ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴۵) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴۵) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
دوای تێپەڕینی ساڵانێکی دوور و درێژ هەروا دەزانم ئێستایە هەموو ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی ئەوکاتە لە فکر و خەیاڵمدا کۆن نابن. هەنگاو بە هەنگاوی ئەو کاتەم هەرلە یادە و قەت فەرامۆشی ناکەم. چونکی ڕابردووی خۆم و ڕەفیقەکانی ئەوکاتەم بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانم. بۆیە قەت لێی ماندوو نابم، نە لە خوێندنەوە و نە لە نووسینەوەی. هەمیشە شانازی دەکەم کە لە گەڵ هەڤاڵەکانم لە درووستکردنی مێژوویەکدا بەشدار بووم کە نەسڵ بە نەسڵ تا ڕۆژی ڕزگاری نەتەوەکەم بە بەردوامی دەچێتە پێشێ.
***
بەرەو گرتنی پایەگای گرژاڵ
دوای گرتنی گوردانی وەردێ، جارێکی دیکە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ هەنگاو بۆ گرتنی پایەگایەکی دیکەی دووژمن هەڵدێنەوە بۆ ئەوەی نەتەنیا نەهێڵن دووژمن بە خەیاڵی ئاسوودە لە ناوچەکە ڕمبازێن خۆیان بکات، بەڵکوو وای لێبکەن لە سێبەری خۆی بترسێ.
هێشتا خەمی لەدەستچوونی شەهید عەلی باساوەی لە ڕووخساری هەمووماندا بەدی دەکرا، هەر واماندەزانی خەیاڵە و هەردێتەوە و وەک جاران پێشڕەو و پێشەنگمان دەبێ. بەڵام داخی گرانم گەڕانەوەیەکی بێ کۆتایی بوو، تازە هەرگیز جارێکی دیکە لەنێو کۆڕی هاوسەنگەرانیدا بەدی ناکرێ. بەڵام لەوە دڵنیابووین کە ڕێچکە و ڕێبازی بە بەردوامی دەچێتە پێش. وەک زۆر جاری دیکە مۆڵگەی پشتی ئاوایی گرژاڵ شناساییەکی ورد و دەقیقی بۆ کرابوو لە لایەن فەرماندە چاونەترسەکانی ئەو کاتی هێزی گیاڕەنگ کە بەهۆی چڕی ناوچەکە دەکرا بەرنامەی زۆر گەورە لە سەر هێزی دووژمن بەڕێوەبچێ.
لە ناوچەی سەردەشت زۆر بەکەمی دوژمن توانیویەتی بەرنامە لە سەرهێزی پێشمەرگە جێبەجێ بکات. بەڵکوو زۆرتر هێزی پێشمەرگە بەرنامەی زەربەلێدانی لە سەر هێزەکانی دوژمن جێبەجێ کردوە بە هۆی جوغرافیای ناوچەکە کە زۆربەی بە جەنگەڵێکی پڕ داپۆشراوە کە دووژمن بەکەمی دەیوێرا خۆی لێ بدات.
چەند ڕۆژ پێش دەستپێکی عەمەلیات هێزێکی تێکەڵاو لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. هەدەف لەو جەولەیە هەم گرتنی پایەگای پشتی ماڵی گرژاڵ بوو، هەم لێدانی جەولە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سەردشت. دوای تاقیبێکی وردی سنوور لە لایەن پێشمەرگە بەڵەدو و چاوساغەکانی ئەوسەردەمە کە بەنەزەری من کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ لە مەرزی ناوچەکە سەختترن ئەرکیان بەڕێوەدەبرد بۆ پاراستنی گیانی ڕەفیقەکانیان زۆرجار بەچەند ڕۆژ لە مەرز ماونەوە بە کەمترین ئیمکان پیلانەکانی دوژمنیان لە گۆڕ دەنا. مەیدانی مینەکانی دووژمنیان بە وریاییەوە پووچەڵ دەکردەوە تا ڕەفیقەکانیان بەبێ زیان لەو مەرزە ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. چەند کەس لەو تێکۆشەرانە بەهۆی تەقینەوی مین و کەمین لە مەرزەکان شەهید بوون.
ئەو هێزەی کە ئەو جارە بۆ گرتنی پایەگای گرژاڵ دیاری کرابوون هەردوو تێکۆشەری ڕاستەقینەی ئەم میدانە؛ حەمە نارستی و عەبدوڵای شەخسە بە هاوڕێیەتی چەند فەرماندە و کادر و پێشمەرگەی قارەمان و چاونەترس چوونە نێو گوندەکانی ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت. دوای ماوەیەک گەشت و گەڕان لە نێو خەڵکی دەڤەرەکە بەرەو مەسیری خۆمان، واتە “ڕەشەگەڵوو” کە زاڵ بوو بەسەر خودی پایەگاکەدا درێژەمان بە ڕێگەبڕین دا. لە نیوەشەوێکی درەنگدا خۆمان گەیاندە شوێنی دیاریکراو و لەوێ ماینەوە تا لەوێوە بەیانی هەموو جم و جۆڵەکانی دووژمن بخەینە ژێر چاوەدێری خۆمان. ئەو کاتە لەزۆربەی ناوچەکان شتی پێویستی شاراوەمان هەبوو، وەک تەقەمەنی بۆ ئەوەی ئەگەر لە هەر ناوچەیەک تووشی شەڕ بووین ئیستفادەی خۆمانی لێ بکەین. هەر بەشە و کۆمەڵێک لە کوڕەکان ئاگاداری دەبوون. وا دەردەکەوت لەوێش موهیماتی شاراوە هەبێ بۆ جێبەجێکردنی ئەم عەمەلیاتە. بەڵام زۆرجار زۆر بە زەحمەت بۆمان دەدۆزرایەوە. کە ئەوجارەش هەروامان بەسەر هات. زۆر بەزەحمەت توانیمان موهیماتەکە بدۆزینەوە. دوای داڕشتنی ئەو گەڵاڵە لە پشتی ئەم پایەگایە پایەگایەکی دیکە زیاد کرابوو کە دەکرێ بڵێم زیادکردنی ئەو پایەگایە بڕێک ئاستەنگی درووست کردبوو. بەڵام گەڵاڵەکە تێک نەدرایەوە و جێبەجێ کرا.
لەبەشی دووهەمدا چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگەی گوندی گرژاڵ لە لایەن تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ خوێنەرانی خۆسەویست دەگێرینەوە.
شوێن گیرانی ئەم ئەکسە سەرشیوو مەرزی سەردەشت پشت گوندی ڕازانێ .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *