لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی دووهەم له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی دووهەم
لە بەشی یەکەمدا هەوڵمدا کورتەیەک لە سەر ژیانی خەڵکی گوندەکە و شێوە جۆراوجۆرەکانی پەیداکردنی بژیوی ژیانیان بخەمە بەرچاو. هەروەها چەند ڕستەیەکیش لە سەر میوانداری و دڵئاوەڵایی، هاوکات دڵسافی گوندنشینان باس بکەم. دواتر هاتینە سەر ئەو بەشە کە چۆن چەکدارانی خۆماڵی حکومەت کەڵکی خۆیان لەو خەڵکە وەردەگرن و هانیان دەدەن جاسوسیان بۆ بکەن و کەسانێکی وەک شیلانیش دەبنە هاوکاریان. چەند کەسێک لە خوێنەران هەوڵیان دا نێوەکان ڕاست بکەنەوە کە سپاسیان دەکەم، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە نێوەکان دروست ئەوانە بن کە زۆر کەس دەیانزانێ بەڵکو زۆرتر ئەسڵی گێڕانەوەکە گرینگە. هێندێک ئاوەڵناویش ڕەنگە مانای جۆراوجۆری هەبێ کە نازاندرێ بە چ مەبەستێک وەپاڵ کابرا دراوە، وەک پیس کە دەکرێ لە باری جۆراوجۆردا کابرا پیس بێت، بەڵام چڵکن یەک مانای هەیە. داواش کرابوو کە بەشەکان کورتر بن و ئەوەش وەبەرچاو گیراوە. هیوادارم بە دڵتان بێت.
ََ——-
دەمێک بوو ھەواڵی بوونی تیمێکی چەند کەسی پێشمەرگە لە یەکێک لە ماڵەکانی گوندێکی دەورووبەری شاردا، لە نێو دامودەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمدا بڵاو ببۆوە. بەڵام ناردنی ھێز بۆ گەمارۆدان و شەھید کردن یان بەدیل گرتنی ئەوان کاتی زیاتری پێویست بوو و ھەربۆیەش تا درەنگ ھەواڵیان بە بەرپرسی زەربەتی شارنەدا کە ئەویان دیاری کردووە تا بەرپرسیارییەتی ئەو ھێزەی کە دەچن بۆ پەلاماردانی ئەو پێشمەرگانە وە ئەستۆ بگرێت. وەھا ھەواڵێک ئەوەندە نھێنیە کە تا دواساتەکان بە چەکدارە خۆماڵییەکانی ڕاناگەیەنن، نەکا لەو نێوەدا کەسێک هەبێت کە پێشمەرگەکان ئاگادار بکاتەوە.
کاتێک ھەواڵەکە بە ناوبراو دەگات
میوانی دەبێ و ئەوان خۆیان بۆ خواردنی نانی ئێوارە ئامادە دەکەن. داوای لێدەکرێ خۆی بگەیەنێتە شوێنی پێویست. ئەو بە ئامادەیی تەواو لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و خۆی دەگەیێنێتە شوێنی دیاریکراو، ھێشتا ئاگاداری وردەکاری مەئموڕییەتەکەی نیە. بە ھەر جۆرێک بووە ماڵەوەیان ئاگادار دەکاتەوە کە کارێکی بە پەلەی بۆ ھاتۆتە پێش، بەڵام ڕوونی ناکاتەوە کارە بە پەلەکەی چییە. دڵنیاشیان دەکاتەوە کە زۆری پێ ناچێ و دەگەڕێتەوە. ناوبراو دوودڵ بوو لەوەی لە وەھا ڕۆژێکدا ئەرکێکی وای پێ بسپێردرێت. ئەو لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە ئەرکانەدا ڕابردوویەکی لای حکومەت ھەبوو و نەیدەویست بە بیانووی جۆراوجۆر خەوشداری بکات، بەڵام ھاوکات ئاواتی دەخواست ڕۆژێکی دیکە بایە تا بیتوانیبا لە گەڵ میوانەکانی بایە.
ئەو کەسێک بوو کە دەستی لە شەھید- کردنی چەند پێشمەرگەدا ھە بوو و لەو بارەوە بە قسەی خۆی ئەزموونی زۆری وەسەریەک نابوو. خەڵکێک کە ئەویان لە ڕووی باسکردنی خۆی و ئاکامی شەڕەکانەوە دەناسی پێیانوابوو کە ناوبراو یەکڕاست ھێرشی کردووە و ئەو پێشمەرگانەی شەھید کردووە. بەڵام ڕاستی سەرکەوتنەکانی ئەو لەوەدا بوو کە ئەو لە دوورەوە تەقەی کردبوو و ھیچکات بەو ڕادەیە لە پێشمەرگە نیزیک نەببۆوە تا بتوانێ بیسەلمێنێ ئاخۆ چۆن تۆانیبووی ئەو پێشمەرگانە شەھید بکات. ئەوەش شتێکی ئاشکرایە کە هەموو کەسێک دەتوانێ بچێتە سەر تەرمی پێشمەرگەی شەھید و خۆی پێوە ڕابنێت، کە بەڵێ ئەوە من ئەو کارەم کردووە. ھەڵس و کەوتی ئەمجارەی ناوبراو وەک ئەوە وابوو کە دەبێت دڵنیا کرابێتەوە کە پێشمەرگاکان ھیچ بەرگرییەک ناکەن و بە زیندوویی دەیانگرێت و فریای ئەوەش دەکەوێ بگەڕێتەوە و نانی ئێوارەش لە کەڵ میوانەکان بخوات.
پیلانی ھێڕشەکە ھەر لە سەرەتاوە وا داڕێژرابوو کە خەڵکی ئاسایی زۆر کەم ھەست بە جموجۆڵێکی وەھا بکەن. خۆ ئەگەر ھاتووھەستیشێان پێکرد ئەوە وابزانن ھەر تیمی زەربەتە و داخوا ھەواڵێکیان بیستووە و وەک ھەموو جارێ دەچنە چەند گوندێکی دیاریکراو و جەمێک نانی خۆڕایی دەخۆن و دەگەڕێنەوە. ئەوان بۆ شوێنەونکە بە چەند ماشێنی شەخسی، کە هاتووچۆی ئەو ناوەیان دەکرد و بە سۆغرە گرتبوویانن، بەرەو ئەو گوندە ھاتبوون.
——–
لەو لاوە بێ خەبەر لەوەی کە ھەواڵی بوونی پێشمەرگە بە ھۆی سیخوڕێکەوە بە دامودەزگاکانی حکومەت گەیشتووە و ھێزەکانی حکومەت خۆیان بۆ ھێرشکردن بۆ سەر ئەوان ئامادە دەکەن، ژیانی نێو گوند وەک ڕۆژانی پێشتر بە ئاسایی تێدەپەڕی. ڕۆژ ھێدی ھێدی بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام گوندەکە، کە بە ھۆی زنجیرە شاخێکی بەرزەوە کە لە لای ڕۆژئاوای ھەڵکەوتووە، زۆر زووتر لە دەورووبەری ئاوایی نیسێی بەسەرداکشاوە. بەمجۆرە نێو ئاوایی زووتر لە شوێنەکانی دەورووبەری فێنک دەبێتەوە. ھەرکە نیسێ بە سەر گوندەکە دادەکشا ماڵەکەش بەرە بەرە فێنک دەبۆوە. بەمجۆرە پێشمەرگەکانیش لە گەرمای ڕۆژێکی دیکە ڕزگایان دەبوو. ئەوان ھیوادار بوون کە ئەو ڕۆژەش، وەک تا ئەو کاتە بێ کێشە و گیرو گرفت تێپەڕیبوو، ھەروا تێپەڕێت و ئەوان درێژە بە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان بدەن.
وڵات ئارامە و خەڵکی ئاوایی لە شار و کاری ڕۆژانەیان دەگەڕێنەوە ماڵ، بۆ ئەوەی دوای ماندووبوونێکی زۆر بحەسێنەوە تا بتوانن بۆ ڕۆژی دواتر هێزێکیان بێتەوەبەر. ڕوودانی شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی حکومەتی، ئەویش ڕاست لە نێوئەم ئاواییە دا بە بیری کەسدا نەدەھات. هیچکام لە گوندنشینان چاوەڕوانیان نەدەکرد دوای ماندووبوونێکی زۆر و گەرمای تاقەت پڕوکێنی کۆتایی بەهار ئارامی ئەمشەوەیان لێ تێک بچێت و ترس و دڵە خورپە لە ئەزییەت و ئازاری ھێزەکانی حکومەت جێگای خەوی ئارامیان بگرێتەوە.
نان خواردنی ئێوارە؟!!!
بە داھاتنی بولێڵەی ئێوارە پێشمەرگەکان خۆیان بۆ خواردنی نانی ئێوارە ئامادە دەکرد. ئەوان بە مەبەستی دەست شوشتن بە نۆرە دەچوونە پاشخانی ماڵەکە. لە ناکاو دەنگی چەند ماشێنێک تێکەڵ بە دەنگە دەنگی خەڵکی ئاوایی بوو کە ھێشتا ھەرلە دەرەوەی ماڵەکانێان بوون. ھاتنی ماشێن لە کاتێکی وەھا درەنگدا بۆ ھەموولایەک جیگای پرسیار بوو. خۆ ھەموو ئەوانەی چووبوونە شار گەڕابوونەوە. حەشیمەتی گوندەکەش ئەوەندە زۆر نەبوو تا بۆ گەڕانەوە پێویستیان بە چەند ماشێن ھەبێت. ماشێنەکانیش کاتی دیکە زیاتر دەھاتنە خوارەوە و ڕاست لە سەرەوەی ماڵەکان ڕایان دەگرت، بەڵام ئەو ماشێنانە لە پاش تەپۆلکەی سەرەوەی ئاوایی ڕایانگرتبوو. پێشمەرگەکان کە ھەست بە شتێکی نامۆ دەکەن خۆیان ئامادە دەکەن. چاوەڕوان دەبن بزانن چی ڕوو دەدات و ھەوڵیان دەدا تا بکرێت خۆیان لە شەڕ ببوێرن و لە یەکەم دەرفەتدا بێ تەقە لە شوێنەکە دوور کەونەوە یان خۆیان پەنا بدەن بەڵکو تووشی شەڕ نەبن. زۆر جار ھێزەکانی حکومەت بێ ھیچ بیانوویەکی ڕوون خۆیان بە نێو گوندەکاندا دەکرد. دەکرا ئەو جارەش والێک بدرێتەوە، ڕێژیم کە ھەستی بە بوونی پێشمەرگە لە ناوچەدا کردبوو ھێزە کانی زەربەتی وەگەڕ خستبێتەوە تا بۆ ھەڵگرتنی پێ و شوێنی پێشمەرگە بچنە نێوگوندەکان. ئەگەرنەشتوانن پێ و شوێنیان هەڵگرن و بە گوتەی خۆیان لە ناویان بەرن، لانی کەم نەهێڵن بەو جۆرەی کە دەیانەوێت دەستیان بە نێو گوندەکان ڕابگات.
بۆ ڕوون بوونەوەی وەزعەکە کوڕی ماڵ دەچێتە دەرەوە تا چاوێک بە دەورووبەردا بگێڕێ، بەڵام بە پەلە دەگەڕێتەوە و دەڵێ کە تاقمی زەربەتە و بەرەو ماڵی ئێمە دێن. پاش ماوەیەکی کورت دەرکەوت کە دەبێ مەبەستی ئەو جارەی ئەو ھێزانە ڕوون بێت. ھەر زوو دەنگی پێیەکی زۆر کە وەک دەنگی پۆتینی سەربازی دەچوو لە دەورووبەر و سەربانی ماڵەکە بیسترا. شێوەی بڵاوبوونەوەی ھێزەکە ئەوەی پێشان دەدا کە شوێنی ھەڵکەوتنی ماڵەکەیان زۆربە باشی بۆ شی کرابێتەوە و تەنانەت کەسی زۆر شارەزاشیان لە گەڵدا بێت. ئەوە هیچ شانسێکی بۆ دەبازبوون بە بێ شەڕ بۆ پێشمەرگەکان نەهێشتەوە.
ھاتنی ھێزە پەلاماردەرەکە وا بە دیاریکراوی و شارەزایی بۆ دەورووبەر و ڕێگاکانی چوونە دەرەوەی ماڵەکە وای دەخواست کە پێشمەرگەکانیش خێراتر بڕیار بدەن و باشترین شوێن لە نێو ماڵەکەدا بۆ شەڕکردن ھەڵبژیرن. هەروەک لە بەشی یەکەمدا گوترا لە گۆشەی لای چەپی پاشخانی ماڵەکە لە نھۆمی دووھەم شوێنێکی چکۆڵە بە دیوارێکی نیزیک بە یەک میتربڵیند جوێ کرابۆوە کە تەنیا جێگای کەسێکی بە باشی تێدا دەبۆوە. واوێدەچوو ئەو شوێنە پێشتر بۆ خۆ شوشتن کەڵکی لێوەرگیرابێ. پێشمەرگەکان چوونە ئەو شوێنە و چاوەڕوان بوون تا بزانن ھێزە کانی ڕێژیم چۆن ھێرشەکەیان دەست پێدەکەن. لە سەرەتادا پبشمەرگەکان پێیانوابوو ھێزەکە پێشترلە دوورەوە تەقە لە خانووەکە دەکەن و پاشان داوا دەکەن پێشمەرگەکان خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئەگەر ئەو تاکتیکانەش کاریگەر نەبوون، پێشبینی ئاور تێبەردانی ماڵەکەش دەکرا.
ھیندێک جار کە ھێزێک ھێرش دێنێ دەیەوێ ئیمکانی داڕشتنی بەرنامە بە لایەنی بەرامبەر نەدا. لایەنی پەلاماردراویش بۆ پوچەڵکردنەوە پەلامارەکە ھەوڵ دەدا خاڵە لاوازەکانی ھێرشبەر بدۆزێتەوە و بیکاتە دەستپێکی ھێرشی پێچەوانە. ئەوەی لەو نێوەدا گرینگە کە ھێزە پەلاماردراوەکە ورەی نەڕوخێت و تا دەکرێ ھەوڵ بدات کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی لە دەست دەرنەچێت.
ئەندامانی بنەماڵەکە یەک بە دوای یەکدا کە دەچوونە دەرەوەی ماڵ، لە لایەن ھێزە پەلاماردەرەکەوە پرسیاری بوونی پێشمەرگەیان “دژی شۆڕش” بە وتەی ئەوان لە ناو ماڵەکەدا لێدەکرا. لە وڵامدانەوەی کەسەکان ڕا دەردەکەوت کەسی ناوبراو چەندە شڵەژاوە. ھەموویان حاشایان لە بوونی پێشمەرگە لە ناو ماڵەکەیاندا دەکرد یان بە نازانم وڵامیان دەدایەوە، بەڵام شێوەی وڵامدانەوەی یەک دوو کەس ئەوەندە بە ترس و لەرزەوە بوو کە ناڕاستەوخۆ بوونی پێشمەرگەی لە ناو ماڵەکەدا پشتڕاست دەکردەوە. ژنەکان هاسانتر لە پرسیارەکان ڕزگاریان دەبوو.
دواین کەس کە بەرەو دەرەوەی ماڵەکە بەڕێوە بوو کوڕی نێونجی ماڵەکە بوو، بەڵام لە دەرگای سەرەکی ھاتنە ژوورەوە پێشی پێگیرابوو و کەوتبووە بەر شەپۆلی پرسیاری چەند چەکدارێکی خۆماڵی کە داخوا پێشمەرگەیان لە ماڵدا ھەیە. ئەوان داوایان لێدەکرد بۆ پشکنینی ماڵەکە پێشیان بکەوێ بەڵام ناوبراو لە گەڵ ئەوەی حاشای دەکرد کە پیشمەرگەی لێ بێت، ئامادەش نەبوو پێشیان بکەوێ.
————-
ھاتنی ئەو ھێزە بۆ گەمارۆدان و لە ناوبردنی تیمێکی تەشکیلاتی سەرەڕای ھەموو ھەوڵێک بۆ بە نھێنی ھێشتنەوەی سەردانەکەیان بوو بە ھۆی ئەوە کە بۆ ماوەیەکی کورت ھەستێکی نائومێدی بە سەر تیمەکەدا زاڵ بێت. نائومێد لەوەی کە بنەماڵەیەک سەرەڕای ھەموو ئەو ھەڕەشانەی کە ڕەنگە بەرۆکیان بگرێ زۆرجار کەمتەرخەمی دەکەن و خۆیان و تیمە تەشکیلاتیەکان تووشی گێرە و کیشە دەکەن. نائومێد لەوەی کە ئەوەی ھەواڵەکەی گەیاندووەو و بەشێکیش لە هێزی پەلامارودەرکوردە. ئەوەی لەو شەڕەش دا دەکوژرا کوڕی کورد بوو. منداڵی کورد لە نازی باوکی بێبەش دەبوو. تەنیا لایەنێکیش کە لەو نێوەدا قازانجی دەکرد کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو بیرکردنەوانە زۆر بە خێرایی ئاڵوگۆریان بە سەر دادەھات. بڕیاردان لە ھەل و مەرجێکی وەھا دژواردا کە شانسی دەربازبوون زۆر کەمە یان ھەرنیە و ڕەوڕەوەی تەمەن زۆر بە خێرایی سەرەولێژ بۆتەوە و ھاکا وەک فیلمێکی سینەمایی کۆتایی ھات، ئەستەمە. بەڵام خۆ پێشمەرگە ھەروا بە ساناییش خۆی بە دەستەوە نادات. بڕیاری پێشمەرگەکان بۆ شەڕ کردن تا دوا فیشەک دەمێک بوو درابوو. شەھید بوون بۆ پێشمەرگە ئامانج نیە، بەڵام ئەو لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیدا ئامادەیە شەھیدیش بێت. ئەوان باش دەیانزانی کە ئەگەر خۆشیان بە دەستەوە بدەن دوای ماوەیەک ھەر شەھید دەکرێن، کە وابوو لە هەردووک حاڵەتدا چارەنووسەکە هەریەک دەبوو.
درێژەی هەیە………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *