بەشی ھەشتەمی گەرانەوە (٨)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی ھەشتەمی گەرانەوە (٨)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
ئێمە لە بناری چیاوە دەروانین لە قوورسایی رێگای دوورەوە ھاتووین،بە دەم کڕێوەو گەردەلوولی زۆردا تێپەریوین.ھۆ ئاشقانی جوانی ژیان لە کوێوە دێن،زادەی کام خاکن، دەکرێ تێکەڵاوی ھەناسەی ئێوە بین،وەک ئێوە بژین،شەونمی کام پاییزی درەنگ وەختن،چاوەروانی زەردەی خۆری کام بەیانی دەکەن،
ھاوەڵانی خەونێکی گەورەن ئێوە،ئێوە بە رێگا ترسناکەکانی مەرگا بۆ ژیان دەگەرێن.ئێوارەی شارێکی پڕ لە چاوەروانین ئاسمانی شینی خەونە جوانەکانی ئێمەن،چاوەرێی گەرانەوەی ئێوەین،بە دەم خەیاڵی نەسرەوتوو بۆ ئێوە دەگەرێین،لە قەراخ شار لە توولە رێگاکانی چۆڵەوانییەکان،لە مانگە شەوی ساردی پاییزی دا: لە قەراخ دێ چاوەروانی ژوانی ئێوەین…دەوەرنەوە ھەڵۆ کانی شاخ………..

ھەوڵ دەدەم لەو بەشەدا بەڵێنییەکەم نوێ بکەمەوە،بەشی کۆتایی شەرێکی گەورەو پڕ لە حەماسی بگێرینەوە.ئەو شەرەی بە خوێنی دەیان رۆڵەی قارەمانی دێموکرات بۆ رزگاری کوردستان نووسرایەوە.
لەو بیرەوەرییە دا:لە بەشی پێشوو باسی ھەستەکانی تەشکیلاتی کرا کە چۆن پێشمەرگە ئاسا لە بیری پاراستنی گیانی ھاورێ پێشمەرگەکانیان دان و بۆ ئەو مەبەستە ھەموو مەترسییەک قەبووڵ دەکەن،یەکێک لەوانە: کاک خدر کووڕی حەسەنە سووری ژاژۆکەیە،کە ئەوکات دوو براشی پێشمەرگە بوون،داستانی کاک خدر ئەو رۆژە داستانێکی زۆر خەمناک و دڵتەزێنە.ئەو ئێوارە کاک خدر کە دەیەوێ ھەواڵ بۆ پێشمەرگەکان بێنێ،لە زینوێ گۆرانان دەکەوێتە نێو کەمینی ھێزەکانی رێژیم زوو لەو کاتە ناوەختە دا:لێی مەشکووک دەبن،دەکەوێتە بەر ئازارو ئەشکنجەی ھێزەکانی سووپای پاسداران و بە تایبەتی فەرماندەکەیان،بە جۆرێک ئەشکەنجەی دەکەن،کە:یەکێک لە ریخۆڵەکانی دەپسێ،بەو حاڵەش خۆی لە دەستیان رزگار دەکات و دوا ھەواڵ لە سەر ئەو ھێرشە گەورە بە پێشمەرگەکان دەدا.رۆژێک دواتر کە دەگەرێتەوە بۆ گووندەکەی خۆیان،بەر لەوەی سەردانی دووکتۆر بکات،گیانی لە دەست دەدات،لە گەڵ سڵاو بۆ رووحی… با وانەی گیانبازی لەو رۆڵە کوردانە فێر بین بۆ پاراستنی نیشتمان و سڵاو بنێرین بۆ رووحیان،کاک خدر بە لە بیر کراوی ماوەتەوە……
ھەر لەو مەڵبەندە رۆڵەکانی بوونە بەر بەستی گەورە لە بەر دەم پیلانەکانی دووژمن..پێش ئەو ھێرشە،ھێرشێکی گەورەی دووژمن بۆ سەر ناوچەکە تێک شکاوە،بە دەیان کەلاکی دوژمن لە دەشتی مارەغانی بەجێماون،حیزب لە رێگای ھیلالی ئەحمەرەوە داوا دەکات بێن کووژراوەکانیان ببنەوە.لەو شەرە دا:حاجی ئەکبەری فەرماندەری سووپای پاسداران و کووڕەکەی بوونە قووربانی سیاسەتی داگیرکارانەیان،بەڵێ:کورستان خۆراگری دەکات و بە خوێنی رۆڵەکانی بست بە بستی دەپارێزێ،لەو شەرە دا کە نموونەیەکە بۆ ئازایەتی خەڵکی کوردستان،نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ لاشەی دووژمن بە جێماوە.(نرخی داگیرکاریتان گەلێک گرانە بە پێوە دەمرین بەس سەر نەوی ناکەین.
دوژمن لە بیری قەرەبوو کردنەوەی شکستە گەورەکەی خۆی دایە.
دەوروبەری سەعات یەکی شەو یەکەم نیشانەکانی دەسپێکی ئەو شەرە نابەرامبەرە دەردەکەون،دوژمن بە ھێزێکی یەکجار زۆرەوە ھێرشەکانی دەست پێدەکات،بە زۆری تۆپباران دەستی پێکردووە.بە جۆرێک کە بە ھۆی ھەڵکەوتی ئەو شوێنە لە بەرامبەر “گردەسوور”بە تۆپی ١٠٦- و ھەموو جۆرەچەکێکی قوورس ئاور بارانی سەنگەری پێشمەرگەکان لە ھەر دووک شەرگە دەکەن،ھەم لە”قووڵەگوورگێ”کە دەستەکەی خاڵە ڕێبوار لەوێ سەنگەریان گرتووە،ھەم شاخی”قووچی”کە پۆلێک پێشمەرگەی ئازا بە فەرماندەری رەحمەتی مامۆستا مەلا برایمی دۆڵەگەرمی و کاک عەزیز حەمە دەروێشی و ھەروەھا رەحمەتی کاک خدری کوێخا ئەحمەدی لە سەنگەر دان.بە داخەوە ھێزی پشتیوان و یارمەتی دەر لە کاتی خۆی و بە وەخت بە فریایان ناگات،تەنیا دەستەی ٣ی سێ کە شەھید حەمەدەمین مەلا عەزیز سەردەستەیان دەبێ لە کۆتاییەکان دەگەنە لایان،لە گەڵ ھەوا رووناک بوون،بە شاھیدی ئەوانەی بەشداری ئەو شەرە بوون،بە سەدان کەس لە ھێزە دژی گەلییەکان،بەرەو سەنگەری پێشمەرگەکان لە پێشرەوی دا بوون.
شەرێکی سەنگەر بە سەنگەرو دەستەو یەخە دەست پێدەکات،پاڵەوانانی دێموکرات لە گەڵ ئەوەی پشتی شەڕگە ھی خۆیانەو دەتوانن پاشەکشە بکەن،بەڵام:ھەرگیز بیر لەو کارە ناکەنەوە،کەلاکی ھێزەکانی دوژمن مەیدانی شەری رەش ھەڵگێراوە،پاسدارەکان لە ژێر فشاری فەرماندەکانیان دا:کەلاکی کووژراوەکانیان دەکەنە سەنگەر و وەک بەربەست بۆ پاراستنی خۆیان بە کاری دێنن.شەرەکە زۆر نابەرابەرە ھەم لە نەزەر ھێزی ئینسانی و ھەم ئیمکاناتی شەر،تەنیا لە وەرو خۆراگری دا:لەو باوەڕ بۆ ئامانجی رزگاری و پیرۆزی کوردایەتی،ھیچ ھێزێک نییە وەک ھێزی پێشمەرگە گیان فیدا.
کێوی”قووچ” بە سەر چەندین گووندی ناوچەکە دا:دەڕوانێ،بەشی زۆری ئەو پێشمەرگانە خەڵکی ئەو گووندانەن،ھەر بۆیە سەرەرای پەرۆشی خەڵکی کوردستان بۆ ھێزی پێشمەرگە.ئەو رۆژە بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان کوورو ئازیزانی خۆیان دەبینن،کە چۆن و لە ژێر چ ئاوربارانێکی بێ ئەماندان.خەڵکی ناوچەکە بە پێی ئەزموون و قوورسی شەرەکە،ھەروھا:چڕە دووکەڵێک کە مەیدانی ئەو نەبەردییە گەورەی داگرتووە،ھەست بە پەرۆشی و نیگەرانی دەکەن و ئۆقرەیان لێ ھەڵدەگیرێ،لە ناو شاری شەردەشتیش کە شەرەکەی لێ نیزیکە و پەیتا پەیتا ئامبووڵانسەکان بە ئاژیرەوە لە ھات و چۆدان،گەواھین بۆ شەرێکی گەورەو بێ ئەمان،لە گەڵ درێژ بوونەوەی شەرەکەو بەردەوامی ھێرشەکان،بەرە بەرە فیشەکی کڵاشینکۆف و خەشابی ژ٣ کان و نارنجۆکی دەستی پێشمەرگەکان کە تەنیا کەرەسەی ئەو شەرەن بەرەو تەواو بوون دەچن.ئەوە لە حاڵێک دا:فەرماندەری رەحمەتی کاک مەلا برایم دۆڵەگەرمی یەکێک لە فەرماندە ئازاو خۆراگرەکانی حیزب بریندار دەبێ ،کە بە ھۆی بریندار بوونیەوە ناچار دەبن بۆ پشتی جەبھە رایگوێزن،کە لە سەر مەیدانی شەرەکە زۆر کاریگەری دەبێت.
کەچی خاڵ مەحمەد شێخە پوور پیری ناوسەنگەرو خاڵە رێبوارو عەزیز حەمە دروێشییەکان.بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە،کە چۆن بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەوە بگەرێنە دواوە،نا مردنی سەربەرزانە ھەزار فەخری ھەیە بە سەر مەیدان چۆڵ کردن دا:مەخابن…لە ھەر دووک شەڕگە دا:پێشمەرگەکان ھیوا بڕاو دەبن و ھەرچی لە بەردەستیانە تەواو دەبێ…( ئێمە منداڵ بووین باسی ئەو شەرە لە سەر زمانی ھەموو کەسێکی ناوچەکە بوو،باسی:خاڵ مەحمەد شێخە پوور و شەھیدەکانی دیکە دەکرا و خەڵک بە خەم و حسرەتەوە باسی رووداوەکانیان دەکرد،باسی ئەوە دەکرا:چۆن شەری دەستەویەخە دەستی پێکردووە،خاڵ مەحمەد بە ژ٣ی دەستی چۆن پەلاماری پاسدارەکانی داوەو لە کاتی تێکەڵاو بوون،ژ٣ ی دەستی تێدا شکاندوون…دەبێ خەونی ئەوانە چی بێ…دەبێ نیشتمان لای ئەوانە چی بێ…ئاوا ھەڵۆ ئاسا بۆی دەمرن.سەرەنجام:ئەو رۆژە پۆلێک پێشمەرگە پۆلێک پاسەوانی بەھا جوانەکانی نیشتمان بە سەربەرزی و بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەوە لەو پەری ئازایەتی دا:خوێنی سوورو گەشیان تاشە بەردەکانی کورستان دەنەخشێنی،دەوەنی خوێناوی سەنگەری سوور ھەڵگەراو بە خوێن،بەڵگەی ھەر مانی گەلێکن.
ھەواڵەکە زۆر دڵتەزێنە،لە ماوەیەکی کەم دا:بە تەواوی ناوچەی سەردەشت دا .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *