لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی شەشەم، دواین بەش! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
کاتێک لە بازاڕی سەفرە ڕا وەڕێکەوتین ماشێن نەبوو تا یەکسەر بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ بکرێم. لە وێڕا هەر چۆنێک بوو ناردیانم بۆ بنکەی لکی ۳ی شەهید سمایل سەلیمی، لە گەڵاڵێ. لکی سێ، تازە لە باوزێ ڕا هاتبوونە گەڵاڵـێ و هەر لە کەپردا دەژیان. وابزانم لە بەر نامەی لک ڕایانگرتین. ئەو کاتە دەبووایە نامەی ئۆرگانێکی ڕەسمی حیزبت پێ بایە تا لە نەخۆشخانە وەک بریندار وەرتبگرن.ماوەیەکی پێچوو تا نامەی لک هات و ئەوجار دووبارە چاوەڕوانی ماشێن بکە. دوای چاوەڕوانیەکی زۆر تۆیۆتایەک پەیدا بوو و هەرچۆنێک بوو لە پشتی تۆیۆتایەکەدا بەرەو نەخۆشخانە وەڕێکەوتین.
لای سەعات ۵ی ئێوارەی ڕۆژی ۱۸ی جۆزەردان واتە دوای دوو شەو و دوو ڕۆژ دوای بریندار بوونم گەیشتینە نەخۆشخانەی ۲۵ی گەلاوێژ لە “کارێزە”. ئەودەم “دوکتۆر مراد قادری” و “دوکتۆڕ ڕزگار” لەوێ کاریان دەکرد. بە کۆڵی یەکێک لە پێشمەرگەکانەوە بەرەو شوێنی پانسمان بەڕێوە بووم کە کەسێک بە پانتۆڵ و کراسێک لە بەردا، پرسیاری کرد ئاخۆ چیمە؟ پێی وابوو نەخۆشی دیکەم. دواتر چاوی بە دەستە برینندارەکەم کەوت گوتی: “ئەوە برینداری؟” زۆر بە سادەیی گوتم بەڵێ دوو گوللەی چکۆڵەم وێکەوتووە. لە سەرخۆ گوتی: “جا بۆ گوللەی چکۆڵەش هەیە؟” گوتم بەڵێ گوللەی کڵاشیکۆفن. دواتر کە چووینە دیوی پانسمان ئەوجار زانیم ئەوە دوکتۆر مرادە. دواتر پرسیاری ئەوەی لێکردم؛ “ئەوە چۆن بوو ئەو هەموو شەهیدەتان داوە؟!!! بۆ وا کەمتەرخەم بوون؟” سەرم لەو پرسیارانە سوڕمابوو!!! خۆ ئێمە هەر شەهیدێکمان داوە و منیش بریندار بووم و هیچی تر!!! بیرم کردەوە تۆ بڵێی لە گەڵ شوێنێکی دیکە و هێزێکی دیکەی پێشمەرگە لێی تێک نەچووبم؟! خۆ ئێمە هێرشمان نەکراوەتە سەر، بەڵکو بە پێی بەرنامەیەکی لە پێشدا داڕێژراو هێرشمان کردۆتە سەر هێزەکانی حکومەت. لێی گەڕام ئەو پرسیارەکانی بکات و منیش وڵامی بدەمەوە تا لێک تێبگەیین. دوکتۆر مراد پرسیاری کرد: “تۆ کەنگێ و لە کوێ بریندار بووی؟” وڵامم دایەوە کە من دوو رۆژ لەمەوبەر لە ناوچەی سەردەشت بریندار بووم و پێشمەرگەیەکیش شەهید بووە. من ئێستا هەواڵی شەهید بوونی پۆلێک پێشمەرگەی لکی ۱ی شەهید موعینیم نەزانیبوو کە بە مەئمورییەتێک لە جنوبی کوردستان بوون و لە شەڕ لە گەڵ کۆمەلەدا شەهید بووبوون.
——–
من ماوەی ۸ ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە. لەو ماوەدا کە لە نەخۆشخانە بووم، دوکتۆر و کادرەکانی دەرمانی نەخۆشخانە زۆر بە باشی بە بریندارەکان ڕادەگەیشتن. بە داخەوە، زۆرجار لە لایان بەشێک لە بریندار و نەخۆشەکانەوە سوکایەتیان پێدەکرا و بە تەمبەڵ و تەوەزەل و بار بە سەر حیزبەوە تاوانبار دەکران. ئەو کەسانە پێیانوابوو پێشمەرگایەتی واتە لە ناوچەدا بوون بێ کەم و زیاد. لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژەدا زۆرجار کە بەیانیان و دوای نیوەڕۆیان بۆ کۆنتڕۆڵ دەهاتنە لای بریندار و نەخۆشەکان ماوەیەک لە لایان دەمانەوە و قسەی خۆشیان لە گەڵ دەکردن. دوکتۆر مراد هەمووجارێ کە دەگەیشتە لای من دەیگوت: “برینی گوللە چکۆڵەکانت چۆنە؟ هێندە خۆت لێرە مات مەکە هاکا بەڕێمان کردیەوە”.
لەو ماوەدا کە من لە نەخۆشخانە بووم، یادی بە خێر “مام مراد هەمزەیی” لەوێ بوو. مام مراد، پێشمەرگە بوو. بە برینداری بە دیل گیرابوو و زۆر بێ ڕەحمانە ئازار درابوو. بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە برینەکانی لە زینداندا، دەست و لاقێکی لە دەست دابوو. زۆر ئازاری دەچێشت. زۆرجار لە هەموو دوکتۆر و کادرە دەرمانیەکان توڕە دەبوو و جنێوی پێدەدان. توڕە بوونەکانی زۆر درێژ ماوە نەبوون و دوای ماوەیەکی کورت دەستی بە قسەی خۆش دەکردەوە. کادرەکانی دەرمانی زۆر بە هێمنی و ڕێزەوە لە گەڵ مام مراد دەجووڵانەوە. هەموو جارێ پرسیاریان لێ دەکرود چ خواردنێکی پێخۆشە تا بۆی ساز بکرێ. ئازارەکانی مام مراد زۆر توند بوون و زۆرجار بە ناڵەی ناوبراو لە خەو هەڵدەستاینەوە. تەنانەت حەبە ئازارشکێنەکانیش ئازارەکانی مام مرادیان بە تەواوی کپ نەدەکرد. ئەودەم شتێکم لە بارەی ڕەوان ناسیەوە نەدەزانی، تەنیا دەمزانی کە کەسێکی وەک مام مراد ئەگەر ئازاری نەبێت هاوار ناکات. بە تێپەڕینی کات و هێندێک خوێندنەوە لە باری ڕەوانناسییەوە و تەنانەت دوای چەند ساڵێک لە گەڵ دیاردەیەک بە ناوی:
Post Tramatic Stress Disorder, PTSD. ئاڵۆزی دەروونی دوای ڕووداوێکی ناخۆش
ئاشنا بووم، بیرم چۆوە لای مام مرادی ڕەحمەتی. ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو دیاردەیە دەبن، زۆر ئەستەم تازە بتوانن ژیانێکی ئاسایی تێپەڕ بکەن. کاریگەری و دەرەنجامەکانی ئەو ڕووداوەی بە سەر ئەو کەسانەدا دێت پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کەسایەتی و ئەزمونی ژیانی کەسەکەوە هەیە. ئەگەر مام مراد کەسێکی زۆر بە ئەزموون و زۆر بە غیرەت نەبایە، ڕەنگە هەڵس و کەوتەکانی مام مراد زۆر لەوەش توندتر بانایە، کە ئەو لە گەڵ دەورووبەرەکەی دەجووڵایەوە. زۆرجار هەڵدەکەوت کە پێشمەرگەیەک بە هۆی شەڕەوە تووشی حاڵەتێکی دەروونی ئاڵۆز دەبوو و شیرازەی ژیانی لێ تێکدەچوو و لێ تێنەگەیشتنی دەورووبەرەکەشی هێندەی دیکە ژیانی پێ تاڵ دەکڕدن.
مام مراد ساڵی ۱۹۸۵ لە گەڵ یەکەم تیمی کەمئەندامان نێردرایە سۆئێد. بە داخەوە ساڵی ۲۰۱۷ کۆچی دوایی کرد.
——-
هێشتا لاقی ڕاستم بە تەواوی دانەدەکرد و پاشماوەی بارگرتنەکەی لە نێو شیلانەکەدا هەر مابوو کە بە خۆم و دارشەقێکەوە لە نەخۆشخانە ئیزنیان دام. دەیانگوت تا زۆر بە لاقت نەگەڕێی چاک نابێتەوە. یەک دوو ڕۆژێک لە کارێزە لای ماڵی شەهید “وەستا عەزیز” مامەوە، بەڵام هەڕ وەختی نانخواردن دەگەڕامەوە. بەو لاقە شەلەوە هێند گەڕام تا دوای یەک دوو ڕۆژ توانیم بێ دارشەق بگەڕێم. بە داخەوە شەهید وەستا عەزیر دوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لە “ئێندزێ” بە مینی بە جێماوی مۆڵگەی ئەرتەشی ئێراق شەهید بوو.
چەند ڕۆژێک لە قامیش لە لای ماڵی کاک حەسەن شێخی مامەوە و پاشان گەڕامەوە بنکەی دەستەی ۲ی لکی ۳. بە داخەوە کاک حەسەن و خێزانی هیچکامیان لە ژیاندا نەماون. هەردووکیان تا لە ژیاندا بوون دڵسۆزی کورد بوون. ڕوحیان شاد بێت.
کارێزە و نەخۆشخانەی حیزب!
خەڵکی کارێزە لە سەرەتادا زۆر دژایەتی کردنەوەی نەخۆشخانەی حیزب لە کارێزە بوون. خەڵک لە دوورەوە کۆماری ئیسلامیان خۆشدەویست. بەشێکی ئەو خۆشویستنە بۆ پێوەندی زۆر نیزیکی یەک دوو حیزبی باشوری کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و بەشێکیش لە داخی ڕێژیمی بەعس بوو کە لە گەڵ ئێران لە شەڕ دابوو. زۆرجار کە دەکەوتینە قسە و باس لەسەر هۆکاری چەک هەڵگرتنی ئێمە دەیانگوت ئێوە لە خۆڕا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی شەڕ دەکەن. ئێران وڵاتێکی ئیسلامیە، نابێ شەڕی لە گەڵ بکەن.
هەڵوێستەکان پێێچەوانە دەبنەوە؟!
بە هۆی کەمبوونی خزمەتگوزاری لەو ناوچەیە و دوور بوونی خەڵک لە شاری سلێمانی زۆر نەخۆشی هیڵاک لە ڕێگادا دەمردن. بەڵام دوای کرانەوەی نەخۆشخانەی ۲۵ی گەلاوێژ خەڵک وردە وردە نەخۆشەکانیان دەبەنە ئەو نەخۆشخانەیە و تەنانەت ڕۆژانە خەڵک بە هۆی نێو بانگی دوکتۆرەکانەوە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن. یەک یان دوو نەخۆشی زۆر هیلاک دەبرێنە ئەو نەخۆشخانەیە کە هیوا ‌بە ڕزگار بوونیان نەماوە بەڵام چارەسەر دەکرێن و دەگەڕێنەوە ناو کەس و کاریان. گۆیا یەکێک لەو دووانە ژنێکی سکپڕ دەبێ. خەڵکی ناوچەکە تا ئەو کاتەش زۆر بڕوایان بەوە نەبوو کە دەبێ ژن لە نەخۆشخانە منداڵی ببێت. ئەگەر ڕێگاشیان بدابایە دەبووایە دوکتۆری ژن لەوێ بایە. هێنانی ئەو بۆ نەخۆشخانەی ۲۵ی گەلاوێژ ئەویش بۆ لای دوکتۆری پیاو دواین تروسکەی هیوای کەسوکاری دەبێت. ئەوان بە سەر دابو نەریتی باودا بازیانداوە ئەویان بردۆتە نەخۆشخانەیەک کە زۆر باش دەیانزانی تەنیا دوکتۆری پیاوی لێیە و لە گەڵ چەند پەرستارێکی ژن.
ئەو ژنە منداڵەکەی دەبێت و هەردووکیان سڵامەت دەبن. ئەوە دەبێتە هۆی گۆڕانی هەڵوێستی خەڵکی کارێزە بەرامبەر نەخۆشخانە و حیزبی دێموکڕات بە گشتی.
بە هەر کۆڵانێکدا تێپەڕ دەبووی مادام بیانزانیبا پێشمەرگەی حیزبی لە هەموو ماڵێک فەرموویان دەکردی جا چ بۆ نانخواردن بایە یان بۆ تەنانەت چاخوارنەوەیەک. لە هەموو شوێنێک باس باسی نەخۆشخانە و چاکەی ئەوان بە سەر خەڵکی کارێزەوە بوو.
دوایی.


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *