لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی پێنجەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
پاش پانسمانێکی سەرەتایی، لەو شوێنەڕا ڕا بەرەو گوندێکی دیکە، کە زۆر لەوێ دوور نەبوو وەڕێکەوتین. هاتنمان بۆ ئەو گوندەی دیکە لەبەر چیبوو نازانم، بەڵام ئەوەندەی دەزانم ڕێگاکەمان بڕێک دوور کەوتبۆوە. لەوێ لە مالێک حەساینەوە و بڕێک خواردنیان بۆ من هێنا، بەڵام دوای ئەو هەموو تینوێتیە، هێشتا گەروم هەر ئیشک بوو و توانای خواردنم بە چاکی نەبوو. ماستاوە شیرنەکەش بە نۆرەی خۆی ئیشتیهای نەهێشتبووم. من ئەو کات تەمەنم ۱۸ ساڵ بوو و لە چاوی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەوە منداڵکار بووم و جێگای بەزەیی پێداهاتنەوە. ئەوە بە تایبەتی لە ڕوخسار و هەڵس و کەوتی ژنەکانی بنەماڵە ڕا وادەخوێندرایەوە. من بریندار بووم و برینەکەشم سوک بوو بەڵام هەموومان خۆزگەمان دەخواست، شەهید شابازیش هەر ئاوا برینداربایە، نەک شەهید. کەسی بریندار هەرچەند برینەکەشی قورس بێت چاک دەبێتەوە و هیوایەکی بۆ ژیان هەیە، بەڵام شەهید تازە بە جەستە لە نێومان دەڕوات.
پاش ماوەیەکی کورت لەوێڕا وەڕێکەوتین، هێشتا ڕێگایەکی دوورمان لە پێش بوو و مەترسی لە کەمین کەوتن هەر مابوو، تا بگەینە شوێنی حەسانەوە. لە پێشدا نەمدەزانی بەرەو کوێ دەڕۆیین، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بەرەو کوێستانی باژاڕ دەڕۆیین و لە ڕاستیشدا هەر ئەوێمان هەبوو، کە بتوانین تەرمی شەهید شابازی لێ بنێژرێت.
ڕۆژی ۱۷/۳/۱۳۶۴ لە باژاڕ مابووینەوە تا پێشمەرگەکان پشوویەک بدەن و تەرمی شەهید شابازیش بە خاک بسپیردرێ، پەیتا پەیتا هەواڵی هێرشی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر باژاڕ دەهات. ڕێژیم هێزێکی زۆری بەرەو شوێنی عەمەلیاتی ڕۆژی پێشتر ڕەوانە کردبوو. دەوری گوندەکانی گرتبوو و زۆریان هەڕەشە لە خەڵک کردبوو. لەو نێوەدا قوڵەسوێرو زیاتر لە هەموو گوندەکانی دیکە لە ژێر هەڕەشە دابوو. سەرەڕای شەهیدکردنی دوو کەس و بریندارکردنی دووی دیکە، کە یەکیان منداڵیش بوو، هێشتا فەرماندە شێتە هەر هەڕەشەی تۆڵەی زیاتری دەکرد.
لە گوندەکانی شوێنی عەمەلیاتی ڕۆژی ڕابردووش ڕا هەواڵی پچڕ پچڕ بە کادرەکانی تەشکیلاتی و فەرماندەکان دەگەیشت. هەواڵەکان باسیان لە کەشێکی تەواو نیزامی بە سەر ئەوگوندانە، بە تایبەت قوڵەسوێرودا دەکرد. لە قوڵەسوێرو ڕا هیچکەس نەیتوانیبوو بێتە دەر یان بچێتە ناوەوە. کۆستی شەهیدکرانی دوو کەس لە دڵسۆزترین کەسەکانی نەک تەنیا قوڵەسوێرو، بەڵکو ناوچەکەش هێندە گران بوو، کە تەنیا کوردی ئازارچێشتو دەتوانێ خۆی لە بەردا ڕاگرێ و نەچەمێت. خەمی لە دەستدانی ئەو دوو کەسە لە لایەک و پێشگرتن بە بەشداری خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر و ناسیاوانی دیکەیان، قورسایی خەمەکەی زیاتر کردبوو. ئەوان پێویست بوو لە ڕۆژێکی وادا لە پەنای کەسو کاری ئەو شەهیدانە بن و تۆزێک لە خەمەکانیان کەم بکەنەوە، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم دەرفەتیان نەدەدان. تەنانەت خەڵکی گوندی قوڵەسوێرویش، کە لە شاری سەردەشت دەژیان ڕێگایان پێ نەدرا لە کاتێکی وەها ئاستەمدا لە لای کەس و کارەکەیان بن.
——–
بۆ ئامادەبوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک دەبووایە شەهیدەکە بە خاک بسپێردرێ و بریندارەکە دوور بخرێتەوە. بە هۆی بوونی مۆڵگەی هێزەکانی ئێراق بەرامبەر ڕێی هاتووچۆی پێشمەرگە و گەیاندنی بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە تێ پەڕین بەو نێوەدا بە ڕۆژ ئاستەم بوو. دەبووایە تا تاریکایی شەو چاوەڕوان بن. ڕۆژ هێدی هێدی بەرەو ئاوابوون دەچوو کە تیمێکی پێشمەرگە لە نێو ئەواندا کادرێکی دەرمانی: (ر.ئ). دیاری کرابوون تا من بگەیەننە نەخۆشخانە.
لە گەڵ تاریک داهاتنی هەوا وەڕێکەوتین و من بە سواری و ئەوانی دیکە بە پئیان ڕێگایەکی دوور و مەترسیدارمان لەبەر دەم بوو بیبڕین. ڕێگاکە جگە لە بوونی مۆڵگەکانی ئەرتەشی ئێراق مەیدانێکی بە مین چێندراویش بوو. دەکرا بڵێین هەر ئەو ڕێگایە بوو، کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر پێیدا چووبووینە ناوچە.
بە دوای ڕێککەوتنامەی شومی ۶ی ئازاری ساڵی ۱۹۷۵ی ئەلجەزایر لە نێوان ئێران و ئێراقدا، ئەو دوو وڵاتە بڕیاریان دابوو سنوری نێوانیان تا قوڵایی ۲۰ کیلۆمیتر لە ئاوەدانی چۆل بکەن. تا بەمجۆرە پئش بە هاتووچۆی هێزە کوردییەکان لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بگرن و بە خەیاڵی ئەوەی پشتی جبهەیەک بۆ شۆڕشگێڕانی ئەوان نەهێڵنەوە. ئێراق زۆر لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانەدا بە پەلە بوو. تا کۆتاییەکانی ۱۹۷۸ هەموو گوندەکانی سەر سنوری تا قوڵایی ۲۰ کیلۆمیتر خاپوور کرد و خەڵکەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملیەکان ڕاگواست و لەو ساڵە بەدواوە هەموو ئەو ناوچەیە لە دیوی باشور بە ناوچەی “محرمە” واتە قەدەغەکراو ئەژمار کرابوو. هەر کەسێک لەو ناوچانە دیترابایە بێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوخت دەکەوتە بە دەستڕێژی هێزەکانی حکومەتی ئێراق. وەک کەسێک کە لە نزیک سنوری نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتدا ژیاوم زۆرجار دیتوومە کە تەنانەت بە هێلیکۆپتیر بە سەر ناوچەی قەدەغەکراودا گەڕاون و کاتێک ڕێبوارێک یان کاروانچیەکیان دیتبێت هێزیان بۆ دابەزاندووە و بە دڕندانەترین شێوە کوشتوویانن. نمونەی هەرە بەرچاو لە ناوچەی ئالانی سەردەشت گرتن و کوشتنی کەسێک بە ناوی “وەستا مەحمودی” دارتاش، خەڵکی گوندی “بێژوێ”یە. ناوبراو لە ڕێی گەڕانەوە لە کاروان لە شوێنێک خەریکی حەسانەوە دەبێت، کە هێلیکۆپتێرەکانی ئێراقی دەبینن. زۆر بێڕەحمانە شەهید دەکرێت.
——-
بە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، ڕێژیمی شا نەیتوانی بەشە پیلانی خۆی جێ بە جێ بکات. تا چەند ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش هەڕەشەی ڕاگواستن لە سەر ئەو گوندانە هەر هەبووِ؍ بەڵام بە هۆی خۆڕاگری خەڵکی گوندەکان تا ئێستا بۆیان جئ بە جێ نەکراوە.
لە ئێوارە ڕا تا تاریک و روونی بەیانی بەڕێوە بووین تا گەیشتینە گوندی هەرزنێ. بەیانی کاتێک کادری دەرمانی دەیەویست برینەکانی دەست و لاقی ڕاستم تیمار بکات، هەستم بە شتێکی نامۆ، لە سمتی ڕاستمدا کرد کە تا ئەودەم نەمزانیبو. پئموابوو دەبێ چەقڵێک یان شتێکی لەو بابەتە بێت کە کاتی مانەوەم لە نێو چەقڵە شیلانەکەدا لە سمتم هەڵچووبێت. پێموابوو شتێکی چووکە و بۆ خۆم هەوڵم دا دەری بێنم بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. دواتر کادری دەرمانی بە “پانسێت” بۆی دەرهێنام و هەر دەی گوت ئازاری هەیە؟ دەمگوت نا نیەتی!!! هەستیشم بە ئازار نەدەکرد. بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو ئەوەی ئەو دەی بینێ من نایبینم، چەندە گەورەیە؟!!! کە دەری هێنا دەرکەوت بۆ هێندەی پرسیار دەکرد، داخوا ئێشی هەیە؟ کاتێک دەستم بریندار بوو و تفەنگەکەم خراپ بوو یەک دوو فیشەکی تفەنگەکەی دەستم تەقیبوونەوە و لەتی قاپۆڕی(قاپسونی) فیشەکێک سمتی ڕاستمی ئەنگاوتبوو، کە دوو سێ سانتێک پان و بڕێکیش درێژتر بوو. ئەوانی دیکە بە دەوروو پشتمدا تێپەڕ ببوون.
دوای نان خواردنی بەیانی، دووبارە بە سواری ئێستر و بە دۆڵێ “زەروونێ” دا بەرەو بازاڕی “سەفرە” ی وەڕێکەوتین. لەو بازاڕە ڕا ئیمکانی سواربوونی ماشێن بەرەو شوێنەکانی وەک “کارێزە” کە نەخۆشخانەی ۲۵ی گەلاوێژ لەوێ بوو و هەروەها دەفتەری سیاسی هەبوو. کارێزە ئۆردوگایەکی زۆرەملی بوو کە خەڵکی چەند گوندێکی ناوچە پێ چۆلکراوەکانی تێدا کۆکرابۆوە.
———-
بازاڕی سەفرەی شوێنی ئاڵوگۆڕی شتومەک لە نێوان دوو بەشی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بوو و لە ژێر چاوەدێری پێشمەرگەدا بوو. کۆمیتەی ناوچەی ئالان سەر بە کومیتەی شارستانی سەردەشت لە “سەفرە” بوو. ڕێگای دۆڵێ زەروون بۆ بازاری سەفرەی دوور و تاقەت پڕوکین و ویشکارۆ بوو. بەڵام بۆ وڵاغدارەکان کە تەنیا سەرچاوەی داهاتیان کرێبارچیەتی بوو و ئەوە کاری هەموو ڕۆژێکیان بوو، هێندە ناخۆش نەدەهاتە بەرچاو. ئەوان بەو حاڵەش زۆر ‌ڕازی بوون کە نەکا ئەوەش نەمێنێت و وەک بازاڕە نا سەقامگیرەکانی دیکە هاکا ڕۆژێک تێکەوە پێچرا.
وەک عادەت هەر جێگایەک لە سنور، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بوو بازاڕێکی کاتی لێ دەکرایەوە. خەڵک زۆرجار دەیانگوت ئەو جێگایەی پێشمەرگەی لێ نەبێ ڕسقیشی لێ نیە. هەر دووک لا لە بوونی ئەو بازاڕانە کەڵکیان وەردەگرت. پێشمەرگە گومرگی لەو کەل و پەلانە وەردەگرت کە ئاڵو گۆڕ دەکران،ِ یارمەتی کۆ دەکردەوە و لە گەڵ خەڵک پێوەندی دەگرت و هاوکات ئاسایشی نێو بازاڕەکانیشی دەپاراست. خەڵکیش بە ئاسودەیی خەریکی کار و باری خۆیان دەبوون و هیندێک جاریش کە کێشەیێکیان بۆ دەهاتە پێش کومیتەکان هاوکارییان دەکردن تا حەلی بکەن.
بریندار دەبێ بێدەنگ بێت!
لای نیوەڕۆ بوو گەیشتینە ناو بازاڕی “سەفرەی”. لە چاوەڕوانی ماشێن دا لە کەبابخانەیەک خەریکی نانخواردن بووین و لە گەڵ پێشمەرگەکانی هاوڕێم قسەی خۆشمان دەکرد و پێدەکەنین. لە ناکاو کابرایەک کە لەوێ دانیشتبوو، دەتگوت لە مەعامەلەی ئەو ڕۆژەی ڕازی نیە و دەیەوێ بە بیانوویەک دەری بڕێت. ئەویش نانی خوارد بوو و چڕە دوکەڵی سیگاری پاش نان و کەبابەکەی وەک پەڵە هەورێکی دەستکرد لە سە ر سەری بڵاو دەبۆوە. ڕووی لە لای من کرد و گوتی: “ئەرێ کاکە ئەمە تۆ لای خۆو زاماری ئەم هەموو پێکەنین و تریقە تریقە و لە چیە؟” گوتم کاکە جا خۆ من دەست و لاقم زامدارە نەک سەرم پاشانیش من برینەکانم ئەوەندە قورس نین!!!
درێژەی هەیە…


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *