بەشی دوازدەھەمی گەرانەوە(١٢) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی دوازدەھەمی گەرانەوە(١٢)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
(دایکم بە سەختی بریندار بوو).
جارێکی دیکە دەگەرێینەوەو باوەش بە خاک دا دەکەینەوە،ئاوڕ لە مێژووی رۆژانی پێشمەرگایەتیمان دەدەینەوە.دەست لە ناو دەستی یەک بەڵێنی شەرەف زیندوو دەکەینەوە.دەبینەوە ھێزو پاڵپشتی ئێوە بە گژ قەڵای ستەم و داگیرکاری دادەچینەوە ،
، ئێمە ھەر ئەو رۆڵە بە جەرگ و گیانبازانەی ئێوەین کە بێ ترس لە مەرگ و دوور لە خۆشییەکانی ژیان، دەست لە ملانی سەختی و ئازار بووین بۆ ئاسوودەیی ئێوە.
دوای سازماندھی نەقڵ و گواستنەوەی بەرپرس و پێشمەرگەکان بۆ شوێنی تازەیان دەستی پێکرد،کە من بەر سوونێ کەوتم.ئەوە سەرەتای گۆڕانێکی گەورەیە لە ژیانی ئێمە دا بوو لە لایەک لە ماڵی خۆمان نزیک بوومەوە لە لایەکی دیکەشەوە بوومە ھاو دیو لە گەڵ دوو کەس کە دەوری زۆریان بینی لە داھاتووی من دا:کاک (ناسر ئازەری) کاک(رەحمان ئیبراھیم زادە)شۆکە. لە نزیک مقەری خۆمان و دەقیق بە ئاراستەی دەرچوون لە رێگای سوونێ بەرەو کوونەمارێ دیوەکەی ئێمە بوو،ھەر لە ژوورەوەش لە دیوارەکەی دا (کوونەتەیارەمان) لێدابوو،کە لە کاتی تۆپ بارانەکان دا دەچووینە ناوی.لە دیوەکە دا کتێبخانەیەک ھەبوو کە بەردەوام گەورەتر و دەوڵەمەند تر دەکرا،تا ئەو کاتە دۆستی کتێب و خۆێندنەوە نەبووم و لێرە بە دواوە بە پێی بەرنامەی ئەو دوو ھاورێیەم دەبوا بخوێنمەوە،لەوەش زیاتر دوای متاڵعەو خوێندنەوەی کتێبەکە دەبوا ئەوەی فێری بووین باسی بکەین،ئەوە بۆ من سەخت و دشوار بوو،کەچی:ھانیان دەدام و پاڵپشتم بوون بۆ ھەوڵ دان و خۆ ماندوو کردن.کاک ناسر ئازەری خەڵکی شاری سەردەشت و لە پێشمەرگەکانی سەرتای شۆرشی ٥٧ بوو،لە سازماندەھی دا وەک جێگری پەل دیاری کرابوو،کوورێکی زیرەک و تا بڵێی ئازاو بوێر بوو ھەر شەرێک ناسر لە گەڵ با ناوبانگێکی بۆ خۆی و حیزبەکەی جێدەھێشت،ئەو ھەموو پردەکانی پشت سەری خۆی رووخاندبوو،چەند مەئموورییەتێکی شەخسی و تایبەتی بۆ حیزب جێبەجێ کردبوو،گەرابۆوە ناوشار بۆ بە جێگەیاندنی مەئموورییەتێکی حیزبی و ئەو کارەی لە گەڵ خزمێکی خۆی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا بوو،کە بوو بە ھۆی کووشتنی دەیان پاسدارو فەرماندەکەیان بە ناوی مووسەوی،کە لە باسەکانی پێشوو دا باسم کرد ئەو مووسەوی یە کە فەرماندەری سووپای پاسداران بوو منی لە گووندەکەی خۆم دەرکرد.کە باسی ناسر دەکەم تەزوو بە ھەموو گیانم دا دێت،چۆن باس کردنی کاک ناسرو تایبەتمەندییەکانی کارێکی قوورس و سەختە بۆ من،با ئەوەش بڵێم:دەمێک بوو ئەوم دەناسی،بەس بەھیچ ھەڵسەنگاندنێک ناسری رابردوو نەبوو،ئەو شتانەی باسی دەکردن بە کردەوە ھەوڵی بۆ دەدان،ببوو بە نموونەی نەزم و دیسپلینێکی جوان.
کاک ناسر دەیگوت:عەلی بخوێنەوە من بڕیاری خۆم داوە دەبێ ببم بە کادرێکی باش و بە سوود بۆ حیزب،تۆ چاو لێ بکە دوای ئەو ھەمووە فیداکاری و پێشمەرگایەتی زۆر جار ھەقم دەخوورێ یا کارێک دەکەم کە نابێ بکرێ و لە رووی سادەیی خۆم ئەنجامی دەدەم و سوودەکەی دەچێتە گیرفانی کەسانی دیکەوە.ئەو کوورە ئازاو پێشمەرگە پڕ لە ھیوایە بۆ رزگاری گەلەکەی،پاییزی ٦٦ لە کاتی دەست بە سەر داگرتنی پایەگای( گوێزیلێ)لە نزیک شارە دێی میراوێی سەردەشت شەھید بوو،لە کاتێک دا کە یەکەم کەس دەبێ دەچێتە ناو پایەگا.من لێرەدا بە ھۆی چەند ھۆکارێکی تایبەت ناچمە سەر چۆنییەتی شەھید بوونەکەی!چۆن قسەی زۆری ھەڵگرت و بۆ مێژوو بە جێی دەھێڵم.من یەکێک لە پشتیوانە راستەقینەکانی خۆم لە دەست دا و وەک برینێکی پڕ لە ئازار ناتوانم لە بیری بکەم.(لێرەدا..با ئەوە بڵێم: بە شاھیدی کاک رەحمان شۆکە چەند جارێک دەیگووت: ئەگەر بگەرێمەوە ناوچە چەند رەفیقێک ھەن پێم باشە لە گەڵ ئەوان بم کە ھۆکارەکەی روون بوو و دەیزانی کێشەیەک ھەیە ) یادت بە خێرو رووحت شاد و تا ئەبەد لە بیر ناچییەوە.بەڵام کاک رەحمان، کاک رەحمان کادری تەشکیلاتی و پێشمەرگەی سەرەتاکانی شۆرش بوو،زانیارییەکانی و ناتق بوونی لە سەرەوەی چاوەروانییەکان بوون،لە باری سەوادەوە لە حەددی خوێندن و نووسین دا بوو کەچی لە ئاستی تێگەیشتن و شارەزایی یەکێک لە کادرە دیارەکان بوو،بەردەوام خەڵکی کۆدەکردەوەو قسەی بۆ دەکردن.زۆر ئەھلی خوێندنەوە بوو.بە جیا لە ھاورێیەتی بەردەوام ھانی دەدام بۆ خوێندنەوە.لەوەش زیاتر باوکم زۆری خۆشدەویست،کە دوایی بوو بە فەرماندەری لک زۆر ئاگاداری ماڵی ئێمە بوو،دواتریش بۆ ھەموو قۆناخەکانی ژیان وەک کەسی نزیکم لە گەڵ براژنە خوونچەی ھاوسەری پشتیوانی رۆژانی تەنگانەم بوون.بنەماڵەی کاک رەحمان لە سووئیس دەژین و ئێستاش لە یەکتر نزیکین وەک جیرانەتی.کاک رەحمان برایەکیشی بە ناوی (رەئووف ئیبراھیم زادە) شۆکە،شەھید بووە.
ئەو ماوە لە سوونێ بە ھۆی تۆپ بارانەکان ژیانی ئێمە زۆر سەخت ببوو،بازارێک لە پشت مقەرەکانی ئێمە ھەبوو کە چەند دووکانێک بوو،بەڵام:باری زۆری بۆ دەھات،وەک،کشمش و مەغزی پستە و زۆر کالای دیکە،رۆژێکیان وێرای بنکەکانی ئێمە کەوتە بەر تۆپ بارانێکی سەخت،تۆپی لە ناوەراستی بارەکان داو پستە بڵاو بوونەوە چەندین رۆژی پێ چوو بوو ھەر تەواو نەدەبوون،ئێمە دەچووین گیرفانەکانمان پڕ دەکردن و دەگەراینەوە
ھەر لە درێژەی ئەو رووداوە ناخۆشانە دا لە بەرامبەر مقەرەکانی ئێمە لە لکی٢- لە سەر جادەکەی بەرامبەرمان چەند کاروانچی و مەعامەلە چییەک کەوتنە بەر تۆپ باران و نەیانتوانی خۆیان دەرباز بکەن،نەفەرێک کووژرا بە بەرچاوی ئێمەوە وا بزانم خەڵکی کوونەمشکێ بوو،وەڵاخیش بەرکەوتن دیمەنی کەوتنەکەی لە بەرچاوم ماوە،لە جەنگەی تۆپ بارانەکە دا کە ھێشتا دڵنیا نەبووین کە شەھید بووە یا ماوە،پێشمەرگەیەکمان بە ناوی(نەبەزە شەل)کە خەڵکی کۆدەڵێ بوو خۆی گەیاندێ و جوابی کەسی نەدایەوە،گووتی:بێکەسە نابێ تا تۆپ باران تەواو دەبێ لەو شوێنە بکەوێ،لە ژێر ئەو ئاگرە تووندە دا کە چڕە دووکەڵ و تۆز ھەڵدەستا چوو ھێنای بۆ ناو دۆڵەکە،کە بەداخەوە تازە گیانی لە دەست دابوو و رزگار نەدەکرا.دواتر چۆوە تەلیسێکی گەورەی ھێنا کە لە پەنای بە جێمابوو،کە ھێنای و کردمانەوە پڕ لە پارە بوو کە بە کۆڵی دا دا بوو.دواتر ھەم جەنازەکەو ھەم پووڵەکە درانەوە بە کەس و کارەکەی.ئەوەم ھەر وەک نموونەیەکی خۆ بەخشی پێشمەرگە باس کرد.
پاییزی ساڵی ١٣٦٦ بوو،فەزای پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی پێشمەرگەو خەڵک لەو ناوچە ئەوەندە جوان و ئومێد بەخشە وەسف کردنی زۆر زەحمەتە،سەرەرای فشارەکانی ئێران و ئێراق لەو ناوچە بەو پانتاییەوە کە پێشتر باسم کرد،کەچی:ھێزو باوەڕ بە رزگاری بەردەوام لە گەشە دایەو ھەموو جووڵەو دیمەنەکانی ئەو ژیانە دەرخەری ئەو راستییە بوون.چەند بنەماڵەیەکی کەم لە گەڵ دەیان کادرو پێشمەرگە لەو پەڕی باوەڕو بە خۆشەویستییەوە دەرواننە داھاتووی خۆیان ئەوان ئەو فیداکارییانە دەکەنە فەرھەنگ و وەک کەلتووری مانەوەی بە سەربەرزی بۆ مێژووی بە جێدەھێڵن تا نەوەکانی دوای خۆیان کەلتووری(مقاومت)و بەربەرەکانی فێر بن و ئەو رێبازە ون نەکەن لە ئەگەری درێژ بوونەوەی خەونی رزگاری.
مقەرەکانی پێشمەرگە وێنەیەکی جوانن بۆ ژیانێکی سادە بەڵام:پڕ لە ھیواو جوانی.
رۆژێکی جوانی پاییزییە،نم نم باران دەبارێ ھەوایەکی تێکەڵاو لە تەزوویەکی ساردە،تۆپ بارانەکان میوانی ھەمیشەییمان وەستانیان نییە.رۆژەکەی لە کوونەمارێ بووم لە پڕ بێسیمیان بۆ کردم و ئاگادار کرام بە پەلە بڕۆم بۆ گەڵوەرەزێ!ئەی ھاوار!ھەر زوو تەزوویەک بە گیانم داھات!چۆن ئەو کاتە کەوتنی تۆپەکان،واتە: تەقینەوەیان لە دەورووبەری ماڵی ئێمە دیار بوو!چی رووی داوە؟وازم نەھێنا تا پێیان گووتم:تۆپێک بەر ماڵی ئێوە كەوتوەو دایکت بریندارە….. تا تۆ دێی دەیگەیەنینە بنکەی ھێز لە سوونێ دەرمان دەکرێ و بە پەلە دەبێ بگاتە نەخۆشخانە.ھەموو گیانم لە رزی و ھێزی ئەژنۆم شل بوو..بە پەلە وەرێکەوتم بۆ سوونێ….
لە بەشی داھاتوو دا چاوەروانی دوا رووداوەکان بن…………………….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *