لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی یەکەم له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی یەکەم بە سەرهاتی تیمێکی تەشکیلاتی پێشمەرگە کە لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆ دراون. ڕووداوەکانی پێش گەمارۆدران، کاتی گەمارۆدران و دوای گەمارۆ، هەروەها کاریگەرییەکانی لە سەر جموجۆڵی تیمی تەشکیلاتی و ورەی خەڵک لە ناوچەدا، لە چەند بەشدا بڵاو دەکەمەوە کە هیوادارم کەڵکی هەبێت. —————–بەشی یەکەم
وەرزی بەهار بە خۆی و ڕۆژە درێژەکانیەوە هەروا ئەسپی خۆی تاو دەدات. وڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ گەرمتر دەبێ و گژ و گیا کە توانای خۆڕاگری لە بەرامبەر تینی ھەتاودا نەماوە و بێ بارانیش بڕستی لێ بڕیوە، ڕەنگ و ڕوخساری بەرەو زەردی دەچێت و ویشک دەبێت.
وەرزی کار و کاسبی وەرزێرانە و خەڵک هێندە سەرقاڵ و ماندوویە، کە شەوە کورتەکانی بەهار بارتەقای ماندوو بوونی ڕۆژانەیان دەرفەتی حەسانەوە بە دێنشینان نادات. خەڵک دەیانەوێت پشوو بدەن و خۆیان بۆ ئەرکەکانی ڕۆژی دواتر ئامادە بکەن، تا لە خەڵکی دیکە بە جێ نەمینن و بە دەست و پێ سپیلکە لە قەڵەم نەدرێن. بە ماوەیەکی کورت پاش خواردنی نانی ئێوارە گوندەکان ھێندە بێدەنگ و مات دەبن بێتو تروسکەی ڕووناکی چەند چرایەکی خەفەکراو نەبێت کە تاق و لۆق ماڵی ئاوایی بە ھەڵکراوی دەیھێڵنەوە، دەڵێی گوندەکان چۆل کراون.
گەرمای زۆری کۆتاییەکانی بەهار و بڵاو بوونەوەی خەڵک بۆ کار و کاسبی بە دەورووبەری ئاواییەکاندا وادەکات کە تیمەکانی پێشمەرگە، بە تایبەت ئەوانەی بە ژمارە کەمن، هەوڵ بدەن زیاتر لە نێو گوندەکاندا بمێننەوە. ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لە نێو ئاوایی نامێنن و بەمجۆرە دەرفەتی خۆ پاراستنی پێشمەرگەکان لە ئاشکرا بوون زیاتر دەبێت.
—————-
درەنگانی ئێوارەیەکی بەھاری دوو تیمی کادر و پێشمەرگە، کە چەند ڕۆژێک بوو بەیەکەوە لە ناوچەدابوون بڕیار دەدەن جیا ببنەوە و ھەر تیمەی بەرەو شوێنی تێکۆشانی خۆی بەڕێ بکەوێ. سروشتی ئەو ناوچەیە کە تیمەکان تێیدا لێک جێا دەبوونەوە دارستانێکی چڕ بوو. دارو دەوەنی دارستانەکە لە زۆر جێگا ئەو دەرفەتەی بە تیمی یەکەم دەدا تا بە ڕۆژ مەودایەکی زۆر بەرەو شوێنی مەبەست ببڕن. دارستان زۆریش جار هەلی بۆ پێشمەرگە ڕەخساندووە تا خۆی لە شەڕی نەخوازراو بپارێزێت. زۆر جاریش لە پەنای ئەو دار و دەوەنانەڕا خۆی گەیاندۆتە نیزیکترین شوێن لە مۆڵگەی هێزەکانی حکومەت و ئاگاداری جموجۆڵەکانیان بووە. کاتێک سێبەر بە سەر وڵاتدا دەکشێ دەرفەتی جموجۆڵی پێشمەرگە ھێشتا زیاتر و ئاسانانتریش دەبێت.
———————-
دوای ماڵئاوایی لە یەکتر و ھیوای سەرکەوتن خواستن بۆ یەکتر،
تیمی یەکەم کە بەرەو شوێنێکی دوور
دەڕۆیشتن وەڕێکەوتن. بە یەکەوە بوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و کادری تەشکیلاتی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ زۆر بیرەوەری خۆش و ناخۆش لای ئەوان دەھێڵێتەوە. ئەوان ھێچکات نایانەوێ لێک جودابنەوە، بەڵام ئەرکی پێشمەرگایەتی و بە تایبەت تیمەکانی تەشکیلاتی قورسە و دەبێ بەدوای جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیانەوە بن. زۆر جار ئەندامانی تیمی تەشکیلاتی بە ھیوای یەکتر بینینەوە ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن بەڵام ھەڕەشەکانی سەر ژیانی ئەوان ڕەنگە دەرفەتی دیداری دووبارەیان بۆ نەڕەخسێنێتەوە. خەمی لە دەستدانی نیزیکترین ھاوڕێ و ھاوسەنگەران گرانە، بەڵام پێشمەرگە ئاگاداری ھەموو ئەو ھەڕەشانەی سەر ژیانیەتی و ئەوە نابێتە لەمپەر لە بەردەم ھەڵبژادنی ئەو ڕێبازەدا.
—————————
تیمی دووھەم کە ڕێگایان بە نێوچەندین مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمدا تێپەڕ دەبوو چاوەڕوان بوون تا تاریکی باڵی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ و ئینجا بەرەو شوێنی مەبەست بەڕێبکەون. ئەو تیمە بڕیار دەدەن کە ھیندێک ئەرکی تەشکیلاتی لە چەند گوندێکی دەورووبەردا ڕاپەڕێنن و پاشان بەرەو گوندێکی دیکەی ناوچە بەڕێبکەون و ڕۆژی دواتر لە یەکێک لە ماڵەکانی ئەوێدا بمێننەوە. ئەوان دەیانویست شەوی دواتر سەردانی ئەندامانی تەشکیلاتی بکەن.
——————
کاتژمێر دەورووبەری دووی نیوەشەو، تیمی تەشکیلاتی گەیشتنە نێو گوندی ناوبراو و پاش دڵنیابوون لە ئەھوەن بوونی دەورووبەر و نێوئاوایی، بەرەو ماڵی دەستنیشانکراو بەڕێکەوتن. خاوەن ماڵ پاش ناسینەوەی تیمی تەشکیلاتی دەرگایان بەڕوودا کردنەوە. بەچوونی تیمی تەشکیلاتی جموجۆڵێک کەوتە نێو ئەندامانی بنەماڵەی خانەخوێ. جموجۆڵێکی وەھا کاتێک ھەموو خەڵکی گوند لەخەودایە بۆخۆی دەبێتە جێگای پرسیار. ھەستیاری جموجۆڵی درەنگانی شەو زۆر لە مۆڵگەی ھێزەکانی حکومەت ڕا کە چاوەدێری ھەست و خوستی خەڵکی گوندەکان دەکەن بە ھەند وەردەگیرێ. ئەوە بۆ گوندنشینان کێشەی بەدواوەیە و لە گەل کۆمەڵێک پرسیاری وەک بۆ چی وا بەدرنگەوە ھاتووچۆتان دەکرد؟ دژی شۆڕش میوانتان بوو؟ ئەگەر وانیە ئەدی بۆ تەنیا ماڵی ئێوە وا بەدرەنگەوە ھێشتا نەنووستبوون؟
تیمی تەشکیلاتی مەبەستی خۆیان بۆ خاوەن ماڵ ڕوون دەکەنەوە و هاوکات دڵنیاشیان دەکەنەوە کە لە شوێنێکی دوورەوە هاتوون و هیچکەس هەستی بە بوونی پێشمەرگە لەم ناوەدا نەکردووە. بە لەبەر چاوگرتنی ھەل و مەرجی ئەمنی ئەوساڵە و پاراستنی گیانی تیمی تەشکیلاتی و ماڵی ناوبراو، تیمەکە داوا دەکەن کە ماڵی خانەخوێ باری ئەمنی خۆیان لەبەر چاو بگرن. کارێک نەکەن دەر و جیران ھەست بە جموجۆڵی لەڕادەبەدەڕ، بە جۆرێک کە ببێتە ھۆی ئاشکرا بوونی تیمەکە، بکەن.
بۆ پێشمەرگە و تیمی ڕێکخستن پاراستنی ئەو مالانەی لێیان دەمێننەوە زۆر گرینگە. پێشوازیکردن لە پێشمەرگەش ئەرکێکی قورسە و ھەموو بنەماڵەیەک ناتوانێ و نایەوێت پێشمەرگە لە ماڵی خۆیدا بشارێتەوە. ھێندێک کەس کە تەنانەت زۆر دڵسۆزی پێشمەرگەشن و ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی پێشمەرگەش دەکەن، بەڵام کە باس بێتە سەر حاواندنەوەی پێشمەرگە لە ناو ماڵەکانیاندا، توانای ئەوەیان نییە یان لە خۆیان ڕا نابینن ئەو کارە بکەن.
زۆر جار پێشمەرگە لە ماڵێک دا ماوەتەوە و لە ناکاو ھێزەکانی زەربەت کە بیستوویانە پێشمەرگە لە ناوچەدایە، بەڵام ھیچ ھەواڵێکیان لە بوونی پێشمەرگە لە ناو ئەم یان ئەو ئاواییەدا نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ نان خواردن و بەڕێکردنی کات ھاتوونە نێو ئاوایی. بە ھۆی نھێنی پارێزی ماڵەکەش ھیچ شتێک ڕووی نەداوە. لە ھێندێک شوێن خەڵکەکە ئەوەندە بەورە بوون تەنانەت ئەگەر لەو کاتانەدا پێشمەرگەشیان لە ماڵ دابووبێت ھیچ کەس ھەستی پێ نەکردووە. زۆر جاری واش ھەبووە کە بەشێک لە ماڵەکانی نێوئاوایی بە بوونی پێشمەرگەیان زانیوە، بەڵام ھەواڵەکە تا ئەو ڕادەیە بڵاو نەبۆتەوە تا سیخوڕەکانی حکومەت ھەستی پێ بکەن و بە دامودەزگانی ڕێژیمی ڕابگەیێنن.
بە پێچەوانەوەی ئەوەش لە ھێندێک ناوچە ئەگەر ھێزی دوژمن بە مەودایەکی دووریش لە گوند نەک لە ماڵەکە نیزیک بووبایەوە زۆر کەس ھەستیان پێدەکرد. خاوەنی ماڵ نەیدەتوانی بە سەر ھەستەکانی خۆیدا زاڵ بێت و ناڕاستەوخۆ دەیدرکاند، شتێکی نامۆ ھەیە کە ناوبراو ئاوا ترسی ڕێنیشتووە.
جاری وا بووە پێشمەرگە تەنیا خۆیان بوونە هۆی ئاشکرا بوونی خۆیان و لەو بارەوە کەمتەرخەمیان کردووە. زۆر جار کە پێشمەرگە لە ماڵێکدا دەمایەوە داوایان لێ دەکرا زۆر بە نهێنی هەڵسوکەوت بکەن و خۆیان لە زوو ئاشکراکردن ببوێرن. تا ئەو کاتەش پێشمەرگە باری ئەمنی ماڵەکەیان ڕەچاو کردووە خاوەن ماڵیش بە دڵئاواڵاییەوە پێشوازی لەپێشمەرگە کردووە و حاواندوویاننەوە و پێشیان ڕاگەیاندوون کە دەتوانن لە داھاتووشدا بەمجۆرە پێشوازیان لێ بکەن.
دەکرێ لە ناو ئەندامانی بنەماڵەشدا کەسێک
یان کەسانێک کە توانای ڕاگرتنی نھێنی لەو جۆرەیان نەبووە لە سەر پێشنیاری خاوەن ماڵ پێشمەرگە خۆی لای ئەوان ئاشکرا نەکردبێ. دەکرێ بڵێین بە بێ ئاگاداری بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵە، لەو ماڵەدا ماونەوە. پێشمەرگە دوای تاریک داهاتنی وڵات چوونەتە ژووری دانیشتن و وایان نواندووە کە تازە هاتوونە نێو ئاوایی.
زۆرجار سەرەڕای ئاشکرابوونی پێشمەرگەش هێزەکانی حکومەت، خۆیان لە قەرەی هێزی زۆری پێشمەرگە نەدابێ و لە خراپترین حاڵەتدا ناوچەکەیان تۆپ و خۆمپارە باران کردبێ. بەڵام ئاشکرا بوونی تیمێکی تەشکیلاتی پاروویەکی چەورە کە بە هاسانی قوت دەدرێت. بەم هۆیەوەش هێزەکانی حکومەت لە سەر لە ناو بردنیان کێبەرکێ دەکەن. بە داخەوە ڕووداوی وا زۆر ڕوویان دابوو و زۆر تیمی چەند کەسی پێشمەرگەش دوای ئاشکرا بوونیان، سەرەڕای بەرگرییەکی تووند و قارەمانانە شەھید ببوون. خاوەنی ماڵەکەش سەرەڕای زیانی ماڵی تووشی ئەزییەت و ئازارێکی زۆر ببوون. خاوەن ماڵی ئەمجارەش زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو ڕووداوانە بوو. پێشمەرگەکان نەیاندەویست ئەوە لەو ماڵە و لەم ناوچەیەدا دووبارە بێتەوە.
————
سەرەڕای هەوڵی زۆری تیمە تەشکیلاتیەکە، وادیاربوو خاوەن ماڵ نەیاندەویست تێبینیەکان لە بەرچاو بگرن و هەموو جارێ پێشمەرگەکانیان لەوە دڵنیا دەکردەوە کە هیچ شتێک ڕوو نادات.
ـ ئێوە زۆر زیاتر لە پێویست دەترسن، ئێمە دەزانین کە ھیچ باس نییە و ھەر بۆیە پێویست ناکات دڵتان ھیچ بڵێت!!!
بڵاوکردنەوەی ھەواڵی بوونی پێشمەرگە لە ماڵێک یان شۆێنیێک دا مانای ئەوە نییە کە ھەرکەس ھەستی بە بوونی پێشمەرگە کرد دەست و پێوەندی حکومەتە و ھەواڵێان بۆ دەبات. زۆر جار کە ھەواڵی بوونی پێشمەرگە بڵاو دەبێتەوە بە ھۆی دڵپاکی و خۆشەویستی خەڵک بۆ پێشمەرگەیە و هەروەها متمانەی لە ڕادەبەدەری خاوەن ماڵ بەو کەسەیە کە ھەواڵەکەی بۆ باس دەکات. خاوەن ماڵ زۆر بە تێڕادیوی لای ئەو کەسە باس دەکات کە میوانی زۆر خۆشەویستی هەیە و لە سەر ئەو بڕوایەشه کە مادام جاری پێشووش بۆی باسکردووە و ھیچی نەدرکاندووە کە وابوو ئەمجارەش ھەروا دەبێت. باسەکە هەروا دەڕوات تا دەگاتە گوێی ئەو کەسەی کە بەدوای وەها هەواڵێک دا دادەگەڕێت. زۆر گوندی واهەبووە کە تەنانەت هەموو خەڵکەکە بە بوونی پێشمەرگەیان لە ماڵێک یان چەند ماڵدا زانیوە بەڵام هیچکەس نەیویستووە ڕاپۆرت لە پێشمەرگە بدات.
————–
دوای ئاسایی بوونەوەی ھاتووچۆکان دەردەکەوێ کە بووکی ماڵ لە ماڵ نیە. خاوەن ماڵ دەڵێت؛
– ئەوە چەند ڕۆژێکە بە سەردان چۆتەوە ماڵی بابی لە ناو شار و دەبێ سبەینێ ئاگاداری بکەینەوە بگەڕێتەوە!
تیمە تەشکیلاتیەکە زۆر ھەوڵ دەدەن ڕازییان بکەن کە پێویست ناکات بووکەکەیان ئاگادار بکەنەوە با بەھۆی زوو ھاتنەوەی دڕدۆنگی لای ماڵە باوانی دروست نەبێت کە بۆچی ئەو زووتر لە ماوەی دیاریکراو خۆی دەڕواتەوە. برای بووکی ماڵ لە دەمێک لەمەوبەرەوە چەکداری حکومەت بوو، بەڵام تا ئەو کاتە ھیچ بەڵگەیەک لە سەر کاریگەری ئەو بە سەر خوشکەکەیەوە لە بەردەست دانەبوو.
———–
سەرەڕای پێداگری پێشمەرگەکان ماڵی خانەخوێ لە سەر ئاگادارکردنەوەی ناوبراو سوور بوون کە بێتەوە.
-ئێمە بووکی خۆمان دەناسین ھیچ شتێک لەوبارەوە نادرکێنێت و بە جۆرێکیش ئاگاداری دەکەینەوە کە براکەی هەست بە هیچ شتێک نەکات.
دوای هەوڵدانێکی زۆر کە باری ئەمنی لەبەر چاو بگرن وا دیار بوو خێزانی خاوەن ماڵ دڵنیان لەوەی کە هیچ شتێک ڕوو نادات. پێشمەرگەکانیش نەیاندەویست لەوە زیاتر لەم بارەوە درێژە بە باسەکە بدەن. هێندێک جار پێشمەرگە دەبێ کەلێنێک بۆمتمانە بوون بەو ماڵە بهێڵێتەوە کە لێی دەمێنێتەوە. کەند و کەوی لە ڕادە بەدەریش وا نیشان دەدا کە پێشمەرگەکان لەو ماڵەش بە گومانن. ئەوەش ئەو پرسیارە لای خاوەن ماڵ دەورووژێنێت کە مادام ئەوەندە دەترسی بۆچی دەتەوێ لە ماڵی مندا بمێنیتەوە؟!! ڕەنگە خاوەن ماڵ ھیندێک جاریش بڵێت تۆ کە ئەوەندە دەترسی چۆنە پێشمەرگایەتی دەکەی؟!!!
دواتر تیمە تەشکیلاتیەکە شەوخۆشی لە ئەندامانی ماڵی خانەخوێ دەکەن و دەخەون.
ژیانی گوندنشینان
گوندەکە لەنیزیک شار ھەڵکەوتووە و چەند کەس لە ئەندامانی ئەو ماڵەش وەک باقی خەڵکی ئاوایی ڕۆژانە ھاتووچۆی شار دەکەن و لە ڕێگای فرۆشتنی ماست و کەل و پەلی دیکەوە، بەشێک لە بژیوی ڕۆژانەی ژیانیان دابین دەکەن.
لە پاڵ فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنیەکاندا وەرزێریش بەشێکی زۆر کەم لە بژیوی ڕۆژانەی گوندنشینانی دابین دەکرد، بەڵام بە هۆی کەمی زەوی و زار پێویستی بە هێزی زۆر بۆ ڕەنێو هێنان نەبوو.
ڕێگایەکی دیکەی خۆ بەڕێوەبردنی گوند نشینان وڵاغداری و کرێباڕچییەتی بوو و لەو ڕێگایەوە بنەماڵەکە داھاتێکی باشتری وەدەست دەکەوت. لانی کەم یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە، زورتر پیاوان، ئەو ئەرکە وەستۆ دەگرن. ئەوان زووتر لە وانە کە دەچوون بۆ شار بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێ دەکەوتن.
———–
پێگەی میوان لە ناو کورد دا
میوان لە کوردەواریدا خۆشەویستە و خانەخوێ ئەوەی لە دەستی بێت بۆ خزمەتکردنی میوان دەیکات. خۆ بێتو میوانەکە پێشمەرگەش بێت، کە زۆر بە دەگمەن ڕێگایان بەو جۆرە شوێنانەدا تێپەڕ دەبێ، ئەوە زیاتریش خزمەتی دەکەن. بەداخەوە ئەوانە زۆرجار دەبنە ھۆی کەمتەرخەمی خانەخوێ لە وەبەرچاوگرتنی لایەنی ئەمنیدا. سەرەڕای ھەموو تکا و ڕەجایەک کە پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە ماڵەکە دەیکات، بەڵام ناتوانێ بە سەر مەیلی دەروونی خانەخوێدا زاڵ بێت کە دەبێت میوانی خۆم بەوجۆرەی کە شایانیەتی بەڕێ بکەم.
ھەبوونی میوان بە تایبەت لە گوندێکی چکۆڵەی چەند ماڵیدا زۆر بە ئاسانی سرنجی دەر و جیران بە لای خۆیدا ڕادەکێشێ و دەکرێ پرسیاری جۆری میوانەکانیش لە خانەخوێ بکرێت. زۆرجار خزم یان جیرانی ماڵ بە مەبەستی بەخێرهێنانی میوان سەردانی ماڵی خانەخوێ دەکات و لە گەڵ ئەو بڕێک ڕووداوەکان شەن و کەو دەکات. بەڵام کاتێک میوانەکان نھێنی بن ئەو دەرفەتەش ناڕەخسێت. زۆربەی کاتیش کە میوانەکە خۆشەویستە، بەڵام ئاشکرا نیە شک و گومانەکان بۆ لای پێشمەرگە دەچێت.
بە ھۆی ھاتووچۆی ڕۆژانەی ئەندامانی بنەماڵە بۆ شار، دابین کردنی کەلو پەلی تایبەت بە میوانی ئاشکرا ھێندە ئاستەم نەبوو، بەڵام پێڕاگەیشتن و کڕینی کەل و پەلی پێویستیش بۆ میوانی نھێنی دەبووایە بە جۆرێک بێت کە سرنجی ھاوسەفەرەکانی دیکە ڕانەکێشێ. لە سەر یەک دەبێ خاوەن ماڵ زۆر نهێنی پارێز بێت تا بتوانێت هەم میوانەکەی باش بە خێر هێنابێت و هەم لە ئاشکرا بوونیش بیپارێزێت.
—————-
پێش نیوەڕۆیەکی درەنگ کاتێک تیمە تەشکیلاتییەکە لەخەوھەڵدەستن دەبینن کە ئەندامانی بنەماڵە ھەرکەس بەدوای ئەرکی خۆییدا لە ماڵ چوونە دەرەوە.
لەدەرەوەی ماڵ دەنگی کەسێکی تا ڕادەیەک ناسراو بۆ پێشمەرگەکان دەبیسترێ. ناوبراو لە گەڵ خاوەن ماڵ کە لە بەر دەرگای ماڵ خەریکی خاوێنکردنەوەیە، قسەیان دەکرد و باس و خواسی ئاوایی و نێو شاریان لە گەڵ یەکتر کەند و کەو دەکرد. کەسی ناوبراو خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەر بوو، کە چەند ساڵێک بوو ماڵی بارکردبوو بۆ شار و لەوێ دەژیا. ناوبراو پێشتر لە بواری ئابورییەوە وەزعی باش بوو بەڵام لێی تێکچوو بوو و ئەو ساڵە ماشێنی باری پێبوو و ھاتووچۆی گوندەکانی دەورووبەری دەکرد. ئەو بە کەسێکی زار بە هاوار ناوی دەرکردبوو و هەر لە بەر ئەوەش زۆر خۆش نێو نەبوو. ھەستکردنی ناوبراو بە بوونی پێشمەرگە لەو ماڵەدا ڕەنگبێ سەرەڕای لە خەتەرخستنی گیانی پێشمەرگەکان، ماڵەکەشی تووشی کارەساتێکی نەخوازراو بکردبایە.
زۆرجار خاوەن ماڵ فەرمووی کەسێک دەکات بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەوڕۆژە هەر بۆ جارێکیش بە سەر زاریدا نەهات فەرمووی ناوبراو بکات کە بێت و چایەک بخواتەوە. چاخواردنەوەش لە هەیوانێکی فێنک و لەو ڕۆژە گەرمانەی کۆتایی وەرزی بەهاردا بۆ خۆی تامێکی تایبەتی هەیە، کە ڕ.م. ئەو ڕۆژە لەبەر خاتری هەل و مەرجەکە بە نسیبی نەبوو.
خاوەن ماڵ دوای ڕۆیشتنی ناوبراو دەچێتە ژوورەوە بۆ لای پێشمەرگەکان. ئەو لە سیمای ڕا دیار دەبێ کە زۆر لە چاوپێکەوتنەکە ڕازی نەبووە، بەڵام ناوێت بیدرکێنێت. یەکێک لە پێشمەرگەکان لە خاوەن ماڵی پرسی کە ئەوە ڕ.م بوو قسەت لەگەڵ دەکرد؟ خاوەن ماڵ کە نەیدەویست پێشمەرگەکان شکیان لا دروست ببێت، دەوێت حاشای لیبکات بەڵام پاش ماوەیەک دەڵێت؛ بەڵێ ئەوە ناوبراو بوو بەڵام پێموانیە هەستی بە هیچ شتێکی نائاسایی کردبێت. پێموانیە ئەو ئەگەر بشزانێت باسی بکات!!!
خاوەن ماڵ ژنێکی بەورە بوو و دەیەویست دڵنیایی بداتە پێشمەرگەکان کە شتێک نیە بەڵام لە ڕوخساری ڕا دیار بوو کە بە بینینی ناوبراو دەبێ دڵەڕاوکێ بووە. ھەر بۆیەش پێشمەرگەکان زیاتر لە پێشوو چاوەڕوانی ڕووداوی نەخوازراویان دەکرد.
خانوی ماڵ
بە ھۆی بێبەشی خەڵکی گوندەکان لە بەرق و نەبوونی کەل و پەلی فێنک کەرەوە و بۆ خۆپاراستن لە گەرمای ھاوین، خەڵکی گوندەکان خانوەکانیان بە شێوەی ھەیوانی دروست دەکەن. ھەیوانی ماڵ لە شوێنەکانی دیکەی ماڵ فێنکترە و ھەر بۆیەش ماڵەکان بۆ نانخواردن، بە تایبەت نانی ئێوارە، و حەسانەوە لە وەرزی ھاویندا زۆر لە ھەیوان دادەنیشن. ئەگەر وڵات ئەمن بێت ھەرلەوێش دەخەون. پێشمەرگە سەرەڕای گەرمای زۆر، لە بەر ھۆکاری ئەمنی لە ژوورەکاندا دەمێنێتەوە. گەرمای ئەو دەمەی ساڵیش، واتە کۆتاییەکانی بەھار وسەرەتای وەرزی ھاوین زۆر بە ھێزە، بەڵام پێشمەرگە جگە لە ڕاھاتن لە گەڵی ھیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەی نیە. پێشمەرگە تەنانەت ناتوانێ وەکو خەڵکی ئاسایی جلوبەرگی گونجاویش بۆ کاتی گەرما دەبەر بکات.
خانوی ماڵەکە دوو قات بوو؛ نھۆمی خوارەوەی؛ لە دەرگای ھاتنە ژوورەوە، کە دەرگایەکی دوودەری گەورە بوو، ئەو دەرگایە لە ھێندێک ناوچەدا بە دەروازەی ماڵ ناوی دەبەن، دوو ژێرخان لە پێشەوە و پاشخانێکی گەورە کە زۆرتر بۆ کادێن، واتە شوێنی عەمبارکردنی تفاقی ماڵات بە کار دەھێندرێت، پێکھاتبوو.
نھۆمی دووھەمی خانووەکە لە دوو ژوور و ھەیوانێک لە پێشەوە و پاشخانێک لە پشتەوە پێک ھاتبوو. لە لای ڕاستی پاشخانەکەدا، سەرشۆرک، شوێنێک بۆ خۆشوشتن جیا کرابۆوە. لە لای چەپی پاشخانەکە شوێنێکی چکۆلەتر بە دیوارێکی نیزیێک بە یەک میتر بڵیند جیاکرا بۆوە.
لە پاشخانەکەڕا دەرگایەک هەبوو کە لەوێڕا دەتتوانی بچیە سەربانی ماڵەکە. ئەو دەرگایە لەوەرزی زستاندا کە بەفرێکی زۆر دەبارێت ڕێگای گەیشتن بە سەربانی ماڵی، بە مەبەستی بەفرماڵین، ئاسانتر دەکرد.
خانوەکە بەرەو ڕۆژئاوا ھەڵکەوتبوو
ھەرئەوەش وای دەکرد ھەتاو دوانیوەڕۆیان خانووی ماڵەکە زیاتر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەو ژوورەی پێشمەرگەکانیشی تێدا مابوونە تا دەهات گەرمتر دەبوو. دەرفەتی لێکردنەوەی پەنجەرەش نەبوو تا بایەکی فێنک کەمێک گەرمای ناو ژوورە کە کەمبکاتەوە.
——————-
پاش نێوەڕۆیەکی درەنگ ئەندامانی بنەماڵە کە چووبوونە شار گەڕانەوە و بووکی ماڵیش سەردانەکەی بە ناتەواوی جێ ھێشتبوو و لە گەڵ ئەوان گەڕابۆوە. بوکی ماڵ زۆر بە گەرمی بە خێرھاتنی پێشمەرگەکانی کرد پاشان خۆی بەکاروباری ماڵ و پێڕاگەیشتن بە منداڵە ساواکەیەوە خەریک کرد.
ماست و بەرھەمەکانی دیکەی شیرەمەنی
فرۆشتنی ماست و بەرھەمەکانی دیکەی شیرەمەنی بۆ گوندەکانی دەورووبەری شار بواری دابین کردنی بەشێک لە بژیوی ڕۆژانەی گوندنشینانی ڕەخساندووە. ھەرلەو کاتەشدا ئەو دەرفەتەشی بە خەڵکی شار داوە تا دەستیان بەو بەرھەمە تازانە ڕابگات. لە پاڵ ئەوەشدا بەشێک لەو ماست فرۆشانە کەڵکی دیکەشیان بۆکەسانێک کە نەک بۆ کڕینی ماستی تازە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی ھەواڵی گوندەکان دەچوونە لایان، هەبوو. ئەحمەد چڵکن یەکێک لەو چەکدارانە بوو کە زۆر سەری لەو کارە دەخورا.
دەمێک بوو پێشمەرگە هەستی بەوە کردبوو کە لە نێو ئەوانەدا کە ڕۆژانە بە مەبەستی فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنیەکان یان شتی دیکە هاتووچۆی شاردەکەن، کەسانێک هەن کە هاوکاری ڕێژیم دەکەن و دەنگو باسی گوندەکان بۆ چەند بەکرێگیراوێکی حکومەت کە خەڵکی ناوچەن دەبەن. تا پێشمەرگە ناوچەی ئازادکراوی لە ژێر دەستدا بوو باس لە بردنی نامە لە بنی قابلەمە و کیتەڵەی ماست ڕا باو بوو. کیتەڵە یەکێک لەو دەفرانەیە کە لە گڵێکی تایبەت دروست دەکرێت و دواتر لە ئاگردا سووری دەکەنەوە تا زیاتر بەرگە بگرێت. ماست کە لە کیتەڵەدا ھەوێن دەکرێ تام وچێژێکی تایبەتی ھەیە وکڕیاریشی زۆرە. لەوەش گرینگتر ماستی بۆسۆ کراوی کیتەڵەیە کە تام و چێژێکی خۆشتر بە ماستەکە دەدات.
دوای گیرانەوەی ناوچەکان لە لایان هێزەکانی حکومەتەوە ئەو کارە ساناتر ببوو و بێ گیرو گرفت جێبەجێ دەکرا. هەر کە ماستفرۆشەکان دەستیان بە هاتن دەکرد ئەحمەد لەوێ حازر بوو تا نوێترین هەواڵ لە سەر پێشمەرگە و خەڵکی کوردپەروەری گوندەکان وەربگرێ و بە شوێنی مەبەستی ڕابگەیەنێت. ئەو زۆر لە نێو بە ساڵا چووەکاندا بە دوای هەواڵ دا دەگەڕا. پێی وابوو ئەوانەی کەم تەمەنترن زۆرتر پێی ڕادەبوێرن و هیچ هەواڵێکی ڕاستی بۆ ناهێنن.
ئەحمەد هەر وەکوو ڕۆژانی پێشوو زوو خۆی گەیاندبووە شوێنی ماستفرۆشەکان. ئەوهەواڵی بوونی پێشمەرگەی لە ناوچەدا بیستبوو، بەڵام ئەوەی ئەو بەدوای دابوو زانینی شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکان بوو.
شیلان لە نێو ماستفرۆشەکاندا لە ڕیزی بە تەمەنەکاندا بوو و ھەموو ڕۆژێ ھاتووچۆی شاری دەکرد. ئەو لەو ماستفرۆشانە بوو کە لە گەڵ ئەحمەد سرت و خورتی زۆری دەکرد بەڵام لای ھاوڕێکانی وای دەنواند کە مەبەستی دیکەی جگە لە گەیاندنی دەنگوباسی ناوچە، واتە جاسوسی کردن، لەو سرتە و خورتەی گەڵ ئەحمەد ھەبێت و دەیگوت؛ ئەحمەد شتێکی پێ سپاردووم کە ھاوکاری بکەم، بە تەمای کاری خێرێیە.!!!
ئەحمەدیش زۆر خۆی لە ناوبراو نیزیک دەکردەوە. ئەحمەد کە ھەواڵی بوونی پێشمەرگەی لە ناوچەدا بیستبووە زیاتر لە جاران شیلان ھان دەدا تا وردتر گوێ ھەڵخات و ھەرکات ھەواڵی تازەی دەستکەوت، بێت و ئاگاداری بکاتەوە.
ئەحمەد ئەوڕۆژە بە دوور لە چاوەڕوانی خۆی شتێکی تازەی دەست نەکەوت وکە زانی مانەوەی لەوە زیاتر تووشی گەرمای دەکات لای ئەوانی جێھێشتوو و بەرەو مۆڵگەکەی خۆی گەڕایەوە.
شیلان شارەزای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەد بوو و دەیتوانی ھەرکات خەبەرێکی تازە ھەبوو بچێتە ئەوێ و پێی ڕابگەیەنێت. لە بەر ئەوەی ئامرازی پێوەندیش نەبوو، ھەواڵەکان تەنیا ڕاستەوخۆ دەدران.
شیلان کار و باری خۆی تەواو دەکات و لە گەڵ ماستفرۆشەکانی دیکە دەگەڕێتەوە گوند. تا ماستفرۆشەکان لە شار دەگەڕێنەوە لای دوانیوەڕۆیەکی درەنگ دەبێ. ھەربۆیەش نان خواردنی نیوەڕۆیان وەدرەنگ دەکەوێت. تا نانی نیوەڕۆش دەخورێ بڕیکی دیکە لە تەمەنی ڕۆژ کەم دەبێتەوە. شیلان بە پەلە نانێک دەخوات و سەرێک لە نێو ئاوایی دەدات تا بەڵکو شتێکی بەرگوێ بکەوێت و ئەرکە پێ سپێردراوەکەی جێبەجێ بکات. ئەو ھەروا گوێ قوڵاغ دەبێت تا ئەگەر ھەواڵێک ھەبوو بە پەلە بچێتەوە شار بە ئەحمەدی ڕابگەیەنێت.
شیلان دوای ماوەیەکی کورت لە گوێ هەڵخستن لە نێو ئاوایی دەگاتە ئەو شتەی کە بەدوای دا دەگەڕا. ئەو کە تا ئەو کاتە ھیچ ناوبانگێکی لەو جۆرەی نەبوو، یان کەس بیری بۆی نەدەچوو، یەکێک بە تێڕادیوی بۆی باس دەکات کە پێشمەرگە لەوماڵەدا ماونەتەوە، بەڵام ژمارەیان لای شیلان نادرکێنێ. ئەوە بۆ شیلان بەس بوو تا بە بیانووی شتێکی دیکەوە بۆ دووھەم جار بچێتەوە شار و لەوێش یەکڕاست بەرەو ماڵی ئەحمەد چڵکن بچێت تا ھەواڵەکە بە ناوبراو ڕا بگەیەنێت.
ئەحمەد دوای وەرگرتنی ھەواڵەکە بە پەلە بەرەو شوێنی خزمەتی خوێ دەڕوات و ھەواڵەکەیان پێڕادەگەیەنێت. ئەو لە ڕاستی و دروستی ھەواڵەکەش دڵنیایان دەکاتەوە کە لە کەسێکی جێی متمانەی خۆی دەستی کەوتووە.
——————-
تا ئەو ھاتووچۆیانە تەواو بوون کاتێکی زۆر تێپەڕی و ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو. ھێزەکانی حکومەت زۆر پەلەیان نەبوو تا بگەنە ئەو شوێنە. ئەوان پێیانوابوو ھەرکات بگەنێ درەنگ نیە و پێشمەرگەکان ئەوەندە زۆر نین تا شتێکیان لە دەست بێت و ھەربۆیەش زوو کارەکە یەکلا دەکەنەوە. ئەوان لە نێو ھێزە چەکدارەکانیاندا بە دوای کەسانێک دا دەگەڕان کە توانا و ئەزموونی زۆریان لەو بارەوە ھەبێت تا بتوانن بە باشترین شێوە ئەرکەکە ڕاپەڕێنن.
درێژەی ھەیە…..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *