به‌ شی دەھەمی گەرانەوەگەرانەوە(١٠)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

به‌ شی دەھەمی گەرانەوەگەرانەوە(١٠)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
کاک لووقمان کەسرایی
تەمەن دەڕوا !وەک گووڵ و خوونچە دەژاکێ،وێستگەیەک دێ پەیامی مەرگ دێنێ.بە مەرگ بڵێن:با بێ.بە درێژایی وەرزو ساڵ.پێی بڵێن:ھەن بە پێوە دەمرن دانامێنن بۆ ژیان.کێن ئەوان؟ئەوان نەوەی گەلێکی چیایین لە بنارەکانی زاگرۆس،بۆ ژیان دابەزیون بۆ پێدەشتەکان مردنیشیان لە پێناو ژیانە.سوارو پیادەن.لە پێدەشت و بناری چیا بۆیان بگەرێن.

لە ئەشکەوت و چۆڵەوانییەکان لە لێڕەوارەکان،بڕۆنە لووتکەی شاخ،تا ھەست بە بوونیان بکەن ھەموو بەیانییەک کە لە خەو ھەستان لە قەراخ ئاوایی چاوێک بە رێگاکان دا بگێرن،شوێن پێی ئەوان جیاوازە بە ئەسپایی تێدەپەڕن،بێ ھەست و جووڵە ئەوان ئازاری خاک نادەن و ھەست بە ئازاری ئەو خاکە دەکەن.بۆنی ئەوان جیاوازە! بزانن بۆنی نانی رەقی ناو کۆڵەپشتی نایە.بۆنی ئارەقەی رێگایەکی دوور،چاو بۆ شوێن پێی ئادیداسێک بگێرن.بزانن لەو نزیکانە وچانیان نەداوە ماندوویەتی رێگایان نەشکاندوە……….
بیرەوەرییەکان بەردەوامن،ئەو جار روو لە دەڤەری کووردایەتی و مێژووەکەی دەکەین.سەرێک لە قەڵا و دەڤەری بەربەرەکانی دەدەین،مەکۆی شۆرەسوارانی دێموکرات لە نێوان دوو ئەرتەشی داگیرکەری ئێران و ئێراق و دوو قۆناخ لە شۆڕش،ئەو جار دەڤەری(سوونێ و ناوزەنگ)لانکی شۆرش و دەڤەرێک بۆ(مقاومت)بۆ نووسینەوەی مێژوو بۆ دوو پارچەی کوردستان بە سەر دەکەینەوە،بۆ ئەوانەی شاخیان ھەڵبژارد و دڕیان بە شەوەزەنگی ستەم و داگیرکاری دا.ئەوانەی بە ھیواوە کۆلێژو زانکۆکانیان جێھێشت.
وەرن ھاورێ و ھاودەممان بن بۆ گەرانەوە بۆ رۆژگاری یاخی بوون.
بۆ ئەو دەڤەرەی شۆرشگێرانی لە باوەش گرت،ھەر لەوێ پێگەیشتن و بوون بە ترووسکەی ھیوا.ئەو ناوچەی خاڵی بە یەک گەیشتنی ھەموو ئازادیخوازانی گەلی چەوساوەی کورد بوو لە ھەموو بەشەکانی ،ئەو شوێنەی تێکۆشەران و سەرکردەکانی وەک:قاسملوو،نەوشیروان و مام جەلال و مەحموود عووسمان و رەسوڵ مامەند و مەلا حەسەن شیوەسەڵی و عەزیز مەحمەد و بە دەیان تێکۆشەری دیکەی لە باوەش گرت و داڵدەی دان.
لەو جێگایەی تێکۆشەری وەک نەوشیروان لە بەرەدم فانۆسێک بە خوێندنەوەی کتێب، نووسین لە سەر دۆزی رەوای گەلی کورد شەوگاری بە رۆژ دەکردەوە.
ئەو جار وەرن با بزانین لێرە چۆن دەستەکان دەخرێنە ناویەک و بناخەی ھاوکاری و ھاوپێوەندی نەتەوەیی درووست دەکەن…..
ئەمجار……………………………
لە قۆناخێکی دیکەی شۆرشی نوێی گەلی کورد دا:وەرن با بەیەکەوە لاپەڕە تۆز لە سەر نیشتوەکانی شۆرشێ نوێ ھەڵبدەینەوە،ئاوڕێک لە کاراکتەرەکانی بدەینەوە.بزانین خووڵقێنەرانی ئەو مێژووە کێ بوون،دوای شۆرشی ٥٧ ی گەلانی ئێران و دزینی دەستکەوتەکانی و ناکام مانەوەی شۆڕش…کێ بوون بەرنگاری پەلامارو تەحدای داگیرکەران بوونەوە.ئێوە نەوەی دوای ئاوارەکان و شەریفزادەکان و مووعینیەکانن.
ئێرە مەڵبەندی شۆرەسوارانی ناوچەی سەردەشتی سەرسەوزە.ئەوان ھەڵگری گوورو تین و ھەتوانی لانک و گیارەنگن.گۆشکراوی بووڵفەت و ھۆمل و دم چۆمی کەڵوێن.ئەو دەڤەرە رۆڵەکانی لە ھەناوی خۆی دا پەروەردە کرد و پۆل پۆل رەوانەی مەیدانی کووردایەتی کردن.لێرە دیرۆک ھاوار دەکات،دەڵێ:ئێمە ھێزی بە ھێزی مووعینی و گیارەنگین.دەست لە ناو دەستی مینەشەمەکانین و بە یەکەوە زمزیران و گیارەنگین،بڕبڕەی پشتی دێموکراتین،ئێرە دەروازەی شۆرشێکی گەورەیە ھێزی جووڵەی گەلێکە.. ئێرە…
(ئێرە سوونێ) یە………………………..
دوای ھێرشە بەربڵاوەکانی رێژیم لە ناوچەی سەردەشت،ھێزەکانی حیزب بە دوای بەربەرەکانییەکی کەم وێنە،بە درێژایی سنوورەکانی ناوچەکە لە سەر مەرزی کوردستانی باشوور و سەردەشت بڵاو بوونەوە،(لکی٣)ێی ھێزەکانی مووعینی و رێکخراوی باژار لە (باوزێی) کوردستانی باشوور و دەستەکانی تری لکی سێ و رێکخراوی ئالان لە (باساوەیی)نزیک دۆڵی سەفەرە جێگیر بوون.سەرەتای ساڵی ٦٤-بە ھۆی فشاری ھێزەکانی عێراق لک و دەستەکان و تەواوی ماڵە ئاوارەکان لە باوزێوە راگوێزران بۆ گەڵاڵێ و لە گەڵ دەستەکانی جێگیر لە باساوێ یەکیان گرتەوە.چەند مانگێکی زیاتر نەخایاند دووبارە ھەموو ھێزەکان لە ساڵی ٦٤ بە بڕیاری حیزب بەرەو ئەرکانی ھێزو
کومیتەی شارستان لە سوونێ و بێدەلان راگوێزران.دوا جار ھەموو ھێزەکانی مووعینی و کومیتە شارستانی سەردەشت،لە ناوچەکە جێگیر کران.
لێرەوە مێژوویەک دەگێرینەوە دەچینەوە ئەو رۆژگارەو دەیان داستان و نەبەردی گەورە بەیەکەوە یاد دەکەینەوە.باس لە ژیان و خۆزگەو ئاواتەکانی ئەوان دەکەین.لێرە مێژووی پارتیزانانی وەک قادر مەمۆ.عەلی باساوەیی،خالید نێوچوانی،عووسمان ئەحمەدی رەحیم قارنجی وحەسەن چاپەزو ساڵح قەلەرەشی و قادر میراوەیی قاسم رەحمانی و لاوی خوێن گەرمی وەک شەھید مەنسوور و دەیان تێکۆشەری دیکە بە یەکەوە دەگێرینەوە.
ئێستا دوای ئەو باسە
مەوقعییەتی (جووگرافی)و ھەڵکەوتی ناوچەکە.
سوونێ کەوتۆتە نێوان سنوورەکانی شاری سەردەشت و قەڵادزێی کوردستانی باشوور لە سەر رشتە کێوەکانی زاگرۆس و کۆتا زنجیرە کێوەکانی قەندیل،لە نێوان دوو چیای مامەندە و جاسووسان ھەڵکەوتووە.بە مەزەندە دەکرێ بڵێین:سوونێ دە کیلۆمیتری چوار گۆشەی پێک ھێناوە.ئەو ناوچە بە ھۆی چۆمی قاسمەرەشەوە دەبێتە دووبەش،ناوچەکە بە ھۆی ئەستەم بوونی لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو دا:ناوەندی شۆرشەکانی کورد بووە.بە ھۆی گرژییەکان لە ناوچەکە دا زۆربەی گووندەکان چۆڵ کرابوون،یا گووندی وا ھەبوو تەنیا سێ چوار ماڵی تێدا بوو.کە لە گەڵ سەختییەکانی ژیان راھاتبوون.لە رۆژھەڵاتی سوونێ کە دەکاتە:ناوزەنگ و ناوبانگەکەی بە ھۆی بوونی سەرکردایەتییەکانی شۆرشی کورد،لە مێژوو دا:پێگەیەکی تایبەتی ھەیە.لە نێوان سوونێ و ناوەزەنگ و نزیکتر لە ناوزەنگ گووندی( شێنیێ)ھەیە.کە بە خۆراگری و مانەوەیان لە شوێنی خۆیان ناوبانگێکی گەورەو پشتیوانێکی لە شکاننەھاتووی شۆرشی کورد بوون،بە تایبەت لە باشوور.شەری مامەندە یەکێک لە شەرە بە ناوبانگەکانی ناوچەکەیە،کە بە جۆرێک رێژیمی ئەو کاتی دەرس دا:کە بە زەحمەت جوورئەتی ئەوەیان کرد جارێکی دیکە،خۆیان لە ناوچەکە بدەنەوە.لە ناوچەی سوونێ:لە بەرقسڵ و پردە بەردین و گەڵوەرەز و ھەروەھا لە بێدەلان و زێوکە چەند ماڵێک ھەبوون.باقی گووندەکانی دیکە چۆڵ کرابوون.لە بەشی ئێران لە نێوانی سوونێ و خوارتر لە شێنیێ لە بەشی رۆژھەڵاتی کوردستان گووندی گۆرەشێر ھەڵکەوتبوو.کە بەردەوام شوێنی داڵدەدان و پەناو پشتیوانمان بوو.دوای ئەو بیر خستنەوانە کە دڵنیام بێ کەموکۆڕی نییە.دەگەینە باسێکی دیکە کە ئەوە تەنیا قسەی ئێمە نییە،بەڵکوو:ئیعترافی خەلکی کوردستانە،ئەویش بوونی خەڵک لەو ناوچانە و بوونی بە ناوچەیەکی گەورەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی کالا و بازارچەی گەورە.خەڵک زۆر جار دەیانگووت:حیزبی دێموکرات لە ھەر جێگایەک بێ قووتی خەڵک لەوێیە،بازارچەی قاسمەرەش بە دڵنیایی یەکێک لە بازارە رەشەکانی گەورەی دنیا بوو نەک ھەر ئێران،بە ھەزاران کالا لەو بازارانە ئاڵوگۆر دەکرا.دواتر بازاری پووشکاوێ ھەبوو کە ئەویش خەڵکێکی زۆر تێیدا لە ھاتووچۆ دا بوون،ھەروەھا بازاری بێدەلان،بازاری سوونێ و سوێسنێ و ھاتووچۆی بە ھەزاران کاروانچی بۆ ئەو بازارانە و گۆرینەوەی کالا،لە ھەمان کاتدا:گەورەترین سەرچاوەی ئابووری بۆ حیزب و ھێزەکانی دیکەو،پێویستییەکانی سەدان پێشمەرگە.
لە بەشی داھاتوودا:دەگەینە سەر ژیانی خۆمان و چالاکییەکانمان و گەرانەوەکانمان بۆ ناوچە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *