ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هە روەک لە بەشەکانی پێشوودا باسم کرد تا دەهات لە سەعاتی سفر واتە دەستپێکردنی عەمەلیات نزیک دەبووینەوە . بەهۆی نیزیکی شوێنی هەموو تیمەکان لە بەرەبەی ئێوارەیەکی درەنگدا هەموومان بەیەکەوە بەرەو مەسیری خۆمان کەوتینەڕێ. ناوچەکە جەنگەڵە، دەتوانی خۆت لە چاوی دووژمن ون بکەی، سەرەڕای ئەوەش بۆ ئەوەی لە چاوی دووژمن دیار نەبین خۆمان بە گەڵای داران داپۆشیبوو لە نیزک کانیە نووری.

هەموو تیمەکان لێک جیابووینەوە. هەرکات بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە لێک جیا دەبووینەوە نەماندەزانی ئاخۆ کامەمان جارێکی دیکە باوەش بەڕەفیقەکانی خۆیدا ناکاتەوە و ماڵئاوایی یەکجاری دەکات. شوێنی ئەو تیمەی ئێمە کە بۆ سەر جادەی قاسمەڕەش – سەردەشت بەهۆی دووری شوێنەکە زووتر وەڕێ کەوتین، بە نزیک گورداندا تێپەڕین و خۆمان گەیاندە شوێنی خۆمان. کاتێک هەموو تیمەکان لە شوێنی خۆیان ئامادەبوون، لەلایەن فەرماندەری هێز، کاک کاوە بەهرامییەوە قسە لە گەڵ بەر پرسی تیمەکان کرا. لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا عەمەلیات دەستی پێکرد. لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرش بۆ سەر هێزی بەکرێگیراوی دووژمن دەستی پێکرد هەر وەک پێشوو باس کرا، دوو تەپۆڵکەی زاڵ بە سەر گوردان ڕۆژانە تا ئێوارێ نیگابانی لێ دەبوو. بۆیە ئەم دوو تیمە دەبوو لە پێشدا لەو دوو نیگابانە بدرێ و زوو خۆیان لە جێگەی ئەوان جێگر بکەن تا لەوێوە بە ئاوری چەکی خۆیان هێرش بۆ سەر گووردان دەست پێبکەن. هەرچەندە سەرەتا تووشی گرفت بوون و ئەو دوو کەسە یەکیان کووژرا و یەکیان بەدیل گیرا، ئەوجار گوردانی دەستنیشانکراو ئاگری بەسەردا باری، ئاگرێک کە هەرگیز چاوەڕوانیان نەدەکرد. چونکی هێزێکی لەخۆبای و دژیگەلی تێدا جێگر کرابوون.
لە ژێر ئاگری بێ پسانەوەی ئەم دوو تیمە لە تێکۆشەرانی دێموکراتدا ئەو جار نۆرە گەیشتە تیمی هێرش تا هەڵۆئاسا لە ژێر ئاوری چەکی دەستیاندا هێرش و پەلاماری خۆیان دەست پێبکەن. لە دەوروبەری گوردان شەڕێکی قوورس لە نێوان هێزی دووژمن و پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی گیاڕەنگ بەسەختی بەردەوام بوو، لە گەرمەی شەڕدا گوللەی پاسدارێک قەڵافەتی شێرانەی فەرماندەری لکی سێی هێزی گیاڕەنگ، عەلی باساوەیی شەڵاڵی خوێن کرد. دوای شەهیدبوونی عەلی کە مەسئوولی دەستەی هێرش بوو، پێشمەرگەکان کەمێک پاشەکشە دەکەن، خەبەری شەهیدبوونی فەرماندە عەلی کە لە بێسیمی هەموو تیمەکاندا بڵاوبۆوە، هەموومانی غەمبار کرد. کاتێک عەلی باساوەی شەهید بوو لە لایەن فەرماندەری هێز دەستووری پاشەکشە درا تا لەوە زیاتر زەبە نەخۆین. کاتێک خەبەری شەهیدبوونی عەلی بەگوێی حەمەنارستی، تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکان دەگا، دەچێتە لای تیمی هێرش و پێیانەوە پەیوەست دەبێ.
ئەو پێشمەرگانەی کە قورسترین ئەرکیان لەسەرشان بوو بە قارەمانەتی خۆیان دەستبەردار نەبوون تا دەست بەسەرداگرتنی گووردان. بەڵام تیمی هێرش جارێکی دیکە خۆیان کۆدەکەنەە هێرش بۆ سەر دووژمن دەست پێدەکەنەوە. سەرنجام دوای شەڕ ێکی سەخت و دژوار و سەنگەر بەسەنگەر دەچنە نێو گوردان و قارەمانانە دەست بەسەر گوورداندا دەگرن. هێزی دووژمن لە نێو گورداندا بێجگە لە چەند کەسێک کە هەڵاتن ئەوانی دیکە هەموویان بە دەستی هێزی پێشمەرگە لەنێوچوون. ژمارەی کوژراوانی دووژمن لە نێو ئەو گورداندا لە چل کەس زیاتر بوو، چەک وچۆڵێکی بەرچاو کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە و باقی شتەکانی دیکە کە ئیمکانی ڕاگواستنیان نەبوو ئاگریان تێبەردرا.
ئەو تیمەی کە بۆ لێدانی پایەگای پێش ماڵی کانیەزەرد دیاری کرابوو، تا کۆتایی شەڕەکە ئاگریان بەسەر مۆڵگەکەدا باراند. ئێمەش تا کاتی دیاریکراو لە سەر جادە ماینەوە و دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی گوردان و کۆتایی عەمەلیات بەرەو مەسیری دیاریکراوی خۆمان پاشەکشەمان کرد.
زۆربەی ئەو کەسانەی لە نێو گوردانەکەدا کوژران لە لایەن پێشمەرگەکانەوە شناسایی کران. لە نزیک گوندی دۆڵێ خانوان، یەکمان گرتەوە، کاتێک ئەو تیمەی ئێمە گەیشتینەوە لای هاڕێیانی دیکە و جەنازەی شەهید عەلی‌مان بینی، لە ڕادەبەدەر ناڕەحەت بووین، بەتایبەتی من بۆ لە دەستدانی شەهید عەلی زۆر بە پەرۆش بووم. چونکی نەک هەر وەک فەرماندە، فەرماندم بوو، بەڵکوو لە خۆشەویسترین ڕەفیقەکانیشم بوو. رۆژانێکی خۆش و ناخۆشمان بەیەکەوە تێپەڕاندبوو؛ چەند سەعات پێش بەیکەوە گاڵتەمان دەکر،د کەچی ئێستا دەبینم شەڵاڵی خوێن بووە و لە نێو دۆڵێک لە تەنشت هاوسەنگەرانی جەنازەکەی دانراوە و بۆ هەمیشە چاوەکانی لە سەر یەک داناوە. هەرچی بیر دەکەمەوە ڕۆژ لەم ڕۆژانە ناخۆشتر نابن. بەڵام بەهای ئازادی بۆ گەلێکی ژێردەست نرخی خۆی دەوێ. لەبیرمە شەهیدی فەرماندە حەمەنارستی ڕووی لەمن کرد و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە گووتی؛ بەگە! عەلیش وەک شەهید خالید ماڵئاوایی لێ کردین.
دوای پشوویەکی کورت، بووین بە دوو دەستە؛ دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکان بە سەرپەرشتی هەردوو تێکۆشەری ڕۆژەسەختە کان، خدر خانەی و مەلا حوسێنی زێوە لە گەڵ چەند کەسی دیکە لە ناوچە مانەوە و بە مەبەستی بەخاک سپاردنی جەنازەی شەهید عەل و مانەوە لە ناوچە لە ئێمە جیابوونەوە. ئێمەش زۆربەی هێزەکە بەرەو بنکەکانمان لە کونەمارێ گەڕاینەوە. هەرچەند گەڕانەوەمان بەمەرزدا زۆر سەخت بوو، بەڵام بڕیاری گەڕانەوە درا. گەڕانەوەمان بە نزیک قاسمەڕەشدا بوو، زۆر لە پایەگا نیزیک بووین. هێزی زۆر دەبێ تا دەتوانێ خۆی لە چاوی دوژمن بپاریزێ. سەرنجام لەمەرز دەربازبووین و گەڕاینەوە بنکەکانی خۆمان.
لە کونەمارێ هەوالی شەهیدبوونی عەلی باساوەی، فەرماندە ڕۆژە سەختەکانی خەبات و گرتنی گووردان و چۆنیەتی ئەو عەمەلیاتە بە خێرایی بڵاو بوویەوە تا چەند ڕۆژێک هەر باسی ئەو قارەمانەتیانەی هێزی پێشمەرگە دەکرا و هاورێیانی شەهید عەلی لەوەیکە هاورێ و فەرماندەکەیانیان لە نێوخۆیاندا نەدەدی خەمبار بوون.
یادی ئەم ڕۆژە بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی.
سڵاو بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی بەشداری ئەم عەمەلیاتە بوون.
وێنەکە شەهید عەلی باساوەی فەرماندری لکی سێ کە لە دەست بەسەرداگرتنی گوردانی وەردێ داشەهید بوو

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *