لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی دوازدەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی دوازدەهەم!
گیراوەکانی دوای گەمارۆ و هەڵوێستی خەڵک!
بە هاناوە هاتنی لێقەوماوان لە هەموو کات و ساتێکدا، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە باشەکانی خەڵکی کوردستان بووە. ئەوە زۆرجار و لە شێوەی جۆراوجۆردا دووپات کراوەتەوە. دەڵێن لە هەر وڵاتێکدا دامودەزگای حکومەت جێگای متمانەی خەڵک نەبن، خەڵک زیاتر پشت بە خۆیان دەبەستن. پێشتر حکومەت زۆر گرینگی بەوە نەدەدا ئاخۆ خەڵک یارمەتی لێقەوماوان دەدەن یان نا. یارمەتیدانەکەش ئەوەندە بەربڵاو نەدەبوو. دەکرا دانیشتووانی گوندێک یان ئەوپەڕی چەند گوندێکی دەورووبەر یارمەتی چەند بنەماڵەیەکیان بکردایە.
ئەوەی بە سەر ئەو بنەماڵەیە هاتبوو، لە هەموو ئەو ڕووداوانەی پێشترجیاواز بوو.
ئەمجارە حکومەت بۆ خۆی ببووە هۆی ماڵوێرانی بنەماڵەیەک و بە هیچ شێوەیەکیش نە دەیەویست و نە دەیهێشت هاوکاری ئەو بنەماڵەیە بکرێت. هەرکەسیش ئاشکرا بایە کە یارمەتی کردووە سزا دەدرا. خەڵک ئاگاداری هەموو ئەو مەترسیانە بوون کە؛ ڕەنگبێ بە هۆی هاوکاریکردنی ئەو بنەماڵەیە تووشیان بێت. بەڵام خەڵک
نەک هەر لە یارمەتیدانی ئەو بنەماڵەیە سڵیان نەکردەوە، بەڵکو لە ڕێگای کەسانی باوەڕپێکراوەوە مەودای یارمەتیدانەکەیان لە چوارچێوەی گوندەکە و دەورووبەری ڕا بۆ ناو شار و گوندەکانی دوورتریش گواستەوە.
تیمی تەشکیلاتی پێشتر ئاگادار بوون کە لە زۆرێک لە گوندەکانی ناوچە و تەنانەت نێو شاریش یارمەتی بۆ ئەو بنەماڵەیە کۆکراوەتەوە. بڕیاریان دا تا لە چاو پێکەوتن لە گەڵ ئەندامانی حیزب بیخەنە بەرباس و زیاتر لە سەر ئەو هەڵوێستە جێگای ڕێزەی خەڵک زانیاریان دەستکەوێت و بۆ کاری داهاتوو کەڵکی لێوەرگرن.
تیمێکی تەشکیلاتی لە ناوچەدا بوون و ڕێیان کەوتە گوندێکی دوورتر لەو شوێنەی ماوەیەک پێشتر ئەو شەڕەی لێ ڕوودابوو. لە دیدار لە گەڵ ئەندامانی حیزب دا دەرکەوت کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو بنەماڵەیە بە نهێنی یارمەتی کۆکراوەتەوە و ئەوە لە چەند گوندێکی دیکەش کراوە، بەڵام زۆر باسی ناکرێت کێ کردوویەتی تا بە گوێی سیخوڕەکانی حکومەت نەگات. ئەوە بۆ پێشمەرگەکان جێگای دڵخۆشی بوو، کە خەڵکی دڵسۆز بۆ خۆی دەتوانێ کارێکی ئاوا گرینگ بکات و لە کاتێکی ئاوا تەنگانەدا بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
گیراوەکان ئازاد دەکرێن!
دوای ماوەیەک ڕاگرتن لە زینداندا خاوەن ماڵ ئازادکرا و گەرایەوە گوندەکەی خۆی، تا لە بنیاتنانەوەی ژیانی بنەماڵەکەیدا بەشدار بێت. تا ئەو کاتە بە چاوی خۆی نەیدیتبوو چیان بە سەر ماڵ و حاڵیاندا هێناوە. لە یەکەم دەرفەتدا چاوێکی بە سەر ئاسەواری خانووە وێرانەکەیدا گێڕا!!! دڵپڕ بوو لەوەی کە ڕوویدابوو، بەڵام نەیدەویست بیانووی پرتە و پۆڵە بداتە دستی خەڵکی ئاوایی. لە لایەک خەمی لە دەستچوونی خانووەکەی و ئەو چەرمەسەرییە بوو کە تووشی خۆی و بنەماڵەکەی هاتبوو و لە لایەکی دیکەش ترسی ئەوەی لە دڵدابوو کە بکەوێتە بەر تانە و تەشەری خەڵکی دیکەی ئاوایی، کە بۆچی پێشمەرگەی لە ماڵی خۆیدا حەشارداوە و ئەوەی بە سەری هاتووە هۆکارەکەی تەنیا بۆ خۆی بووە. ڕەنگە بەم هۆیەوە لە لایان خەڵکی گوندەوە پەڕاوێز بخرێت. پێشتر لەمبارەوە هێندێک شتی لە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی بیستبوو، کە خەڵک بۆیان بە پەرۆش بوون. “لە بەر خۆیەوە دەیگوت ڕەنگە خەڵک بەزەییان بە منداڵەکاندا هاتبێتەوە، بەڵام کە من ئازاد بووم هەموو خەتاکە دەخەنە مل من و هەڵس و کەوتی خەڵکی ئاوایی دەگۆڕێت”.
بە پێچەوانەی بۆ چوونی ناوبراو هەڵوێستی خەڵکی ئاوایی و ئاواییەکانی دەورووبەر دوای هاتنەوەی ناوبراویش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بە سەردا نەهات. خەڵک سەرەڕای ڕەخنە لە کارەکەی، زۆرتر لە باری نهێنی پارێزییەکەی، بەڵام هەوڵیان نەدا ئەو لە نێو ئاواییدا تەریک بخەنەوە. ئەوان ئەوەندەی توانیان هاوکاری ماڵەکەیان کرد کە هێدی هێدی ژیانی ئاساییان دەست پێبکەنەوە. خەڵکی گوند و تەنانەت گوندەکانی دەورووبەریش، سەرەڕای دەستکورتی و کاریگەری ڕۆژێک نەچوون بۆ کرێکاری یان کرێبارچیەتی لە سەر ژیانی تایبەتی خۆیان، لە دروستکرودنەوەی خانووەکەیاندا هاوکاری ئەو بنەماڵەیان دەکرد.
ژیانی خەڵکی گوند زۆرتر لە سەر هاوکاری بنیاتنراوە تا کرێ. خەڵک بە دەستەواو کار دەکەن واتە بە نۆرە هاوکاری یەکتر دەکەن. دیارە دیاردەی کرێکاری لە ناو گوندەکانیش دا برەوی پەیدا کردووە، بەڵام کارکردنی بە دەستەواو لێرە و لەوێ هەر بەرچاو دەکەوێ. لە دروستکردنەوەی خانوەکەیاندا هەموو لا بێ بەرامبەر هاوکاری ئەو بنەماڵەیان دەکرد.
سەردانی خەڵک بۆ لای خانزادی خاوەن ماڵ!
ماوەیەک بوو خاوەن ماڵ لە زیندان ئازاد کرابوو و گەڕابۆوە نێو ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی. خەڵک سەردانیان دەکرد و هاودەردیان لە گەڵ دەکرد. بەڵام خانزاد چاوەڕوانی دیداری ئەوانە بوو کە پێش گیرانەکەی لە نیزیکترین کەسەکانی بوون و هەموو پرس و ڕاوێژێکیان بە یەکتر دەکرد، لە هەوراز و نشێوەکانی ژیاندا لە لای یەکتر بوون و پشتی یەکتریان دەگرت.
چاوەڕوانی خانزاد زیاتر لە هەموو کەسێک لە نیزیکترین کەسی خۆی بوو، کە تەنانەت شاراوەترین نهێنیەکانیشی لای ئەو باس دەکردن. ئەو تەنیا کەس بوو کە بۆی باس کردبوو پێشمەرگەیان میوانە. پێشتریش هەموو جارێ لای یەکتر دەیاندرکاند کە پێشمەرگەیان لە ماڵدا ماوەتەوە، هیچ شتێکیش تا ئەو کاتە ڕووی نەدابوو. ئەو لەو کاتەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە هاودەردی شیلان هەبوو. خانزاد ڕاستە لە باری گیانیەوە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی ساغو سڵامەت بوون و وەک دەڵێن، ” ماڵی دونیا هیچ نیە، هەر سەر سڵامەت بێت”، بەڵام ئەو ماڵی لێ شێوابوو، خانووی وێران کرابوو و هەموو ئەوەی بە درێژایی تەمەنی هەوڵی بۆ دابوو بە چاوی خۆی بیبینێ، لە ماوەیەکی کورتدا چوو بۆوە سەر هیچ. خانزاد لە نێو ئاواییدا هەستی بە کەسری شان دەکرد. لە نێو کەسانی کوردپەروەری ناوچەدا خۆی بە خەتابار دەزانی کە نەکا ئەو بە تاوانباری ئاشکرابوونی پێشمەرگەکان بزانن. پێگەی خۆی وەک کەسێکی جێگای باوەڕی پێشمەرگە بە لەرزۆک دەدیت و ئەو بڕوایەی بە خۆی نەبوو جارێکی دی پێشمەرگە لە ماڵی خۆیدا بحاوێنێتەوە. لە وەها کاتێکدا چاوەڕوانی لە شیلان بوو، نەک لە بواری ماڵی، بەڵکو لە باری ڕووحییەوە هاوکاری بێت، بەڵام شیلان بە بیانوی جۆراوجۆر خۆی لە نیزیک کەوتنەوە لە خانزاد دەپاراست.
چەند پێ گەڕانەوە بەرەو دواوە!
گەڕانەوە بەرەو دواوە لە ژیانی گوندنشینان دا زۆرجار ڕوودەدات. دەستکورتی و نەبوونی بە هۆی ڕووداوی جۆاوجۆر وەک؛ نەخۆشی و نەبوونی کار و کاسبی، زۆر قورسایی دەخاتە سەر شانی خەڵکی گوندەکان، بەڵام بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کەسێک کۆڵەکەی ژیانی کە خانوەکەیەتی لێی بڕوخێ. لە ماڵێکی تا ڕادەیەک خۆش ڕا بۆ کرێچیەتی دەردێکی گەلێک گرانە کە تەنیا کەسانی بە ئەزمون و دونیادیدە دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن. ئەو جۆرە کەسانە، چ پیاو چ ژن، لە نێو کورد دا زۆرن و بە هومێدی بوونی ئەوانیش، کەسانی دەورووبەریان هیوا بە ژیان پەیدا دەکەنەوە. خاوەن ماڵ یەکێک لەو ژنانە بوو کە دەمێک بوو قۆڵی لە شکاندنی بەربەستەکان هەڵماڵیبوو و بەرەوڕووی داب و نەریتەکان ببۆوە کە تەنیا پیاو دەتوانێ ماڵ بەڕێوە بەرێ. ئەو تا ئەو دەمە زۆری تاڵی چێشتبوو تا منداڵەکانی خستبووە سەر ڕێچکەی ژیانێکی سەربەرزانە. تا پێش شەڕەکە، بە بەراورد لە گەڵ خەڵکی دیکەی ئاوایی لە ژیانێکی مامناوند دا دەژیان. نەیدەویست خۆی بە چاو لەدەست و بێ توانا نیشان بدا، لە بەر کەسیش نەدەپاڕایەوە تا خێری پێ بکات. خەڵک ئاگاداری کەسایەتی و خۆشەویستی ناوبراو لە ناو گوند و دەورووبەریدا بوون. هەر بۆیەش هاوکاریکردنی خانزادیان لە شانان گران نەبوو.
——
لە نێو گوندەکاندا بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کەسێک خانوی زیاتر لە پێویستی خۆی ساز بکات تا بە کرێی بدات. خانوە بەتاڵەکان زۆرتر ئەوانەن کە یان خاوەنەکەی ڕووی دەرەوەی تەواو کردووە، بەڵام بەشی ناوەوەی ماوە و هێشتا نەچۆتە ناوی یان ئەوەی خانووی کۆنی کەسێکە کە لە شوێنێکی دیکە خانووی تازەی دروست کردووە، بەڵام هێشتا خانوە کۆنەکەی هەر ماوە، کە زۆر پەڕپوتە و ئەگەر مەجبوری نەبێ بۆ تێدابوون نابێ. ئێستا ئەوان تا ئەو کاتەی خانووویان دروست دەکردەوە لە نهۆمی یەکەمی خانوویەکی تەواو نەکراودا کرێچی بوون.
درێژەی هەیە….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *