ئەنفال و ژێنۆسایدی کورد لە باشوری کوردستان! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
پڕۆسەی بەدناوی “ئەنفال” لە دژی کورد لە باشوری کوردستان سیاسەتێکی بەرنامە بۆداڕێژراوی درێژخایەن بووەو تەنیا بریتی نیە لە بێ سەروشوێنکردنی ۱۸۲۰۰۰ کەس لە ساڵی ۱۹۸۸دا. شاڵاوی قڕکردنی کورد لە مێژبوو دەستی پێکردبوو، بەڵام لە ئەنفالدا گەیشتە چڵە پۆپەی. بە پێی زانیارییەکان تەنیا لە ڕۆژی ۱۴/۴ ی ۱۹۸۸دا زیاتر لە ۲۰هەزار کەس لە خەڵکی “گەرمیان” ئەنفال کران. هەر بەو بۆنەوە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی ئەنفال دیاریکراوە.بێگومان زۆربەی ئێمە باسی ئەنفالمان بیستووە و ساڵانەش یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوە، بەڵام زۆر کەم لە ئێمە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە لە لایان ڕێژیمی بەعسی ئێراقەوەین. وەک خۆم بە پێویستم زانی کورتەیەک لە سەر پڕۆسەی ژێنۆسایدی کورد لە باشوری کوردستان بخەمە بەر دیدی خوێنەران. هەوڵمداوە کورتەیەک لە سەر بەشە زۆر دیارەکانی ژێنۆسایدی کورد لە باشوری کوردستان لێرەدا بگونجێنم. ئەوەی من کردوومە زۆرتر کۆکردنەوەیە تا نووسینی سەر لەبەر، وەک دەلێن کۆپی-پەست. تەنیا بابەتی ئەنفال کە لە ماڵپەڕی “ویکیپێدیا” وەرگیراوە بڕێک دەستکاری کراوە تا خوێندنەوەی هاسانتر بێت. زانیاری زۆر باشی تێدابوو، بەڵام زۆر بە کرچ و کاڵی نووسرابوو. بۆ ئەوەی بابەتە ڕەسەنایەتی خۆشی لە دەست نەدات هەموویم دەستکاری نەکردووە.
ئەنفال یان ژێنۆسایدی کورد لە باشوری کوردستان و ئێراق بە ئەنفالی کوردە فەیلییەکان دەستی پێکرد.

۱. “جینۆسایدی فەیلییەکان لەعێراق!

کوردی فەیلی، ناو یان نازناوێکە بەوکوردانە دەوترێ کەبەزۆری لەشاروشارۆچکەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نیشتەجێبوون و لەرووی ئاینیەوە سەربەمەزھەبی شیعەن. ئەم کوردانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقی کەبەعس فەرماڕەوایی دەکرد، لەساڵی ١٩۶٣وە بەھەموو شێوەیەک روو بەرووی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدو پاکتاوی رەگەزی بوونەتەوە. ژێدەرو ئامارەکان ئەوە دەردەخەن و پشڕاست دەکەنەوە، کە بەدەیان ھەزار لەم توێژەی کورد روو بەرووی مەرگ بوونەتەوە.
بەڵام بەدرووستی لەساڵی ١٩٨٠ وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرمانی وڵاتبەدەرکردنی کوردە فەیلییەکانیدا، لەفەرمانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراقدا ھاتوە”: ئەو ئیرانیانەی لەوڵاتدان و رەگەزنامەی عێراقییان نییە، ھەروەھا ئەوانەش کەمامەڵەیان کردوەو بڕیارییان لەبارەوە دەرنەچوە دەردەکرێن”. لەھەمانکاتدا بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی ئەوەشی تێدا بوو “: کەلاوانی کوردی فەیلی لەتەمەنی ١٨ تا ٢٨ ساڵ، بگیرێن و لەبەندیخانەی پارێزگاکاندا، تاماوەیەکی نادیار دەسبەسەربکرێن”. ھەروەک بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق ئەوەشی دووپات کردوەتەوە “: کەھەرکەسێک لەو کوردانەی ئاودیوی ئێران دەکرێن، ئەگەر ھەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێبکرێت”.
لەرۆژی ٢۶-٢-١٩٨١ لەرۆژنامەی سەورەی زمانحاڵی حکومەتی عێراق “سەدام حوسێن” لەبارەی کوردە فەیلیەکانەوە دەڵێ”: ئەم توێژە لەعێراق ریشەکێشبکەن، تاوەکو خاکی عێراق و ھەوای عێراق پیس نەکەن و خوێنی عێراقیش پیس نەکەن، کاتێک بەڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە خوێنیان تێکەڵی خوێنی عێراقییەکان دەبێت”. سەرنجدان و وردبوونەوە لەم قسەیەیی “سەدام” سەرۆکی دەوڵەتی پێشووی عێراق بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین کە شۆڤێنیەت و رادەی رەگەزپەرستی بیرکرنەوەی حزبی بەعس و سەرۆک و سەرکردەو حکومەتەکەی لەعێراق تاچ رادەیەک دژ بەمرۆڤ و ھاوکات لەھەوڵی ئەوەبوە لەناوییان ببا، بەتایبەت ئەوانەی جیاوازبوون لەگەڵی.
بەپێی زانیارییە بەردەستکەوتوەکان، پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر لە “٢٠٠” ھەزار دانیشتوانی عێراق ئاوارە یان راوەدووی ئێران نراون، کە ۶۵% کە شەست و پێنج لەسەدی ئەو ژمارەیە لە کوردی فەیلی بوون و تائێستاش زۆرێکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەمە جگەلەوەی لەماوەی دەسڵاتی حزبی بەعس بە ھەزاران کوردی فەیلی زیندانی کراون و لەسێدارە دراون و کۆمەڵکوژی کراون.
ژێدەرو ئاماری تریش زۆرن کەژمارەی وەدەرنانی کوردە فەیلیەکان لەعێراق و زیندانی کردن و کوشتن و زەوتکردنی سەروەت و سامانیان و بێسەرو شوێنکردنیان، بە “۵٠٠” پێنج سەد ھەزار کەس ئەژمار دەکەن، بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستی ئێمەدان، وە ئەوەشی کەسەرچاوەو بەڵگەنامەکان بۆ ئێمەیان ساغکردوەتەوە “٣٨٠” ھەزار کوردی فەیلی روو بە ڕووی قڕکردن و جینۆسایکردن بوونەتەوەو ئاسەوارەکانیشی تا ئێستا ماون و بۆچەندین دەیەیی تریش ھەردەمێنن.”۱

۲. ئەنفالی بارزانیەکان!

“یەکەم: قۆناغی یەکەم لە ٢٩ تا ٣٠- ٧- ١٩٨٣ بەردەوام بو، و تیایدا هەندێک کەسایەتی دیاری ناوچەی بارزان دەستگیرکران.
دووەم: قۆناغی دووەم لە ٣١-٧-١٩٨٣ دەستیپێکرد و تیایدا، بەکۆمەڵگرتنی پیاوان لە ئۆردووگاکانی ” قودس و قادسیە” جێبەجێکرا٭.
سێیەم: قۆناغی سێیەم لە ١٠-٨-١٩٨٣ ئەنجامدرا و بەکۆمەڵگرتنی پیاوان بارزانییەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی ” ھەریر، بەحرکە، دیانا” بەئامانجگیرا.
چوارەم: قۆناغی چوارەم راوەدوونان و بەکۆمەڵگرتنی ئەو بارزانیانە بوو، بەھەرشێوەیەک بوبێت لە شاڵاوەکانی گرتن رزگارییان ببوو.” ۲

٭ئۆردوگاکانی قوشتەپە لە نیزیک هەولێر

۳. شیمیابارانی شاری هەڵەبجە!

۱۶/۳ی ساڵی ۱۹۸۸شاری هەڵەبجە لە لاێان ئێراقەوە بە چەکی شیمیایی بۆردوومان کرا کە بوو بە هۆش شەهیدبوونی زیاتر لەپێنج هەزار و برینداربوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆرتر. لەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر کە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعس هەڵاتبوون یان دوای گەڕانەوەیان لە ئێران- بە ڕواڵەت دوای دەرچوونی ب؟ڕیاری لێبوردن بۆیان -بێ سەروشوێن کران.

۴. ئەنفال!

“ئەنفال.. لەشەڕی بەدرەوە بۆ پاکتاوکردنی کورد.
ئەنفال سورەتی هەشتەمی کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکەی مسوڵمانان”قورئان”ە کە بەهۆی باسکردنی شەڕی یەکەمی ئیسلام “شەڕی بەدر” بەسوورەتی شەڕیش ناودەبرێت، هۆکاری دابەزینیشی وەکو لە ناوەڕۆکەکەیدا روونە کە شەڕو جیهادی پترتێدا زاڵە بۆ ناکۆکی نێوان مسوڵمانان لەسەر دەستکەوتەکانی شەڕ دێت.

ئەنفال بەواتای دەستکەوتەکانی شەڕ دێت، ئەو دەستکەوتانەی مسوڵمانان لە شەڕەکانییاندا لە نەیارەکانییان کە بەبێ باوەڕەکانییان ناودەبەن چنگیان دەکەوێت، بەڵام لە عێراق پاش هەزار و ۴۰۶ ساڵ لە دابەزینی ئەو سوورەتە و بە دیاریکراوی لە شوباتی ۱۹۸۸ ئەو ناوە لە دڕندانەترین پرۆسەکانی پاکتاوی کورد لەمێژوویدا لە دژی نەتەوەیەکی مسوڵمانی عێراق نرا، پرۆسەیەک وەکو چۆن ئەنفال سوورەتی هەشتەم بوو، ئەنفالی کوردیش بە هەشت قۆناغ و زیاتر لە ۲۰۰ رۆژ بەردەوام بوو، ئەنجام بێسەروشوێنکردنی ۱۸۲ هەزار کورد کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و دواتریش زیندە بەچاڵکردنییان لە بیابانەکانی لێکەوتەوە کە لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا کە زۆرێک بە”هۆڵۆکۆستی کوردان”ی ناودەبەن سەدام حوسێن، عێراقی کرد بە گۆڕی کۆمەڵ و کورد و موڵکەکانیشی بە غەنیمەی جەنگ چاو لێکرد.”۳

“ئەنفالی یەک : ئەنفالی دۆڵی جافایەتی- ۲۳ی شوبات تاکو ۱۹ئاداری ۱۹۸۸. ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵوی دۆڵی جافایەتی،دەستی پێکرد.
لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان ، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم ھێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی (۲۵-۳۰) گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو. ئەم ھێرشە بەربڵاوە سنوری شارۆچکەکانی (سورداش،دوکان،سەرچنار،قەڵاچوالان،چوارتا)ی گرتەوە ، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان ھاشم) بوو .ھێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکھاتبوون لە (۲۰) لیوا، شەست فەوج . لەم ھێرشەدا نوێترین چەکی قوڕس بەکارھێنران کە بوونە ھۆی وێرانکارییەکی زۆر لەم ناوچانە، لە ئەنجامدا بووە ھۆی وێرانکردی گوندەکانی(قمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) ھەروەھا چەندین گوندی تر. ھیچ گوندێک لەم ناوچەیە ڕزگاری نەبوو ، وە ئەوانەی مابوونەوە توشی تاڵانکردن ھاتن. سەرجەمی خەڵکی ئەو ناچەیە بەرەو ئێران ھەڵاتن.”٭٭

٭٭بەشی هەرەزۆری ئەو ئاوارانە ڕوویان لە شاری سەردەشت و گوندەکانی دەورووبەری کرد. زۆربەی ئەوان لە ئۆردوگاکانی دەورووبەری شاری سەردەشت وەک بێزیلێ نیشتەجێ کرابوون،( ڕوونکردنەوەی خۆم)

“ئەنفالی دوو : لە ۲۲ی ئادار تاکو ۱ی نیسانی ۱۹۸۸ کۆتایی ھات ) ئەم ھێرشە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە (تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربندباسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر ) گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە . سەرەتای ھێرشەکە بەکیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو بە شێوەیەکی زۆر سەخت کیمیاباران کرا. ئەم کارەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبونی خەڵکی ناوچەکە کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی ڕایان کرد ،زیانیان کەم بوو بەڵام ئەو کۆمەڵەیەی بەرەو خوارووی گەرمیان ڕایانکرد ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران کە دواتر شوێن بزرکران . لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو ھاوڵاتیە کوردانەی کە گیران یان خۆیان دا بە دەستەوە، بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوو) گواسترانەوە، کە نزیکەی ھەشت ھەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج ، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی (تۆبزاوە) لە نزیک کەرکوک . لەوێ گەنجەکان لەوانیتر جیاکرانەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانەکران ، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ (نوگرەسەلمان)ی بیابانی سەماوە گواسترانەوە، کە لەوێ ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تینوان و نەخۆشی دەمردن و تەرمەکانیان فڕێدەدرانە دەرەوی زیندانەکە.
ئەنفالی سێ : (لە ۷ تا ۲۰ی نیسانی ۱۹۸۸) شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە ، گەورەترین و بەرفراوانترین ھێرش و پەلامار بوو لە ساڵی (۱۹۸۸) بۆ سەرکوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر) ی ڕاماڵی . زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددی بە دانیشتوای نزیکەی (۵۰۰ گوندی ئەم ناچەیە گەیاند ، لە(۱۴ی نیسانی ۱۹۸۸) دا چوار شارۆچکەی لە یەک کاتدا خاپوور کرا، نزیکەی بیست ھەزار ژنومنداڵ و پیاوی بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە ھەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یاد کردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لەکوردستان. ھۆی زۆری ژمارەی گیرا و شوێن بزرکراوەکانی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی بەھۆی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بە ڕێگای چەند کەسانێکەوە بڵاویان کردبوەوە، کە حکومەت ھەر خێزانێک(۳۰۰) مەتر دووجا زەوی لەگەڵ قەرزی عقاری دەداتەگوندنشینەکان. ئەمەش وایکرد، کە خەڵکەکە ھێمن ببنەوە و ڕانەکەن بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیر کران.

ئەنفالی چوار : ئاوگەی زێی بچووک (لە ۸ی نیسان تاکو ۳ی ئایاری ۱۹۸۸) ھێزەکانی ڕژێم دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێن بزری لێکەوتەوە، لە ھێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بە ھەمان شێوە. ئاوگەی زێی بچووک ھێڵی سنوری ھەردوو پارێزگای کەرکوک و ھەولێر پێک دەھێنێت. ئەو ئاوگەیە شارۆچکەکانی رێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرێتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆیە، تەق تەق و شێخ بزێنی. سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (۳ی ئایاری ۱۹۸۸) دەستی پێکرد. بەھۆی فڕۆکەجەنگیەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەیدا باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە بە نزیکەیی (۳۰۰) کەس دەخەمڵێنرێن، ھاوکات گوندی (عەسکەری) بە ھەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرد. بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتووانی گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگ)، ڕژێم ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی ناتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوەو ڕزگار ببن.
قۆناغی (ئەنفالی ۵ ، ۶ ، ۷ ) دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندوز لە (۱۵ی ئایاری – ۲۶ی ئابی ۱۹۸۸ ): سەرەتای ھێرشەکە لە (۱۵ی ئایاری ۱۹۸۸) بوو، کە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو.٭٭٭ چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی(وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی)، بووە ھۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مرداربوونی ئاژەڵەکانیان. توندترین ھێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراورد لە گەڵ ھێرشەکانی پێشوو کەمتربوو، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەر بە پارێزگای ھەولێر، چۆڵ کرابوون و خەڵکەکەیان ڕاگوێزرابوون. گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی (بلەی خواروو) کەوت، خەڵکەکەی شوێن بزر کران، لە ڕۆژی (۷ی حوزەیران ) شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی ھات.

سەرەتای ئەنفالی شەش لە (۲۶ی تەمووز) بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان، دۆڵێ مەلەکان، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی ھیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستی پێکرد. خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لە لایەن حکومەتەوە ناوچەکە داگیرکرا. داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن، لێبوردنی گشتی ھەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە ھەڵخەڵەتان، خۆیان دا بە دەستەوە. دوای گرتنیان شوێن بزر کران. لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنفالەکانی ( ۵ ، ۶ ،۷ ) ، (۵۲) گوند لە ناحیەی خەلیفان و رەواندوز و خۆشناوەتی وێران کران، کە سەرجەم خێزانەکانیان (۲۶۰۲) بوو.”
٭٭٭ دەستپێکی قۆناغی پێنجەمی ئەنفال، هاوکات بووە لە گەڵ دوایین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان. ئەوان بۆ خۆیان ڕێزیان بۆ بیر و باوەڕە ئایینیەکانی خۆشیان دانەناوە.
“ئەنفالی کۆتایی (بادینان) لە (۲۵ی ئاب ـ ۶ی ئەیلولی ۱۹۸۸): لە دوای وەستانی شەڕی (عێراق-ئێران)، دوا شاڵاوەکانی ئەنفال لە (۸ی ئازاری ۱۹۸۸) دەستی پێکرد، سوپای عێراق) دەستی واڵا بوو بۆ ئەنفال کردنی ناوچەی بادینان. ئەم شاڵاوە ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ) ی گرتەوە. سەرەتا ناوچەکە بۆردومان کرا لە لایەن سووپای عێراق بە (بۆمبی ھێشویی و عنقودی کیمیاوی). خەسترین ھێرشی ھێشویی لە (۲۴ی ئاب) بۆ سەر گوندی سپیندارێی قەد پاڵی چیای گارە بوو، کە بە درێژایی (۳۰) کم شوێنەکە بۆردومان کرا. بەڵام ژمارەی قوربانیەکان لە چاو ئەم بۆردومانە چڕە کەم بوو ئەویش بەھۆی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەو، بەڵام ھەرچی ئاژەڵ و مەڕو ماڵاتەکەیان بوو قڕیان تێکەوت، کێڵگەکانیش لە بەرهەم کەوتن.”۴

۵. ئەنفالی کوردانی ئێزیدی!

دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی ئێراق و ئاوەڵابوونی مەیدان بۆ تاقم و گروپی تووندئاژۆ، بە بیانووی شەڕ لە گەڵ هێزەکانی ئەمریکا، بۆ جارێکی دیکە ئەندامانی هێزە چەکدارە پەڕش و بڵاوەکانی ڕێژیمی پێشوو بە هاندانی هێندێک وڵاتی ناوچەکە، دەرفەتی خۆ دەرخستنەوەیان بۆ ڕەخسایەوە. ئەوان لە لایەک لە ژیانی خۆشی خۆیان کە لە سەر خوێنی نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی نێو سنوری ئێراقدا بۆیان دابین کرابوو، بێبەش ببوون و لە لایەکی دیکەوەش لە نێو دونیای بێکاری ئەو دەمەی ئێراقدا و لە سایەی پووڵی زۆر و زەوەندی وڵاتانی عەڕەبی ناوچەکەدا، مەعاشێکی زۆریان وەردەگرت، بوونە کاکڵەی پێکهێنانی ئەو تاقمە تووند ئاژۆیانە. سەرەڕای ئەوان، بە نێوی “جیهاد” دژی داگیرکەر لە ئێراق، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکە ڕا خۆیان گەیاندە ئێراق و تێکەڵ بەو ڕێکخراوە ترۆریستیانە بوون. ئەوان تا ئێستا لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون خۆیان نەپاراستووە. نەتەوە و کەمە نەتەوەییەکانی و خەڵکی بێدیفاع لە ئێراق بوونە ئامانجی هێرشی ئەو تاقمانە. هەرچی بە پێی بۆچوونەکانی ئەوان نەجوڵابایەوە دەکەوتە بەر ڕق و قینی ئەوان.
ئەوەی لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا بۆیان نەکرابوو یان وێڕا نەگەیشتبوون بیکەن ئەوجار بەرگێکی ئایینیشیان بەبەردا کرد و خوێنی هەموو کەسێکی جیابیریان حەڵاڵ کرد. لەو شاڵاانەشدا کورد بەشی شێری بەرکەوتووە. ئێزیدییەکان لەو نێوەدا زیاتر لە هەمووان کەوتوونە بەر ڕق و قینی ئەو تاقمانە. دڕندانەترین هێرشی قڕکردنی ئێزیدییەکان لە لایان خوێنڕێژترین تاقمی ترۆریستی سەردەم” داعش” ەوە بوو. ڕۆژی ۳ی ئوتی ۲۰۱۴، داعش تەیار بە پێشکەوتووترین چەک و جبەخانەی بەجێماو لە ئەرتەشی داڕووخاوی ئێراق لە “موسڵ” هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر “شەنگاڵ” و دەورووبەری. خەڵکێکی زۆریان بە دیل گرتوو و زۆر بێڕەحمانە پێاوەکانیان سەر بڕین یان بە دەستڕێژی گوللە کوشتیانن و لە گۆڕی بە کۆماڵدا ناشتیانن. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی ئێزیدی، بە مەبەستی پەروەردەکردنیان بە بیری توندڕەوی و ڕاهێنان لە سەر کردەوەی خۆ کوژی لە بنەماڵەکانیان جیاکرانەوە. ژمارەیەکی زۆر ژن و کچی ئێزیدییان وەک دەستکەوتی شەڕ لە گەڵ خۆیان برد ولە نێو خویاندا دارووبەشیان کردن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردن. تا ئێستاش چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لەوان ناڕوونە.

ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەرەو چیای شەنگاڵ ئاوارە بوون و لە دژوارترین هەل و مەرجدا ژیان. ئەگەر بۆردوومانی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەرگری ژمارەیەک پێشمەرگە و هێزەکانی ی.پ.گ نەبایە، دەکرا لێکەوتەی ئەو شاڵاوە چی وای لە ئەنفالی ۱۹۸۸ یان ئەنفالی کوردە فەیلیەکان کەمتر نەبێت. بەرچاوترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، ڕۆژی ۱۴و ۱۵ی ئوتی ۲۰۱۴ لە گوندی ” کۆجۆ”ی دەورووبەری شەنگاڵ بوو. هەر لەو گوندەش ڕا بوو، کە کچانی ڕزگاربوو لە دەستی داعش لە سەرەوەی هەموویان”نادیە موراد” بڕیاریان دا نەهێڵن ئەو تاوانە هەروا پەردەپۆش بکرێت و بوونە دەنگی ئەو هەزاران ژن و کچە بە دیل گیراوەی ئێزیدی. ئەوە بوو بە هۆی پێدانی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بە “نادیە موراد.”

مێژوو پێماندەڵێت کە گۆڕانی دەمو چاوەکان کاریگەری لە سەر گۆڕانی بیرکردنەوەی ڕێژیمەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا نیە. ئەوەی لە سەرەتادا نەرم و نیانە کاتی لە تەنگانە کەوتنی وەبیری دێتەوە دەبێ چۆن بە گژ کورد دا
بچێتەوە، ئەوان بێجگە لەو ڕێگایە، شتێکی دیکە نازانن.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *