ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە به‌شه‌کانی ۵۶ تا ۶٠ له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی۶٠) له نووسینی خدر پاکدامه‌ن
ئێوارەیە، خۆر خەریکە لەسەر چیای جەنگی تیشکەکانی بێ هێز دەبن. کەشێکی ئارام و فێنک باڵی بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێ. لە داوێنی ئەم چیا سەربەرزانە، هەڵۆ تیژباڵەکانی دێموکرات خەریکی خۆئامادەکردنن. هێدی هێدی تیمەکان بەڕەمز قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، بێ ئەوەی بهێڵن دووژمن هەست بەهیچ بکات.
بەرە بەرە هەموو تیمەکان بەرەو شوێنی خۆیان وەڕێ دەکەون. سەرەنجام لە سەعاتی ۵ی سەرلە ئێوارێ گورهانی ئاغەڵان غافڵگیر کرا و کەوتە بەر هێرشی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕنگ. زۆری نەکێشا دەنگی تەقەی تێکۆشەرانی دێموکرات ناوچەکەی تەنی، لەگەڵ تەقاندی هەر فیشەکێک دووژمن بێ هێز دەبوو، دەستەکانی پشتیوان بەئاوری چەکەکانیان گرووهانی جێگر لە گوندی ئاغەڵانیان غەرقی دووکەڵ و ئاگر کرد. هەروە هاوکات لە گەڵ هێرش بۆ سەر ئەم مۆڵگەی هێزی دووژمن پایەگای “پوورەپان”ێ هەڵکەوتوو لە پشتی ماڵی زەلێ لە ژێرئاوری تووندی دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان دابوو. دەستەکانی دیکەش لە شوێنی خۆیان ئامادەبوون بۆ بەرپەرچدانەوی هەر جمووجۆڵێکی دووژمن. دوای بەجێگەیاندنی ئەرکی هێزی پشتیوان، دەستەی هێرش کە پێک هاتبوو لە کۆمەڵێک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەری ڕاهاتوو بە هەموو شێوەکانی شەڕ، هێرشی خۆیان بۆ سەر هێزی دوژمن دەستی پێ کرد. لە ماوەیەکی کورت دا توانیان خۆیان لە سەنگەرەکانی دوژمن نزیک بکەنەوە و شەڕێکی قورس لەگەڵ دووژمن دەست پێ بکەن. لە کۆتایی‌دا بەسەردووژمن دا سەرکەوتن و گرووهان بەتەوای کەوتە دەستی تێکۆشەرانی دێموکرات. ئەفرادی نێو مۆڵگە، چەند کەسێک کە تائاخرین فیشەک شەڕی سەنگەر بەسەنگەریان لە گەڵ پێشمەرگەکان کرد، کووژران. چەند کەسێکش هەڵاتن و باقی هێزی دووژمن لەلایان هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بەدیل گیران. تەواوی چەک و چۆڵی نێو مۆڵگە کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەشێک لەو چەک و چۆڵانە ڕاگوێزران و ئەوانی دیکە لەنێو مۆڵگەدا ئاگریان تێ بەردران. بەم جۆرە گرووهانی ئاغەڵان کەیەکێک بوو لە هێزە هەرە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوییەوە بەدەستی بەتوانای تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ تەفر و توونا کرا.
دەستەکانی دیکەش توانیان ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و تا کۆتایی عەمەلیات مۆڵگەی پوورەپانێ لە ژێر ئاوری دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ‌دا بوو. تا لە کۆتاییدا ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان دەکەونە بەر هێرشی قۆمپارەی هێزی دووژمن و هەر دوو بەرپرسی ئەم تیمە کاک عەلی حاجی و کاک عەلی شێلمان بریندار بوون.
دەستەی سەرجادەی ئاغەڵان بۆ نەڵاس تا هاتنەوەی هەموو دەستەکان هەر لە شوێنی خۆیان چاوەڕوان بوون. دوای تاریکی هەوا وکۆتای حە مەلیات هەموومان بەیەکەوە شوێنی شەڕەکەمان بەجێهێشت و بەرەو مەسیری دیاریکراوی خۆمان وەڕێ کەوتین. سەرەڕای ئەوەی سێ بریندارمان پێبوو لە گەڵ هەموو دیلەکانی شەڕ و چەک و چۆڵێکی زۆر و ماندووبوونێکی زۆری پێشمەرگەکان، دەبوا وریا بین چونکی ڕێگەی گەڕانەوەمان بێ مەترسی نەبوو. دەبوو بە دەوروبەری چەند مۆڵگەیەکی دووژمن‌دا تێپەڕ بین و هەست بە بوونی ئێمە نەکەن. سەرەنجام هەموومان بەیەکەوە بە وریاییەکی زۆرەوە خۆمان لە مەرزی وەردێ و بنەوخەڵێف نزیک کردەوە. لەسەر مەرز بەیانییەکەی زۆر ماندوو بووین، پشوویەکی کورتمان دا تا کەمێک بحەسێینەوە. پاشان بەڕۆژ بەرەو گوندی هەڵشۆ لە باشووری کوردستان وەڕێ کەوتین. ئەو کاتە وەزعەکە باش بوو، تازە لە باشوور ڕاپەڕێن کرابوو، کۆماری ئیسلامی هێشتا بەقەت ئێستا دەستی نەبوو. هەستی کوردایەتی لەوپەڕی بەهێزی‌دا بوو. ڕووت لە هەرکوێ دەکرد خەڵک بە باوەشی ئاوەڵاوە وەریان دەگرتی، ئێمەش ئەو ڕۆژە هەم خۆمان هێزێکی زۆر بووین و هەم حە مەلیاتێکی گەورەمان لە ناۆچەی سەردەشت ئەنجام دابوو. نیزیک بە بیست کەسی دیلی شەڕمان پێ بوو، بۆیە خەڵک بەچاوی ئومێدەوە چاویان لێ دەکردین. کاتێک هەموومان بەیەکەوە گەیشتینە نێو گوندی هەڵشۆ، خەڵک لێمان کۆبۆونەوە، لەو کاتەدا جەوێکی خۆش باڵی بەسەر ئێمەدا کێشابوو کە هێند خۆش بوو ئێستاش بەتەواوەتی هەست بەو دۆخە دەکەم و دەڵێی لە نێو ئاوایی هەڵشۆ وەستام و بە تەواوەتی دڵخۆشم کە ئەو جێگەو پێگە بەرزەمان لە نێو خەڵکی کوردستان دا هەبوو.
دوای ماوەیەک مانەوە و پەیداکردنی چەند ماشێن، کاروانی ماشێنەکان بەرەو گوندی شیوەڕەز وەڕێ کەوت. دەنگی شوعار و دەربڕینی خۆشحاڵی تەواو باڵی بەسەر ئێمەدا کێشابوو. دوای ماوەیەک گەیشتینەوە بنکەکانی خۆمان لە شیوەڕەز. بە گەیشتنەوەمان بۆ بنکە لە گەڵ پێشوازی هاوڕێ و هاوسەنگەرانمان بەرەوڕوو بووین. دوای گەیشتنەوەمان بۆ مەقەڕ، هەردوو فەرماندە و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی خەبات؛ کاک عەلی حاجی کە بە سەختی بریندار ببوو لە گەڵ کاک عەلی شێلمان و برادەرێکی دیکە کە پێم خۆش نیە ناوی بێنم، سەختییەکی زۆریان چەشت، بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کران
ڕێکەوتی٩ی خەرمانان لە بنکەی سەرەکیی خۆمان لە کومیتەی شارستانی سەردەشت لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی شارستانەوە وەک سیاسەتی هەمیشەیی حیزب لە سەر سیاسەتی حیزب قسە بۆ دیلەکانی شەڕ کرا و پاشان بە ماشێن بۆ زەڵێ و قاسمەڕەش بەڕێ کران. تەنیا یەک کەسیان نەبێ، ئەویش خوا لێخۆشبوو کاک فایەق کاژەیەی بوو کە بە دڵخوازی خۆی نەچوویەوە و داوای کرد کە دەبێتە پێشمەرگە و لە ڕێزی تێکۆشانی حیزب دا خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستان دەکات کە بەداخەوە دوای تێپەڕاندنی ٢٧ ساڵ پێشمەرگایەتی چەنمانگ پیش ئێستا بۆ هەمیشە بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لێ کردین. ڕۆحی شاد ویادی بەرز و بەڕێز بێت.
پێویستە بگوترێ لەم کاتە ئاستەمەدا سیاسەت هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە دیلەکانی شەڕ لەگەڵ دووژمنێکی غەداری وەک کۆماری ئیسلامی، شێوەیەک لە خەبات بوو. کۆماری ئیسلامی زۆری پێ خۆش بوو ئێمە هەموو دیلەکانی شەڕ بکووژین، بۆ ئەوەی تەبلیغاتی ناڕەوا دژ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بکات. بەم جۆرە لە هەلوومەرجێکی تایبەتی‌دا تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ بە کەمترین ئیمکانات، گەورەترین زەربەیان لە هێزی دووژمن دا.
سڵاو بۆ هەموو ئەم کادر و پێشمەرگانەی لەم سەرکەوتنە بێ وێنەدا بەشدار بوون.
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە خۆدەگرێ دووساڵ دواتر لە نیزک گوندی نارست گیراوە لە شوێنێک بەناوی خۆڵە پۆل .
…………………………………………………..
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۵۹ )
ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی دوورودرێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێندە زۆرن کە رەنگە گێڕانەوەیان هەروا ئاسان نەبێ. هەرکات بیر لە نووسنەوەی داستانێکی تۆمارکراوی تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەمەوە بەدڵ و گیان بەڕووح و جەستە، دەچمەوە سەرەتای هەنگاوە یەکەمەکانی ئەو کاتە کە بەیەکەوە ڕێگە سەخت و دژوارەکانمان دەبڕی تا مێژوویەک بۆ نەتەوە و حیزبەکەمان درووست بکەین کە بۆ ئەبەد لە بیر و مێشکی ڕۆڵە کانی کورددا بمێنێ.
ساڵی ١٣٧١ ئەو کاتە بنکە و بارەگاکانمان لە گوندی “شیوەڕەز” بوو، بەرپرسانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ بۆ داڕشتنی گەڵاڵەیەکی دیکەی عەمەلیاتی لە جموجۆڵ‌دا بوون. لە گەڵاڵەی ئەم جارەی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگدا گورهانی هێزەکانی دووژمن، جێگیر لە گوندی ئاغەڵان دەست نیشان کرا. ماوەیەک پێش گرتنی گورهانەکە، شناسایی ورد و دەقیقی بۆ کرابوو. دوای ماوەیەک تێپەڕین بەسەر داڕشتنی گەڵاڵەکە، سەرنجام جمووجۆڵ لەنێو لک و پەلەکانی هێزی گیاڕەنگدا بۆ دەست بەسەرداگرتنی گورهانی ئاغەڵان دەستی پێکرد. لە ئێوارەیەکی درەنگان دا ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە بۆ ئەم عەمەلیاتە ئامادە کرابوون، بە چەند ماشێن بەرەو مەرزی نێوان هەڵشۆ و وەردێ وەڕێکەوتین. لە نێو کادر و پێشمەرگەکاندا فەرماندەری هێز، جێگری هێز، ئەندامانی کومیتەی شارستان و فەرماندە لک بەدی دەکران. هەموومان بەیەکە و بە ڕووحێکی پێشمەرگانە هەورازو و شیودۆڵی ناوچەکەمان بەدوای خۆمان‌دا بەجێ دەهێشت.
کاتێک کە لە بنکەکان وەڕێ کەوتین هەر پێشمەرگەیەک ئیمکاناتی دوو بۆ سێ ڕۆژمان لە گەڵ خۆمان هەڵگرتبوو. چونکی وا بڕیار بوو تا کاتی عەمەلیات خۆمان لە هیچ کوێ ئاشکرا نەکەین. ئەوە یەکێک لە خاڵە گرینگەکان بوو، چونکی ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە ڕەنگە دوژمن غافگیرنەبایە. ڕۆژی پێشتر کە لە “سیویسکە”ی نیزیک گوندی “بەردەسوور” مابووینەوە، هەر ئەم ڕۆژە لە کۆبوونەوەیەک‌دا تەقسیمی کاری هەموو تیمەکان کرا. ئەوەندەیئ لەبیرم بێ هەموو هێزەکە بە ۵دەستە دابەشکران؛ دەستەی یەکەم بەسەرپەرشتی کاک عەبدوڵڵای شەخسە، وەک دەستەی هێرش بۆ سەرگورهان کە کۆمەڵێک سەرپەل و بەرپرسانی دیکەش لە تیمەکەدا بوون کە کاری ئەم تیمە لە سەخترین کارەکان بوو. بەڵام پێشمەرگە لەو هەل و مەرجەدا لە هیچ سەختییەک نەدەکشانەوە. دەستەی دووهەم بەسەرپەرستی کاک عەلی حاجی و کاک عەلی شێلمان هەردوو تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکانی خەبات بۆ لێدانی پایەگای پوورەپانێ، هەڵکەوتوو لە پشتی ماڵی زەلێ و نیزیک لە گورهانەکە کە یەک دۆشکەیان پێ بوو، ئامادە بوون. دوو دەستەش هەم بۆ لێدانی گورهانەکە دیاری کرابوون تا دەستەی هێرش لە ژێر ئاوری ئەم دوو تیمەدا هێرشی خۆیان بۆ سەر گورهان دەست پێ‌بکەن. دەستەی پێنجەم کە منیشی تێدا بووم لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک بۆ سەرجادەی ئاغەڵان بۆ نەڵاس دیاری کراین تا ئەگەر هێزی دووژمن بێت، بە هاواری ئەم گورهانەوە بیانخەینە کەمینی خۆمانەوە. شوێنی ئێمە زۆر لە پایەگای پشتی سەرشیوو نیزیک بوو، دەشتێکی ڕووتەن بوو. بەم جۆرە هەموو هێزەکە بەسەر ئەم پێنج دەستەدا دابەش کران.
دوای کۆبوونەوە بۆ هەموو پێشمەرگەکان خوێندنەوەی ناوی هەموویان لە دەستەکان‌دا هەموومان بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێ کەوتین. لە پشتی ماڵی دیواڵان لەیک جیا بووینەوە. دەستەی هێرش و دەستەی دۆشکە لە ئێمە جیا بوونەوە و بۆ شوێنی خۆیان لە نیزیک ڕەشە گەڵوو پشتی ماڵی ئاغەڵان لە ڕۆژهەڵات وەرێک کەوتن. ئێمەش هەرسێک دەستەکە لە نێوان گوندی ئاغەڵان و دیواڵان‌دا ماینەوە. شوێنی ئێمە ئاوی لێ نەبوو، هەر شەوەکەی ئاومان دابین کردبوو. ماینەوە و خۆمان حاشاردا بۆ ئەوەی کەس نەمانبینی.
تا کۆتایی عەمەلیات، ئەم ڕۆژە دەبوا لە هەموو ڕۆژان وریاتر بین، نەکا پەکی کارەکەمان بکەوێ. شوێنی ئێمە لە گورهانەکە نیزیک بوو، تا ئێواررێ چەند جار گورهانەکە خرایە ژێر چاوەدێری خۆمان. بەم جۆرە هەموو تیمەکان لە شوێنی مانەوە ئامادە بوون تا کاتی عەمەلیات، بەڵام پیوەندیمان لە گەڵ یەکتری هەبوو. ئەو کاتە من جگەرم دەکێشا، بەڵام پێم نەمابوو، زۆرم ئیشتیای جگەرە کرد بوو، نەمدەزانی کێ جگەرەی پێ ماوە. ئەگەر تەماشام کرد چەند میترێک لە خوار خۆمان لە نێو پۆلە دەوەنێک دووکەڵ هەڵدەستا!! زوو زانیم ئەوە جگەرە دەکێشن، چووم بۆلایان کە چووم قادر مەمۆی ڕەحمەتی لە گەڵ دوو کەس لە نێو پۆلە دەوەنەکە دابوون، کە تەماشام کرد قادر شتێک دەکێشێ بەڵام لە جگەرە ناچێ، منیش داوای جگەرم کرد. قادر وتی خۆ جگەرە نیە. تەماشام کرد گیایەک هەیە پێی دەڵێن “تاڵی‌تۆز”، وردی کردبوو لە نێو پەڕێک کاغەز دەیکێشا. بۆنێکی ناخۆشی لێ دەهات، زۆر ناخۆش بوو، زۆرم پێ سەیر بوو. تەحەموولی نەمابوو، پەنای بۆ گەڵا تاڵی‌تۆز بردبوو.
لە بەشی ۶٠ دا چۆنیەتی دەست بەسەرداگرتنی گورهانی ئاغەڵان بۆ ئێوەی ئازیز دەگێڕمەوە کە چۆن هەڵۆئاسا بە دەستی هەڵۆ تیژباڵەکانی گیاڕنگ بوو بە خۆڵەمێش.
وێنەکان کاک حوسێن پیرەوان کاک عەبدوڵای شەخسە هەردوو تێکۆشەر فەرماندەی ڕۆژە سەختەکان وێنەی خۆم لە ناوچەی سەردەشت.
……………………………………………….
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی۵۸)
دوای تێپەڕینی ٢٧ ساڵ جارێکی دیکە بەبیرکردنەوە و وەبیر هێنانەی ڕابردووی ئەم مێژوەی کە قەت فەرامۆش ناکرێ و هەمیشە وێردی سەر زمانی نەوە لە دوای نەوەی کوردە و هەموومان وەک پڕشەنگدارترین شێوەی خەبات لە تاریخی کورد چاوی لێ دەکرین. ئێستا کە دەمهەوێ ئەم بیرەوەریە بنووسمەوە هەروا دەزانم ئێستا و لەگەڵ پۆلێ لە هاوڕێکانم بەرەو تۆمارکردنی داستانێکی دیکە هەنگاو دەنێین، داستانێک کە لەودا مەسئوولینی تیپێک لە هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی کەوتنە کەمینی پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی گیاڕەنگ و کوژران و برینداربوون تەواوی چەک و چۆڵەکانیشیان کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە.
هەروەک لە بەشی ۵٧دا باسم کرد کاتێک ئەم ڕۆژە هێزی دووژمن نەهات بۆ سەرکەشی پایەگا چۆڵەکانی ئێمە دەبوا ڕێڕەوی خۆمان بگۆڕین. ئێوارێ کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وابڕیار درا کە شەوەکەی بۆ خۆاردنی ناوچای و پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک بچینە گوندی کاولان و لەوێشەوە بۆ مانەوە بچینە دۆڵێ لەقلەقێ کە نیزیکە لە مووچە و مەزرای ماڵی خۆمان. لەوێشەوە ئێوارێ بەدەشتی مردواوێدا تێپەڕبن بەرەو گوندەکانی سوێسنایەتی جەولەیەک لێ بدەین. هەرواشمان کرد، دوای خواردنی نان و چای لە گوندی کاولانی ناوچەی سەردەشت و جێبەجێکردنی ئەرکە حیزبییەکان بەرەو دەشتی وەزنێ، واتە مەسیری دیاریکراوی خۆمان وەڕێ کەوتین. بەڵەدی ئەسڵیی ئەو گەشتە من بووم. دەشتی وەزنێ بەهاران هەر هەموو ئاوە، دەرباز بوون لەو دەشتە زۆر ناخۆشە. هەرچەند دەشتێکی خۆش و دڵڕفێنە و لە جوانیدا وێنەی کەمە، هەوڵی زۆرم دا کە بتوانم کەوش و لیباسی کوڕەکان تەڕ نەبن. بەڵام بۆم نەکەرا، بەڕاستی زۆر هیلاک بووین. کاتێک کە گەیشتینە شوێنی مانەوە لەبەر تەڕبوونی لاق و لەتەرمان خەومان لێ نەکەوت. سەرەتا هەر لە کۆتایی دەشتەکە ئاورمان کردەوە و خەریکی خۆگەرمکردنەوە بووین کە کەسێکی گوندی خۆمان (دۆڵەتوو) پەیدا بوو! پێ ڕاگەیاندین کە زۆر ڕۆژان ماشێنێک هێزی دوژمن دێنە ئێرە بۆ سەردانی پایەگاکانی جاسووسان و دەوروبەری و دەڕۆن. کاتێک ئەوەی گووت ئێمەش شوێنی خۆمان جێ هێشت، کەمێک هەڵکشاین بۆ دۆڵی لەق لەقێ کە مڵکی خۆمانە. ماشێن لەوێ زیاتر نەیدەتوانی بڕوات لەبەر ڕنووی بەفەر، ئێمەش لەوێ ماینەوە بەڵام دیدەبانمان بوو کە پێشتر خۆم لە گەڵی چووبووم بۆ شوێنی دیدەبانی. ئەوەندەی لەبیرم بێ خالید پەردەدار بوو. زۆری نەکێشا دیدەبانەکە ئاگاداری کردینەوە کە خۆمان وەپێچن. ماشێنێک بەرەو ئێمە دەهات، ئێمەش هەرزوو خۆمان ئامادە کرد دەستەیەک هەر لە شوێنی مانەوە سەنگەریان گرت. ئێمەش کەمێک لە خوارتر هێشتاش نازانم چۆن بوو ئێمەیان نەدی. ماشێنەکە گەیشتە شوێنی مانەوە کە ۱۸کەسی تێدا بوون و هەموویان فەرماندە و موهەندیس بوون. سەرتیپ، فەرماندەی گورهان و چەندین فەرماندەی دیکە لە هەموو لایەکەوە کەوتنە بەر هێرشی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ. زۆربەیان هەر یەکەم دەستڕێژدا کوژران. دوو کەسیان بەرەو لای ئێمە هەڵاتن، لە خوارێ لەگەڵ ئێمە دەرگیر بوون؛ سەرتیپەکە بەناوی بێهروزی کاکی، هەڵات و خۆی گەیاندە بن کەندی جادەی و لەگەڵ ئێمە دەستی بەشەڕێ کرد. تا کوژرا شەڕێکی باشی کرد. لە بن کەندی جادە خۆی مات دابوو و تەقەی دەکرد، من و کاک عەلی سوورەچۆمی بەیەکەوە بووین. خالید پەردەدار لەوبەری ئێمە بوو، بەهەر سێکمانەوە دەمانەویست ئەو بەکرێگیراوە بکوژرێ بەڵام مەجالی نەدەدا. کاک عەلی نارنجۆکی چووکەی پێ بوو، گووتم کاک عەلی پێیدادە با ڕزگارمان بێت. گووتی تازە ئەو نارنجۆکەم کڕیوە دڵم نایە، هەرپێشیدا نەدا!! بەهەرحاڵ ئەویش کووژرا. سەرەنجام شەڕەکە کۆتای پێ هات؛ لەو ١٨ کەسە ١۶ کەسیان کوژرا، دوو کەسەکەی دیکەش بە برینداری بەدیل گیران، یەکمان لە گەڵ خۆمان هێنا و ئەوەی دیکەش لە بەر قوورسیی برینەکەی لە شوێنی شەڕکە ئازاد کرا. ماشێنەکەش لەوێ ئاگری تێبەردرا و هەموو چەک و چۆڵی نێو ماشێنەکە کەوتە دەستی ئێمە.
دوای ئەم عەمەلیاتە هەموومان بێ‌زیان شوێنی شەڕەکەمان جێهێشت. بەم جۆرە لە جەوێکی خۆشی بەهاریدا تێکۆشەرانی هێزی بەهێزی گیاڕەنگ بە لێهاتۆویی خۆیان توانیان زەربەیەکی قورس لە هێزی داگیرکەر بدەن.
جارێکی دیکە دوای ٢٧ ساڵ لە ڕێگەی ئەم کورتە نووسینەوە سڵاو دەنێرم بۆ فیداکاری هەموو ئەم پێشمەرگانەی لەم عەمەلیاتەدا بەشدار بوون.
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ.
لە ڕاستەوە برایم شێخی مستەفادۆڵەی عەلی سوورەچۆمی حاجی جوودی فەرماندەری هێز کەریم فەرخەپوورعومەرقازانی دانیشوو حسن قەلەڕەشی ئەحمدڕەزگەی شەهید خدری زەینی .
………………………………………

ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی۵۷)
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە ڕێکەوتی١٣٧٠/٧/١٠ دوای نیزیک بە چوار مانگ مانەوە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی مەهاباد دوای گەشتێکی بەرفراوان و وەشاندنی چەند زەربەی قوورس لە هێزی دووژمن بە سەرکەوتوویی گەڕاینەوە بۆ گوندی ئەستێرۆکان لە بناری قەندیل. بە گەیشتەوەمان بۆ نێو بنکە و بارەگانی کومیتەی شارستانی مەهاباد و هێزی پێشەوا لە گەڵ پێشوازیی هاوسەنگەران و بنەماڵەکان بەرەوڕوو بووین. ئەو ژنەی کە چاوەڕێی هاوسەرەکەی دەکرد، ئەو منداڵانەی کە دەمێک بوو چاوەڕوانی هاتنەوەی باوکی خۆیان دەکرد هەر هەموویان لە بناری قەندیل مەکۆی شۆڕشگێڕان یەکتریان لە باوش دەگرت و بە دیداری یەک شادبوونەوە.
دوای چەند مانگ مانەوە لە ئەستێرۆکان لە نێوەڕاستی زستانە سارد و بەناوبانگەکەی بناری قەندیل، نەقڵی هێزی گیاڕەنگ بوومەوە. دوای ماوەیەک مانەوە لە گوندی بۆکریسکان لە یەکێک لە لکەکانی ئەو هێزە دەستم بە کار و تێکۆشان کردەوە. لەو لکە سازمان درامەوە کە بنکەی لە گوندی شیوەڕەزی ناوچەی پشدەر بوو و شەهید سەعدوون مارەغانی، سەرلکی بوو. چوومەوە بۆ گوندی شێوەڕەز. کاتێک لە فەسڵی کار و تێکۆشان نیزیک دەبووینەوە پێویست بوو سازماندەیی بکرێتەە. دوای سازماندەیی هێز، منیش هەر لەو لکە درێژەم بە کار و تێکۆشانی خۆم دایەوە. دوای سازماندیی هێز و کومیتەی شارستان و خۆئامادەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ نێو خەڵک و فەسڵی کار و تێکۆشان.
لە لایەن دڵسۆزێکی جوڵانەوەوە خەبەرمان بۆ هات کە ڕۆژانە هێزێکی دوژمن لە گوندی ئاڵواتانی ناوچەی سەردەشت دێن بۆ سەردانی پایەگاکانی کوێستانی دەشتی وەزنێ و گوێزێ، پێش ئەوەی ئاوەدان بکرێنەوە. چونکی بەهۆی سەختی و کوێستانی بوونی ناوچەکە چۆڵ دەکران. بەم جۆرە زەربەلێدانی ئەو هێزەی دوژمن وەک یەکەم عەمەلیات لە ساڵی ٧١دا کاری لە سەر کرا. بۆ ئەم مەبەستە دستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بە فەرماندیی فەرماندە تێکۆشەر و چاونەترسەکەی هێزی بەهێزی گیاڕەنگ، حەمەنارستی کە ئەو کات جێگری هێزی گیاڕەنگ بوو، لە گەڵ کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی ئەو کاتی هێز لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧١ بەرەو کوێستانەکانی گوێزێ و دۆڵە کۆگێ لە کەشێکی بەهاردا کە هێشتا بەفرێکی زۆر لە کوێستانەکان مابوو و ڕێگە سەخت و شاخاویەکەی دۆڵەگۆگێ‌مان گرتە بەرێ. هەموو ئەم پێشمەرگانی کە بۆ جارێکش ڕێیان لەم دۆڵە کەوتبێ دەزانن چەند ناخۆش تاقەتپڕوکێنە. بەڵام سەڕای ناخۆشی ئەم دۆڵە هەوای سازگاری و کوێستانی بوونی ناوچەکە هێندە دڵڕفێن و خۆشە هەموو سەختییەکانی سەر ڕێگەت لە بیر دەباتەوە.
لە بەرە بەیانییەکی فێنکی بەهاری‌دا گەیشتینە دۆڵە کۆگێ شوێنی بنکەوبارەگاکانی یەکێتی نیشتمانی کە پێشتر لەوێ بووبوون. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە و لای ئێوارێ بەرپرسەکان لە دەوری یەک کۆبووینەوە و بەرنامەمان بۆ زەربەلێدان لەو هێزەی دوژمن دیاری کرد. بە سێ دەستە دابەش بووین. وامان قەراردا کە بەری بەیان بە تاریکی، خۆمان لە شوێنی مەبەست ئامادە بین. هەرواشمان کرد، کاتێک لە شوێنی مەبەست نیزیک بووینەوە دوو دەستە لە نێو هەر دوو مۆڵگە چۆڵەکەی دووژمن هەڵکەوتوو لە بەرزایەکانی کوێزێ کەزاڵە بەسەر دەشتی وەزنێ‌دا جێگر بوون دەستەی سێهەمیش لە گەڵ شەهید حەمەنارستی لە نێوان ئێمەدا بوون بۆ کۆنترۆڵی هەردوو بەشەکەی دیکە. چاوڕوانی ئەوەمان دەکرد هێزی دوژمن بخەینە داوی خۆمان. تا سەعاتی ١٠ی بەیانی لە چاوەڕوانیدا بووین. بەڵام خەبەرێک لە هێزی دووژمن نەبوو!! ئەو ڕۆژە نەهاتن و سەردانیان نەکرد. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە، لە کۆبوونەوەی خۆمان‌دا بەرنامەکەمان گۆڕی و وامان دانا تازە کە هاتووین سەرێک لە ناوچە بدەین. پاشان بگەڕێینەوە بۆ بنکە. چونکی هێشتا هەوا زۆر سارد بوو، بۆ ئەوە نەدەبوو شەوێ لە دەرێ بمێنیەوە.
لە بەشی داهاتوو دا باسی ڕۆژی دووهەم دەکەم کە توانرا هێزی دووژمن بخەینە داوی خۆمان و دەستێکی باشیان لێ بوەشێنین.
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ نیزیک گوندی کۆدەڵێ
……………………………………………………

ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۵۶)
هەر وەک لە بەشی پێشوو دا باسم کرد دوای بەڕێکردنەوەی ئەو بریندارەی پێمان بوو، لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان کە تازە لە بناری قەندیل بەرەو ناوچە گەڕابوونەوە لە ناوچەکانی مەهاباد درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا. دوژمنیش هێزێکی زۆری لە ناوچەکانی گەورک و مەنگوڕایەتی کۆ کردبۆوە و زۆربەی گوندەکانی گرتبوو تا بە خیاڵ پێش لە چوونی ئێمە بۆ گوندەکان بگرێ بۆ ئەوەی نەتوانین خۆمان تەداروک بکەین.
ئەوەی ڕاست بێ ئێمە کەمێک فشارمان لەسەر بوو، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان گەشتەکانمان بەردەوام بوو. لە ناوچەی گەورکایەتی بووین، چەند شەوێک بوو بەهۆی گیرانی گوندەکان نەماندەتوانی خۆمان تەداروکات بکەین. بۆیە چەند شەوێک بێ نان بووین. لە درێژەی گەشتەکاندا ڕۆژێک بۆ مانەوە چووینە مووچەیەک لە پشتی گوندی “گرشیلان”، چاوڕێی هاتنی خاوەن مووچە بووین کاتێک ڕۆژ بۆوەوە، کابرای خاون مووچە هات و باسی ئەوەی کرد کە نێو گوند پڕە لە هێزی دوژمن. لە نێو مووچەکە لە گەڵ خاوەن مووچە قسە کرا کە بچێ بۆ نێو ماڵان و هێندێک نان و پێخۆرمان بۆ بێنێ بێ ئەوەی هێزی دووژمن هەست پێ بکات. کابرا ڕۆیی و زۆری نەکێشا لە ڕووبەڕووی خۆمان کە کۆنە پایەگایەکی لێ بوو، هێزێکی دووژمن هات بۆ ئەوێ. جا نازانم کابرا ڕاپۆرتی دابوو یان نا!!. جێگەی ئێمە باش نەبوو تەنیا هەر ئەو پۆلە دارە بوو کە لە تیایدا مابووینەوە، لەوێ ترازباین، دەکەوتنینە ژێر چاودێری ئەوەنەوە. خۆمان کۆکردەوەو ئامادە بووین، چەند کەسێک لە ئێمە بەهێواشی چوون بۆ لای نیگابانی خۆمان، ئێمەش بە فاسلە لە نێو باغەکە دەرکەوتین و کەوتینە بەر دەستڕێژی هێزی دوژمن. سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی لە وان دیار بووین بەسەختی تەقەمان لێ دەکرا. سەرەڕای تۆپباران و تەقەی هێزی دووژمن بەبێ زیان بۆ مەیدان‌چۆغە سەرکەوتین. ئەم شوێنە زۆر هەوراز و ناخۆش بوو. ئێمە لە مەیدان‌چۆغە بووین، تا ئێوارێ دووژمنیش ناوچەکەی تۆپباران دەکرد. ئێوارێ بەرەو دۆڵی گەنمان شۆڕ بووینەوە و لە نیزیک گوند چووین بۆ کۆخەکانی پشتی گوند. هەوڵمان ئەوە بوو کەمێک نان و پێخۆرما دەست بکەوێ، بەڵام بێ دەسکەوت گەڕاینەوە. کاتێک گەڕاینەوە بۆ لای برادەرانی دیکە هەر ئەو تیمە کە چووین بۆ نان وەک تیمی پێشڕەو بە قەڕاغ گوندی گەنماندا وەڕێکەوتین. دەمانهەویست لەوێ ڕەت بین.
ئەو تیمە بریتی بوون لە کاک سۆفی، قادر ڕەبەن، حوسێن سینگ‌شێر، کەریم ساڵەزادە و من. بەداخەوە ناوی کەسەکەی دیکەم لە بیرنەماوە. لە خوارماڵانی گەنمان کەوتینە کەمینی دووژمن!! لە هەموو لایەکەوە تەقەمان لێکرا. کە کەمێک دوور کەوتینەوە کاک سۆفی دیار نەما، ماوەیەک چاوەڕوان بووین سۆفی هەر دیار نەبوو. ئێمە پێمان وابوو شەهید بووە. تەنیا بێسیمێکمان هەبوو، ئەویش بە کاک سۆفی بوو. کاک سۆفی لە شوێنی خۆی، خۆ مات دەدات، هەر چۆنێک بێ لە گەڵ برادەرانی هێز تەماس دەگرێ و دەڵێ؛ بەتەنیا بەجێماوم. ئەوەندەی لەبیرم بێ کەوتبووە نێو زەلەوە و کەوشەکەی بەجێ مابوو. کەمینەکەیشی لێ نزیک بوو و ناشتوانێ خۆی دەرباز بکات. کاتێک لێی دەپرسن باشە لە کوێی؟! دەڵێ لە ڕاستی چراتۆڕەکەم!! چراتۆڕەکە مەبەستی مانگ دەبێ. بەهەر حاڵ دوای ئەوەی شوێنی خۆی بە کوڕەکان دەڵێ، بەبێسیم دەستەیەک لە پێشمەرگەکان پشت لە کەمینەکە دەگرن و تەقەیان لێ دەکەن و سۆفی ڕزگاری دەبێ.
ئێمە بەرەو “بناوەڕەشان” دەچووین کە دیتمان دیسان دەنگی تەقە دەهات، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێمە هیچ شتێکمان پێ نەبوو کە تەماس بگرین، نەماندەزانی تەقەکە چیە و هی کێیە. بەهەرحاڵ دوای ماوەیەک چاوەڕوانی بەرەو گوندی بەردەڕەش وەڕێ کەوتین. لە ئەوەڵین کۆخ لامان دایە. ماڵێک خەریکی خواردنی نان و چا بووین کە دەنگە دەنگی زۆر پەیدا بوو. کە نزیک بوونەوە مەعلووم بوو کە پێشمەرگەکانی خۆمان بوون. لەوێ یەکمان گرتەوە. هە رلەو دەوروبەرە ماینەوە. بەیانی کە بۆیان باس کردین کە کاک سۆفی لە شوێنی کەمینەکە کەوتۆتە نێو زەلکاوێک و نەیتوانیوە خۆی لە کەمینە کە دەرباز بکات. دوو ڕۆژ لەو دەوروبەرە ماینەوە و کەمێک خۆمان تەداروک کرد. دووبارە جارێکی دیکە بەرەو هەوارگەی مەیدان‌چۆغە گەڕاینەوە. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە و چاوەڕوانی هاتنەوی تیمی تەشکیلاتی شاروێرانمان دەکرد. شەوانە بۆ تەداروک دەچوینە گوندەکانی دەوروبەر. هەوا تەواو ساردی کردبوو. مەیدان چۆغەش گەلێک سارد بوو. دوای یەکگرتنەوە لە گەڵ هەموو تیمە تەشکیلاتییەکان، بە مەرزی بانەدا بە هاوکاریی هێزی ئاربابا و دوای مانەوی چوارمانگ لە ناوچە گەڕاینەوە بناری قەندیل بۆ ئەستێرۆکان.
ئەو ساڵە بۆ من ساڵێکی خۆشی ژیانی پێشمەرگایەتی بوو، چونکی بەڕاستی تەجرووبەی زۆرم وەگرت و شتی زۆر بەکەڵک لە تێکۆشەرانی هێزی پێشەوا فێر بووم. لە ماوەی مانەوەم لەو هێزە قەت بۆ جارێکیش هەستم بە جیاوازی نەکرد. بەڵکوو ئەوەی لەوێ فێری بووم ڕێز و خۆشەویستی بوو.
لە نیوەی زستانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی دا جارێکی دیکە نەقڵی هێزی گیاڕەنگ بوومەوە و کار و تێکۆشانی خۆم لەم هێزە دەست پێکردەوە . ئێستا کە ٢٩ ساڵ بەسەر ئەم ڕۆژگارەدا تێدەپەڕی، هەروا دەزانم ئێستایە.
سڵاو بۆ تێکۆشەرانی ئەو کاتەی هێزی پێشەوا بە پێشمەرگە و فەرماندە و کادرەکانەوە.
ڕێز و سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی لە ژیاندا ماون و کڕنۆش بۆ ڕۆحی پاکی هەموو ئەو کەسانە دەبەم کە لەساڵانی ئاخیردا شەهید بوون.
گێڕانەوەی بیرەوەریەکان لە ساڵی ١٣٧١ لە ناوچەی سەردەشت درێژەیان دەبێ.
وێنەی هەردوو فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات کاک عومەرباڵەکی وکا ک برایم چوکەڵی تێکۆشەرانی شەڕە حەماسیەکانی ناوچەی مەها باد و بۆکان .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *