دەستی پێکردبوو. هێشتا باسێک لە شاردنەوەی پێشمەرگەیەکی بریندار نەبوو، کە کەسێکی ئاوایی بە ناوی “فەتحوڵڵا فەڕەنگ” تەنیا بە تاوانی ئەوەی لە کاتی شەڕەکەدا خۆی حەشار نەدابوو و مەزەندەی ئەوەیان لێکردبوو شوێنی تەئمینەکان بۆ پێشمەرگەکان ئاشکرا بکات، دابوویانە بەر دەستڕێژ و برینداریان کردبوو. فەتحوڵڵا برای شەهید “حەسەن ئەلیاس” شەهیدی ساڵەکانی ۴۶-۴۷ ی حیزب و هەروەها برای پێشمەرگەی حیزب “مام خدر ئەلیاس” بوو. تەنانەت منداڵێکی ۶-۷ ساڵانیش کە بە هەر هۆیەک بووە لە دەرەوەی دێ مابوو و هێشتا نەیتوانیبوو بگاتەوە ماڵەوە، بێ بەزەییانە کەوتبۆ بەر دەستڕێژ و برێندار کردبوو. جێ هێشتنی شوێنی شەڕەکە!پێشمەرگە بیەوێت یان نا، دوای شەڕەکان شوێنی شەڕەکە چۆل دەکات. ئەوە بە مانای لە بیرکردنی خەڵکەکە نیە. بە هۆی درەنگی کات و پێویستی دوورکەوتنەوە لە شوێنی شەڕەکە و ڕاگواستنی شەهیدێک و بریندارێک دەبووایە ئەو شوێنەش جێ بێڵن.
ئاغا و کوێخا هەر خۆیانن؟!!!
هەر مۆڵگەیەک بۆ خۆی حاکمی بێ چەند و چوونی دەورووبەری خۆیەتی. تەنانەت ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان ئەرتەش و سپا دا هەبێت باجەکەی هەر خەڵکی گوندەکان دەیدەن. بۆچی پێشمەرگە هێرش دەکاتە سەر ئێمە نەک ئەوان. بۆ خەڵک و پێشمەرگە هەردووک لا هێزی داگیرکەر بوون و هەردووک لا وەک یەک خەڵکیان ئازار دەدا. تەنانەت زۆرجار ئەرتەش لە سپاش دڕندەتر بوو، وەک ئەو جارە. ئەگەر بە ڕواڵەت ئەو کەسانە لە سەریشیان ئیسپات بکرایە کە هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە، دەکرا دوای ماوەیەک ئەشکەنجە کردن و حوکمدان بە زیندان ئازادیان بکەن. بەڵام زۆرجار کە دەبینن ئەرتەش زۆر دڕندانەتر لە گەڵ خەڵک دەجووڵایەوە وای لێ دەخوێندرایەوە کە بڕوایان بە دامودزگاکانی دیکەی ڕێژیم کە زۆرتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی سپادا بوون نیە و هەر بۆیەش بۆ خۆیان دەست بە کار دەبوون. هەم قازی بوون، هەم دادگا، هەم وەکیل، هەم دادگای پێداچوونەوە و هەم دیوانی بەرزی وڵات و هەم جوخەی ئێعدام.
زانیارییەکان لە سەر چارەنووسی ئەو کەسانەی بردرابوونە لای مۆڵگەکە، تەواو نەبوون و دژکردەوەی هێزەکانی ئەو مۆڵگەیە لێرەدا دوایی نەدەهات، بەڵکو دەبووایە ڕۆژی دواتر زانیاری تەواو بە دەست پێشمەرگەکان بگات. ئەو شەوە دڕندانەترین شێوەکانی ئەشکەنجە، کە ڕەنگە تەنانەت توندتر لەو ئازاردانانە بووبن کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا کەڵکیان لێوەردەگیرێ، لە سەر ئەو خەڵکە تاقی کرابوونەوە. هەر لە بریندارکردنی خەڵک بە سەرنێزە و خوێ تێکردن لە برینەکانیان تا بەستنی ئەندامی نێرینەی پیاوان بە سیمی تەلەفوون و کێشانی…هتد، لەو ئەشکەنجانە بوون کە ئەو شەوە جێبەجێ کرابوون. “هەر کەس لەوانی دیکە جیا دەکرایەوە، دەبۆ هۆی لێدانی خێراتری ترپەی دڵی گەورە و بچوکی بە زۆر هێندراو. دڵەکان، شێمانەی هەواڵی لە کار خستنی دڵی یەک یان چەند کەسی گوندە خنجیلانەکەیان دەکرد. دەتگوت دڵەکان لە سەر شتێک هاوڕان کە؛ -دڵی پڕ لە قینی “فەرماندە شێتە”، هەرتەنیا بە ئەشکەنجەدانی ئێمە ئاو ناخواتەوە.
هێزەکانی ڕێژیم بۆ تێک شکاندنی یەکگرتوویی خەڵک بڕیاریاندابوو، یەک بە یەک پرسیار لە خەڵک بکەن تا بەمجۆرە، خەڵکەکە بە دژی یەکتر هان بدەن و شوێنی شاردنەوەی پێشمەرگە بریندارەکە و کێ شاردوویەتەوە ئاشکرا بکەن!!! خەڵک سەرەڕای برسێتی و تینووێتی، کە لە گەرمای مانگی جۆزەرداندا بڕستیان لێبڕابوو، بەڵام نە بە تاک و نە بە کۆمەڵ هیچیان لەو بارەوە نەدرکاند.
خۆڕاگری خەڵک، سەرەڕای ئازار و بێحورمەتی زۆر، وایکردبوو، کە هێزەکانی حکومەت ناچار بن بەشێکی زۆری ئەوان ئازاد بکەن. بەڵام هێشتا دڵەڕاوکێی خەڵک دوایی نەهاتبوو هەموو چاوەکان لە سەر “محەمەد” بوون، کە دەمێک بوو “فەرماندە شێتە” قینی لێی بوو و دەیەویست بە هەر جۆرێک بووە کەسایەتی ناوبراو لە ناو خەڵکدا خەوشدار بکات و بە قەولی خۆی پێی بسەلمێنێ کە تۆ گەرچی لە نێو خەڵکدا، بە قسەی خۆت خۆشەویستی، بەڵام لێرە دەسەڵاتی سەربازێکیشت نیە”، گوتەی شایەد حاڵەکان.
خەڵکی گوندی قوڵەسوێرو بە گشتی پێشمەرگەیان خۆش دەویست، بەڵام چەند کەسێک زۆر زیاتر لەوە بە پێشمەرگە ماندوو بوون. دوو کەس لەوان پێشتر لە لایان پێشمەرگەوە ئاگادارکرابوونەوە، کە ماوەیەک لە ماڵەوە دوورکەونەوە، بەڵام گوێیان بەو ئاگادارکردنەوەیە نەدابوو. هەڵوێستەکانی ئەو دوو کەسە زۆرجار بە ڕادەیەک بوو، کە زۆر کەس پێیوابوو ئەوانە پێشمەرگەی ئاشکرای حیزبن. ئەو دوو کەسە؛ “وەستا سەلیم” و “محەمەد مەحمود زادە” یان محەمەدی کوێخا حوسێنی”، بوون. محەمەد نەوەی کوێخا مەحمود سوێسنی بوو، کە وەک پێشتر نێوی هاتووە، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا شەهید بوو. فەرماندە شێتە ئێستا ئەو بیانووەی کەوتبووە دەست کە زۆر بە ئاسانی و بێڕەحمانە هەڵسو کەوتیان لە گەڵدا بکات. وەستا سەلیم کە زۆرتر بە سواری ماتۆڕ دەگەڕا، کاتی دەستپێکردنی عەمەلیاتەکە لە شاری سەردەشت ڕا هاتبۆوە گوندی “ئەسپەمێزە” و لەوێڕا ویستبووی بەرەوماڵ بێتەوە. پێش گەیشتنی بە شوێنی عەمەلیاتەکە داوای لێ دەکرێت تا تەقە دەبڕێتەوە بەرەو ماڵ نەڕواتەوە، بەڵام ئەوهەرلە سەر ڕۆیشتنەوە پێداگری دەکات. ئەو دەڵێت پێشمەرگە لە شەڕ دابێت بەڵام من خۆم بپارێزم کە هیچم بە سەر نەیەت، خۆ ڕوحی من لە ڕوحی پێشمەرگە شیرینتر نیە. بە داخەوە وەستا سەلیم لە ڕێگادا دەکەوێتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیم و بە سەختی بریندار دەکرێت. بە هۆی کاری بوونی برینەکانیەوە دواتر هەر ئەو شەوە شەهید دەبێت. هەر ئەو شەوە دوای تەواو بوونی شەڕەکە، خەڵک باسیان لەوە دەکرد کە کەسێکیان لە ڕێگای نێوان ئەسپەمێزە بۆ قوڵەسوێرو دیتووە کە بریندار بووە، بەڵام لە کاتی شەڕەکەدا نەیانوێرابوو بچن و ڕزگاری بکەن و دواتریش تازە درەنگ بووبوو.
محەمەدی کوێخا حوسێنی، کاتی شەڕەکە لە نێو ئاوایی دەبێت. کاتی ڕەپێچەکدانی خەڵکەکە، چەند کەسێک دوایان لێکردبوو خۆی بشارێتەوە. ناوبراو کە دەبینێ ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەرەو مۆڵگەی ئەولای دێ ڕاپێچ دەکرێن. نایەوێ لەو کاتە ئاستەمەدا خۆی لە خەڵکی ئاوایی هەڵبڕێ و بە ئاگاداری تەواو لەوە کە ڕەنگبێ فەرماندە شێتە هەر ئەو شەوە ڕقی خۆی پێ بڕێژێ و بیکوژێ، ڕەگەڵ خەڵکەکە دەکەوێ. سەربازەکان زۆر بە دوای وەستا سەلیم دا گەڕا بوون، نەیان دیتبۆوە. لێدان و پێدادان لە ڕێگای گەڕانەوە بەرەو مۆڵگە ڕا دەست پێدەکات. بە گەیشتنیان بۆ دەورووبەری مۆڵگە لێدان و پێدادانی ژن و پیاو و گەورە و بچوک دەست پێدەکات. تەنانەت لەو حاڵەشدا نەیانوێرابوو خەڵکەکە بەرنە نێو مۆڵگەکەیانەوە، نەکا خەڵک شێوەی هەڵکەوتنی مۆڵگەکە ببینن و دواتر بۆ پێشمەرگەی شی بکەنەوە و بە تۆڵەی ئازاردانی ئەو خەڵکە لە داهاتوودا هێرشی بکەنە سەر. فەرماندەکە بە خەڵکەکە دەڵێ؛ ئەو کەسانەی سەربازە بریندارەکانیان هەڵگرتوو، “ئەگەر بریندارەکە بمرێت ئەوە ئەو کەسەی هەڵیشیگرتووە دەبێ بمرێت. بە قەد ژمارەی سەربازە کوژراوەکانم لە ئێوە دەکوژم…ئێوە بریندارێکتان ڕزگار کردووە و پێشمەرگەتان هانداوە هێرشمان بکاتە سەر…، ئێوە هەمووتان هەروەک ئەوانن و بۆ کوشتن دەبن”. فەرماندەکە پێشتر هەڕەشەی کردبوو؛ “ئەگەر پێشمەرگە لەو دەورووبەرەدا عەمەلیات بکەن ئەوە خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر بە تایبەت قوڵەسوێرو باجەکەی دەدەن”. ئێستا ئەوان بە شاردنەوەی پێشمەرگەیەکی برینداریش تاوانبارکرا بوون، کە لە فەرهەنگی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیدا گەورەترین تاوانە.
محەمەد لە لە خەڵکەکەی دیکە جوێ دەکرێتەوە و بە تایبەتی لە لایان فەرماندەکەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێ، هاواری گریانی ئەو خەڵکە بە گوڕتر دەبێت. وەک بڵێی هەمووان ئێستا نهێنی ئەو جیاکردنەوەیان دەزانی. دۆژ و داما و هەناسە سوار و چاو لە ڕێگا بۆ دیتنەوەی دووبارەی محەمەد، بەرەو ماڵ دەنێردرێنەوە. پێیان دەڵێن کە ئەویش دوای ماوەیەکی دیکە دەنێرینەوە!!! محەمەد، کە بە بەرچاوی خوشکە کەڕ و لاڵەکەی بە سەختی بریندار کرابوو، بەڕواڵەت دەینێرنەوە، هێندە ئەشکەنجە دراوە، بە زەحمەت ڕێدەکات، بێ خەبەر لە مەبەستی شاراوەی فەرماندە شێتە، ئەویش بە لۆژە لۆژ و بێ هێزی بەرەو دەرەوەی مۆڵگەکە وەڕێدەکەوێت. هێشتا خەڵکەکە هەر چاوەڕێن سۆراخێکی محەمەدیش، گەر چی زۆریش هیلاک بێت، بکەن. لە پڕ دەنگی دەستڕێژێک گۆمی مەنگی شەو دەشڵەقێنێ . دڵەکان دادەخورپێن. بە ئەزمونەکان دەنگی تەقەکان دەناسنەوە، کە ئەو دەستڕێژە ڕەنگە دواین هەواڵی محەمەد بێت…. محەمەد لە دەرەوەی مۆڵگەکە شەهید دەبێت. شەهیدکردنی محەمەد لە دەرەوەی مۆڵگەکە، بە ڕواڵەت بۆ بەلاڕێدابردنی لێکۆڵینەوە لە هۆی شەهیدکردنی ناوبراو بووە.
شەهید بوونی محەمەد و وەستا سەلیم ساڵێک بەر لە شەهیدبوونی “فەقێ هەمزە ئەسپەندار بوو”. فەقێ هەمزە کادری بەوەجی حیزب لە نێو خۆ، بە دانانەوەی مین یان بۆمبێک لە نێو ماشێنەکەیدا شەهید کرا. دەتگوت ئەو خەڵکە مافی شانازیکردن بە هەڵکەوتووەکانی خۆی بە زیندوویی نیە.
———
تا گەیشتینە شوێنی دەرمانکردن چەند کەسێکی دیکە لە پێشمەرگەکان بە نۆرە هەڵیان گرتم. زۆر تینوو بووم بەڵام پێشمەرگەکان ئاویان نەدامێ تا ئەوەی لە بەشی دەرمانی نەپر‌سن. کە گەیشتینە ماڵەکە تۆزێک ئاویان دامێ بەڵام زۆر کەم بوو و تەنیا گەروم بڕێک تەڕ بوو. گوتیان دەبێ ڕاوەستی تا برینەکانت دەرمان دەکرێن۰ئەوجار تۆ بریندار بووی خوێنێکی زۆرت لە بەر ڕۆیشتوە و قەندی خوئێنت دابەزیوە دەبێ ماستاوێکی خەست و پڕ لە شەکر بخۆیەوە۰ من تا ئەوکاتە ماستاوم هەر بە بڕێکی زۆر خوێ خواردبۆوە و پێمخۆش بوو تۆزێک تامی ترشی هەبێت۰.دوای ماوەیەکی کورت قاپێکی گەورەی ماستاوی زۆر شیرین، کەوچکێکی گەورەی فافۆن تێدا، لە پێشم قوت بۆوە و گوتیان دەست پئ بکە و دەبێ زۆریش وەخۆی۰ لە گەڵ یەکەم کەچک بە تامی شیرناییەکەی وێڵنجم هات، بەڵام حوکمی کادری دەرمانی و چەند کەسێکی بە تەمەن کە لە ژوورەکە دا دانیشتبوون بە سەر ویستی منی برینداری گەروو ویشکبۆوەی تینودا زاڵ بوو۰ پێموایە ئەوە ناخۆشترین ماستاو بووبێت تا ئێستا خواردبێتمەوە.
بەشی دەرمانیش، ن. م، خەرێکی بڕینی دەلینگی پانتۆڵەکەم بوو کە بە هۆی خوێنی برینەکانم و ئەو ماوەی کە لە ناو پەرژینەکەدا بووم ڕەق ببوو۰ لە تەواوی ئەو ماوەدا کە بەشی دەرمانی خەریکی تیمارکردنی برینەکانم بوو ژنێک هەروا بە دەوری ئێمەدا دەهات و دەچوو و خزمەتی هەموو لایەکی دەکرد۰ زۆرجاریش ئاوڕێکی وەلای من دەدایەوە و پەرۆشی خۆی دەردەبڕی. هەر کە چاوی بە برینی لاقم کەوت لە نێو خەڵکەکەدا کەوت، هێدی هێدی بەلاداهات و لە نێو خەڵکەکەدا کەوت۰ من تا ئەو کاتە بیستبووم کە هیندێک کەس خوێن دەیانگرێ بەڵام وا لە نیزیکەوە نەمدیبوو.
لەوێ زانیم کە بە داخەوە پئشمەرگەیەکیش بە ناوی شاباز ئیسماعیلی شەهید بووە.
درێژەی هەیە…..
#لەپێناوینیشتیماندابەشی۴_محەمەد_بایەزیدی


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *