یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی شەشەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی شەشەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
بە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستاندا تەنیا بەربەستێک کە لە پێش گەڕاەوەی بنکەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە سنورییەکان هەبوو، لاچوو. گواستنەوەی بنکەکانی حیزب لە سونێ ڕا بۆ بناری قەندیلیش هەر بە بڕیاری دەوڵەتی ئێراق بوو، نەک ترس لە هێرشی کۆماری ئێسلامی.
دەوڵەتی ئێراق لە مێژبوو بە هەموو جۆرێک دەیانویست ئەو بنکانەی ئێمە لەوێ لابەرن. زۆرجار گەمارۆیان دەخستە سەرمان و نەیاندەهێشت هیچ شتێک لە لای باشوری کوردستانەوە بە ئێمە بگات. بە هۆی ئەو گەمارۆیانەوە ڕێگا بە ناردنی بریندار و نەخۆشەکان تەنانەت ژن و منداڵیش نەدەدرا بیاننێرین بۆ نە خۆشخانەی حیزب. هەر بە هۆی ڕێگری حکومەتی ئێراقەوە، دوو ژنی زگ پڕ، بە ناوەکانی “خونچە” خێزانی “ئەحمەد مەلا شێخی” پێشمەرگەی پێشووی حیزب و”حەلیم” خێزانی شەهید “ئیبڕاهیم ئیبڕاهیمی” ئەندامی هەیئەتی ئیجڕایی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت، گیانیان لە دەست دا. شەهید ئیبڕاهیم لە هێرشی موشەکی کۆمڵری ئیسلامی لە ۱۷ی خەرمانانی ۱۳۹۷ دا بۆ سەر قەڵای دێموکڕات شەهید بوو.

چەند جارێک کار گەیشتە تۆپبارانی بنکەکانی ئێمە. زۆرجار هەبووە لە بەر تۆپبارانی ئەرتەشی ئێراق شەوانە لە هەڵکردنی چرا خۆمان پاراستووە یان دەرگا و پەنجەرەکانمان وا دادەپۆشین تا ڕووناکایی دیار نەبێت. تەنانەت هەڕەشەی لێدان بە چەکی شیمیایشمان لێ دەکرا. ئێراق ئەو ناوەی وەک شوێنێک بۆ تاقیکردنەوەی چەکەکانی چاو لێدەکرد. دوو جار هەموو پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان بە بیانووی تاقیکردنەوەی چەکی شیمیایی ناچار کرد لە بنکەکان دەرکەون و لە دەورووبەری چۆمی بمێننەوە. لەو پێوەندییەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە ناردرانەوە ناوچە و بەشێکی زۆری ژن و منداڵیش لەو ناوە دوورخرانەوە، تا نەکا تاقیکردنەوەی چەکی شیمیایی ئێراق بنکەکانی ئێمە بکاتە ئامانج. بە داخەوە ڕۆژێک کە بە هۆی ئەو ئاگادارکردنەوانەوە چوووبووینە دەم چۆمی سونێ، هەواڵی شەهید بوونی فەرماندەی بەوەجی هێزی شەهید پێشەوا” خدر خدری” ناسراو بە خدرە سوور لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو کرایەوە. ناوبراو ڕۆژی ۷ی خەزەڵوەری ۱۳۶۶ی هەتاوی شەهید بوو.
سەرەڕای هەمووی ئەو هەڕەشانەش حیزب هەروا پێداگری لە سەر مانەوەی ئەو بنکانە لەوێ دەکرد. بەڵام ئاخیری حکومەتی ئێراق بە زۆری ئەو ناوچەیەی پێ چۆڵ کردین.
.
پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێ” خوا لە سوڵتان مەحمودی گەورەترە”
ئەو هەڵەیەی سەددام بە داگیرکردنی کوەیت کردی، بە قازانجی حیزبی دێموکڕات تەواو بوو. هەر ئەو وڵاتانەی لە شەڕ لە گەڵ ئێران هەموو جۆرە چەکێکیان بە ئێراق فرۆشتبوو و لە بەرامبەر تاوانی وەک شیمیابارانی هەڵەبجە و پڕۆسەی ئەنفالدا بێدەنگ بووبوون، ئەوجار هەر ئەو تاوانانەیان بۆ کردە بیانوو. بە مەبەستی هاندانی خەڵکی وڵاتەکانیان بۆ پشتیوانی لە هێرشی نیزامی بۆ دەرکردنی ئەرتەشی ئێراق لە کوەیت، پەیتا پەیتا لە کاناڵە تەلەویزیۆنیەکانیان دیمەنی شیمیابارانی هەڵەبجەیان بڵاو دەکردەوە.

ئێمە ئەو ماوەی کە لە بۆکریسکان بووین، تا ناردنەوەی تیمێکی بچوکی پێشمەرگە بۆ سونێ، پێوەندیمان لە گەڵ ناوچە بە تەواوی پچڕابوو.
—–

ئەرتەشی ئێراق دوای چۆڵکردنی مۆڵگەکانیان ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی سەربازیان لە دوای خۆیان جێ هێشتبوو. خەڵکی ئەو ناوە بە هۆی دابەزینی نرخی چەک و چۆڵ و تەقەمەنیەوە، سەرەتا زۆریان مەیل لێ نەبوو، بچنە نێو ئەو مۆڵگانەوە. دواتر کە وەزعەکە بڕێک هێور بۆوە، دەستیان بە گەڕان بە نێو ئەو مۆڵگانەدا کرد. ژمارەیەک چەکی قورس و نیوە قورس و سوک دۆزرابوونەوە. ڕادەیەکی زۆر تەقەمەنی جۆراوجۆریش بەجێمابوو. پێشنیار بە ئێمە دەکرا تا لە بەرامبەر پوڵێکی کەمدا لێیان بکڕین، بەڵام حیزب پێی ڕاگەیاندبوویین، نابێ ئەو چەک و چۆڵانە یان کەلوپەلی دیکە لەو خەڵکە بکڕین. ئەوەی بە دەست لێ نەدراوی مابۆوە و تەنانەت دوای چۆڵکردنی ئەو ناوەش شەڕی خۆی دەکرد و خەڵکی دەکوشت و بریندار دەکرد، مینی جۆراوجۆر بوون کە تەواویان لە بن عەرزدا بەجێمابوون. دەکرێ بڵێین بە هەزاڕان مین لەو نێوەدا چاوەڕێی قوربانییەکانی خۆیان بوون. شوێنە مینڕێژکراوەکان زۆر بە کەمی هێمایەکیان بۆ ئاگادارکردنەوە پێوە بوو. خەڵکێکی زۆر کە لەو ناوەدا بڵاو ببوونەوە، ئاگاداری هەل و مەرجی ئەو ناوە نەبوون. زۆرجار گەڕانەکەیان چوارچێوەی مۆڵگە چۆلکراوەکانی تێدەپەڕاند و دەبوو بە هۆی کوژران و برینداربوونی ئەوان. هێشتا باسێک لە تیمەکانی مین هەڵگرەوە نەبوو.
——-
ڕۆژێک لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک خۆمان پێچایەوە و بە مەبەستی لە نیزیکەوە ئاگاداربوون لە وەزعەکە، بەرەو لای بەردقەڵشیو و دەورووبەری وەڕێکەوتین. لە تەواوی ئەو ناوچەیەدا چەند ڕیزیک مین وەک: مینی تەڵەیی، دژی نەفەر داندرابوونەوە. مەیدانی مینەکان بە پانایی زیاتر لە سەدان میتر -بە تایبەت بەرەو سنوری ئێران- و درێژایی هەموو ناوچەکە بوون. تەنیا ڕێگای دەربازبوون بە نێو مەیدانی مینەکاندا ئەو باریکە ڕێیانە بوون، کە لە لایان کاروانچی و کۆڵبەرەکانەوە پاک کرابوونەوە.

بە داخەوە بەشێک لە خەڵک بێ وەبەرچاوگرتنی باری ئەمنی خۆیان مینەکانیان دەستکاری دەکردن، کە زۆرجار تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبوون. ئەوە جارجار پێشمەرگەشی دەگرتەوە. بە داخەوە ساڵانی دواتر ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزب بە هۆی دەستکاریکردنی ئەو مینانەوە شەهید بوون. هەر ئەو ڕۆژە لە کاتی گەڕانەوەماندا بەرەو بنکە، پێشمەرگەیەک بە ناوی “عەوڵا دۆڵەیی”، سەرەڕای چەند جار ئاگادارکردنەوە لە لایان منەوە، کە بە یەکەوە دەڕۆیشتین، دەستی بە بەرد پێدادان بە مینە تەڵەییەکان کرد. تا من لە لای بووم خۆی ڕاگرت و هیچی نەکرد. پێشمەرگەکانی دیکە بڕێک لە پێش ئێمەوە بوون. من بە مەبەستی دۆزینەوەی ئاو بڕێک لە عەوڵا دوورکەوتبوومەو، کە هاواری کرد ئەوە: ” سێ مینم خەراکردن”. زۆرم داوا لێکرد دەست هەڵگرێ، بەڵام ئەو هەر بیری لای خەراکردن بوو. لە ناکاو دەنگی تەقینەوەیەکی بە هێز ئەو ناوەی لەرزاندەوە. ویزەی ژمارەیەک ساچمەش لە دەورووبەری من بیسترا، بەڵام شوێنی من زۆر نەویتر بوو و هیچ هەڕەشەیەکیان بۆ سەر من دروست نەکرد. کە ڕوانیم تەپ و تۆزێکی زۆر لەو شوێنە هەستا کە عەوڵای لێ بوو. عەوڵا لە نێو تۆزەکەدا بە دەوری خۆیدا دەسوڕایەوە. حەبەسا بوو و هێشتا توانای قسە کردنی نەبوو. هێشتا منی نەدیبوو کە لێی نیزیک بوومەوە. هاواری کرد کاک محەمەد بریندارم…!!! زۆر بە وریایی بەرەو لای ڕۆیشتم، نەکا بە هۆی پەلەکردنەوە منیش لاقم بەر سیمی مینێکی دیکە بکەوێ، کە دیار نەبوو چی لێدەکەوتەوە. نەکا بریندارەکە بە عەرزدا بکەویت و حاڵی لەوەش خراپتر ببێت. لەوێ بکەوتبایە، دەکرا بە سەر مینی دیکەدا بکەوێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو مینانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر ساچمەی پێنج میلیمیتریان تێدایە، بەڵام بە خۆشیەوە شانسی هەبووبوو و تەنیا یەک ساچمەی بەرکەوتبوو. ئەو مینانە، یان چەند دانەیەکیان بە هۆی سیمێکەوە بە یەکەوە دەبەسترێنەوە یان یەک یەک لە عەرز دەخرێن و بە سینگی ئاسن دەبەسترێنەوە. ئەو مینانە بە جۆرێک دەشاردرێنەوە کە تەنیا سێ شاخەیە کە سیمەکەی پێوەیە دیارە. لە کاتی وێکەوتنی هەر شتێک وە سیمەکە، مینەکە دەتەقێتتەوە. تەقەمەنی ئەو مینانە لە کاتی تەقینەوەدا نیزیک بە ۹۰سانت لە شوێنی خۆیان بڵیند دەبن و ئینجا دەتەقێتەوە لە کاتی تەقینەوەی ئەو مینانەدا زۆرتر بەشی سەرەوەی لەشی کەسەکە دەبێتە ئامانج.

ساچمەکە لای چەپی سەری بە سوکی بریندار بوو. باش بوو کە ئێسترمان پێ بوو. بەمجۆرە بە سواری ئێستر گەیاندمانەوە بنکەکەمان.

تا گەیشتینەوە بنکەکەمان ڕۆژئاوا بوو و ئەو شەوە نەمانتوانی بەڕێی بکەین بۆ نەخۆشخانە. عەوڵا دۆڵەیی دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و گەڕایەوە ناوخۆ. بە داخەوە چەند ساڵ دواتر بۆ دەست بەسەر داگرتنی پوڵ و کەل و پەلەکانی لە ناوچەی ڕەبەت کوژرا.

دوای ڕاپەڕین بنکەکەی ئێمە لە بەردقسڵ وەک بنکەی هەمیشەیی لەوێ مایەوە و ماوە ماوه پێشمەرگەکان ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرا. ساڵی ۱۳۷۰ی ڕێو ڕەسمی ۲۲ی پوشپەڕ یادی دووهەمین ساڵڕۆژی ترۆری شەهید دوکتۆر قاسملو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر و هەروەها ۲۵ی گەلاوێژمان لەوێ گرت. ئەو کاتە سەرەڕای گەڕانەوەی خەڵکی گوندەکانی سونێ، گەڵوەڕەز… کە گەڕابوونە بۆ سەر مڵک و ماڵی خۆیاان، ژمارەیەکی زۆر ماڵی ئاوارەش هێشتا لەو دەورووبەرە مابوون. ئەو کاتە بازاڕێکی کاتیش لە لای
ئەسحابەی سەرووی ماڵەکانی سونێ بەرەو بێدەلان هەبوو.

درێژەی هەیە…
وێنەی یەکەم ل گوگڵ وەرگیراوە

وێنەی شەهید خدرە سور شاکاری هونەرمەند کاک شۆڕش
ئاهییە و لە لاپەڕی سەعدون خزرپور وەرگیراوە.

ئەو کورتە فیلمە وێڕای سپاس بۆ کاک عومەر فەرخەپوور لە لاپەڕی فەیسبووکی ناوبڕاو وەرگیراوە.

https://www.facebook.com/100013450205647/videos/690132294778438

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *