لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی هەشتەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی هەشتەم!
هێرشی دووبارەی هێزی پەلاماردەر!
دواتر دەرکەوت کە هێزەکانی حکومەت دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بە سەر شەڕەکەدا، بە هێزێکی زۆرتر لە جاری پێشوو، هێرشیان هێنابۆوە و ئەوجارە زۆر بە تووندی هەموو ڕێگاکانی هاتووچۆی ماڵەکە و تەنانەت ئاوایشیان گرتبوو، تا بە گوتەی خۆیان، هیچ دەرفەتێک بۆ دەربازبوونی پێشمەرگەکان نەمێنێتەوە. هێزەکە دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر ساغ دەبنەوە تا بۆ دڵنیا بوون لە چارەنووسی پێشمەرگەکان، کە پێیانوابوو لە نێوماڵەکەدا کوژراو یان بریندار بن، نەک چەکدارەکانی خۆیان، هەموو خانووەکە بگەڕێن.
ئەوەش ئەرکێکی قورس بوو و چەکدارەکان خۆیان لە بە جێ گەیاندنی دەبووارد. دواتر بڕیار دەدەن خەڵکی ئاوایی، کە بە زۆر لە ماڵەکانیان هێنابوویاننە دەر، بۆ پشکنینی خانووەکە بنێرنە ژوورەوە. گەرچی شەو درەنگ بوو و شەوانی ئاسایی خەڵک دەمێک بوو لە شیرین خەو دابوون، بەڵام ئەو شەوە لە دڵەڕاوکێی هێرشی هێزەکانی حکومەت دا نەیانتوانیبوو بخەون. زەحمەتکێشانی گوند شەکەت و ماندووی ڕۆژێکی پڕ لە کوێرەوەری، نیوە خەواڵو و نیوە بە خەبەر و لە ترسی سوکایەتی پێکردن لە لایان هێزەکانی حکومەتەوە، بە لۆژە لۆژ و ناچاری خۆیان گەیاندە دوروو بەری ماڵی ناوبراو. دەتگووت زۆر باش پێش بینی ئەو حاڵەیان کردبوو. یەکەم وەجبە کە دەچنە ژوورەوە، زۆریان پێدەچێ. خەڵکی ئاوایی دەترسان کە نەکا پێشمەرگەکان هەر لە ژوورەوە مابن، بەڵام بریندار بووبن و تۆانای ڕۆیشتنیان نەبووبێت، گومانیان لا دروست بێت کە هێزەکانی حکومەت لە پەنای خەڵکەکە ڕا بیانەوێت زەفەریان لێ بێنن و ئەوەی پێشتر بۆ خۆیان نەیانتوانیبوو بیکەن بەو جۆرە بیکەن. دوای دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆر سەرەنجام گەڕانەکە کۆتایی هات، کە لەودا جگە لە تەرمێک کە لە لای چەپی پاشخانی نهۆمی دووهەم کەوتبوو، هیچ کەسێکی دیکە نەدۆزرایەوە.
هێزەکانی حکومەت وای بۆ دەچن کە ئەو تەرمە کە لە ژوورەوە بە جێماوە تەرمی یەکێک لە پێشمەرگەکان بێ و ئەوانی دیکەش هێشتا لە نێو خانووەکەدا خۆیان حەشار دابێ یان ئەوانیش تەرمەکانیان ھەر لە نێو خانووەکەدا کەوتبێت. بۆ دڵنیایی زیاتر، هێزەکە بڕیار دەدەن بۆ جارێکی دیکەش هەموو خانووەکە بپشکننەوە. فەرمان بەو کەسانە دەکرێ کە دەچنە ژوورەوە؛
-پێیان بڵێن چواردەوریان گیراوە و ئەگەر خۆیان بە دەستەوە نەدەن دەکوژرێن!!!. کاتێک جاری دووهەم بە مەبەستی گەڕان بە دوای پێشمەرگەکاندا دەچنەوە ژوورەوە، چەند چەکدارێکی حکومەتی ئەو کارە دەکەن. ئەوان تا ڕادەیەک دڵنیا بوون کە جگە لە تەرمەکە هیچ پێشمەرگەیەک لە ناو ماڵەکەدا نەماوە و ئەرکیان ئەوەندە قورس نابێ. لە سەر چوونە ژوورەوە و هێنانی تەرمی بە ڕواڵەت “پێشمەرگەکە” لە کێبەرکێ دابوون!!!. دوای چوونە ژوورەوە و پشکنینی نهۆمی یەکەم هەر زوو بەرەو نهۆمی دووهەم وەڕێدەکەون. گەڕان لە نهۆمی دووهەم زۆرتر کات دەبات. هێزەکە لە چاوەڕوانی دیتنی تەرمی “پێشمەرگەکە” دا کەوتبوونە دونیای خەیاڵاتەوە و بەرنامەدانان بۆ باس کردن لە شێوەی دۆزینەوە و غیرەتی هێزەکەیان، بەڵام ئەمجارەش دوای ماوەیەکی کورت، ڕاستیەکی تاڵ تەنگی بە خەیاڵی ئەوان هەڵچنی. ئەوەی هیچکام لە ئەوان چاوەڕوانیان نەدەکرد بینینی تەرمی یەکێک لە چەکدارەکانی خۆیان بوو، نەک پێشمەرگەکان. دەکرێ بگوترێ تەرمی فەرماندەی یەکەم هێرش لە ئێوارەی ئەمڕۆژەدا بوو.
دوای دیتنەوەی تەرمی چەکدارەکە و ئاشکرا بوونی ئەوە کە ئەو تەرمەی کە لە پاشخانەکەدا کەوتبوو هی چەکدارێکی حکومەت بووە، شک و گومانی هێزەکانی حکومەت لە سەر خەڵکی ئاوایی زیاتر و زیاتر دەبێ. هێزەکان پێیانوابوو کە دەبێ خەڵکی گوند پێشمەرگەکانیان مردوو یان زیندوو ڕزگار کردبێت. ئەوجار پرسیار کردن و بگرە و بەردە لە خەڵک دەستی پێکرد، هیچ کەس لەو پرسیار لێکردنە هەڵناواردرا و هەموویان بە چاوی دوژمن و ڕزگارکەری پێشمەرگەکان سەیر دەکران. وڵامی پرسیارەکان هەمووی وەک یەک بوون؛ نازانین، نەماندیون، ناشزانین چیان بە سەر هاتووە. وڵامەکانیش هەموویان ڕاست بوون. کەس نەیدیبوو ئاخۆ پێشمەرگەکان لە ماڵەکە چوونە دەرەوە یان شەهید و برینداریان هەبووە و کەس یان کەسانێک ڕزگاریان کردوون یان بۆ خۆیان لە ماڵەکە چوونە دەرەوە. هێزەکانی حکومەت لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەگەر خەڵک نەبایە پێشمەرگەکان هیچکات نەیاندەتوانی لە گەمارۆیەکی ئاوا ڕزگاریان بێت. ئەوان هەموو کات لەو پێوەندییە توند و تۆڵەی نێوان خەڵک و پێشمەرگە ناڕازی بوون و هەردەم بە چاوی شک و گومانەوە سەیری خەڵکیان کردووە. ئەوان زۆر باش دەیانزانی کە خەڵک لە گیانی خۆی دەبورێ تا نەهێڵێ پێشمەرگە زیانی پێ بگات. ئەوان دەیانزانی کە خەڵک زۆر جار برینداری پێشمەرگەی شاردۆتە و لە ئەستەمترین هەل و مەرجدا دەرمانیان کردووە و گەیاندوویانەتەوە نێو پێشمەرگە. زۆرجار تەرمی شەهیدیان بە دوور لە چاوی دامودەزگا و پیاوانی حکومەت بە خاک سپاردووە.
یەکێک لە چەکدارانی بەشداربووی شەڕەکە لە نێو کۆمەڵێکدا گووتبووی؛ “ئێمە سەرمان لەوە سوڕما بوو ئەو پێشمەرگانە چۆن دەرچووبوون”؟!!!
هێزەکانی حکومەت ئەوەی لەو نێوەدا لێی بێ ئاگا بوون، ورەی ڕووخاوی خۆیان بوو کە لە بەرامبەر بەرگری توندی چەند پێشمەرگەیەکدا بە چۆک داهاتبوون و تا چەند کاتژمێر دواتریش نەیانوێرابوو بگەڕێنەوە شوێنی شەڕەکە. پێشیان وابووە پێشمەرگەکان چاوەڕوان دەبن تا هێزەکانی حکومەت هێرش دەکەنەوە و دووبارە شەڕیان لە گەڵ دەکەنەوە تا تەقەمەنیان پێ دەبڕێت، ئەوجار لە ناوبردنیان زۆر ئاسانتر دەبێت.
———–
بە هۆی ڕزگار بوونی پێشمەرگەکانەوە ڕق و قینێکی زۆر سەرتاپای وجودی هێزەکانی حکومەتی داگرتبوو و بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ڕق و قینەشیان هەروا هەڕەشەیان لە خەڵکی ئاوایی دەکرد. ئەوەی لەو نێوەدا زیاتر لە جاران دڕندەیی دەنواند بەشێک لە چەکدارە کوردەکان بوون، کە بۆ بەرگری لە خۆیان و کڕینەوەی ئابڕووی تکاویان و لە ترسی چەک کردن و نان بڕاو کردنیان، فەرمانی پێ سپێردراویان بێ چەند و چوون جێ بە جێ دەکرد. لە گەڵ چوکترین هێما بەردەبوونە گیانی
خەڵک و بێحورمەتیان پێدەکردن.
گیرانی ئەندامانی بنەماڵە!
یەکەم بڕیار کە خاوەن ماڵ دەمێک بوو چاوەڕوانیان دەکرد قۆڵبەست کردنی کوڕەکانی بنەماڵە بوو. هەموو جارێک کە هێزەکانی حکومەت لە گەڵ پێشمەرگە تووشی شەڕ دەبوون، پیاوانی ماڵ یان ئاوایی بە مەبەستی لێپرسینەوە قۆڵبەست دەکران. بەڵام هێزەکانی حکومەت ئەمجارە تەنیا بەوەوە نەوەستان و بڕیاری دەست بەسەرکردنیان بۆهەموو ئەندامانی بنەماڵەکە و ژمارەیەکی دیکە لە خەڵکی ئاوایی دەرکرد. ئەمجارە پیاو و ژن وەک یەک “تاوانبار” بوون. جاران کە هێرش دەکرایە سەر پێشمەرگە و بە شەهید کرانی ئەوان کۆتایی دەهات خاوەن ماڵ چەند ڕۆژێک بۆ لێپرسینەوە دەست بەسەردەکرا و دواتر ئازاد دەکرا. بەڵام ئەمجارە شێمانەی ئەوە دەکرا بەندکردنەکە زۆر لەوە دوور و درێژتر بێ. ئەوجارە نەک تەنیا لەبەر حاواندنەوەی پێشمەرگە بەڵکو بە تاوانی بە وتەی ئەوان” ڕزگارکردن یان گواستنەوەی تەرمی پێشمەرگەکانیش” سزا دەدران.
————-
گیرانی ئەندامانی بنەماڵە لای خۆیان و خەڵکی ئاواییش وا لێکدرایەوە کە دەکرێ ئازارەکان بە گرتنی ئەندامانی بنەماڵە و چەند کەسێکی دیکە کۆتایی بێت. ئەو بۆچوونەش لە سەر بناخەی هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی هاو چەشن کە پێشتر ڕوویان دابوو داڕێژرابوو. بەڵام وا دیار بوو حکومەت هێشتا ڕق و قینی خۆی بە پێی پێویست بە ماڵی ناوبراو نەڕشتبوو و ئەوەی تا ئەودەم کردبوویان تەنیا بەشێک لە پیلانەکەیان بووە.
————–
ئەوان باش دەیانزانی کە خەڵکی گوندەکان بە چ چەرمەسەرییەک ژیانێکی مامناوەندیان پێک هێناوە و خانویان دروست کردووە. هەبوونی خانووی خۆت لە گوند دا مانای بوونی پێگەیەکی تاڕادەیەک پتەوە لە ناو خەڵکدا. خانووی ئەوانیش لە چاو خانووەکانی دیکەی گوند خۆشتر بوو. بۆ هێزەکانی حکومەتیش بیرەوەرییەکی باش نەدەبوو کە خانووەکە هەروا بە سەرپێوە بمێنێتەوە. بە دوور لەچاوەڕوانی و لە نێو سەرسوڕمانی خەڵکی ئاواییدا و بۆ یەکەم جار لەوناوچەیەدا، بڕیاری خاپوورکردنی خانووەکە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتەوە دەرکرا و دەبووایە بە زووترین کاتیش جێبەجێ بکرێت. پاڕانەوە و تکا و ڕجای خەڵک نەیتوانی تۆزقاڵێک کاریگەری لە سەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەبێت.
ئەوەی لەو نێوەدا بە ڕواڵەت زۆر لە خەڵکەکەی دیکە بە کوڵتر بوو و فرمێسکەکانی بە لێزمە دەهاتنە خوار “شیلان” بوو کە تازە تێدەگەیشت سیخوڕی کردنەکەی چ کارەساتێکی بۆ بنەماڵەی خۆشەویستترین کەسی خۆی بە دواوە بووە. فرمێسکەکانی لە سۆنگەی هەست بە تاوانباری خۆیەوە بوو نەک دڵسۆزی بۆ خاوەن ماڵ، بەڵام خەڵک وایان لێک دەدایەوە کە ئەوە لە بەر دڵسۆزی بۆ بنەماڵەکە بێت. کێ بیری لەوە دەکردەوە کە ئەو بووبێتە هۆی ئەو کارەساتە.
لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکە ڕا تا جێبەجێ کردنی خەڵک توانیان بڕێک کەل و پەلی ناوماڵیان بۆ ڕزگار بکەن، بەڵام بە گەیشتننی هێزەکانی حکومەت بە مەبەستی خاپوورکردنی خانووەکە ئەو هەڵمەتەش کۆتایی هات و نەیانهێشت هیچ کەل و پەلێکی دیکە ڕزگار بکەن.
ئەندامانی بنەماڵە بە هۆی دەست بە سەرکردنیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە کار و کاسبی ببوون، بەڵام بە هۆی ڕووخاندنی خانووەکەیان، دەبووایە لە بیری دۆزینەوەی سەرپەنایەکیش دابن تا بتوانن ژیانیان سەرنوێ بنیات بنێنەوە.
درێژەی هەیە…
—————

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *