لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی دەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی دەهەم!
هەڵکردن لە گەڵ کێشەکاندا!
دوای خواردنی نان و ماستێکی خۆش لە لای شوانەکان کە، لە بەشی حەوتەم دا باسکرا، تیمەکە درێژەی بە ڕێگای خۆی دا. شەو درەنگ بوو و بەو شەوە دەستکەوتنی ماشێن ئاستەم بوو. دەبووایە چاوەڕوانی دەست پێکردنی جموجۆڵی خەڵک و هاتنی ماشێن بکەن کە لە شار ڕا بە مەبەستی گواستنەوەی بەر و بومی کشت و کاڵی خەڵک بۆ ئەو شارەی باشوری کوردستان هاتووچۆیان دەکرد.
دوای ماوەیەک ڕۆیشتن لە تاقە ماڵێکی هەوارنشین لایاندا، تا بڕێک بحەسێنەوە. لە گەڵ دەرکەوتنی ڕۆژ و پێش گەرم داهاتنی هەوا لەوێڕا وەڕێکەوتن.
————-
ماندوو و شەکەت، دوای ڕێگا بڕینێکی زۆر و بێ خەوی، بێ خەبەر لەهەموو شتێک تیمەکە ڕێگا دەبڕێ و پێیان وایە تازە گەیشتوونەوە ئەو شوێنە کە پشوویەک بدەن. لە وەها حاڵەتێکدایە کە دەڵێن مێشک ماندوویە و توانای بیرکردنەوەی لە کورتی دەدات و مرۆڤ زۆر زوو هەڵدەچێ. کەس نایەوێت تووشی حاڵەتێک بێت کە لە کاتی ئاساییدا بە جۆرێکی دیکە چارەسەری دەکات.
پێشمەرگەکان ڕێگایان بە نێو گوندێکی ئازادکراوی باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێ و بە تەمای بەکرێگرتنی ماشێنێک، بەرەو دەرەوەی ئاواییەکە بەڕێوەن تا بریندارەکە بۆدەرمانکردن بگەیەننە نەخۆشخانە یان بگەنەوە بنکەکانی خۆیان و لەوێڕا بەڕێی بکەن. پێشمەرگەکان هەر لە گەڵ هاتنە نێو ئاواییەوە هەست بە شتێکی نامۆ دەکەن. گوندەکە و هەڵسو کەوتی خەڵکیان وەک پێشوو نایەتە بەرچاو. ئەو گوندە وا باو بوو کە زۆر لە گەڵ پێشمەرگە ڕووخۆش بن و فەرمووی ماڵەکانی خۆیان دەکردن. بەڵام ئەوجارە سەرەڕای ئەوەی کە کاتێکی گونجاویش بوو بۆ حەسانەوە، واتە سەر وبەندی چیشتە چا بوو٭، بەڵام کەس فەرموویەکی پیشمەرگەکانی نەکرد. ئەوانەش کە لە دەرەوە بوون زۆر بە ساردی و بێوازی وڵامی سڵاوی پێشمەرگەکانیان دەدایەوە.
دەرکەوت کە خەڵکی ئاوایی لە شوێنێکی نێو ئاواییدا کۆببوونەوە. پێشمەرگەکان درێژەیان بە ڕێگا ڕۆیشتنی خۆیان دا. لە پڕکەسێک لە لای حەشاماتەکەوە بانگی کرد و داوای کرد کە تیمەکە ڕاوەستن و چەند پرسیارێکیان لێدەکەن؟!!! ئەوە تا ئەو کاتە ڕووی نەدابوو کە بەو جۆرە پرسیار لە پێشمەرگە بکرێ. شک و گومانی پێشمەرگەکان لە سەر بوونی شتێکی نامۆ زیاتر بوو. پێشمەرگەکان ڕاوەستان تا کەسەکە بگاتە لایان. لە گەڵ نیزیک بوونەوەی دەرکەوت کە کەسی ناوبراو “مام جوتیار”، بۆ پێشمەرگەکان ناسراوە و لە ناو گوندەکەدا بەکەسێکی خۆش نێو دەناسرا. ئەو ساڵانێک بوو پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو و لە گەڵ حیزب نێوانی خۆش بوو. پرسیارکردنی مام جوتیار لە پێشمەرگەکان بۆ زانینی ئەوە بوو کە بزانن سەر بە کام حیزبن شتێکی نائاسایی نەبوو و پێشمەرگەکانیش بە نیشاندانی کارتی پێشمەرگایەتی ناوبراویان دڵنیا کردەوە.
هاوکات لە گەڵ پرسیارکردنی مام جوتیار لە پێشمەرگەکان، هێدی هێدی ئاپۆرای خەڵکیش ڕووی لە زیاد بوون بوو. کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکە بۆ تەنیا پرسیارکردنی ناسنامە بوو بە هۆی سەرسوڕمانی پێشمەرگەکان.
-مام جوتیار: ئێوە لە کوێ ڕا دێن و سەر بە کام لایەنن؟
-پێشمەرگەکان: لە ناوچە ڕا دەگەڕێینەوە و پێشمەرگەی حیزبین.
-مام جوتیار: ئێوە بوون دوێنێ لەو کوێستانانەی سەرەوە بوون؟
-پێشمەرگەکان: ئێمە دوێنێ لە قوڵایی ناوچەدا بووین، ئەوە ماوەیەکی زۆرە بەڕێوەین تا گەیشووینە ئێرە و دەمانەوێ بەرەو بنکەکانمان بگەڕێینەوە. بریندارێکمان پێیە دەمانەوێ بیگەیەنینە نەخۆشخانە.
وادیار بوو مام جوتیار زۆر قەناعەتی نەکردبوو کە تیمەکە پێشمەرگەی حیزب بن!!! دواتر پرسیاری شوێنی بنکەکانی لە پێشمەرگەکان کرد. پێشمەرگەکان وڵامیان دایەوە و ئەوجار ئەو زیاتر دڵنیا بوو کە پێشمەرگەکان ڕاست دەکەن.
هێشتا پێشمەرگەکان ئاگاداری ڕووداوەکانی پشت کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە نین. هاوکات لە گەڵ کۆبوونەوەی زیاتری خەڵک مقۆ مقوی چەند کەسێک لە نێو خەڵکەکەدا دەبیسترا کە باسیان لە چەک کردنی پێشمەرگەکان دەکرد.
پێشمەرگەکان هۆی ئەو کۆبوونەوەی خەڵک و ئەو هەموو پرسیارەیان لە مام جوتیار پرسی؟!!!
مام جوتیار لە پێشدا تەنیا وەک ئەرکێکی خەڵکی گوندەکەی نێو لێنا کە بزانن ئەوانەی بە وێدا تێدەپەڕن کێن. دواتر کە پێشمەرگەکان پرسیاریان لە هۆی کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکە کرد گوتی: دوێنێ کەسێکی گوند وەسەر مین پەڕیوە و گیانی لە دەستداوە و بەو بۆنەوەش سەرەخۆشیمان بۆ داناوە. پێش تەقینەوەی مینەکەش تاقمێک چەکدار لەوێ بیندراون و شکمان لەوە هەیە کە ئەو چەکدارانە مینەکەیان دانابێتەوە و ئەو کەسە وەسەری پەڕی بێت. مام جوتیار ئەوەشی گوت کە تا ڕادەیەک ئاگاداری ئەوەن ئەو چەکدارانە هی چ لایەنێک بوون.
پێشمەرگەکان وێڕای دەربڕینی غەم و پەژارەی خۆیان بۆ گیان لە دەستدانی ناوبراو، دووپاتیان کردەوە کە بە داخەوە لەو جۆرە ڕووداوانە زۆر ڕوو دەدەن. پێشمەرگەکان ئامادەیی ئەوەشیان تێدابوو کە بچن لە تازییەی ناوبراودا بەشداری بکەن و هاودەردی خۆیان بۆ بنەماڵەی کوژراوەکە دەربڕن، بەڵام بە تێفکرین لە کۆبوونەوەی خەڵکەکە وایان بە باش زانی کە تەنیا بە دەربڕینی ئەو هاودەردییە لای مام جوتیار و چەند کەسێکی دەورووبەری قەناعەت بکەن و درێژە بە ڕێگای خۆیان بدەن.
———–
ئەو شوێنەی کە مینەکەی لێ تەقیبۆوە پێشتر مەیدانی شەڕی ئێران و ئێراق بوو، کە بە هەزاران مینی تێدا چیندرابوو و کەمیشیان هەڵگیرابوونەوە. لەو کاتەدا چۆلکراو بوو، بەڵام تەقینەوەی ناو بە ناوی ئەو مینانە زۆرجار دەبوو بە هۆی کوژران و برینداربوونی دانیشتووانی گوندە سەرسنورییەکان یان تێداچوونی مەڕ و ماڵاتەکانیان. شتێک کە لەو نێوەدا جێگای تێڕامان بوو ئەوە بوو؛ ڕوون نەبوو ئەو تاقمە چەکدارە کە گۆیا ڕۆژی پێشتر لەوێ بیندرابوون هیچ مینێکیان لەوێ دانابێتەوە؟ ئەگەر دایاننابێتەوە بە چ مەبەستێک بووە؟ ئەگەر بۆ هێزەکانی حکومەتی بووبێت خۆ ئەوان زۆر بە دەگمەن بەوێدا تێدەپەڕین؟!!!
پاشان بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو مینە کە لێرە و لەوێ لە ژێر گڵدا مابوونەوە و خراپتر و بێ بەزەییانەتر لە هێزی چەکدار خەڵکیان قەڵت و بڕ دەکرد، ڕاست ئەو مینەی کە ئەو تاقمە دایاننابۆوە بەو کەسەدا تەقی بێتەوە؟ خۆ قورتارکردن و تاوانبارکردنی کەسێکی دیکە زۆر ئاستەم نیە، بەڵام گومانی بوونی مەبەستی تر لە پشت هەڵسو کەوتی خەڵکی دیکەوە کاریگەری لە سەر هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش دەبێت.
———–
بە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستاندا سنورەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاواڵە بوون و هاتووچۆی پێشمەرگەش بۆ نێو خۆ ئاسانتر ببوو. کۆماری ئیسلامی کە زۆر بەو هەل و مەرجە، بە گوتەی خۆیان “نەخوازراوە” قەڵس بوو، بەڵام نەیدەتوانی بە هێزەکانی خۆی پێش بە هاتووچۆی پێشمەرگە بگرێ، دەستی بە هاندانی خەڵکی گوندە سەرسنورییەکانی هەرێمی کوردستان کردبوو. داوای لەوان دەکرد کە کۆسپ و تەگەرە بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە دروست بکەن. لە زۆر جێگا تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر موچە و مەزرای گوندە سنورییەکانی باشوری کوردستانیان دەدایە بەر ڕەهێڵەی تۆپ وخومپارە کە زۆرجار دەبووە هۆی زیانی گیانی و ماڵی بۆ خەڵکی ئەو گوندەکانە.
کەس و کاری کوژراوەکە دڵبریندار بوون و هێندێک لە پێشمەرگە توڕە بوون و بە ئاشکرا دەریان دەبڕی، بەڵام وادیار بوو کێشەکە زیاتر لەوە قوڵ دەکرایەوە کە پێویست بوو. ژاوەژاوی ویستی چەک کردنی پێشمەرگەکان لە لایان چەند کەسێکەوە دووبارە دەکرایەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەش کە پێشمەرگەکان لە گەڵ مام جوتیار هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەیان دەدا. پێشمەرگەکان تەنانەت پێشنیاری ئەوەیان بە مام جوتیار کرد کە لە گەڵیان بچێ بۆبنکەی ئاسایش لە شار و لەوێ ڕوون دەبێتەوە کە ئێمەکە پێشمەرگەی چ لایەنێکن؟!!!
وا دیار بوو ئەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر ئەو کەسانە نەبوو و تەنانەت هەڕەشەی بە کار هێنانی چەکیشیان دەکرد. پێشمەرگەکان بە مەبەستی خۆ پاراستن لە دەورەگیران بە ئاپۆرای خەڵک و دەرفەت دیتنی ئەو جۆرە کەسانە بە مەبەستی چەک کردن، زۆرتر خۆیان پەنا دەدا و هەوڵیاندەدا داوا لە مام جوتیار بکەن کە خەڵکەکە هێور بکاتەوە. سەرەڕای هەوڵی زۆری مام جوتیار چەند کەسێک هەروا هەوڵی خۆ نیزیک کردنەوە لە پێشمەرگەکانیان دەدا و بێ ئەوەی پێشمەرگەکان باسی بە کار هێنانی چەکیان کردبێ، دەیانگوت ئێمە لە چەکی ئێوە ناترسین!!! پێشمەرگەکان پێیان گوتن کە چەکی ئێمە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ خەڵک نیە و بە داخیشین کە ئەوە بە سەر ئەو کەسەی خەڵکی ئاواییدا هاتووە.
لە نێو خەڵکەکەدا کەسێک کە وادیار بوو، مام جوتیاری بە نوێنەری خۆی نەدەزانی و دەیەویست بڵێ کە کاری لە دەست دێت. زۆر دەنگی هەڵدەبڕی و چەند کەسێکی هاندەدا بەرەو لای پێشمەرگەکان بڕۆن. ئەو کەسە دەیەویست پەلاماری پێشمەرگەیەک بدات و بەو مەبەستەش وردە وردە خۆی نیزیک دەکردەوە کە لە لایەن پێشمەرگەکانەوە ئاگادار کرایەوە لەوە زیاتر نەیەتە پێش. لە گەڵ ئەو ئاگادارکردنەوەیە ناوبراو نەک هەر ڕاوەستا بەڵکو بە نێو ئاپۆرای حەشیمەتەکەدا بەرەو دواوەش گەڕایەوە. بە دوای ئەو ئاگادارکردنەوەیەدا ئەو چەند کەسەی دیکەش کە هەر مەبەستیان چەک کردنی پێشمەرگەکان بوو لە جێی خۆیان ڕاوەستان.
مام جوتیار کە دیتی وەزعەکە خەریکە ئاڵۆزتر دەبێت، کارتی پێناسەکانی پێشمەرگەکانی دانەوە و داوای لێکردن کە درێژە بە ڕێگای خۆیان بدەن.
تا کێشەکە لەوێ چارەسەرکرا پەیداکردنی ماشێنیش بەرەو شار ئاستەمتر ببوو. هەموو ئەوانەی دەچوون بۆ شار ڕۆیشتبوون و درەنگانی دوای نیوەڕۆ دەگەڕانەوە. برینی دەستی پێشمەرگە بریندارەکە پێویستی بە دەرمانکردن بوو و دەبووایە هەرچی زووترە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە تا چارەسەر بکرێت.
دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی ماشێنێک پەیدا بوو. پێشمەرگەکان بەرەو ئەو شارەی باشور و پاشان بنکەکانیان وەڕێکەوتن.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی چەکدارەکە!
هاتووچۆی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات وایکردبوو هەواڵەکان زووتر بگەنە ئەو شارەی باشور. کاتێک تیمەکە گەیشتنە ئەو شارە و چاویان بە بەشێک لە هاوڕێیانیان کەوت، دەمێک بوو هەواڵی تێکهەڵچوونەکە و کوژرانی چەکدارەکە و چۆنیەتی بە خاکسپاردنەکەی بڵاو ببۆوە. تیمەکە لەوێ دڵنیا بوون کە ئەو چەکدارە هەمان ئەو کەسەیە کە شەوی پێشتر یەکێک لە پێشمەرگەکان باسی کردبوو. تا ئەو کاتە کەس هەواڵی برینداربوونی یێکێک لە پێشمەرگەکانی نەبیستبوو.
٭ خەڵکی گوندەکان یان کرێکارەکان لە نێوان نانخواردنی بەیانی و نیوەڕۆدا کورتە جەمێک بە هیندێک خواردنی سادە دەکەن کە لای ئێمە پێی دەڵێن چیشتە چا و بە کاتەکەشی دەڵێن چێشتەنگاو.
درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *