دووبارە گەمارۆ! بەشی حەوتەم، دوایین بەش له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
بەشی حەوتەم، دوایین بەش بە دواداچوون بۆ ڕووداوەکە! تیمێکی پێشمەرگە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاشکرابوون و گەمارۆدرانی تیمە تەشکیلاتیەکە و وەدەست خستنی سەرەداوێک لە سەر ئەو کەسانەی هەواڵی بوونی پێشمەرگەکانیان بە هێزەکانی ئەرتەش گەیاندبوو، سەردانی گوندی “قەلەڕەشێ” یان کرد. لە چاوپێکەوتن لە گەڵ ئەندامانی ئەو ماڵەی کە پێشمەرگەکانی تێیدا گەمارۆ درابوون، شتێکی ئەوتۆ دەست نەکەوت.ئەوەی هەبوو زۆرتر لە سەر شک و گومان لەو کەسانە بوو کە، زۆرجار بیندرابوون لە گەڵ هێزەکانی ئەرتەش سرت و خورتیان هەبوو و خەڵک لەو بارەوە لێیان بە شک بوون. ئەوان کارەکانیان لای “دیژبانی” ،پرسگەی ئەرتەش باشتر ڕایی دەبوون و ئەو ڕۆژەش لە نێو دێ ببوون.
———-
لە گەمارۆی پێشوودا، خاوەنماڵ بە تێڕادیوی لای خوشکی خۆی باسی کردبوو کە پێشمەرگەیان لە ماڵە، ئەویش هەواڵەکەی بە کەسێکی جاش دابوو. ئەمجارە زۆرتر لە ڕووی بە هەند وەرنەگرتنی داوای پێشمەرگەکان، لە مەڕ پاراستنی نهێنی، هەواڵەکە بە گوێی چەند سیخوڕێک، کە دەگوترا پێوەندییان لە ئەرتەش هەیە، گەیشتبوو. ئەوانیش خۆیان گەیاندبووە پرسگەی ئەرتەش و هەواڵەکەیان پێڕاگەیاندبوون. کچی خاوەنماڵ هەر وەک ساڵانی پێشوو کە پێشمەرگە لە نێو دێ دا مابوونەوە، بە دوای غەڕغەڕەی خاکیدا گەڕابوو و ڕووی لە دوکانێکی نێو دێ، کە خاوەنەکەی کەسێک بە نێوی (م. ک.ڕ) بوو، کردبوو. ناوبراو هۆی گەڕان بە دوای غەڕغەڕەی خاکیدا لە کچە دەپرسێ؟ کچە بە خەیاڵی ئەوەی کە ناوبراو پێشتر پێشمەرگە بووە و ڕەنگە ئێستاش هەر دڵی بۆ پێشمەرگایەتی لێبدات، پێی دەڵێت کە” بۆ دروونەوەی پانتۆڵی پێشمەرگەم دەوێت”. لەو کاتەدا دوو کەس، بە ناوەکانی مەولود “مەولانی و برایم مەولانپوور”، کە زۆربەی خەڵک ئاگاداری پێوەندییان لە گەڵ ئەرتەش دەبن لەو دەورووبەرە خەریکی سەهۆڵ فرۆشتن دەبن. ئەوان ڕۆژانە لە شاری سەردەشت ڕا سەهۆڵ دێنن بۆ قەڕەلەڕەشێ و دەیفرۆشن. هەموو ڕۆژێش تا هەموو سەهۆڵەکە نەفرۆشن ناگەڕێنەوە. هێشتا گوندەکە بەرقی بۆ نەکێشرابوو. کاتێک دوکاندار هەواڵەکە لە زاری کچی ماڵ دەبیسێت، ئەو دوو کەسە تێدەگەیەنێت کە پێشمەرگە لە نێو دێیە. ئەو کارەی ناوبراو چ بە مەبەستی ترساندنی ئەو دوو کەسە بووبێت و چ لە ژێر پەردەی پاراستنی ئەو دوو کەسەدا بووبێت کارێکی دوور لە دڵسۆزی بۆ پێشمەرگەیە و لە خەتەر خستنی گیانی پێشمەرگە بووە. لە گەڵ بیستنی ئەو خەبەرە ئەو دوو کەسە بەشێک لە سەهۆڵە نەفرۆشراوەکە بە جێدێڵن و بە پەلە بەرەو شاری سەردەشت دەگەڕێنەوە. لە پرسگەی ئەرتەش، کە لە “پردێ کۆڕبناوێ” یە، هەواڵەکە بە ئەرتەش ڕادەگەیەنن.
میوانی خۆشەویست!!!
میوانی خۆشەویست لە نێو گوندەکاندا زۆرتر مەبەست لە پێشمەرگە بوو. میوانێک کە بە ڕواڵەت بە نهێنی لە مااڵەکاندا دەمایەوە، بەڵام زۆرجار خاوەنماڵ لای چەند کەسێکی جێ متمانەی خۆی باسی دەکرد و تا ڕۆژەکە تێدەپەڕی ژمارەیەکی زۆری خەڵک پێیاندەزانی. لە زۆربەی گوندەکاندا، سەرەڕای زانینی ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش، بەڵام کەسی نێو ئاوایی حازر نەبوو ئەو خیانەتە قەبوڵ بکات و ڕاپۆرت لە پێشمەرگە بدات.
بە پێی قسەی کچی ماڵەکە، ئەو بێجگە لە خزمی یەکێک لە پێشمەرگەکان، کە ئەو ڕۆژە هاتە لای پێشمەرگەکانیش، لای هیچ کەسی دیکە نەیدرکاندبوو. کە باسی دوکاندارەکەی نێو ئاوایی و میوانی خۆشەویست هاتە گۆڕێ، کچە تا ڕادەیەک پێی لێنا کە “نەدەبووایە وای گوتبایە. بەڵام خۆ پێشتریش دەنگوباسی بوونی پێشمەرگە کە لە ماڵاندا ماونەوە، بڵاو بۆتەوە و خەڵکێکی زۆریش پێیان زانیوە، هیچ باسیش نەبووە”.
پێشمەرگەکان وەبیریان هێنایەوە کە؛ زۆرمان داوا لێکردی نهێنی بپارێزی، بەڵام تۆ هەر دەتگوت؛ “هیچ باس نیە؟!!!” لە وڵام دا گوتی: “من پێموابوو ئێوە زۆر پارێز دەکەن و بڕواتان بە ئێمە نیە، بەڵام من بۆ خۆم باشتر ئاگاداری نێو گوندەکەی خۆمان بووم و هەر بۆیەش بە لێکدانەوەی خۆم هەڵس و کەوتم کرد”.
———
بە پێچەوانەی گەمارۆی پێشوو، کە کەسانی نیزیکی بنەماڵەکە دەستیان لە ئاشکراکردنی تیمەکەدا هەبوو، تا دواتریش هیچکەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە شکی ئەوەیان لە سەر نەبوو کە بۆ خۆیان ڕاستەوخۆ هەواڵەکەیان گەیاندبێت. خۆ ئەگەر کەسێک لەوان بایە ئەوە دەیانتوانی زووتر هەواڵەکە بگەیەنن. ئەو کاتە دەرفەتی دەرچوونی پێشمەرگەکانیش زۆر کەمتر دەبوو.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، دەرس وەرنەگرتنی خەڵک لە ڕووداوەکان بوو؟!!! ئەو ڕووداوە نیشانیدا کە بەشێکی کەم لە خەڵک پێویستیان بە کاتی زیاتر هەبوو تا بۆ خۆیان بە پێی لێکدانەوەی خۆیان ئەزموون لە ڕووداوەکان وەرگرن. ئاشکرا بوونی ئەو ماڵانەی پێشمەرگە لێیان دەمێنێتەوە، بە زەرەری پێشمەرگە و جوڵانەوە تەواو دەبێ. مانەوەی ئەو جۆرە ماڵانە بۆ درێژەدانی خەبات زۆر پێویستە. حیزبی سیاسی بۆ بەرەو پێش بردنی کاری سیاسی هەروەک چۆن پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەیە ئاواش پێویستی بە تەشکیلاتێکی پتەو هەیە. بوونی ئەو جۆرە ماڵانەش هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشەوە هاوکارێکی باش بۆ تیمی تەشکیلاتی و بەرەو پێش بردنی کاری تەشکیلاتی بوون.
شەرت نیە هەر ماڵێک کە تیمی تەشکیلاتی تێدا دەمێنێتەوە ئەندامی حیزب بن. زۆر جارهەڵدەکەوێ کە ماڵێک زۆر جێگای متمانەیە بەڵام هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە ئەندامی حیزب نین. بوونی ئەو جۆرە کەس و بنەماڵانە زۆر پێویستن و پاراستنیان لە لایان پێشمەرگە و تیمی تەشکیلاتیەوە زۆر گرینگە.
هۆی پێداگری پێشمەرگە لە سەر پاراستنی نهێنی!
زۆرجار خەڵک پێیانوایە پێشمەرگە دەترسێن کە دەیانەوێ مانەوەکەیان بە نهێنی بێت. زۆرجار ڕەنگبێ بەشێک لە پێشمەرگەکانیش پارێزکردن وەک ترسی هاوڕێکانیان لە قەڵەم بدەن. دیارە گیانی تیمی تەشیکلاتی و پێشمەرگە هەردەم لە ژێر هەڕەشەدایە، بەڵام مەئمورییەتەکان هەموویان بە یەک ڕادە گرینگ نین. بەڵام زۆرجار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک کە دەتواندرێ بە شێوەیەکی دیکە جێبەجێ بکرێ، گیانی تیمێکی تەشکیلاتی دەخرێتە مەترسیەوە.
شتێکی زۆر گرینگ کە پێویستە لەو بارەوە وەبەرچاو بگیرێ، زانیاری خاوەنماڵ نییە. ئەو زانیارییانە زۆرجار لە سەر جارانی پێشوو کە پێشمەرگە لە ناو گونددا ماونەوە بنیاتنراوە. گرینگ هەڵس و کەوتی خاوەنماڵ لەو کاتەدایە کە پێشمەرگەیان لە ماڵدا ماوەتەوە. لە وەها حاڵەتێکدا خاوەنماڵ لە سەر دووڕییانێکە؛ لە لایەک میوانەکانی زۆر لە لا خۆشەویستە و نایەوێ هەروا بە ئاسایی بەڕێیان بکات. زۆرجار دەڵێ با ئەو کەس یان کەسانەی متمانەم پێیانە لە خۆشی دیتنەوەی پێشمەرگەدا لە گەڵم بەشدار بن. لە لایەکی دیکەش ترسی ئەوەی هەیە کە جموجۆڵی زۆر لە دەورووبەری ماڵەکەی ببێتە جێی شک و گومان لای دەر و جیران و ئەوەی نە پێشمەرگە و نە خاوەنماڵ دەیانەوێت، ڕووبدات، واتە هەواڵەکە لە لایان سیخوڕەکانەوە بە دامو دەزگاکانی حکومەت بگات و ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لێ بکەوێتەوە.
زانیارییەکان دووپات دەکڕێنەوە!
لە چاوپێکەوتن ڵە گەڵ ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەی دیکە کە پێشمەرگەکانی دیکە تێیدا مابوونەوە، بەڵام ئاشکرا نەبوو بوون، ڕاستی و دروستی قسەکانی کچی ماڵە گەمارۆدراوەکە پێداگرییان لە سەر کرایەوە، کە؛ شک و گوماناکان لە سەر دوو کەس، کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە، زۆر بە هێزن. ئەوان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە لەو ڕۆژەوەی پێشمەرگەکان گەمارۆدراون تا ئێستا هەموو شەوێ، بە تایبەتی ئەو دەمانە کە دەنگۆی بوونی پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا هەیە، چواردەوری ئاوایی کەمینی لێ دادەندرێتەوە و زۆر کەسیش دیویانن. دانانی کەمین بەو مەبەستە بوو کە دەیانزانی پێشمەرگە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دووبارە سەردانی گوندی قەلەڕەشێ دەکەنەوە.
پێشمەرگەکان، دوای دەرچوونیان لە ماڵەکە، ویستیان بە ڕێگایەکی دیکە جگە لەو ڕێگایەی پێیدا هاتبوون، لە گوند بچنە دەرەوە. چەند سەد میترێک لەو لای ماڵەکە و هەر لە ناو دێدا، حەپەی سەگێک، بە ترپەیەک کە وێدەچوو بەردووچکەیەک بووبێت، زوو بێدەنگ کرا. وادیار بوو ئەو سەگە پێشتر ڕاهێندرابێت. وا لێکدرایەوە ئەوە کەمین بێت، بەڵام هەر لە نێو دێدا داندرابێت. ماوەیەکی دیکەش ڕۆیشتن و لەبەر ڕوناکایی مانگەشەوێکی خۆشی ئەو شەوەدا، لە دوورەوە سەروپۆتەڵاکی چەند کەسێک لە کەمینێکی دیکەدا وەدەرکەوت، کە باسی لە بوونی سێهەم کەمین، زاڵ بە سەر ئەو جادەیەدا، کە پێشمەرگەکان دەیانویست پێیدا تێپەڕ بن، دەکرد. پێشمەرگەکان دوو کەمینیان بڕیبوو و هێندەی نەمابوو بگەنە نێو کەمینی سێهەم. پێشمەرگەکان بێ تەقەکردن گەڕانەوە دواوە. هێزەکە لە پێشدا هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەدا. بۆچوونی پێشمەرگەکان ئەوە بوو کە، هێزەکە پێیانوابووبێ ئەو تیمە کەمەی پێشمەرگە، تیمی پێشڕەو بووبن و چاوەڕوانی هاتنی هێزەکەی دیکەی پێشمەرگەیان کردبێ تا بێت و تەقەی لێ بکەن. کاتێ زانیان پێشمەرگەکانیان لە دەست چوون، بە ناچاری دەستیان بە خۆمپارەبارانی ڕێگاکانی هاتووچۆ بۆ نێو گوندی قەلەڕەشێ کرد، کە بە خۆشیەوە هیچ زیانێکی دواوە نەبوو.
دوایی.


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *