ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٢) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٢) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
گەڕانەوە بۆنووسینەوەی مێژوویەک کە نیزێک بەسی ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێ ڕەنگە کارێکی وەها ئاسان نەبێ بەڵام بە ئەزموون وەگرتن لەخەباتی زۆر نەتەوی ژێردەست کە بۆ بەدەستهێنای مافەکانی خۆیان خەباتیان کردوە و چوونە پێشێ تا بە مافی خۆیان گەیون. هەموو ئەوەی کردوویانە، نووسیویانەتەوە تا نەسڵەکانی دوای خۆیان یان نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی دوونیاش لەوەحاڵی بکەن کە هەموو قوناغە سەختەکانیان تا ئێرە بڕیوە.
کەوابوو ئێمەش وەک بەشێک لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لە حەفتا ساڵە بۆڕزگاری نەتەوەکەمان خەبات دەکەین، ئەرکی سەرشانمانە کە خەباتی نەسڵ بە نەسڵی پێش خۆمان بنووسینەوەکە بە هیمەتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان هەر لە سەرپێ وەستاوە و هەرکەس لە قەدەدر توانای خۆی بەنەسڵەکانی دوای خۆی بناسێنی، بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژێک سەرکەوتین بڵێین ئەو سەرکەوتنە بەهەوڵ و هیمەتی هەموومان تا ئێرە هاتوە کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین.
قەدری ئەم هەمووخەبات و قووربانیدانەی ڕۆڵەکانی کورد بگیردرێ وهەمیشە بەڕێزەوە یادی بکریتەوە. ڕۆڵەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سەردەمەدا بە فیدارکاری و لەخۆبردوویی خۆیان و بەهاوکاریی خەڵکی هەمیشە تێکۆشەری کوردستان، توانیان خەباتێکی خوێناوی دژ بە کۆماری ئێسلامی لە سەرتاسەری کوردستان بەڕێوە بەرن و هیچ سەختییەک پاشەکشە نەکەن و هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی عەمەلیاتێکی گەورە و بەرچاو لە ناوچەیەکی گرینگی سەر بە شاری سەردەشت هەڵێننەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم عەمەلیاتە گوردانی هێزە بەکرێگیراوەکانی سپای پاسداران لە گوندی “وەردێ هەڵکەوتوو لە سەرجادەی سەردەشت بۆ قاسمەڕەش دیاری کرا. لە نێو ئەم گوردانەدا ژمارەیەک لە بە ئەزموونترین هێزەکانی سپای پاسداران کە شارەزابوون لە هەموو فەنەکانی شەڕ، لە نێو مۆڵگەکەدا بوون کە دەکرێ وەک بەئەزموونترین هێزی ئەوکاتەی کە بۆ سەرکووتی خەڵک و بەربەرەکانی لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاتبوون، بوو. ڕۆژانە بەبیانووی جۆراوجۆر ئازاری خەڵکیان دەدا. بێجگە لەم گوردانە لە دەوروبەری چەندین پایەگا جێگیر کرابوون. بەگشتی ناوچەکە هێزێکی زۆری لێ کۆکرابۆوە.
سەرە ڕای هەموو ئاستەنگەکانی سەرڕێگەی کارو تێکۆشانمان، فەرماندەکانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ بۆ جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ئەو عەلیامەتە لە بەرە بەرەی ۲۵ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستبەکار بوون.
ئەوەی لەبیرم بێ پێشتر دەستەیەک لە فەرماندە بەوەجەکانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ؛ کاک کاوەی بەهرامی و کاک حەمە نارستی، فەرماندە چاونەترس وهەمیشە دووربین بە چاوەکەی هێزی گیاڕەنگ هەڵۆ تیژ باڵەکەی تاژاندەرە و بووڵفەت، لە گەڵ باقی فەرماندەکانی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەلوو مەرجی ناوچە و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی عەمەلیاتەکە بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین کە منیش لە گەڵدا بووم. دیارە زۆرنەبووین، دوای دەرباز بوون لە مەرز کە یەکێک لە سەختترین کارەکانی ئەوسەردەمە بوو، چەند ڕۆژێک مانەوە لەناوچە بۆماوەی دوو ڕۆژ لە نیزیک ئەم گوردانە ماینەوە. دەوروبەری هەمووی ئەو شوێنە کە جەنگەڵە، هەڵسووڕانی تێ دادەکرێ .لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا زۆرترین کاتەکان بۆ شناسایی ئەم گوردانە لە بەرچاوگیرا. زۆرتر فەرماندەری هێز و جێگری هێز و فەرماندەری لک، شناسایی شوێنەکەیان دەکرد. ئەو جارەش هەربەم جۆرە شناسای گوردانەکە کرا.
دوای تەواوبوونی ئەرکی خۆمان و مانەوەی چەند ڕۆژ لە ناوچە، بەرەو بنکەکانمان لە “کونەمارێ” گەڕاینەوە. دوای پشوویەکی کورت هێزێکی تێکەڵاو لە هەمووکادر پێشمەرگەکانی کومیتەی شارستانی سەردەشت وهێزی گیاڕەنگ بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەسڵی کار،واتە گرتنی گوردانی وەردێ، وەڕێ کەوتین. هێزێکی زۆر بە هەموو ئەو ئیمکاناتەی کە بۆ ئەنجامدانی ئەو عەمەلیاتە پێویست بوو، لە یەکێک لەمەرزەکانی ناوچەی سەردەشت واریدی ناوچە بووین . هەر شەوی دووهەم چووینە دەوروبەری ئەم گوردانە و لەوێ ماینەوە. لە شوێنێک ماینەوە لە گوردانەک ە زۆر نیزیک بوو، هەر لەوێش زۆربەی کارەکان جێبەجێ کران.
ڕۆژی ۲۰ ی گەلاوێژ کۆبوونەوەیەکی گشتی پێک هات لە هەموو فەرماندەکان؛ لە فەرماندە هێزەوە تا جێگری پەل بەشداربوون. لەم کۆبوونەوەدا زۆرترین قسە و ڕاوێژ سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە کرا. هەموو پێشمەرگەکان دابەشی سەردەستەکان کران و شوێنی خۆیان بۆ دیاری کرا. بۆڕۆژی دوایی و دوای ئەو کۆبوونەوەیە قسە بۆ هەموو پێشمەرگەکانی بەشداری کۆبوونەوە کرا و ناوی هەمووپێشمەرگەکان خوێندرایەوە کە لە کام تیمە دان و ئەرکیان چی دەبێ . بەم جۆرە دوای ماوەیەک کاربۆکردن بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتێکی بەرچاو لە شوێنێکی گرینگی ناوچەکە دەستبەکار بووین.
چاوەڕوان بن….
وێنەکان وێنەی یەکەم جادەی قاسمەڕەش بۆ سەردەشت شوێنی گوردانەکە.
وێنەی دووهەم دەستەیەک لە پێشمەرگەلاوەکان درێژەدەری هەمووقۆناغەکانی خەباتی ڕابردوو .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *