لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی حەوتەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by

لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی حەوتەم!
دوای گەمارۆ
کاتێک پێشمەرگەکان لەو ماڵەش وەدەرکەوتن هەرچاوەڕوان بوون کە هێزەکانی حکومەت هێرش بێننەوە بۆ سەر شوێنی گەمارۆکە. ئەوان دەبووایە زیاتر دوور بکەونەوە تا دڵنیا بن لەو ناوە تووشی شەڕ نابنەوە. شوێنێکی دیکە جادەیەکی نێوان شار و ژمارەیەکی زۆر گوند بوو، کە زۆر گومانی کەمینی هێزەکانی “ئەرتەش” ی لێدەکرا، زۆر بە وردی لە لایەن پێشمەرگەکانەوە تاقی کرایەوە. ئەو شوێنە لە نیزیک مۆڵگەیەکی گەورەی ئەرتەش هەڵکەوتبوو.
بەڵام دەتگوت هێزەکانی حکومەت ئەو شەوە هەموو هیواکانی خۆیان لە سەر ئەو هێرشە هەڵچنیبوو و لەو شوێنەش هیچ کەمینێکیان دانەنابوو. ئەو شوێنەش بێ ھیچ کێشەیەک تێپەڕێندرا.
پێشمەرگەکان هێشتا بێ پشوودان ڕێگا دەبڕن و دەیانەوێ بە هەورازێکی دوور و درێژدا کە لەبەردەمیاندا بوو سەرکەون و ئینجا پشوویەک بدەن. تەنانەت لە سەر ئەو شاخەش کە ڕێگای تێپەڕینی کاروان بوو، شک لە بوونی کەمین هەبوو. ئەو کەمینە زۆرتر بە مەبەستی ستاندنی بڕێک پوڵ و پارە لەو کاروانچیانە بوو کە بەوێدا تێدەپەڕین، تا لە داو خستنی پێشمەرگە، بەڵام لە کاتی لە داو خستنی پێشمەرگەدا مەبەستی گرینگتریان جێبەجێ دەکرد. بە کوردی “بە بەردێک دوو کێلیان دەشکاند”.
پێشمەرگەکان دوای بڕینی هەورازی بەردەم دەگەنە سەر شاخەکە و دوای تاقیکردنەوە و دڵنیابوون لەوەی کە هیچ شتێک لە گۆڕێدانیە، هەروەک پێشتر بڕیاریان دابوو دانیشتن تا پشوویەک وەرگرن. هاوکات بۆ ماوەیەک ناوچەکەیان لە ژێر چاوەدێری گرت. شوێنی پشوودانەکە بە سەر ناوچەیەکی بەربڵاودا زاڵ بوو و شوێنی گەمارۆدرانەکەش زۆر بە باشی لەوێڕا دەبیندرا. هێشتا وڵات ئارامە وهیچ جۆرە جموجۆڵێکی هێزەکانی حکومەت لە ئارا دانیە. گوندی شوێنی شەڕەکە و دەوروبەری وەک شەوانی ڕابردوو کش و مات بوون و لەو تاریکەسەلاتەدا تەنیا کزە ڕووناکی چەند چرایەکی خەفەکراو ئەوانی لە دەورووبەریان جیا دەکردەوە.
لە دوورەوە هەموو شتێک وەک شەوانی پێشوو ئاسایی دەهاتە بەرچاو، بەڵام دڵەڕاوکێی دانیشتووانی گوندی ناوبراو لەو شەوەدا هەموو شتێکی پێچەوانە کردۆتەوە. چاوەکان ماندوون و جەستە شەکەتە و پێویستی بە حەسانەوەیە. مێشک زۆر لەوە زیرەکترە و سەرقاڵی لێکدانەوە و پێشبینی کردنی ڕووداوەکانی دوای شەڕەکەیە، بەڵام تێماوە و نازانێ بە چ شێوەیەک ئاگاداریان بکاتەوە.
تەنانەت بە هێزترین مێشکەکان و بە ئەزموونترین کەسەکانیش ناتوانن پێشبینی هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکومەت لە کاتی هێرشی دووبارەیاندا بکەنەوە. ئەوان زامدار بە لە دەستدانی فەرماندەکەیان، کەساسی شکان لە بەرامبەر چەند پێشمەرگەیەکدا، هەموو لایەک وەک دوژمن دەبینن و هەرواش هەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکەن. چاوەکان ماندوون و هەوڵی شکاندنی سەرخەوێکی هەر چەند کورتیش بێت دەدەن بەڵام مێشک هەموو جارێ بە خەونێکی ناخۆش ڕایاندەچڵەکێنێ. مۆتەکەی لولەی تفەنگی هێزەکانی حکومەت و هەڕەشە و گوڕەشەکانیان هەموو جارێ خەویان لە چاوان دەتارێنێ. یان لە ناو جێگادا جینگڵ دەدا و خەوی لێ ناکەوێ یان وەڕەز لەو شەوە بە دیار چرایەکی خەفەکراوەوە، کە ئاگای لە هیچ نیە و تەنیا ئەگەر گلییەکی لە نەوتەکە هەبوو یان پڵیتەکەی پیس بوو، بە پڵتە پڵت، فەرتەنە، گازەندەی خۆی دەردەبڕێ و دەکوژێتەوە، وێژینگ دەدات، بەڵام ناوێرێ بنوێت.
————-
چەند کاتژمێرێک لە کاتی شەڕەکە تێپەڕی بوو و وێدەچوو هەواڵی شەڕەکە بە ناوکەچەدا بڵاو بووبێتەوە وپێشمەرگەکان وای بۆ چوون کە ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەدان هەواڵی شەڕەکەیان پێ گەیشتبێ و بیانهەوێ ئاگاداری بەسەرهاتی پێشمەرگەکان بن. پێوەندی نێوان پێشمەرگەکان لە ڕێگای بێسیمی “ئایکۆم” ەوە بوو. دیاربوو کەس لەسەر خەت نەبوو یان پێشمەرگە بە هەڵکەوت لە ناوچەی دەورووبەری شەڕەکەدا نەبوون. وادیار بوو ماوەیەکی زیاتری پێویست بوو تا هەواڵی شەڕەکە بە ناوچەدا بڵاو بێتەوە. چوارچێوەی کاری بێسیمەکانیش بە پێی هەڵکەوتی ناوچەکە دەگۆڕا.
—————
دوای ڕۆیشتنێکی زۆر و ئارەقکردن دانیشتنی زۆر لە بەرزایی و لە درەنگانی شەودا و لە بەر شنەی بایەکی فێنک تێکەڵ بە بۆن و بەرامەی بێژان و ڕووەکە بۆنخۆشەکانی دیکە خۆشە، بەڵام زۆر دانیشتن لەو بەرزاییانە لەوەها حاڵەتێکدا دەبێتە هۆی ڕەق بوونی جەستە و داهێزانی لەش. پاش پشوودانێکی کورت پێشمەرگەکان درێژەیان بە ڕێگاکەیان دا. هێشتا وڵات هەروا بێدەنگە و هێزەکانی حکوت خۆیان بۆ هێرشکردنەوە ڕێک نەخستۆتەوە یان هێشتا ‌‌نەگەیشتوونە شوێنی مەبەست. بێسیمی پێشمەرگەکان هەروا کراوە بوو تا ئەگەر پێشمەرگەکانی دیکە هاتنە سەر خەت هەواڵی دەرچوونی خۆیان پێڕابگەیەنن. وا وێدەچوو هێزەکانی حکومەت تا بەیانی هیچ دژکردەوەیەک لە خۆیان نیشان نەدەن.
ماوەیکی زۆر بوو کە پێشمەرگەکان ڕێگایان دەبڕی و برسیەتی وردە وردە هێزی خۆی بە سەریاندا تاقی دەکردەوە. هێز و توانای ڕۆیشتن وردە وردە کەمتر دەبوو. برسێتی زیاتر کاری لە توانای بریندارەکە کردبوو.
کاتێک دوای دەرچوون لە گەمارۆ لەو ماڵە لایاندابوو، بڕێک نان و پێخۆریان لە گەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، بەڵام نان خواردنەکە زۆر کەم بوو و ئەوەی لە گەڵ خۆشیان هێنابوو، دەیانویست هەروا پێیان بمێنێ.
بڕیار وابوو مەودایەکی دوورتر ببڕن تا بۆ ماوەیەک پشوو بدەن. چەند شوانێک لە سەر ڕێگای پێشمەرگەکان مێگەلەکەیان مۆڵ دابوو کە سەگەکانی مێگەل هەستیان بە تێپەڕینی پێێشمەرگەکان کرد. پاش ماوەیەکی کورت، شوانەکان سەگەکانیان بێدەنگ کرد. لە شەکەتی و ماندوویی پێشمەرگەکان ڕا تێگەیشتن کە دەبێ ماوەیەکی زۆر بێت بەڕێوەبن و هەر بۆیە داوایان لێکردن پشوویەک بدەن و نان و ماستێکیان لە لا بخۆن، بەڵکو هێزیان بێتەوە بەر و پاشان درێژە بە ڕێگاکەیان بدەن. شوانەکان هیچ هەواڵێکیان لە سەر شەڕەکە نەزانیبوو و پێشمەرگەکانیش هیچ شتێکیان لەو بارەوە نەدرکاند. پێشمەرگە بریندارەکە لە کاتی نانخواردندا نەیدەتوانی بەوجۆرەی کە پێویستە هەردووک دەستی بە تەواوی بە کار بێنێت و تۆزێک زیاتریش هەستی بە سەرما دەکرد. ئەوە بڕێک سرنجی شوانەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، بەڵام لە بەر ئەوەی پێشمەرگەکان هیچیان نەگووتبوو، ئەوانیش نەیاندەویست هۆیەکەی لە ناوبراو بپرسن. شوانەکانیش بۆ چەند کەس لە پێشمەرگەکان ناسراو بوون، بەڵام هەردوو لا بڕیاریان دا کە ئەو چاوپێکەوتنە بە نهێنی بمێنێتەوە.
پێشمەرگەکان زیاتر لە شوێنەکە دوور کەوتبوونەوە کە ڕوناکی چرای ماشێن لەو درەنگانی شەوەدا ئارامی شەوی تێکدا و پەیامی ھێرشی دووبارەی ھێزەکانی حکومەتی بە گوێی خەڵکی ئاوایی و پێشمەرگەکاندا چپاند.
درێژەی هەیە……….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *