بەشی نۆیەمی گەرانەوە(٩)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی نۆیەمی گەرانەوە(٩)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
ئاخرەکەی کەوتمە داوی سەید قادر حوسێنی(شێخ قادری خۆمان) با بەو پێشەکییە دەست پێبکەم.
بیر دەکەمەوە لەو رۆژانەی ژیانی
پێشمەرگایەتی،کە لە دۆڵ و چیاکان لە کاتی پشوودان دا:

لە ژێر سێبەری دارێک کۆدەبووینەوە،بە گێرانەوەی بیرەوەری و یادکردنەوە لە ھاورێ و ھاوسەنگەرانی شەھید و ئەو رووداوانەی بە درێژایی گەران بە گووندەکانی کوردستان و سەردانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان روویان دەدا:ئێستا زۆر جار کە دەرفەتی بیرکردنەوە لە ئەو رۆژگارەم دەبێ،دوای چوونە فکرەوە دەڵێم:خوایە گیان مێژوو دووبارە دەبێتەوە،تەمەنی جوانی ئێمە دەگەرێتەوە،جارێکی دیکە وێستگەیەکی ژیان،وەک خۆی تەداحی دەکرێتەوە.ئاخر مەبەستمە:جارێکی دیکە میوانی ئەو خەڵکە میھرەبانە بین،میوانی سفرەی دڵی پڕلە ئەوین و خۆشەویستیان بین.
ئەگەر تەمەن رێگای دابا! دەبوومەوە میوانیان بە دڵ گوێم دەگرت بۆ قسەی دڵی ئەوان،ئەو خەڵکەی لەو پەری وەفاداری دا:باوەریان وابوو:ئێمە ھەموو شتەکان دەزانین.کاتێک بووخچەی دڵەکانیان دەکردەوە،بەو پەری متمانە ھەموو رازەکانی ژیانی رۆژانەی گووندیەکانی خۆیان دەگێرایەوە.
ئەھھا!ئێوە دەزانن لێرە کێ چۆتە پایەگا،فڵان کەس لە ناو شار لە گەڵ ئەو کەسە بیندراوە…!زۆر جار خۆیان لە ناوی کەسەکان دەپاراست!دەیانگوت:ئێوە لە ئێمە باشتر دەزانن پێویست ناکا ناوی بھێنین،کاتێک لە وەڵام دا دەمانگووت:ئێمە ئاگادار نین ئێوە ھاوکاریمان بکەن،کەچی سوور بوون لە سەر ئەوەی کە ئێمە ھەست و نستی گوندەکە دەزانین و خۆمان دەپارێزین لە ناو ھێنانی کەسەکان.
تابڵۆیەک لە بڕواو جوانی ئەو خەڵکە زەحمەتکێش و دڵسۆزە بۆ شۆرش و پێشمەرگەکانی خۆیان.
زۆر جار بنەماڵە ھەبووە بە چەندین رۆژ خواردنێکی تایبەتی پاراستوەو چاوەرێی پێشمەرگە بووە،تا ئارزووەکەی بێتە دی و لە سەر سفرەی دابنێ.
جا کە قەرار بێ ئارەزووەکەی من بێتە دی…قەرەبووی ھەموو ئەو کەمو کۆرییانە دەکەمەوە،دەڵێم:ئەوەی ئێستا دەیزانین و ھەرەدی لاوەتی نەمانزانی….،ئەگەر جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەم ھەبێ:دەزانم ئەرکی من چییە کاتێک میوانیان دەبم.
ئەگەر قەرار بێ قەڵەمە بە تواناکان بکەونە کارو وێنای ئەو دیمەنە جوانانە بکەن کە روویان داوە،ھەرگیز ئەو نووسینە تەواو نابێ و تابڵۆی جوانییەکانی ناوەستێ.
ھەوڵ دەدەم چەند بیرەوەرییەکی خۆشی ئەو رۆژگارە لە گەڵ ھاوسەنگەرانم بگێرمەوە،
ساڵی ١٣٧٢(ە)- ھاوینێکی خۆش و دڵگیرە ئێمەش جەنگەی کارو تێکۆشان و گەرانمانە بە ناوچەکانی سەردەشتی سەرسەوز دا:بنکەکانی دایمی ئێمە کەوتوونە سەر سنوورەکان و شوێنە ئەمنەکان،ھێزی گیارەنگ و کومیتە شارستانی سەردەشت،بەردەوام تیمیان ھەیە لە ناوچەی سەردەشت،ماوە ماوە پشوویەک دەدەین و دووبارە دەگەرێینەوە ناو خەڵک،مەوقعییەتی ئێمە لە گەڵ ھێزەکانی دیکەی حیزب جیاوازی زۆرە،ئەوان کە بەھار دەگەرانەوە دەبوا تا پاییزو سەرمای بێ ئەمان بمێننەوە،کەچی ئێمە شوێنی پشوومان ھەبوو،کە مقەرەکانی پشتی جەبھە بوون،زۆر جار کە دەگەراینەوە تا رێکخستنی جەولەیەک پێشمەرگەکان ئاراو قارایان لێ ھەڵدەگیراو حەجمین نەدەما.
ئەو جەولەیە ئێمە نزیکەی ٢٥-کەس تا ٣٠ ی کەسێک دەبووین.لە وانەی من لە یادم ماون.شەھید کاک حەمە نارستی،خدربەگ،حەسەن خۆشکەلام،مەحمەدی مام ئاغا،برایمی شێخی،کەماڵ شڵماشی،خالید پەردەدار،سەید قادر مەحمەد میراوەیی،مەحمەدە سوورە،عەلی سوورەچۆمی،لووقمان کەسرایی.غەفوور ریشی،شەھید قاسم رەحمانی.شەھید مەنسوور رەحیمی شاخەوان عەزیزی عوسمان زەردەکانی شەماڵ مەزرایی،غەفوور ساڵحی رەحمان وەردەیی و زۆری دیکە………کە بەشێکیان گەراونەوە بۆ ئێران و بەشێکیان لە یادم نەماون…
بە ھەرحاڵ…..
شەوەکەی رێگایەکی زۆر مان بڕی ھیلاک و ماندوو مەرزی ئێران و عێراقمان تێپەراند،لە مەیدانی مین و مەترسییەکانی کەمین تارادەیەکی زۆر دوور کەوتینەوە،پێشمەرگەکان زۆر ھیلاک ببوون،بێوچان رێگای ئەو شەوەمان دەبڕی،کات لە بەری بەیانی نزیک دەبۆوە،من و خالید پەردەدار سەرگەرمی چاوەدێری کردنی سەفی پێشمەرگەکان بووین،خدربەگ وەک ھەمیشە چاو ساخ بوو لە تیمی پێشرەو دا بوو لە گەڵ ھاورێیەکمان م – م، خالید پەردەدار لە ناوەراستی تیم بوو،من لە دواوە بە بێسیمەوە،بە بەردەوام لە گەڵ شەھید کاک حەمە نارستی لە پێوەندی دا بووم،لە کاتی پشوو داندا:دەبوا وریا بین نەکا یەکێک خەو بیباتەوە،کەمێکیش خاو بووین ماوەیەک بوو رێگای دوورمان نەبڕیبوو،راستی منیش زۆر ھیلاک ببووم،بەڵام:بەرپرسیارەتی لە کاتی ئاوادا:قوورسایی دەکات و دەبێ وریاترو لە سەر پێتر بی.
گەیشتینە نزیک گووندی(سپیدارێ) دەبوا بە ئارامی بڕۆین و کەس ھەست بە بوونی ئێمە نەکات،مانگە شەوێکی خۆش بوو ھەموو گیانمان شەڵاڵی ئارەقە بوو،لە گەڵ تۆزی رێگا تێکەڵاوی یەک دەبوون،کەس مافی دەرچوون لە سەفی نەبوو،ئێمە لەو نزیکانە دەماینەوە،شوێنی مانەوەمان نزیک شاخی سووراوی بوو،تازە دەگەراینەوە،دەبوا زیاتر وریا بین تا بەرەبەرە بە وەزعەكەو جووڵەی ھێزەکانی رێژیم شارەزا دەبینەوە.گەیشتینە نزیک ماڵەکانی گووندەکە،زۆر بە ھێواشی دەرۆیشتین….خەریک بوو سپیدارێ تێپەرێنین.
لە پڕ یەکێک خۆی وەدوا دا!تا گەیشتمە لای کە دوا کەس بووم،کە دەبینم سەید قادر،ئێمە برسی و تینووین دەرفەتی پشووی درێژمان نەبووە،سەید قادر سەری ھێنایە بن گوێم و گووتی:تۆ دەزانی کانییەکە ھەمیشە دۆی تێدایە!گووتم دەی جا!گووتی دەی لا دەدەین(دیارە:دەیزانی من بێسیمم پێیە!ئەگەر لە تیمەکەش جێ بمێنین،داوا دەکەم لە سەرمان راوەستن!) گووتم:سەید گیان شتی وا نابێ،ئەمن بۆ خۆم دەبێ بەر لە ھەمووان نەزمەکە بپارێزم،جا ئەگەر قەرار بێ من ئەو کارە بکەم..ئەدی چۆن چاوەروانیم ھەبێ پێشمەرگەکان نەزمەکە بپارێزن…نا شتی وا نابێ!یەخەی بەرنەدام!ھەرچەندی کردم..ئەو ھەر تەماحی وەبەرنام..دیارە ئێمە کەمێک دوور بووین لە کاینییەکە،سەید پێشتر گەیشتبۆ لای من بۆ ئەوەی بەرنامەکەی سەر بگرێ!دەستی بە پێدا ھەڵگووتن کرد…ئاوا ساردە کەس نازانێ..بۆ خۆت دەزانی خەڵکەکەی خەڵکی چاکە!ھەر چەند کردم سوودی نەبوو دڵی نەرم کردم…دەی باشە بەس زۆر وریا بین!؟ پێشمەرگەکان رەد بوون خۆمان بە کانییەکە دا کرد! راستی دەکرد دۆلکێکی سپی راکێشا زۆرم چاو لێنەکرد چاوم لە دەرێ دەکرد،لە پڕ دای بە من !گووتم:سەید خۆشە گوتی زۆر خۆشە..ھێند ماندوو وتینوو بووم.. جا لە کاتی ئاوادا دۆلکێک یا توونکە دۆیەکت دەست بکەوێ دەبێ چەند بە تام و چێژ بێ…سەید دای بە من و دەرپەڕی…ھەر وەرم گرت قوورگم پێوە نا!ھەر لە گەڵ یەکەم قووم یەکسەر چاوم تاریک بوون،دۆ نەبوو……….! شیرێکی گەرم گەرم بوو دەتگووت…قوورزەڵ قوورتە…شتی وام نەدیبوو!شانسی من بۆ لەو کانییە دا بوو!بۆ ھێندە گەرم بوو!نازانم؟ ھەر یەکسەر دۆلکەم لە دەست بەربۆوە،چاوم تاریک داھاتن و دڵم پڕ بوو…دوو سێ ھەنگاو نەرۆیشتم وێڵنجم ھاتن و( ئیستفراقم) کرد…کەمێک وەستام!سەید لەو لا پێدەکەنی و زاری خۆی گرتبوو،وەزع خراب بوو لە تیمی پێشمەرگەکان بە جێماین،سەیدم لابوو تازە ھیچ نەدەکرا!بۆ خۆی یەکەم قوومی کە خواردبۆوە کە زانیبووی ئەو زەھری مارەیە یەکسەر دایە دەستی من و پێی نەگووتم!؟بە پەلە بێسیمم بۆ شەھید کاک حەمە نارستی کرد،گووتم راوەستن بە جێماوم!گووتی بۆ !:لە وەڵام دا گووتم:نەخۆشم و دڵم پڕە سەرم دەسووڕێ،گووتی:ئەوە زۆر ماندوو بوویی،ئەوان وەستان و چەند کەسێک بە دواماندا گەرانەوە،ئێمەش ناوێرین ئەو داستانە بۆ کەسیان بگێرینەوە،کۆڵە پشتییەکەم زۆر قوورس بوو،یەکێک دەیگووت:رەختەکەت بدە بە من یەکێک دەیگووت:کۆڵەپشتییەکەت..من دەمگووت:نا با سەید قادر ھەڵیان گرێ!لە دواوە لە گەڵ خۆمە ھەر چەند فشاریان ھێنا سوودی نەبوو!
دەبوا کەمێک تێی ھەڵێنمەوە…! ھەموو شتەکانم دانە سەید قادر..رەختەکەم و تفەنگەکەم کۆڵەپشتیم دا بە سەید..ئەویش متەقی نەدەکرد!دەیزانی چ کارەساتێکی ئەنجام داوە!تەنیا بێسیمەکەم بە دەستەوە بوو،شووکر بۆ خوا رێگای ھەوراز دەستی پێدەکردو دەبوا دە بناری ھەڵبین….خوولاسە تا شوێنی مانەوە ھەموو شتەکانم پێ ھەڵگرت،جار جار دەیگووت:چۆنی دەمگووت:باشم !جارێ ھەڵگرە!،بابە ماندووم پشتم شکا!نا سەید گیان جارێ ماوییەتی؟ئەویش نەیدەوێرا ھیچ بڵێ.راستی وەزعم ھیچ باش نەبوو.بەرەبەرە گەیشتینە شوێنی مانەوەو خەوتین.بەیانی دەیانگووت:چۆنی باش بوویی دەمگووت باشم!وا دیارە شەوێ زۆر ماندوو بووم.تا ماوەیەکی زۆر نامانوێرا ھیچ باس بکەین……..
جا دیارە پەندم ھەر وەرنەگرت و چەند جارێکی دیکەش لە داوی سەید کەڵەکی کەوتمەوە کە لە داھاتوو دا باسی دەکەم
لە کۆتایی دا خۆشەویستم بۆ کووڕانی ئەو رۆژگارە،سڵاو بۆ رووحی شەھیدەکان و لە سەرەوەی ھەموویان کاک حەمە نارستی فەرماندەمان پشت و پەناو ھێزی ئەو رۆژگارەمان
چاوی ئەوانەش ماچ دەکەم کە بە شداری ئەو جەولە بوون،،زۆرێکیش ناوەکانیان لە یادم نەماوە….تا بیرەوەرییەکی تر ماڵ ئاوا
…………………………………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *