نهێنیەکانی پشت کامێڕا! بەشی چوارەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
نهێنیەکانی پشت کامێڕا!
بەشی چوارەم!
ئەرکی فیلمهەڵگر، تەنیا کاتی فیلمهەڵگرتنەوەکە قورس نەبوو، بەڵکو کاتی دیکەش زۆر سانا نەبوو. وەک هەموو پێسمەرگەیەکی دیکە دەبووایە نان و توێشووی خۆت هەڵگری و چەک و چۆڵی خۆشت پێبێت. سەرەڕای ئەوانەش دووربینەکە بە هەموو شتێکەوە نیزیک بە پێنج کیلۆ دەبوو کە بەو شتانەوە زیاد دەبوو. بەڵام کێشەکە تەنیا لە قورسی دووربینەکەدا نەبوو، بەڵکو لە ناسکی و زەریفی ئەو ئەمانەتەشدا بوو. نە وەک چەکی شانی پێشمەرگە تەپ و تۆزی لاپەسەند تا دواتر خاوێنی بکەیەوە، نە هێندەش کەیفی بە تەڕبوون دەهات و بڵێت خۆ دواتر خاوێن دەکرێمەوە. دەبووایە زۆر بە باشی بپێچرێتەوە تا هیچ زەربەیەکی وێنەکەوێ. دووربینەکان لە باری نرخەوە گرانترین و هاوکات ناسکترین کەلوپەلی دەستی پێشمەرگەکان بوون. من ئەو لایەم بە کۆڵەپشتی دەرمانی و بڕێکی زۆر لۆکە، پەمۆ، چارەسەر کردبوو. لە کاتی چوونەوە بۆ ناوچە، زۆر پێشمەرگە داوایان دەکرد هاوکاری بکەن، تا بە ڕواڵەت فیلمهەڵگر کۆڵەکەی سوکتر بێت، بەڵام ئەوانیش لە لایەک بۆ خۆیان باریان سوک نەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە بەشێکیش ئەو لە سەر خۆییەیان نەبوو کە بۆ پاراستنی دووربینەکە پێویست بوو.
لە بیرمە جارێک پێشمەرگەیەک زۆر داوای کرد، یارمەتیم بکات، تا بڕێک کۆڵەکەم سوکتر بێت و تۆزێک بحەسێمەوە. چەند سەد میترێک نەڕۆیشتبووین، کە ناوبراو وەک پێشوو دەستی بە شۆخی کردن لە گەڵ هاوڕێکانی کرد. لە ناکاو لە بلینداییەک ڕا بازیدایە خوارەوە. هەر کە بازیدا وەبیری هاتەوە کە دووربینەکەی بە کۆڵەوەیە. بە هۆی ئەو بازدانە شوێنیێکی چکۆڵەی دووربینەکە شکابوو. ئەو پێشمەرگەیە زۆر داوای لێبوردنی کرد. ئەو مەبەستی چاکە و هاوکاری بوو، بەڵام تا ئەوکات نەیزانیبوو هەڵگرتنی دووربین تا چەند گاریگەری تەنانەت لە سەر شێوەی ڕۆیشتنی ئەو کەسەش دەکات.
———
پاییزی ۱۳۶۶ی هەتاوی، بەرنامە داڕێژرابوو کە دەست بە سەر مۆڵگەی “گوێزیلێ” ی بەری “نەڵێن”، لە سەر جادەی سەردەشت- پیرانشاردا بگیرێ. بۆ ئەو مەبەستە لە بنکەکان ڕا بەرەو “قەندیل” وەڕێ کەوتین. یەکەم ڕۆژ لە قەندیل ماینەوە. ئاسمان هەوری پڕ بوو و بایەکی ساردیش ڕۆژەکەی ساردتر کردبوو. پێش بینی بارینی بەفرێکی زۆر دەکرا. ئەگەر ناچار نەبایەی ئەو دەمانە هی چوونە قەندیلی نەبوون. لە گەڵ تاریک داهاتنی هەوا بەرەو قوڵایی ناوچە وەڕێکەوتین، کە دەبووایە بە “دەشتی وەزنێ” دا تێپەڕ بین. شوێنێک بۆ مانەوەی کاتی دیاریکرابوو، کە لە لا دۆڵێکدا هەڵکەوتبوو. هێندەی پێنەچوو، بارانبارین دەستی پێکرد. هیچ جێگایەکیش نەبوو تا بتوانین خۆمان لە تەڕبوون بپارێزین. هەر چۆنێک بوو ئاورێک کرابۆوە، تا بەڵکو باران لێ بکاتەوە و درێژە بە جەولەکەمان بدەین. باران هێندە بە لێزمە دەباری کە پاش ماوەیەکی کورت پێشمەرگەکەکان بە تەواوی تەڕ بووبوون. ئەوە مانەوە و سەرکەوتنی عەمەلیاتەکەشی دەخستە ژێر پرسیارەوە. سەرەڕای بارینی بە خوڕ، شەوێکی زۆر تاریک و بە قسەی پێشینان؛ ئەنگوستەچاویش بوو. لای سەعات ۱ی نیوەشەو بوو، فەرماندەکان واساغبوونەوە کە بەرنامەکە هەڵ بوەشێننەوە و بەرەو گوندی “گردێنە”، وەڕێ بکەوین. باشبوو هەر کە لە بنکە ڕا وەڕێکەوتین هێندێک نایلۆنم لە گەڵ خۆم هێنابوو، تا دووربینەکەی پێ لە تەڕبوون بپارێزم.
ئەوانەی بە ڕۆژ بە “کوێستانی گۆمێ” دا هاتووچۆیان کردووە، دەزانن ئێش و ئازاری چقڵ ،قەڵەم،ی کیفار چەندە بە ژانە. تەنانەت بە ڕۆژی ڕووناکیش ئەستەمە خۆت لە چقڵە تیژەکانی کیفار بپارێزی، چ بگا بە شەوی تاریک. باران هەروا دەبارێ و ئێمە ڕێگا دەبڕین. ئەو هێزەی پێشمەرگە بە شەوێکی تاریک و تەڵەم لە ژێر لێزمەی بارانێکی بەردەوام و بەفرو شۆدا، چەند کاتژمێرێک، بە کوێرەڕێییەکاندا بەرەو دۆزینەوەی بەرنوایەک بەڕێوەن. سەرما، برسیایەتی و تاریکی لە ڕادەبەدەر، هەموو دەستیان خستبۆ دەستی یەک تا جوڵەی پێشمەرگەکان ئاستەمتر بکەن. هیلاکی و ماندوویی و سەرما، ئێشی قەڵەمە تیژەکانی کیفاری لە بیر هەمووان بردۆتەوە. ڕێگا تەلان و قوڕ و پێڵاوی ئادیداس و لاستیکی دەپێدا، هەموو کات دەبێ چاوەڕوانی کەوتن بکەی. بۆ خۆ ڕاگرتن بە پێوە دەست بۆ هەر شتێک درێژ دەکەی، کە بتوانێ لە کەوتن بە سەر چقڵە کیفارەکاندا ڕزگارت بکات. جاری وایە چقڵە کیفارێکت بە دەستەوە دێ، هێندە ئازارت دەدا بە مەجبوری بەرهەڵدای دەکەی و کەوتن و خلیسکان بە نێو قوڕ و قاڵت پێ لە دڕکە تیژەکانی کیفار خۆشترە. زۆریش بەختت هەبێ، ئەوە چڵی “تیروێ” یان “گوێنیەک” بە هاوارتەوە دێن. لە وەها شەوێکدا، هەڵگرتنی دووربینێکی فیلمهەڵگرتنیش هێندەی دیکە ئەرکەکەت قورستر دەکات. دەبێ لە کەوتنەکانیش دا بە تێ بینیەوە بکەوی و لە گەڵ کەوتنەکان پشتت وەعەزر نەکەوێت، نەکا دووربینەکە شتێکی لێبێت. ماندوویەتی تینی هێناوە، بەڵام هێشتا کار نەگەیشتۆتە جێی باریک و هێز و توانای ئەوەندە ماوە لە پێشمەرگەکانی دیکە بەجێ نەمێنی. چەند پێشمەرگەیەک بڕستیان لێ بڕاوە و توانای ڕۆیشتنیان نیە. ژمارەیەک پێشمەرگە سەرەڕای ماندووبوونی لە ڕادەبەدەری خۆیان، بەڵام نایانەوێ هاوڕێکانیان بەجێ بمێنن. چەکەکانیان بۆ هەڵدەگرن و تەنانەت یەکێک لەوان، کە بوراوەتەوە، بە کۆڵ هەڵدەگڕن.
——–
دوای پێوانی ڕێگایەکی کەمتر لە دوو سەعاتی، بە هەشت سەعات، سەرەنجام پێشمەرگەکان یەک یەک و دوو دوو گەیشتینە گوندی گردێنە. دوای بڕینی ئەو ڕێگا دوورودرێژە و پێدا بارینی باران و بەفرێکی زۆر، هێشتا دڵنیا نەبووم ئاخۆ دووربینەکە لە تەڕبوون پارێزرابێت. دووربینەکەم لە کۆڵەپشتیەکە دەرهێنا و دیتم کە تەنانەت یەک دڵۆپە ئاویش نەگەیشتبۆ دووربینەکە و پێچانەوەکەم سەرکەوتوو بووبوو. سەرەڕای ماندووبوونێکی زۆر، هەناسەیەکی دڵنیاییم هەڵکێشا، بەڵام لەپی دەستی ڕاستم پڕ بوو لە چقڵی کیفار و گوێنی و چقڵ و چاڵی دیکەی سەر ڕێگا، کە هەرکات لە ڕێگادا کەوتبووم دەستی ڕاستم لە عەرز دابوو، تا بە سەر کۆڵە پسشتیەکەدا نەکەوم و ودووربینەکە نەشکێت.
بێ شک ئەو کوێرەوەرییانە زۆر لە هی پێشمەرگەکانی دیکە، بە تایبەت بەشە دەرمانییەکان زیاتر نەبووە. بەڵام ئەرکی فیلمهەڵگر سەرەڕای قورسی کارەکەی لە ماوەی گەڕانەکاندا، بە دۆکۆمێنت کردنی لە خۆبوردوویی پێشمەرگە و ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حیزبیش لەو فیلمانەدا دابوو. ئەگەر دووربینەکە زۆر بە دڵسۆزییەوە نەپارێزرابایە، شانسی فیلمهەڵگرتنیش لە گۆڕێدا نەدەبوو. بە بڕوای من ئەوە دەرد و ئازاری هەموو ئەو کەسانەیە، کە ئەرکی فیلمهەڵگریان وەئەستۆ گرتبوو. ڕەنگە کەسانی دیکە زۆر لەوەش زیاتر لەو پێناوەدا دەرد و ئازاریان کێشابێت، بەڵام ئەوان دەبێ بۆ خۆیان لەو بارەوە بدوێن.
زۆرجار ویزەی گوللەی تفەنگ هاوێژی کۆڵییە لە تەنیشت فیلمهەڵگر قەدی دارێکی کۆڵیوە یان کۆڵێک گڵ و خۆڵی بە سەروچاوی فیلمهەڵگر هەپڕژاندووە، بەڵام نەبۆتە هۆی دەست هەڵگرتنی فیلمهەڵگر لە ئەرکەکەی. لە کاتی گیرانی گوردانی “بێژوێ” لە ناوچەی ئالانی سەردەشت دابوو، کە لە ناکاو چوار تا پێنج فیشەک لە بەردەمی من عەرزیان کۆڵی. من تەنیا ئەو چەند دانەیەم لە ڕێگای لێنزی کامێڕاکەمەوە دیتن، بەڵام ئەوانەی لەو کاتەدا لەوێ بوون باسی دەستڕێژێک دەکەن، کە باقی فیشەکەکان بە دەورووبەری مندا تێپەڕیبوون. بە پێچەوانەی هەموو جارێک لەوێ پێشمەرگەیەک بە ناوی “جەلال بێتوشی”، ڕوحی شاد، تەنیا بۆ پارێزگاری لە فیلمهەڵگر داندرابوو. تا ئەو لەوێ بوو و تەقەی دەکرد، هیچ باس نەبوو. دیارە تا لەوێ بوو هێندەی هاوارکرد، کە لە فیلمەکەدا بە ڕوونی دیارە. هەرکە چەکی ناوبراو گیری کرد ئەو ڕەگبارەش ئاراستەی ئەو شوێنەی من کرا. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم، لەو کەسانەی کاری فیلمهەڵگریان لە ئەستۆ بووە، کاک “حەمە ڕەسوڵ کەریمی” ، لە کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیدا بریندار بووە و دووربینەکەشی خراپ بوو.
—–
ئەوەی من مەبەستمە لەو بەشەدا پێی لە سەر داگرمەوە پاراستنی ئەو فیلمانەیە کە بەو جۆرە لە قارەمانەتی پێشمەرگە هەڵدەگیرێن. دیارە بەشێکی زۆری ئەو فیلمانە هەر ڕێک دوای بەڕێوەچوونی عەمەلیاتەکە بە زووترین کات بۆ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب بەڕێ دەکران. هەموو جارێ گلەیی و گازندەی پێشمەرگە بەرز دەبۆوە کە بۆچی ئێمە ناتوانین فیلمی شەڕەکان ببینینەوە. لە هەل و مەرجی ئەودەمی خەباتیش دا ئیمکانی هەڵگرتنەوەی کۆپی بۆ کۆمیتەی شارستان زۆر زەحمەت بوو و دەفتەری سیاسیش پێیانوابوو پێویست بە ناردنەوەی کۆپیەکی فیلمەکان بۆ کۆمیتەی شارستان ناکات. دووجار پێشمەرگەکان توانیویانە دواتر فیلمی چاڵاکیەکانی خۆیان ببیننەوە. یەکیان هی گرتنی مۆڵگەی ئاغەڵان بوو، کە پێش ناردنی بۆ دەفتەری سیاسی لە جێژنی ۲۵ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبدا، پێشاندرا. دووهەمیان فیلمی گرتنی گوردانی بێژوێ بوو، کە من کۆپیەکم بۆ کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لێ هەڵگرتبۆوە.
درێژەی هەیە….
#نهێنیەکانی_پشت_کامێڕا۴_محەمەد_بایەزیدی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *