لە ڕاگواستنی بنکەکانی ئێمە ڕا تا ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستان! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە ڕاگواستنی بنکەکانی ئێمە ڕا تا ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستان! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
ڕۆژی ۱۲ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۶۹ی هەتاوی،۲ی ئابی ۱۹۹۰ی زایینی کاتێک ئێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد، بە بۆچوونی سەددام، تازە ئێراق دەستی بە سنوری ئاوی زیاتر ڕاگەیشتبوو و پێویستی بە یەکاوی عەڕەبان”شط العرب” نەمابوو تا شەڕی لە سەر بکات. وشەی یەکاوی عەڕەبانم لە بەسەرهاتێکی نەمر “کەریمی حیسامی” لە سەر زمانی کوردی وەرگرتووە.
لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا نامەیەکی بۆ ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران نارد و داوای لێ کرد کە لە سەر ڕێکەوتننامەی ئەلجەزاییر-کە هەر خۆی ساڵی ۱۹۸۰ یەک لایەنە دڕاندبووی- دانووستان بکەنەوە. بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەش ئێراق دەیەویست نیەت پاکی خۆی نیشان بدات. دوورخستنەوەی بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بە تایبەت کورد لە سنورەکان یەکێک لەو هەنگاوانە بوو. دیارە ئەوە قۆناغی یەکەمی دوورخستنەوەکە بوو. ڕەنگە قۆناغەکانی دواتر ڕاگواستنی هەموو بنکەکانی حیزب بۆ قوڵایی خاکی ئێراق بانایە کە بە هۆی هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر ئێڕاق و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشور قۆناغەکانی دیکە جێبەجێ نەکران. پەندێکی پێشینان دەڵێ”خوا لە سوڵتان مەحمودی گەورەترە”.

ئێران بۆ خۆی زۆر هەوڵی دابوو بنکەکانی ئێمە لەوێ دەربکرێن، بەڵام تا ئەو کاتە سەرکەوتوو نەببوو. دوای چەند ساڵ تۆپباران و چەند هێرشی ڕاستەوخۆ و جارجارەش تەقەی کورت ماوە و مین دانانەوە، سەرەنجام شەوی ۳۰/۶/۱۳۶۹ هێرشێکی زۆر پان و بەرینیان کردە سەر بنکەی کۆمیتەی شارستان، لکی ۳ و پەلی فەرماندەیی. پیلانێکی تۆکمەیان بۆ تەقاندنەوەی کۆمیتەی شارستان و بنکەکانی دەورووبەری داڕشتبوو. بیریان لە هەموو شتێک کردبۆوە، مەیدانی مینی تەلەویزیۆنی بۆ کاتی هێرشی پێچەوانەی پێشمەرگە، بۆمبی سەعاتی زۆر بە هێز کە بە چەند شێوە دەتەقێندرانەوە و ئەنواع چەکی دیکە. بۆ ئەو کارەش یەکێک لە شارەزاترین ئەندازیانرانی “مهندسان”، تەخریبی ئوستانیان هێنابوو. ئەوان بە ڕادەیەک هاتبوونە پێش کە ئەگەر موهەندیسی تەخریب بۆمبەکەی لە دەست دا نەتەقیباوە -ڕەنگە سەرەڕای ئەوەش سەرکەوتوو نەبایەن- بەڵام تێکشکانی هێرشەکە بە خوێنی ژمارەیەکی زۆر شەهید و بریندار تۆمار دەکرا.

دوای تێشکانی ئەو هێرشە زەخت بۆ سەر حیزب لە لایان ئێراقەوە، کە دەبێ ئەوێ چۆڵ بکەین زۆرتر و زۆرتر بوو.
ئەو جارە بڕیاری خودی سەددام بوو و هیچکەس توانای هەڵوەشاندنەوەی نەبوو. شەهید “غەفور هەمزەیی” ئەودەم نوێنەری حیزب لە بەغدا بوو. جارێک بۆی گێڕاینەوە کە “بۆ پێشگیری لە گواستنەوەی بنکەی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ چوومە زۆر شوێن و داوام لە زۆر کەس کرد تا شتێکمان بۆ بکەن، بەڵام هەموویان دەیانگووت هیچمان پێناکرێت. تا یەکێک لەوان پێی گووتم تۆ دەڵێی لە سیاسەت نازانی. ئەوە بڕیاری “ڕئیس القاعد”ە بە گووتەی کابرا کەس ناتوانێ هەڵیوەشێنێتەوە”. ‌بەمجۆرە بنکەکانی ئێمە پاییزی ئەو ساڵە گواسترانەوە بۆ بناری قەندیل. تا جێگیربوونی بنکەکان ماوەیەکی پێچوو، بەڵام حیزب هەر بەرنامەی دابوو تیمی چەند کەسی پێشمەرگە بنێرێتەوە ئەو دەورووبەرە، تا دەستی لە ناوچە نەبڕێت. تیمێکی تەشکیلاتی ناردرایەوە بۆ ناوچەی “هۆمل”. تیمێکی چەند کەسیش نێردرانەوە لای سونێ.

بار و دۆخی ناوچەی “بوڵفەت” لە چاو ناوچەی هۆمل باشتر بوو. هێشتا بازاڕی “بیدەلان” شتۆومەکی تێدا ئاڵوێر دەکرا، هەر بۆیەش خەڵکێکی زۆری ناوچە هاتووچۆیان دەکرد. ئەوە دەرفەتی بەرەو پێشبردنی کاری تەشیکلاتی دەدا بە کادرەکان. لە کۆمیتەی شارستان بڕیاردرا کە تیمێکی چەند کەسی کادر و پێشمەرگە بنێردرێنەوە سونێ تا هەم کاری خۆیان بکەن هەم ببنە پشتیوانیش بۆ ئەو تیمەی دیکەی پێشمەرگە کە ماوەیەک پێشتر چووبوونەوە ئەوێ.
تیمەکەی ئێمە بریتی بوو لە؛ محەمەد کەسرایی بەرپرسی تەشکیلاتی شار، محەمەد بایزیدی بەرپرسی کۆمیتەی بڵفەت، شەهید ڕەسوڵ عەزیزی، فەرماندەری لک، ئەییوب سوری کادری دەرمانی، چەند پێشمەرگەیەکی دیکە. ڕۆژی ۲۶ی سەرماوەز دوای تەواوبوونی بەرنامەکانی جێژن، کە لە گەڵ هێزی زمزیران بە یەکەوەمان گرت، ئێمە ئامادەی وەڕێکەوتن بووین، تەیا دەبووایە چاوەڕێی تاریک داهاتنی هەوا بکەین. ئێمە ماوەیەک بە ماشێن ڕۆیشتین و پاشان دەبووایە، پاشان دەبووایە بە پێ بڕۆیین. ئەو کات قەڵادزێ و هەموو ناوچەی پشدەر وێرانکرابوو و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوو. ناوچەکە ناوچەی قەدەغەکراو”محرمە” بوو. ئەگەر هەستیان بە ئێمەش بکردبایە کە بەرەو ئەو ناوچەیە دەچین، بێ شک دەیانگرتین و تووشی کێشەیان دەکردین. ئەگەر لە کەمینیش کەوتباین، ئەوە وەک دوژمن هەڵس و کەوتیان لە گەڵ دەکردین.

ئێمە بە شەو ڕۆیشتین، بە شەویش دیار نەبوو کێین. ماوەیەکی زۆر دەبووایە بە پێ بڕۆیین. حەسەن شاگوپ، یادی بە خێر، وەک شارەزا وە پێشمان کەوتبوو. هێشتا لە مۆڵگەکانی ئەرتەشی ئێراق تێ نەپەڕیبووین کە وردە وردە دیمەنەکانی لای “سونێ” و “کونەمارێ”مان لێ دیارکەوتن، بەڵام نەک بە ڕووناکایی چرای ماڵان و ئاوەدانی. ئێمە ماوەیەکی زۆر لەو ناوەدا بنکەکان هەبوو. هەموو کەلێن و قوژبنی ئەو ناوە شارەزا بووین. بە لێکدانەوەی خۆمان دەمانگوت ئەوە فڵانە شوێنەیە. لە هیچ شوێنێک ڕووناکاییەک نەدەبیندرا. ئەو ناوە تا چەند مانگ لەمەوبەر پڕی ڕووناکی بوو. ژمارەیەکی زۆر بنکە و ماڵی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوە و خەڵکی گوندەکان لەو ناوەدا دەژیان. دەتگووت بە ڕۆیشتنی پێشمەرگە لەو ناوە ڕووناکیش بارگە و بنەی تێکناوە و ئەو ناوەی وەسەر شیو و دۆڵە تاریکەکانی دیکە کردۆتەوە. “وەک دەڵێن ماڵی قەڵب سەر بە ساحێبیە” ئێستا کە پێشمەرگە ئەوێی چۆڵ کردووە، نابێ هیچ ڕووناکیەکیش لەو ناوە بمێنێ. بێ هەست و ماندوو ڕێگا دەبڕین و تا دێت زیاتر لەو ناوە نیزیکتر دەبینەوە. هێشتا هیچ ڕووناکیەک دیار نیە. دوای ماوەیەکی دیکە ڕۆیشتن، تروسکەی ڕۆناکیەکی زۆر کز وەدیار کەوت. شکمان بۆ چرای ماڵان دەچوو، کە سەرەڕای داپۆشینی هەموو کەلێنەکان هێشتا ئەو تروسکاییە ڕێگای خۆی بە نێو سڕ و سیپاڵە کۆنەکاندا کردبێتەوە تا پەیامی بەردەوامی ژیان لەو شوێنە کە پێشتر چەند ماڵێکی لێ بوو، بە ئێمە بگەیەنێ. تا دەهات کەمتر بڕوامان بەوە دەکرد، ئەوە تیشکی چرا چڵکنەکەی یەکێک لەو ماڵانە بێت. نیزیکتر کە بووینەوە، بۆنی زبڵی سووتاو بەو ناوەدا بڵاو ببۆوە. بەڵێ سەرانگوێلکی ئاوردراوی لای ئەو ماڵانە بوو کە بە تەنیا لەو ناوە دایسا. ئەوە یەکەمین و دواین ڕووناکی ئەو ناوە بوو ئەو شەوە دیتمان. خانووەکانی دەورووبەری هەموویان چۆل بوون. کەس لە ترسی ئەرتەشی ئێراق لەوێ نەدەژیا. نە توانای ئاورکردنەوەمان هەبوو، نە شوێنێکیش بۆ نووستن. تا لە گەڵ هاوڕێیانی دیکەمان یەکترمان گرتەوە، تووشی دەردی سەری زۆر بووین، ماندوو و ئارەقاوی چاوەڕوانی یەکتر دیتنەوە لە گەڵ ئەو تیمەی پێشتر بووین. ئەودەم شەهید “مەلا حوسێن زێوەیی”، کادری کۆمیتەی بوڵفەت بەرپرسی ئەو تیمەی دیکە بوو. مەلا حوسێن یەکێک لەو ژمارە زۆرەی تێکۆشەرانی حیزب بوو، کە لە باشوری کوردستان بە دەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ترۆرکران. بە بێسیم ئاگادار بووینەوە کە ئەوان لە شوێنێکی دوورترن، ئەو شەوە ناتوانن لە گەڵ ئێمە یەکتر بگرنەوە. خانوویەکیان بۆ ئێمە دیاریکردبوو کە بچینە ئەوێ. خانووەکە دەبووایە بە تەواوی خاوێن بکرێتەوە. ژمارەیەک ماڵ بە قاچاخی لە کونەمارێ دەژیان. بەڵام بەو تاریکیە هیچ هێمایەک لە ژیان لەوێ نەدەدیترا. ئەوان نە دەبووایە بێڵن شۆقی چرا ، ڕووناکی ئاگر و هەر شتێک دەبووە هۆی شکاندنی تەلێسمی ئەو تاریکیە لە دوورەوە دیار بێت. هەر ڕووناکیەک لە مۆڵگەکانی ئێراق ڕا ببیندرابا تەقەی لێدەکرا. ساڵۆنی نانخواردنی کۆمیتەی شارستان کە خەرجێکی زۆری لێکرابوو، کرابووە ئاغەڵێکی زۆر گەورە بۆ مەڕی مەڕدارەکان. تا پێش ئەوکاتە خانوی ئاغەڵەکە لە هەموو خانوەکانی دیکە تازەتر و ڕێکو پێک تر بوو.

بە هاتنەوەی ئێمە، تاق تاق ماڵ گەڕانەوە بەردقسڵێ. دەورەمان بڕێک ئاوەدان بۆوە، بەڵام ئێمە تەنیا بە ڕۆژ لەوێ بووین. هەموو شەوێک بۆ نووستن جێگۆڕکێمان دەکرد. زۆر جار کە دەنگ و باسی هێرش بۆ سەرمان زیاتر دەبوو، زیاتر لەو شوێنە دوور دەکەوتینەوە. بۆ نووستن تووشمان بە خانووە کۆنی زۆر پەڕپووتەوە دەبوو، ئەگەر ناچاری نەبایە قەت لەبەر دەرگاش ڕا چاومان لێ نەدەکرد. هەر شوێنێک بۆی دەچووین دەبووایە ئەوەندەی بە تاریکی بۆمان دەکراخاوێنی بکەینەوە. یەکێک لەو شەوانە بوو،کە یەکێک لە کادرە دەرمانیەکان (غ.س) دوای خاوێنکردنەوەیەکی بە قسەی خۆی باش بە لایتێکی قەڵەمی کە پێی بوو کەلاکی لە خاچ دراوی مشکێکی ڕەق هەڵاتووی بە دیواری پشت سەری خۆیەوە چاو پێکەوت. چەند ڕۆژ دواتریش هەر وێڵنجی دەهات.
شەوانی ئێمە، بێ ڕووناکی بوون، ئەگەر هەشبوو تەنیا چرا فانۆزێک بوو، ئەویش تەنیا لە بنکەی ڕۆژانە دەمایەوە. نە دەتتووانی شتێک بخوێنیەوە، نە بە هۆی قەڵەباڵغی خۆشمان دەکرا کەڵکی لێوەرگری. ئەوەی دەیتووانی ڕۆژانە دەیخوێندەوە و شەوانەش بەشێکی بە گوێگرتن لە ڕادیۆ و بەشێکیشی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی پێشمەرگایەتی و گاڵتە و جەفەنگ تێپەڕ دەکران. دوای ماوەیەک کاک محەمەد کەسرایی و شەهید ڕەسوڵ گەڕانەوە بۆکریسکان و بە جێگای ئەوان چەند کەسێکی دیکە هاتن.

ماشێنە خواردن لە نێو بننکەکانی پێشمەرگەدا، زۆر باو بوو -دەکرێ ئێستاش وابێت. وابوو ئەو کاتەی ئێمە لە بە قاچاخی لە سونێ بووین، برینج لای ئێمە زۆر لە ماش هەرزانتر بوو. ئێمەش بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکانمان زۆرتر برینجمان دەخوارد. کاتێک گەڕامەوە بۆ “بۆ کریسکان” و لیستی خەرجی خۆمانمان دا بە بەشی ماڵی کۆمیتەی شارستان، گەلێکیان ڕەخنە لێگرتم، “ئێوە دەبووایە لە کاتی خەرجکردندا بیرێک لە ئەو پێشمەرگانەی ئێرەش بکەنەوە. ئێمە هەموو ڕۆژێ ماشێنە دەخۆین ئێوە هەموو ڕۆژێ برینجتان خواردووە. لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی شارستانیشدا باسەکە دووبارە بۆوە. بەرنامەی خواردنی بنکەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەکانی پێشمەرگە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێراق زۆر خراپ بوو. حیزب دەستی بە جیرەبەندی کردبوو.
لای ئێمە کیلۆی ماش بە ۲۵دیناری ئەودەمی ئێراقی بوو، بەڵام برینج کیلۆی پێنج دیناری ئێراقی بوو. ئێمە هەر جارەی برینجمان هەبوو لانیکەم ۱. دیناری ئێراقیمان بۆ حیزب گێڕابۆوە. تازە ئێمە ئاشپەزێکی هێندە باشمان هەبوو، کە قەت نەمدی خواردن زیادی بمێنێتەوە هەڵیڕێژین. کاتێک ئەوەم بۆ کومیتەی شارستان ڕوونکردەوە هەموویان هاتنە سەر ئەو بڕوایەی، ئەگەر ئەوانیش لەوێ بان هەر ئاوایان دەکرد.

تێ بینی؛
وێنەکان، کونەمارێ و دەورووبەری. لە لاپەڕەی کاک عەلی سورەچۆمی وەرگیراون.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *