بەشی:شێست و حەوتەمی گەرانەوە(۶٧) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
جارێکی دیکە ھاتینەوە بۆ درێژەی رووداوەکان.
بەر لەوەی دەست پێ بکەین با شتێکی پێوەندیدار بەو شوێنە باس بکەین وەک تۆڵە کردنەوەیەک.چەند ساڵ دواتر ھەر لەو شوێنە تامی تاڵی شکست بە گەرووی تیم“ێک پاسدار“ دا کرا کە لە شوێنی خۆی بۆتانی دەگێرینەوە……
رووداوەکان:
بەڵێ:سیوادی بەیانی بوو،کاک خدر میراوەیی“بە دەنگێکی کز“لە خەو ھەڵیستاندین،چوار کەس:کەریم کۆدەڵەیی،حەسەن خۆشکەلام،،،م،،،عەلی سوورەچۆمی.
جا لێرە بۆتانی باس بکەم شەوەکەی چی رووی داوە!!شەوەکەی،بە درەنگەوە تیم“ێک نێردراوە بۆ(رەبیعەی)عەسکەرەکان شوێنەکە لە خۆمان دوور بوو،لەوێ قشڵ“ێک ھەبوو کە وابزانم ناوەکەی قشڵ“ی قوورەتێنانە“.
تیم“ێک پێک ھاتوو لە:عوومەر کانیبی“خەلیل ئەسپەندار،جەلیل،کەریم شەھرنیا،دەڕۆن تا لەو شوێنە نزیک دەبنەوە جا دواتر بچنە ئەوێ و داوای ھاوکاری بکەن.
ئەو تیم“ە،کە دەگەنە ئەو شوێنە سەرەتا چاوەروان دەمێننەوە تا ھەوا رووناک بێت،دوایی کاری خۆیان وەک بۆیان دیاری کراوە جێبەجێ بکەن،ھەر واشیان کردبوو.
وا دیارە:کاک حوسێن پەیرەوان،کاک رەحمان شۆکە،کاک خدر،لە پێوەندی دا بوون لە گەڵ ئەو تیم“ە واتە:لەوێ ھەرچی رووی داوە ئەوان ئاگادارن.لێرە بۆ مێژوو ئەوە باس دەکەم!!کاک خدرمیراوەیی،کە ئێمە“ی لە خەو ھەستاند بە ئێمەی گووت:بڕۆن بە ھاواریانەوە یارمەتییان بکەن!!!
ئەوان نان“یان ھێناوە.
نان“لەو کاتەدا دەیتوانی ھیوا بۆ ئێمە بگەرێنێتەوە.
چار نەبوو،دەبوا ھەرچی زووتر و بەر لەوەی ھەوا تەواو رووناک بێت بگەینە لای ئەو چەند ھاورێ“یەمان.
بەو جۆرە ئێمە وەرێکەوتین!دەبوا یەکەم جار داگەرێینەوە خوار بۆ لێواری رووبارە“کە بە ھۆی ئەوەی سەرێ تەواو رووتەن“بوو،لە گەڵ ھەوا رووناک بوون ھەم لە پایەگاکانی“ئێران و ھەم عێراق“را دەبینراین،ئەوە بوو داگەراین،جا لەوێش دوای بڕینی مەودایەک دەگەیشتینە دۆڵ“ێک کە ئەوان لە سەرێ لە دۆڵەکە“دا بوون!ئێمە ھەر چەند تەواو بێ ھێز“ببووین بەو حاڵەش ھەموو ھەوڵی خۆمان دەدا بەر لە ھەوا رووناک“بوونی تەواو بگەینێ و بگەرێینەوە.
لە رێگا من لە پێشەوە دەرۆیشتم و بە بێسیم“لە گەڵ کاک عوومەر کانیبی“لە پێوەندی دا بووین بۆوەی ھەماھەنگی بکەین و زووتر بیاندۆزینەوە…وا دەبوو بە شەوو رۆژێک بێ نان“ماوینەوە،ماندوو ھیلاک!لە رێگا لە گەڵ رەفیقەکانم قسەمان دەکرد:باشە،ئەوان کەنگێ رۆیشتوون بۆ ئەو شوێنە؟ئیدی بۆ ئەوانیش روون نەبوو!لە رێگا ھیچ سیگناڵ“ێک بە مێشکی ئێمە ناگات سەبارەت بەوەی دوو دڵ بین لەوەی ئاخۆ چی رووی داوە!!؟بە ھەناسە سواری بە دوای یەک دا دەرۆیشتین.
راستی نامانھەوێ لەوە زیاتر تووشی رووداوی ناخۆش بین.تەنیا شتێک کە نزیک ببووینەوە بوو بە ھۆی کەمێک نیگەرانی!دەنگی کاک عوومەر بوو،ئەو لە سەر بێسیم“ەکە دەنگی و جۆری قسە کردنی نیگەرانی و مات بوونێکی پێوە دیار بوو.
بە دۆڵە“کە دا سەردەکەوتین ناوچەکە ھێشتا لە چۆڵەوانییەک دەچێت،پاشماوەکانی شەڕ“ی ئێران و عێراق“بە جێماوە،لێرە چەند شەرێکی گەورە رووی داوە کاتی خۆی ئێران ناوچەکانی داگیرکردبوو،بە جۆرێک پێشرەوییەکی زۆری کردبوو بۆ ناو خاکی عێراق“دواتر کە عێراق گەراوەتەوە،ناوچەکانی تەواو کردۆتە نەوارێکی بە ھێزی ئەمنییەتی و مین“رێژ کراوە،بەشێکی مین“ەکان سێڵاوی“باران بە خڕو دۆڵە“کان دا ھێناونی.ئێمە ھەروا رێگا دەبڕین بیرم ھەر لای نان“بوو
لەو بیرانە دا بووم کاک عوومەر“لە سەرێ را ئێمەی دیت و بە بێسیم“گووتی:تەواوە چاوم پێتان کەوت راست وەرن دەگەنە لای ئێمە!!ئاوڕێکم داوە دواوە،کاکە ئۆخەی وا گەیشتین،تۆزێکی دیکە سەرکەوتین،کە سەرم بەرز کردەوە!شتێکی سپی“م بە چاو دیت کە بەرز کرابۆوە بۆ ئاسمان!!!لە نێو بە تاڵاییەکی کەم دا دیار بوو سەر گیاکان کەوتبوو!!نازانم چی وای کرد چ تەزوویەک بوو ئاوا زوو وەک بریسکەیەک بە گیانم داھات!من دڵنیام رەفیقەکانیشم ھەر بەو جۆرە تاسان.!ھێندێک رووداو ھەیە گوزارە“کردنی ئەستەمە!ئێستا ھەر چەند بتھەوێ خۆراگر بیت بەو حاڵەش ناخت دەھەژێنێ.بۆ ئێمە لە دۆخێکی نەخوازراودا:روودانی ھەر جۆرە رووداوێکی ناخۆش دەبێتە قوورساییەکی گەورە.
بەڵێ:لای بەری بەیانی ئەو تیم“ە،کەوتوونە نێو مەیدانی مین“و یەکێک لە مین“ەکان،لە ژێر پێی کاک خەلیل ئەسپەندار“دا تەقیوەتەوە،لاقی“پەریوە،ئەوە لە حاڵێک دا عەسکەرەکان“رێگایان نەداوە ھەنگاوێک نزیک ببنەوە.
تارمایی ھەروا دێت و زیاد دەبێ خوێنی ئاڵ لە دۆڵ“ێک دا رژاوە کە دەنگ و ھاوار بە ھیچ کوێیەک ناگات.
بەڵام:خەلیل“،خەلیل بۆ ئێمە ھیوا بوو ئاوەدانی بوو،قسە خۆشەکانی و خەندەکانی زۆر جار سەختییەکانی بیر دەبردینەوە ھەمووان خۆشیان دەوێ،چەند گوورج و گۆڵ و لە سەر پێ بوو.
بۆ خۆی کادر“ی دەرمانی بوو،ئێستا دەبێ لە بیری خۆی دا بێت!ئەو ھەر زوو درێژ دەبێت و دەڵێ:کوورینە قەوما!!کەمێک دوورم بخەنەوە،کە دەگەنەوە دۆڵەکە“دەڵێ:کۆڵەپشتی“دەرمانییەکەم“لێ نزیک بکەن با چارەیەکی خۆم بکەم.نازانم چی بنووسم!ئەو لەو کاتەش دا:دڵی بە ژوانی نیشتمان“ەوە بەندەو بە باڵی ھیوا دەفڕێ،کێوی ورە“لێرە ببینن.
با جارێ لەوە گەڕێم،برینەکەی جوان دەبەستێ و دەرزی خوێن بەست“لە خۆی دەدات و چاوەروانی گەیشتنی ئێمە دەبن.وا دیارە:ھەم ئەوان و ھەم بەرپرسەکان ساغ ببوونەوە ھیچ بە ئێمە نەڵێن،تا کاریگەری نەرێنی“نەبێ بۆ سەر ورە“ی ئێمە!!ھەر کە رووداوەکە پێش دێت کانیبی“قسە لە گەڵ کاک حوسێن پەیرەوان دەکات!ھەواڵە ناخۆشەکەی پێ دەدات،کاک حوسێن دەڵێ بێسیم“کە بدە بە خۆی ئەگەر مابێت قسە دەکات،کاک حوسێن بە دەر لە بەرپرسیارەتی کاک خەڵیلی“زۆر خۆش دەویست،ئەوە دەبێ کە راستی رووداوەکە بە ئێمە ناڵێن کە ئەوە دڵ گرانی کردین،با لەوە گەرێین.
دەی جا،ھەر لە دوورەوە کە بە چاو بینی“مان تێگەیشتین تووشی چ رووداوێکی تاڵ بووین.
ئەو کاتەم بیر ماوە درێژ ببوو لاقی بەرز کردبۆوە تا بەو جۆرە خوێنی“زۆر لە بەر نەڕوات.لێرە قسەکەی ئێوارەیەک پێشترم بیر کەوتەوە کە گووتی:کووڕینە تازە قەت نامرین و تووشی ھیچ نابین.
شتێکم بیر کەوتەوە:خەلیل“فووتباڵیست“بوو،فووتباڵێکی زۆر جوانی دەکرد وەک خوولیاو حەزیش لە ھەموو شتێکی خۆشتر دەویست،ئەو لە رێگاش ھەر لە گەڵ تۆپ“دەژیا،بە جۆرێک بەرەبەرە ئەو حەزەی“بۆ ھاورێکانی دەگواستەوە،ھەر کە دەزانێ لاقی“پەریوە،دەڵێ:کوورینە کوێر بم فووتباڵەکەم چوو!ئەگەر نەمرم وازی ھەر لێ ناھێنم.
بەڵێ:کاک خەلیل و زۆری دیکە لە ھیواکانیان دابڕان،شەھید مەنسوور رەحیمی،شەھید قاسم رەحمانی،کاک حەمە رەسوڵ کەریمی و زۆری دیکە بەو جۆرە یا شەھید بوون یا کەم ئەندام“کە بەراستی جەستەی ئەوانە ھوونەری تێدا بوو….
دەی ئێستا،بە نائومێدی چاوێکن لە یەکتر کرد!!بەڵێ ئاکامی بڕیاری ھەڵە بە ئێرەی گەیاندین!تینوو و برسی بیت چەند رۆژێک بێت لە گەمارۆ“دا بیت ئێستاش لێرە تووشی ئەو رووداوە دڵتەزێنە بین.
ئەرکی ئێمە زۆر قوورس بوو،من کە چەند شتێک دەنووسم لە پەسن و باسی ئەو رۆژانەدا:پێویستم بەوە نییە لە راستی رووداوەکان دوور بکەومەوە،ئێمە لە نێو (واقع)ێکی سەخت داین و کەس ناتوانێ وەک خۆی،تەداحی“بکاتەوە،ئەوە لە توانای من دا نییە تا بە گێرانەوەکان ھەقی تەواو بەو مێژووە بدەم،بە دەر لەوەش کەس ناتوانێ ئەو کارە بکات،ئەوە سیناریۆ“نووسین نییە!رووداوە راستەقینەکانن.
چیمان کرد:
لەوێ زۆر نەماینەوە،ھەموو شتێک روون بوو دەستە وەستانی و تەسلیم بوون دەبێتە تاڵی و نەھامەتی زیاتر،ھیچ!!بریندارە“کەمان،کە چاوی ئومێدی لە ئێمە بڕیوە لە دەست دەدەین.کاتێک لێت قەوما گرینگە بزانی ھاورێکانت کێن!ئەوانەی ناوم ھێنان چیای ورە“بوون ناشکێن و ناشکێن.برسییەتی بیر چۆوە کاتی ھیممەت“بوو دەبوا وەفاداری خۆمان لێرە نیشان بدەین. خەلیل“گووتی:ئێوە رەفیقانی رۆژی تەنگانەن دەزانم لە رووحی خۆشتان بێزار بوون،بەڵام:چاوەروانی“م لێتان ھەیە،من نامرم!!!
لە ناخەوە پەرۆش بووین بۆی فرمێسک بەری چاوی گرتین و کەوتینە بەرامبەر بەڵێنییەکی ئەخلاقی“،قسەی ئێمە ئەوە بوو:کاکە یا لە گەڵ تۆ مردن یا بە یەکەوە ژیان.
دوای ئەو چەند قسە ھیوای بۆ گەرایەوە.
ھەر لەوێ ئەو چەند کەسە بە ورە“یەکی زۆرەوە بە پەلە خستمانە سەر کۆڵ،شانن دایە بەر ئەرکێکی پێشمەرگانە کە یەکەم رۆژەکانی پێشمەرگایەتی بەڵێنن دا کەسی یەکتر بین و تا دوا ھەناسەی ژیان پشت و پەنا…بە نۆبە ھێنان بێ ئەوەی پشوو بدەین،ھەوا تەواو رووناک بووە،بە جۆرێک دەبێ بگەینەوە لای ھاورێکانمان بێ ئەوەی لە پایەگا“کانی ئێران“و ھەتا ئێراق“ئێمە ببینن.بێ ئەوەی دوو دڵ بین ئەو کارەن دوای سەختییەکی زۆر و بە نیوە گیانی بە ئەنجام گەیاندو گەیشتینەوە لای ھاورێکانی خۆمان.
کە ئێمە گەیشتینەوە نائومێدی زیاتر بوو!باشە بێ بریندار“ئەوە حاڵی ئێمە بوو!ئێستا بە بریندارەوە“چۆن دەتوانین رێ بکەین!ئەویش ئەو بریندارە“کە لاقێکی“لە دەست داوە.
خەلیل“لەوێ و لە تەنیشت ئێمە درێژ کرا لە نزیک قامیشەکان“.لە ژێر ھەتاوێکی گەرم و بێزارکەر دا بێ ھیچ سێبەر“و ھەتا ئاو“،ھاڵاوێکی گەرم دنیایەکی بێدەنگ نیشتمانێک پڕ لە پۆستاڵی داگیرکەر، ئێمەش لیباس خۆڵەمێشییەکان“ئەوانەی بە بەرگی خوێناوی بوونە پاسەوانی برینێکی ھەو“کردووی نیشتمان وەک توێلکی دار بەرووەکان“تا شەققار شەققار نەبن ناوەرن،بەڵێ:لە ژێر ھەتاوەکە دا ھەڵوەدا لێی درێژ ببووین!!تەراییەکی زۆر کەم ھەبوو لەوێ کاک حوسێن زۆری لە گەڵ ماندوو بوو تا توانی کەمێک ئاوی لێ پەیدا بکات بۆ بریندارە“کەمان.کۆبوونەوە“دەستی پێ کرد بۆ ئەوەی بڕیارێک لە بارەی مەسیری داھاتوومان بدەین.ھەرچی راوێژ و گفتووگۆ کرا وا دیار بوو ساغ بوونەوە زەحمەت بوو!جاری ئاوا بڕیاری یەک لاکەرەوە زۆر زەحمەتە بە ھۆی ئەوەی ھەر رێگا چارەیەک باسی بکەی دەبێ نرخەکەی و فیداکارییەکەی لە بەرچاوت بێ لە گەڵ تواناکانی خۆت و ھێزەکە.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
وێنەکان:
شەھید خالید دوولکەیی
کەریم کۆدەڵەیی
شەھید حوسێن،خەڵکی مەھاباد ئازاو قارەمان
وێنەی دووھەم :
شەھید فەتتاح عەبدوولی
کاک خەلیل خۆی
لە سەر پێشنیاری کاک سەید قادر

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *