دووبارە گەمارۆ! بەشی چوارەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ!
بەشی چوارەم!
کوێستانی باژاڕ ئەودەم هیچ مۆڵگەیەکی لێ نەبوو و خەڵک لەوێ هەستیان بە ئاسودەیی دەکرد. بەشێک لە وەرزێرەکان شەوانە لە سەر موچەکانیان دەمانەوە. بەشێکی دیکەش ڕۆژانە هاتووچۆیان دەکرد.
کوێستانی باژار!باژاڕ کوێستانێکی پڕ لە سەرچاوەی سروشتی ئاوی سارد و مێرگ وشیناوردە و بە هۆی بەرزی لە ئاستی دەریاوە و بارینی بەفرێکی زۆر و مانەوە لێی، زستانەکانی دوور و درێژترن. هاتنی وەرزی بەهار وەدرەنگ دەکەوێ و هاوینەکەی زۆر ناخایەنێ. بەروبومی کشتوکاڵی درەنگ پێدەگات. هەتاوی ڕۆژانی باژاڕ وەک زۆربەی کوێستانەکانی کوردستان بە تین و شەوانی ساردن. خواردن و خواردنەوە لە کوێستانی باژاڕ تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و مرۆڤ زووتر هەست بە برسیایەتی دەکات و توانای خواردنی زۆرتری هەیە. وەرزی پاییر زوو دەسەر شیناورد و بەرهەمە کشت و کاڵییەکان دەکات و جوتیاران ناچار دەکات زوو لە فکری داچاندنی دەغڵ و دانەکانیان بکەون و بارگە و بنەیان تێک بنێن و بەرەو نێو ئاوایی شۆڕ بنەوە. سازگاری و جوانی کوێستانی باژار وایکردووە کە تەنانەت زۆر پێشمەرگەی قارەمان هیوایان خواستووە کاتێک کە شەهید بوون لەوێ بە خاکیان بسپێرن. ئارامگەی ئەبەدی شەهیدان حەمە عەزیز عەزیزی و شاباز ئیسماعیلی هەر لەم کوێستانە دڵڕفێنە هەڵکەوتووە.
چەند دێڕێک لە بابەت گوندی قەلەڕەشێ وە!
خەڵکی گوندی قەلەڕەشێ بە گشتی خەڵکێکی پێشمەرگە خۆشەویست بوون وهیچکات میوانداری کردن لە پێشمەرگەیان بە قورسایی لە سەر شانی خۆیان نەزانیوە و هەردەم بە قسە خۆشەکانیان پێشمەرگەیان دڵخۆش کردووە. خەڵکی قەلەڕەشێ کەمتر زوڵم و زۆریان قەبوڵ کردووە و تەنانەت پێش دەست پێکردنی خەباتی چەکداری بە شێوەی گشتی لە کوردستاندا، بە دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتی ناوندی هەڵوێستیان گرتووە.
ڕاپەڕینی مەلا “خەلیلی گۆڕەمەری”، ساڵی ۱۳۰۷ کە بە دژی قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی لە لایان “ڕەزاشا” وە دەستی پێکردبوو، سەرکوت کرابوو. ژاندارمەکانی ڕەزاشا، بە پێی عادەتی خۆیان، خۆیان بە حاکمی بێ ئەملا و ئەولای خەڵک دەزانی. کردەوەکانی ژاندارمەکان ببوو بە هۆی پەنگخواردنەوەی ڕقێکی زۆر لە دڵی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا.
ساڵی ۱۳۱۷ی هەتاوی، ڕێژیمی ڕەزاشا دەسەر هەموو گوندەکانی کردبوو کە دەبێ سەربازی بکەن و ئەوەی بە هۆی کوێخای گوندەکانەوە بە خەڵک ڕاگەیاندبوو. ئەوە یەکەمجار بوو حکومەتی ناوندی داوای سەربازی لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکرد. کوێخای گوندەکانی سوێسنیان، دەورووبەری قەلەڕەشێ، دوای ڕاوێژ لە گەڵ یەکتر و خەڵکەکەیان بڕیار دەدەن سەرباز نەدەن. ئەمەر حەمە سوری قەلەڕەشێ، کە بۆ خۆی کوێخای گوندی قەلەڕەشێ دەبێت بە ڕێبەری بزووتنەوەکە هەڵدەبژێردرێت. وێڕای گەیاندنی داوخوازییەکانی خەڵکی ناوچەکە بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە سەردەشت، خۆشیان بۆ بەربەرەکانی چەکداریش ئامادە دەکەن. لە ڕێگای پێوەندی دۆستانەی ئەمەرپاشا لە گەڵ ئاغاکانی ناوچەی “پشدەر” لە باشور، ژمارەیەک چەک دەکڕن و ژمارەیەکیشان وەک هاوکاری دەدرێتێ. بەوجۆرە، نیزیک بە دووسەت کەسێک چەکدار دەکەن و دەست بە گەمارۆدانی ژمارەیەک پاسگای ژاندارمیری دەکەن و توانای جموجۆڵیان زۆر سنوردار دەکەن. بەمجۆرە بڕێک ئاسودەیی بۆ خەڵکی ناوچە دەگێڕنەوە.
ڕاپەڕینەکەی٭ ئەوان گەرچی تەنیا بە دژی سەربازی زۆرەملی بوو، بەڵام ئەو کات زۆر دەنگی دایەوە و تەنانەت دەسەڵاتدارانی ناچار بە دان و ستاند کرد. کاتێک نەتوانرا بە تەماع وەبەر نان و فێڵ و تەڵەکە ئەمەر پاشا و بزووتنەوە چەکدارییەکەی دامرکێننەوە، وەک هەمیشە پەنایان بۆ ڕێگای سەرکوت برد. لە هێرشێکی پان و بریندا بۆ سەر سەنگەرەکانی بزووتنەوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حکومەت، لەوان فەرماندەکەی هێرشەکە دەکوژرێن و چەند فەرماندەیەکی دیکە دەکوژرێن و هێزەکانی حکومەت ناچار بە پاشەکشە دەکرێن.
هەر چەند بزووتنەوەی ئەمەر پاشا تێک شکا، بەڵام بەشداری کردن لەو بزووتنەوەیەدا بوو بە هۆی ڕوانی نەمامی غیرەت لە دڵی بەشدارانی ئەو بزووتنەوەیەدا. بەشێکی زۆر لەوان لە هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستاندا بەشداربوون. خەڵکی ئەو ناوچەیە پشتیوانی هەرە بە هێزی جووڵانەوەی ۴۶-۴۷ بوون. لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی چەکداری پێشمەرگەش بە دژی کۆماری ئیسلامی هەر ئەو کەسانە و کوڕ و نەوەکانیان، قۆڵیان لە خەبات هەڵماڵییەوە و دووبارە دەستیان بە خەبات کردەوە، کە دوو کوری ئەمەر پاشا و کورەکانی ئەوان لە نێو ئەواندا بوون. لە ماوەی خەباتی هێزی پێشمەرگەدا، تا ئێستا دوو نەوەی ئەمەر پاشا، دوو برا بە ناوەکانی “حوسێن” و “ساڵح” محەمەد پەنا شەهید بوون.
سەرەڕای پشتیوانی و هاوکاری هێزی پێشمەرگە، خەباتی مەدەنی و یەکگرتوویی خەڵکی قەلەڕەشێ وێردی سەر زمانی خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر بووە. خەڵک و بە تایبەت ژنانی قەلەڕەشێ زۆرجار پاشەکشەیان بە هێزەکانی ڕێژیم کە بە تەمای ڕاو و ڕووت و دەست بە سەرداگرتنی کەل و پەلی خەڵک هاتوونە نێو گوند، ناچار بە پاشەکشە کردووە.
هاتنی ماشێن بەرەو لای باژاری!
هەر کە پێشمەرگەکان وەدیوی کوێستانی باژاڕ کەوتن، چاویان بە چەند تراکتۆر و ماشێنێک کەوت کە بەرەو لای باژاڕ دەهاتن. جێی سەر سوڕمان بوو کە چۆنە هێزەکانی حکومەت هێشتویانە ئەو ماشێن و تراکتۆرانە بە شەو دەربازی باژاڕ بن. ئەودەم ڕۆژانە هاتووچۆ بۆ بازاڕێکی چکۆڵە بە نێوی “گۆڕە هێلکێ” لە دیوی سنووری هەرێمی کوردستان هەبوو، کە کەل و پەلیان تێدا ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام ئەوە تەنیا بە ڕۆژ لە لایان ئێرانەوە ڕێگە پێدراو بوو. دواتر کە پێشمەرگەکان گەیشتنە باژاڕ و چوونە چەند ماڵێک، دەرکەوت کە لە گەڵ دەستپێکردنی تەقە لە نێو ئاواییدا هەموو ڕێگاکانی هاتوچۆ بۆ نێو دێ گیرابوون و نەیانهێشتبوو نە کەس بە سەڵتی و نە هیچ ماشێن و تڕاکتۆرێک بچنە نێو ئاوایی یان بە پێچەوانەوە. دوای ماوەیەک گەڕان، پێشمەرگەکان توانیان هەر چۆنێک بێت تراکتۆرێک پەیدا بکەن و خاوەنەکەی ڕازی بکەن تا بریندارەکەی پێ بگەیەننە شوێنێکی نیزیک کە ماشێنی لێ بێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەیەندرێتە نەخۆشخانە تا چارەسەری سەرەتایی بۆ بکرێت.
درێژەی هەیە….


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *