یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی دووهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی دووهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
ڕۆژی ۵ی ‌ئازار، ڕۆژی دەست پێکی ڕاپەڕین، بەشی یەکەمی ئەو بیرەوەرییە بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆش ۳۱ی ئازار، ساڵڕۆژی کۆڕەوە میلیۆنیەکەی باشوری کوردستانە.
بە دوای ئازادکرانی شار و ئۆردوگاکانی باشوری کوردستان دا، کەشێکی خۆش باڵی بە سەر ناوچەکەدا کێشابوو.
لێرەدا باسی ئازادکرانی گوندەکانی ناکەین، لەبەر ئەوەی هەموو گوندەکانی کوردستان لە لایان ڕێژیمی بەعسەوە ڕووخێندرابوون و خەڵکەیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملییەکان ڕاگوێزرابوون. دەوروبەری “بەردقسڵ”، ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین، چەند ماڵێکی ئاوارەی لای ئۆردوگای”حاجیاوا” و شارۆچکەی “چوارقوڕنە” ی بۆ هاتبوو و بڕێک ئاوەدانتر ببۆوە. ئەو کاتانە بەسەر چووبوون کە ئێمە بە ناچاری دەبووایە هەموو شەوێک جێگۆڕکێ بکەین، تا دوژمن نەتوانێ پێ و شوێنمان هەڵگرێ و زەربەمان لێ بدات. لە ڕاستیدا ئەو کۆنەخانووانەی ئێمەش پێشتر بۆیان دەچووین، هەموویان بە ئاوارە کاتییەکان گیرابوون. بە هۆی بوونی ژماریەکی زۆری چەکداری خەڵکی باشوریش لە نێو ئاوارەکاندا، کە ئامادەیی هاوکاری و پشتیوانیان دەربڕیبوو، زیاتر هەستمان بە دڵنیایی دەکرد. ئەوان بەشی خۆیان ڕزگار کردبوو، ئامادەبوون هاوکاری ئێمەش بکەن تا پارێزگاری لە خۆمان بکەین.
هەوای ئەو دەورووبەرە زۆر سازگارتر لە پێشان بوو و خەڵک کەیف خۆشتر بوون. بە دوای ئازادکرانی شار و ئۆردوگاکاندا ، کە تا دەهات بەرینتر دەبۆوە و لە ئاکامدا بە ئازادکرانی کەرکوک کۆتایی هات، ئاوارەکانی لای ئێمەش تاق و لۆق خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان ئامادە دەکرد. هەر ڕۆژە ماڵێک یان دوو ماڵیان دەگەڕانەوە.
هاتوو چۆ بۆ لای ئێمەش هیچ بەربەستێکی لە سەر ڕێگا نەمابوو و بە ماشێن هاتووچۆ دەکرا. لە کۆمیتەی شارستان ڕا داوایان لێکردبووم بۆ چەند ڕۆژێک بچمەوە بۆ “بۆکریسکان” کە ئەودەم کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ لەوێ بوون. لە مانگی سەرماوەزی ئەو ساڵەوە نەمتوانیبوو لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی شارستاندا بەشداری بکەم. کۆبوونەوەکە زیاتر بۆ باسکردن لە سەر هەل و مەرجی دوای ئازاکرانی باشوری کوردستان بوو. دەرفەتەکان و تەنگ و چەڵەمەکانی دوای ئازاد بوون بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات بوو.

هەردوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی شارستانیش، لە کۆمیسیۆنی “سیاسی نیزامی” ڕا داوایان لێکردم کە بچمە ئەوێ و بڕێک لە سەر وەزعی خۆمان لە ماوەی مانەوەمان لە “سونێ”، ۲۶ی سەرماوەز تا چەند ڕۆژ دوای ئازادکرانی باشوری کوردستان بکەم. هێشتا باسی سەرکەوتنی ڕاپەڕین دەکرا، بەڵام ترس و نیگەرانی لە دژکردەوەی ڕێژیمی بەعسیش لە ئاردابوو. شار و ئۆردوگاکان زۆر بە خێرایی ئازادکرابوون و لە هیچ شوێنێک بیر لە چۆنیەتی پاراستنی شوێنە ئازادکراوەکان نەکرابۆوە یان پێڕانەگەیشتبوون بیری لێبکەنەوە. هاوپەیمانان پێشیان بە فڕینی هێلیکۆپتێر و فڕۆکەی شەڕکەری ئێراقی نەدەگرت، بەمجۆرە دەستی هێزەکانی بەعسی بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان ئاواڵە ببۆوە. ڕاپەڕینی باشوری ئێراق زۆر بە توندی سەرکوت کرابوو. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێی نیگەرانی بوو، زاڵبوونی هێزی شڕە بە سەر ڕاپەڕیندا بوو. بە جێگای پاراستن و بە کار هێنانەوەی ئەو چەکانەی، لانیکەم چەکی قورس و نیوە قورس، کە دەستیان بە سەردا دەگیرا، بەشێکی زۆری کەوتە دەست ئەو هێزە و بەرەو پشتی جبهە ڕاگوێزرا، یان تێک دەدران و بەجێ دەهێڵداران. ئەوەش کە بە ساغی دەکەوتە دەست پێشمەرگە کەسانی شارەزا بۆ کەڵک لێوەرگرتنیان زۆر کەمبوون. لە گەڵ ڕاگواستنی ئەو چەک و چۆڵ و دەستکەوتانەش چەکدارێکی زۆر-کە بەشی خۆیان دەستکەوتیان بووبوو- بەرەو پشتەوەی بەرەی شەڕ دەهاتنەوە. بەو هۆیەوە ژمارەی ئەوانە کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ مابوونەوە هەروا بەرەو کەمی دەچوو. بەرزبوونەوەی ژمارەی شەهید و برینداریش لە ڕیزی هێزی شەڕکەری بەرەی پێشەوە دەبووە هۆی کەمبوونەوە زیاتری هێزی شەڕکەر لە بەرەکانی شەڕ.
———-
دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە دەورووبەری کۆمیتەی شارستان و بە سەربردنی ڕۆژی ۱۳بەدەری ئەو ساڵە-یەکەم ۱۳ بەدەر لە کوردستانێکی ئازادی دوای ڕاپەڕیندا- لە گەڵ بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان لە دەورووبەری بۆ کریسکان، گەڕامەوە بۆ بەردقسڵێ. ژمارەیەک لە ماڵە ئاوارەکان بەرەو شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان گەڕابوونە. ژمارەیەکی کەمیش کە مابوون، چاوەڕێ بوون زیاتر وڵات ئارام بێتەوە ئیجا بگەڕێینەوە. باس لە دەست پێکردنی دژکردەوەی هێزەکانی حکومەتی ئێراق لە کەرکوک و دەورووبەری دەکرا. باس لە هاوکاری ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە گەڵ ئەرتەشی ئێراق دەکرا.

تا دەهات ترسی خەڵک لە ئاوارەبوونەوە زیاتر دەبوو. ئەو بزەو زەردەخەنەی لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سەر لێوی خەڵک پەیدا ببوو، کەمتر و کەمتر دەبۆوە. خەڵکی شارەکان هێندە بە خێرایی ماڵ و حاڵی خۆیان چۆل دەکرد و ڕێگای ئاوارەییان دەگرتە بەر، کە توانای خۆڕاگری بەرەکانی شەڕی لە گەڵ ئەرتەشی ئێراق لاوازتر دەکرد. هێشتا شەڕ لە لای کەرکوک بوو کە خەڵک لە شارەکانی دیکە دەستی بە چۆلکردنی ماڵ و حاڵێ خۆیان کردبوو.

بە هۆی ناڕوونی وەزعەکە و دابەزینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕی “بێدەلان” و کەمبوونەوەی خواست”تقاضا”، لە سەرشتە زەروورییەکان وەک ئارد و ڕۆن و هێندێک کەل و پەلی دیکەی ڕۆژانە، بڕیارماندا هێندێک لەو کەل وپەلانە بکرین و عەمباری بکەین، تا لە کاتی پێویستدا کەڵکیان لێوەرگرین.
لای ئێمەش هەر زوو ژمارەیەک ماڵی ڕانیە و حاجیاوا دەستیان بە هاتن کرد. چەند بنەماڵەیەک هەر لەوانە بوون کە پێش چەند ڕۆژێک گەڕابوونەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. شەپۆلی هاتنی ئاوارەکان بە جۆرێک بوو کە ڕێگا و بانەکەکانی ئەو ناوچەیە تەواوی بە خەڵک داپۆشرابوو. هاوکات لە گەڵ بەرینتربوونەوەی شەپۆلی ئاوارەکان و دەربەدەربوونیان لە ئاستەمترین هەلومەرجەکاندا، هەوای ئەو ساڵەش نەهامەتیەکانی ئەو خەڵکەی زیاتر کردبوو. برسێتی، تینوێتی و سەرمای لە ڕادەبەدەر دەستیان دابۆ دەستی یەک تا ژیانی ئەو خەڵکە لەوەش کە هەبوو تاڵتر بکەن. ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ خۆیان توانای ڕۆیشتنیان نەبوو و بەرگەی ئەو هەل و مەرجەیان نەدەگرت و دەمردن ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو. مردنی منداڵانی شیرەخۆرە بە هۆی بێ توانایی دایکەکانیان لە تێرکردنیان یان نەخۆشی جۆراوجۆرەوە بوو. نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، دابەزینی ئاستی پاک و خاوێنی لە نێو ئاوارەکاندا، هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاتر کردبوو. سەرەڕای ئەوانە سنورەکان یان باشتر بڵێین دەورووبەری مۆڵگە چۆڵکراوەکانی ئەرتەشی ئێراقیش بە ژمارەیەکی زۆر مین چێندرابوون. لادان لە ڕێگاکان کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوتەوە.

ژمارەی ئاوارەکان بە ڕادەیەک زۆر بوو، کە ڕێگای هاتنی ماشێنی بە تەواوی گرتبوو. بە هۆی ئەو شەپۆلە بەر بڵاوەی ئاوارە، ڕێگای هاتووچۆی ئێمە بە ماشێن، بۆ دەورووبەری دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی شارستان بە تەواوی بەسترابوو. ڕۆیشتنی ماشێن بە ڕادەیەک ئەستەم بوو، کە بۆ هەر شوێنێک بتویستایە بڕۆی بە پێ زووتر دەگەیشتیە جێ. شەپۆلی هاتنی ئاوارەکان وایکرد کە بە هۆی ترس لە هاتنەوەی هێزەکانی حکومەتی ئێراق بۆ سەر سنورەکان، بەشێکی زۆریان لە بیری دەربازبوون بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەون. بە هۆی نەبوونی ڕێگای ماشێن لە نێوان شوێنی مانەوەی ئێمە و سنوری ڕۆژهەڵاتدا، خەڵکێکی زۆر ماشێنەکانیان بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشتن. زۆرکەس باسیان لەوەدەکرد کە ئامادەبوون ماشێنێکی بەرازیلی بە کەرێک بگۆڕنەوە. لە ڕاستیشدا کەرێک باشتر لە ماشێن لەو هەل و مەرجەدا دەیتوانی کاری ئەوان ڕایی بکات.

درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *