ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴۷) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴٧) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هێرش بۆسەر کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ ٣٠ـ٠۶ـ١٣۶٩
بەدوای کۆتایهاتنی شەڕی ئێران و عێراق و کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەیەکتر ئاستەنگەکانی بەردەمی شۆڕشەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور زیاتر دەبوون.
کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوای ئەو زەربە کاریگەریانەی کە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تایبەتی لە ناوچەی سەردەشت وێی کەوتبوون، پیلانێکی گەورەی بۆ دۆڵی سوونێ و کونەمار داڕشتبوو کە ئەو کاتە هێزی گیاڕەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت بنکە و بارەگاکانی لەو ناوچەیە بوون. دەکرێ بگوترێ کونەمار و سوونێ دەروازەیەکی گرینگ بوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان.
کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوی هەرچۆنێک بێ ئەو دەروازە لەبەریەک هەڵتەکێنێ لەمێژ بوو بۆی لە بەرنامەدا بوو. کاتێک هێزی دوژمن لەلایەن چەند کەسی بەکرێگیراو خەبەری پێ دەگات کە زۆربەی کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە ناوچەدا و بۆ ئەرکی حیزبی گەڕاونەتەوە نێوخۆی وڵات، لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرێ و هێزێکی زۆر کۆدەکاتەوە و بە هەموو ئیمکاناتی پێویست تا بەو هێزە گەورە دەستبەسەرکومیتەی شارستاندابگرێ.
لە کۆتاییدا ڕێژیم بڕیاری هێرش بۆ سەر کۆمیتە شارستانی سەردەشت دەدات. پیلانەکە ئەوندە گەورە و مەترسیدار بوو کە ڕەنگە گێڕانەوی هەروا ئاسان نەبێ.
شەوێ هێزێکی گەورەی دووژمن پێکهاتوو لە جاش و پاسداری بەکرێگیراوی شارەزا لە هەموو فەننەکانی شەڕ، لە جاسووسانەوە بەرەو کونەمار شۆڕ دەبنەوە تا خۆیان دەگەیەنە دەوروبەری کومیتەی شارستانی سەردەشت. هاتنی ئەو هێزە گەورەی دوژمن بۆ چەند میتریی بنکەی کومیتە شارستان، ناکرێ کەسانی چاوساغی لە گەڵدا نەبووبێ.!! بەڵام تا ئێستاش بەڕەسمی لە سەرکەس لە ناوچەکە ساغ نەبۆوە. دیارە هێندێک کەسی مەشکووک هەبوون، بەڵام بەداخەوە وەک زۆر جاری دیکە مەسەلەکە پشت گوێ خرا و هیچ لێپرسینەوەیەک نەکرا.
پیلانەکە بەم جۆرە دەبێ؛ سەرەتا هێزی دووژمن دیانهەوێ هەموو دەوروبەری کومیتەی شارستان بۆمبڕێژ بکەن، هێزێکی زۆریش لە دەوروبەر جێگر کرابوو. دوای ئەوەی لە دانانەوی بۆمبەکاندا سەرکەوتوو بوون، بەشێوی تەڵەیی لە بەرەبەیاندا تەقە لە کومیتەی شارستان بکەن بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان لێیان وەدەست بێت و بە دەورووبەری مقەڕەکاندا کە بۆمبرێژ کراون بڵاو ببنەوە و بەم جۆرە بیانخەنە نێو بۆمبە دانراوەکان و هەمیش بە هێزی زەمینی هێرش بۆ سەر کۆمیتەی شارستان دەست پێ بکەن. دیارە ئەگەر بەوردی سەیری پیلانەکە بکەین، ڕەنگە دووژمن سەرکەوتنی وەدەست هێنابا. بەڵام ئەوەیکە لە کاری تەخریب و بە گشتی نیزامیدا دەوترێ کە “ئەوەلێن هەڵە، ئاخرین هەڵەیە”، ئەوەش ڕاست وا دەرچوو. شەوێ لە کاتی دانانەوی بۆمبەکاندا یەکێک لە شارەزاکانی داڕێژەری ئەم پیلانە، بۆمبێکی لە دەستدا دەتەقێتەوە و پیلانەکە ئاشکرا دەبێ.
دوای تەقینەوەی ئەو بۆمبە هێرش بۆ سەر کومیتەی شارستان دەست پێ دەکات. هێرشێک کە لە هەموو شوێنە زاڵەکانی دەورو بەرڕا ئاگر بەسەر بنکەکاندا دەباری. لەگەڵ ئەوەیکە کومیتەی شارستان لە ژێر هێرشێکی تونددا بوو، بەتەواوی لە هەر چوار دەوریشی بە هێزی دوکمن گەمارۆ درابوو. گەمارۆیەک کە تەنیا بە ئیرادەی پێشمەرگە دەتوانێ تێک بشکێندریو هاوسەنگی شەڕەکە بگۆڕێ. ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لەوێ بوون، زۆر کەم بوون. دوو ڕێگایان لە بەربوو؛ یان دەبوو لە نێو ئاگر و ئاسندا بسوتێن و بنکەکەیان بکەوێتە دەستی دووژمن، یان قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و شەڕی مان و نەمان لە گەڵ دووژمن بکەن. لە کۆتاییدا وەه زۆر جاری دیکە، ڕێگای بەرەنگاربوونەوە دەگرنە بەر و شەڕێکی سەخت و دژوار لەگەڵ دووژمن دەست پێ دەکەن. لە کومیتەی شارستان، پەلی فەرماندەیی و کادرەکانی کومیتەی شارستان شەڕێکی قارەمانانە لەگەڵ دوژمن دەست پێ دەکەن. لەگەڵ ئەو هێزە دەکەونە شەڕی سەنگەر بەسەنگەرەوە و لە خوارەوەش پێشمەرگەکانی لکی سێی هێزی گیاڕەنگ هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزی دووژمن دەست پێدەکەن. بەم جۆرە پەلاماری هێزی دووژمن دەدەن و لە چەند میتری کومیتەی شارستان لە گەڵ دووژمن دەکەونە شەڕێکی دەستەویەخەوە. بە هیمەتی پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی پەلی فەرماندیی و کادرەکانی کومیتەی شەرستانی سەردەشت و قارەمانەکانی لکی سێ، ئەو هێزەی دووژمن دەشکێ و بەرو دواوە پاشکەشە دەکات.
بەم جۆرە بە ئیرادەی تێکۆشەرانی سەردەمی خەباتی چەکداری پیلانە گڵاوەکەی دووژمن لە گۆڕ دەنرێ و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لە گەمارۆی هێزی دوژمن رزگار دەبێ. کاتێک هێزی دووژمن بەرەو جاسووسان پاشەکشە دەکەن، پێشمەرگەکان وەدوایان دەکەون تا بە بەودایەکی زۆر لە کومیتەی شارستان دووریان دەخەنەوە و ڕەپێیان دەنێن. لەو پەلامارەدا کۆمەڵێک پاسداری بەکرێگیراو دەبنە قوربانی پیلانە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەکوژرێن و چەندین پاچە چەک دەکەونە دەست هێزی پێشمەرگە.

ڕۆژی دواتر بۆ چەند جارێک خەڵکی گوندەکانی دۆڵەتوو و گۆڕەشێر و داوداوە دەنێرن بۆ بردنەوی کووژراوەکانیان. ئەوان وەها سەریان لێ شێوابوو کە نەیاندەتونی کوژراوەکانی خۆیان لە گەڵ خۆ بەرنەوە. دوای چەند ڕۆژێک بە ناردنی خەڵک و بە حاڵەحاڵ توانیان لاشەی چەند کووژراوێکی دووژمن بەرنەوە گوندی دۆڵەتوو.
هەموو ئەو بۆمبانەی کە دایاننابۆوە بەجێ مان و کەوتنە دەستی هێزی پێشمەرگە. لەو شەڕەدا ناکرێ کاریگەری ئەم دۆشکەیە لە بەرچاونەگیری کە لە لکی سێ، سەنگەری بۆ درووست کرابوو. بەتایبەت لە نێو پێشمەرگەکاندا چەند پێشمەرگەیەک ڕۆڵی کارگەریان گێڕا بۆ شکاندنی هێزی دووژمن لە، هێرشەدا.
بەم جۆرە ئەم جارەش یەک لە گەورەترین پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ تێک شکا. دەکرێ بگوترێ ئەوە یەکەم پیلان بوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ چۆڵکردنی ئەم ناوچە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان داینابوو.

لێرەدا جێگای خۆیەتی سڵاوێکی گەرم بنێرین بۆ پێشمەرگەکانی پەلی فەرماندەی و کادرەکان لکی سێ کە سەرەڕای کەمیی هێزیان توانیان ئەو هێزەی دووژمن تێک
بشکێنن، کە بۆ لەنێوبردنی بارەگا و بنەماڵەکانیان هاتبوون. ئافەرین بۆ تێکۆشەرە بە بیرو و باوەڕەکانی ئەو سەردەمەی خەباتی حیزبی دێموکرات کە ئامادەبوون لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا گیانیان فیدا بکەن و زۆریشیان هەر لەم رێگەیەدا گیانیان فیداکرد.
لە بەشی دوایی و هەر تایبەت بەم باسە، دێمە سەر چۆڵکردنی سوونێ و کونەمار، شاڕەگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەیەی شەستی هەتاویدا.
وێنە کە کونەمارە شوێنی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت گەمارۆی دووژمن بەم جۆرە بوو کە لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بوو .




:

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *