لە پەراوێزی گەرانەوەدا بەشی(٤) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

لە پەراوێزی گەرانەوەدا بەشی(٤)
یادێک لە شەھید “مەنسوور رەحیمی”
بۆ ئەو سەفەرە بە ژانە ھاورێم بن
ساڵی(١٣٦٧)ی ھەتاوییە.

گەلی کورد خەباتێکی سەخت و دشوار بەرێوە دەبات،بۆ ئیدامەی ئەو خەباتە رۆڵەکانی گەلی کورد لاوە خوێن گەرمەکانی بە ئەوینەوە تەڤڵی ریزەکانی شۆرش دەبن کۆڕی گەرمی بنەماڵەکانیان بە جێدەھێڵن، لە زێدی جوانی منداڵیان دادەبڕێن،دێن بۆ ریزی شۆرشگێران و بۆ پاراستنی خاک و شەرەفی گەلەکەیان چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەکەنە شان،دوا ماڵ ئاوایی لە دایک و باوک و خووشک و براکانیان دەکەن لە پەنا فرمێسکەکانیان و چاوی پڕ لە چاوەروانی ئەوان،یەکەم ھەنگاوەکان بۆ خەونێکی گەورەتر دەنێن.ئەو نیگەرانی و پەرۆشییە گەورە لە جێگای خۆی دایە،بۆی ھەیە چاویان بە جگەر گۆشەکەیان نەکەوێتەوە لە پێناو خەونی رزگاری شەھید بێ و تا ئەبەد چاوەروانی بن.
“مەنسوور رەحیمی” مەنسووری قالەی خاڵە رەحیمی.ساڵی (١٣٦٧) بڕیار دەدات ببێتە پێشمەرگە.مەنسوور لاوی خوێن گەرمی شارە جوانەکەی سەردەشت،لە ناو شار بیر خەرەوەی رۆژانێکی زێرینی پڕ لە ئەوین و خۆشەویستییە بۆ ھاورێکانی ئەو سەردەمەی،تایبەتمەندییەکانی ئەو لاوە چووست و چالاکە ئەوی کردۆتە خۆشەویستی ھەمووان،بۆ ھەموو سەرگەرمییەکانیان مەنسوور پێشەنگیانە کورێک لە نێو دنیایەک بەھرەو ئیستعدادی لاوەتی خۆی دا لە گەشە دایە.
مەنسوور خوولیاکانی لەوە گەورەترن بتوانێ لە ژینگەی داخراوی ئەوێ دا تا سەر خۆی بگوونجێنێ،چاو لێکەری ئەو ستەم و ناعەداڵەتییە بێ لە شارە جوانەکەی بەرامبەر خەڵکە خۆشەویستەکەی.ھەر بۆیە بڕیاری خۆی دەدات و رێگای پڕ لە خەونی خەبات بۆ رزگاری ھەڵدەبژێرێ.بەیانییەکەی دوای ھاتنی لە ناو خەڵک دا بڵاو دەبێتەوە کە مەنسوور رەحیمی بە یەکجاری شاری جێھێشتوە،ئیدی لە سەر شەقام و لە مەیدانەکانی فووتباڵ و واڵیباڵ و دەم چۆمی کەڵوێ بۆ مەلە کردن نایبیننەوە.
بە دەر لەوە نمایشە جوانەکانی بە ماتۆڕەکەی کۆتاییان ھات،خەمێکی گەورە تێکەڵاو لە گەڵ ھیوایەکی گەورە لاوەکانی شار دادەگرێ.
ئەو جار مەنسوور پێدەنێتە قۆناخێکی تازە لە خەونە جوانەکانی و بەکردەوە دەبێ کاریان بۆ بکات پێشان بدات شایستەی ئەو مەیدانەیە.ساڵی (١٣٦٧)من لە پەلی فەرماندەیی بووم لە (کوونەمارێ)مەنسوور رۆژەکانی پێشمەرگایەتی لەوێوە دەست پێکرد،دەتوانم وەک ئەوەی ھەبووە نەک تاریف و ستایشی دوور لە راستی باسی بکەم،چۆن مەنسوور دنیایەک بوو لە ئەوین و ویستی جوان خەونەکانی زۆر گەورە بوون دەبوا بەکردەوە نیشانی بدات پیاوی ئەو باوڕو بیرکردنەوە گەورانەیە،بۆ ئەو ھاوسەنگەرانەی کاک مەنسوور لە ژیانی پێشمەرگانەو جەولەکانی ناوچە لە گەڵی بوون بە ھاسانی ھەست بەو راستییە دەکەن،کە من لەو نووسینەم دا دەمھەوێ چی بڵێم و چییان بیربخەوە،لە گەڵ پەیڤ و وشەکان ھەست دەکەن دەبێ ئەو کارە چەند قوورس بێ.خۆزگەم دەخواست لە ژیانی شۆرش و پێشمەرگانە دا گۆشەیەک ھەبا بۆ زیندوو راگرتنی رابردوو و خۆزگە جوانەکانی پێشمەرگە دڵ پڕ لە تاسەو ئەوینەکانی شۆرش،بۆوەی بە ھاسانی بیرخەرەوەی یادو رۆژە جوانەکانی ئەوان با.لانی کەم بەشێک لە ژیانیان بە دیکۆمێنت کرابا تا کاتی پێویست بەڵگەو پاشماوەکانی ژیانیان بیرخەرەوەی یادو رۆژە پڕ لە بیرەوەرییەکانی ژیانی ئەوان بان.
ھیچ قەڵەمێک ناتوانێ مەنسوور وەک خۆی بخاتە چوارچێوەی نووسین.ئاخر مەنسوور زۆر زوو گەشەی کرد زۆر زوو جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی پەیدا کرد،
نەک ھەر ئەوە ناوبانگی مەنسوور ھێزی گیارەنگ و کومیتە شارستانی سەردەشتی بڕی و بوو بە ناوێکی خۆشەویست و ئاشنا بۆ ھێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات.ئەو کووڕە جوانەی دێموکرات ھەر دەتگووت خوا بە ھەموو تایبەتمەندییەکانییەوە بۆ پێشمەرگایەتی خووڵقاندووە،دڵێکی گەورە سیمایەکی جوان و لێو بەخەندە،بەردەوام ئەنگیزە،شیک پۆش،ئاشقی بەرگی پێشمەرگایەتی ئاشقی رەخت و تفەنگی جوان،ئێستا کە بیر لەو رۆژانە دەکەمەوە چاوەکانم پڕ دەبن لە فرمێسک،بۆ مەنسووری شۆرش و دیان و سەدان لاوی وەک ئەو.
سوێند دەخۆم بە باوەرە جوانەکانت توانای باسی تایبەتمەندییە جوانەکانی تۆم نییە،باشە مەنسوور گیان لە چی دا پڕ لە داھێنان و جوانی نەبووی، چی ما فێری ئێمەو ھاورێکانتی نەکەی و دوا جار سەرنجی ھەموومان بە دوای بیرۆکەکانت دا نەبەی،باسی کۆڕی گەرمی ناو مقەڕەکانت باسی ئەوە بکەم کە بووی بە مامۆستای سەرگەرمییەکانی ئێمە،ئا وەرن کوورینە بڕۆین بۆ فووتباڵ،کاتی واڵیباڵ و تێنس ە،کاتی مەلەوانی و شیرزە جوانەکانی تۆیە،ئێستا بێ ئیختیارە دەوستم بیر لە رابردوو دەکەمەوە،ئێستا کاتی بەشداری لەو مسابقانەیە کە بە رەنجی مەنسوور لە گیارەنگ جوانترین تیمی لە گەڵ رەفیقەکانی پێک ھێنا بوو،ھەمووان مەنسوور دەناسن و یەک جار بینینی بەسە بۆوەی ھەست بکەی ئەو کوورە چەندە خاوەن خەلاقییەت و لێھاتووە.
بەورادەیەش مەنسوور ئاشقی گەرانەوە بۆ ناوچە و بەشداری کردن لە جەولەکانە،با بۆ مێژوو ئەوە بڵێم: چەند جار لە نزیکەوە ئاگاداری ھەڵمەت و ورەی بەرزی پێشمەرگانەی بووم،کاتێک گوورھانی ئاغەڵان دەستی بە سەر داگیرا بە یەکەوە بووین،ئەو رۆژە ھەستم کرد مەنسوور کێوێکە لە ورە ئازایەتی بۆ رزگاری گەلەکەی،چۆن بەداخەوە شەرایتێکی سەخت پێش ھات و ھاورێکانمان ناچار بوون پاشەکشە بکەن لە دووڕیانێک قەرارمان گرتبوو!مەنسوور لێم نزیک بوو گووتی:کاکە ھاورێکانمان رۆیشتن چی بکەین!چاوێکم لێکرد!…مەنسوور گیان دوا ھیوای ئەو سەرکەوتنەین!دەبێ خۆراگر بین!وەڵامی دامەوە:بۆ من لە تۆ زیاترم ئیدی تێگەیشتم مەنسوور لە داھاتوو دا دەبێ بە چاوەروانییەکی گەورە ھیوایەک بۆ حیزبەکەی(شاھیدی ئەو چەند قسەم ئەو فیلمبەردارییە یە کە ئەو رۆژە ھەڵگیراوەتەوە) تا ھاورێکانمان گەرانەوە لە گەڵ شەھید “ساڵح مەحمەد پەنا”سێ بە سێ ھەنگاوێک نەگەراینەوە دواوە. شەوی ھێرشەکەی سەر کومیتە شارستانی سەردەشت بیرەوەرییەکی خۆشەو دواتر باسی دەکەین کە بەڵگەی ئازایەتی کاک مەنسوورن لەوەش زیاتر دەست بە سەر داگرتنی گووردانی بێژوێ شاھیدە بۆ ئازایەتی ئەو،چۆن خۆی گەیاندە دۆشکەی سەربانی گووردان تەقەی پێکرد کە دەورێکی کاریگەری ھەبوو لە بە چۆک داھاتنی دوژمن.
ھەروەھا لە کاتی دەورە گیرانی پۆلێک ھاورێمان لە ئالانی سەردەشت چی ما نەیکا ئەو رۆژە،با ئەوەش بڵێم:زۆربەی شەرەکان ھاوشانی یەکترین و پێی خۆشە بەیەکەوە بین.
ئەو چەند نموونەم وەک بەڵگەی ئازایەتی و چاو نەترسی کاک مەنسوور بیرخستنەوە. کە بە ھۆی ئەو ئازایەتییانەی بە جێگری پەل دیاری دەکرێ.دە گیانی خۆتان بۆ لەحزەیەک لە گەڵ من لە سەر ئەو چەند دێڕە بوەستن و بیرێک لە مەنسوور بکەنەوە،بیھێننە بەرچاوتان!چۆن دەکرێ بۆ دەبێ یاسای سرووشت ئەوەندە دڵ رەق بێ..چۆن توانی مەنسووری خۆزگە جوانەکان مەنسووری ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی نیشتمانی غەدر لێکراوم ھەر وا بێ رەحمانە بپێکێ.مەنسوور گیان دوای تۆ ئاسەوارێک لە ئەشق و ئەوین نەما نیشتمانێکی بێکەس و وێرانین،خەونەکانی ئێمەش کۆتاییان ھات و بە ماندوویی و شەکەتی ھەر یەکەو لە گۆشەیەکی ئەو دنیایە خۆزگە بۆ ئەو سەردەمە دەخوازین.مەنسوور گیان مەرگی ئێمە زۆر جیاواز دەبێ لە مەرگی ئێوە،تۆ لە سەر خاکی نیشتمان و لە دڵی گەلێک دای،کەچی زۆرێک لە ھاورێکانت رابردوو و مێژوویان سڕایەوە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *