بەشی:حەفتاو سێھەمی گەڕانەوە(٧٣) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:حەفتاو سێھەمی گەڕانەوە(٧٣) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
تێبینی:
داوای لێبووردن لە خوێنەرانی بیرەوەرییەکانم دەکەم کە لە بەشی رابردوو دا واتە،بەشی:٧٢ دا تووشی ھەڵەیەک بووم. ھەڵەکەم راست کردەوە،دیارە رووداوەکان وەک خۆی بوون تەنیا ھەڵەی من لە جیاوازی دوو زەمانی جیاواز بوو کە بە ھەڵە ھەر ئەو بیرەوەرییەی ئێستا دەینووسمەوە خستبوومە پاڵ ئاڵ و گۆڕێک لە ناوچەکەدا بە ھاتنی ھێزەکانی(PKK).
من وێرای داوای لێبووردنی دووبارە ،چاکم کرد.
لێرە رووداوەکان راستەقینەن و بەشی زۆری کاراکتەرەکان و شاھیدانی رووداوەکان لە ژیان دا ماون.ھەڵەیەک کارەسات نییە و دەتوانم بە ھاوکاری ھاوڕێکانم راستی بکەمەوە.سووپاسی کاک خدر بەگ و کاک حەسەن خۆشکەلام دەکەم بۆ تێبینی و سەرنجەکانیان و ئاگادار کردنەوەم لەو ھەڵەی تێپەڕیوە.
جارێکی دیکە ھەر کەسێک پێی وا بوو یا دڵنیا بوو من تۆسقاڵێک لە راستی رووداوەکان دەرچووم با ھەر لە ژێر پۆستەکە یا بە پەیام یا تەلەفۆن ئاگادارم بکات.
چەند جارێک ئەوەم نووسیوە من دەچمە نێو وردەکارییەکان و بە ئەدەبییاتێک لە باسی سەردەمەکە و وەسفی خووڵقێنەرانی دا دەینووسمەوە ،دەزانم کەسانێک ئەو شێوە نووسینە تێبینی”خۆیان ھەیە لە سەری! لەوەدا من جیاواز بیر دەکەمەوە. بە پێچەوانە ،بە چوون بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەو ئەوەی رووی داوە دەیکەمە بەڵگەی ئازایەتی کەسەکان و ئەوانەی بە گیانی خۆیان بوونە سەنگەری دیفاع لە کەرامەتی گەلی خۆیان ،جا ئەوە لە رێگا رۆیشتن و برسییەتی و تینووەتی و سەرمای سەخت بگرە تا کاتە ھەستیارو دشوارەکان. ناترسێم و راستییەکان وەک خۆی دەنوسمەوە تا ئەو جێگایەی بە چاو”دیتم-ن.
من لە سەر پشتیوانی خوێنەرانم حیساب دەکەم و بە گۆڕی ھاورێ شەھیدەکان سوێند دەخۆم لە راستی رووداوەکان دەرناچم.رەنجی ھەمووان دەخەمە سەر پێنووس بە پێی توانا.
…………………………………………………..
درووست بوونی شەڕ :
بە ھۆی بوونی کەمین ،تیم”ی شناسایی دەگەڕێنەوە دواوە ،ئەوە دووھەمین رۆژ بوو لەو شوێنە و لە سەر سنوور لە پەنا مۆڵگەکانی رێژیم چاوەروانی دەرباز بوونین. ئەوان کە دەگەرێنەوە لە گەڵ کاک حەمە نارستی”یەکتر دەگرنەوە ،با ئەوەش بڵێم: ئێمە ھێشتا لە خوارەوە چاوەروانین ،دەی! لەوێ باسی سنوورەکەو ھاتنی کەمین”ی دوژمن دەکەن ،ئەوان باسی زانیارییەک دەکەن کە بەو جۆرە دەبێ: باس لەوە دەکەن ،چەند کەس لە دوو مۆڵگەی نزیک ئەو شوێنەی ئێمە لێی مابووینەوە دێنە دەرێ و دەڕۆن بۆ دانانەوەی کەمینەکان”.بەو پێیە بێت ھێزی نێو مۆڵگەی نزیک ئێمە چەند کەسێکی دەرچووە لە پایەگا”بۆ دانانەوەی کەمین!
ئەو زانیارییە دەبێتە ھۆی ئەوە کە چەند فەرماندەیەک لە سەرەوەی ھەموویان کاک حەمە نارستی“بیر لەوە بکەنەوە کە بە پێی بەرنامەیەکی تووکمەو خافڵگیرانە ھێرش بکرێتە سەر مۆڵگەی دوژمن و ھەوڵی دەست بە سەر داگرتنی بدەین.
………………………………
جارێ لە سەر مەوقعییەتی پایەگا.
پایەگا کەوتۆتە سەر خاڵی سنووری(استعکامات)ێکی بە ھێز و بە چەند سەنگەرێکی پتەوی دیدەبانی“بە سەر ناوچەکەدا دەڕوانێ.خاک-ریزی بە ھێزو کاناڵێکی دایرەیی قووڵ تا حەددی پشتێند ،ھەڵکەوتوو لە سەر لووتکەی بەرزی چیاکە.
لە رووی پارێزگاری ،سیم“ی خارداری بە ھێز لە دەرەوەی سیم“خاردار مەیدانی چێنراو بە مین“.
بەو جۆرە پایەگا“بێننە بەرچاوی خۆتان.
ئاوا بوو ،زۆری پێناچێ بیری دەست بە سەر داگرتنی مۆڵگەکە بە تەواوی گەڵاڵە دەکرێ ،کاک حەمە بێسیم“ی کرد کە بەشی زۆری ھێزەکە بێتە سەرێ.
بە پەلە خۆمان بەست و بەرەو شوێنی ئەوان ھەڵکشاین ،بەشێکی کەم ھەر لەو شوێنە مانەوە.
کە سەرکەوتین لە شوێنێکی نزیک لە پایەگا“لە نێو دارەکان کۆبووینەوە ،تازە بەرەو ئێوارە دەچین و ھێشتا رووناکی ماوە ھەوایەکی گەرم شوێنێک کە کەس ڕووی تێنەکردووە.
لەوێ باس لە گرتنی پایەگا“و دابەش کردنی ئەرکەکان کرا.
جارێکی دیکە بیری دەخەینەوە بە ھیچ جۆرێک ھێرش بۆ پایەگا-یەکی مەرزی لە بەرنامەدا نەبووە. تەنیا شتێک لێرە پێویستە دووپاتی بکەینەوە ئەوەیە کە ھێزی پێشمەرگە زۆر جار لە بەرابەر رێگریەکانی ئەو ھێزانەی رێژیم کە لە رادەبەدەر دەبوونە بەربەست بۆ جووڵەی ھێزی پێشمەرگە دەبوونە ئامانج بۆوەی ببێتە جۆرێک لە ترس لە دڵیان دا. ئەوان زۆر جار لە رێگای خەڵکەوە پەیامەکانی ھێزی پێشمەرگە-یان دەبیستەوە.
ھێزی پێشمەرگە ،ئەوانەی لێرە لە مەیدان دا بە کردەوە شەڕی داگیرکاری دەکەن بژاردەی سەخت ھەڵدەبژێرن ،شەری ئێرە یەکێک لەو شەڕە قوورس و ئەستەمانە بوو کە لە نێو مەیدانی مین“دا بەرێوە دەچێت.
ئێستا کاتی دابەش بوون و دیاری کردنی تیم”کان ھاتووە ،ھێزەکەی ئێمە لە شوێنی مەبەست زۆر نزیکەو پشتی شەڕگە ئی خۆیەتی نەکەوتووینە قووڵایی ناوچە ،دیارە ئێمە کەوتووینە بەشی رۆژئاوای پایەگا. ئەو جادەی بۆ ناو مۆڵگەکە دێت بە ناو لێڕەوار دا دێت و کەوتۆتە رۆژھەڵاتی پایەگا“بەرامبەر پایەگا“بە مەودایەک بەرزاییەک ھەیە کە ئەویش لای رۆژھەڵاتەو ھاوتەریبی جادە-کە بەرز بۆتەوە ،لەو بەرزاییەوە دەکرێ دوو ئەرک جێبەجێ بکرێ ھەم تیم“ێک لەوێوە بە چەکی دوور ھاوێژ یا نیوە قوورس لە پایەگا“بدەن ھەم ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێ رێگری بکرێ لە ھاتنی ھێزی یارمەتیدەر کە تەنیا لەوێوە دەتوانن بە ھاواری پایەگا“وە بێن.
دابەش بوون:
١-تیم“ێکی زۆر باش بە فەرماندەیی خالید نێوچوانی(خالید نێوچوانی شەھید بووە)لێرە رەنگە دەرەفەت نەبێ لە سەری بنووسین بەڵێن بێ دوای چەند نووسینێک ،ھەیبەت و چاو نەترسی ئەو فەرماندەش بۆ ئێوەو نەوەکانی داھاتوو باس بکەین ،خالید لە رەگەزی ورەو حەماسەتی رۆڵە کوردێک بوو کە دەبێ چیرۆکەکانی ون نەبن چاوەکانی تیژو گوورج لە مەیدانی شەڕدا حەماسەی دەخووڵقاند ئەو بەیداخی باوەڕێک بوو لە سەختی. ئەو تیم“ە ،لەوێوە پایەگا ئاور باران دەکەن و دەبنە چەترێک بۆ تیم“ی ھەڵمەت بەر.
٢-تیمی ھێرش پێک ھاتوو لە چەندین کووڕی ئازاو چاونەترس بۆوەی لە لای رۆژھەڵاتەوە خۆیان بگەیننە ناو سەنگەرەکانی پێشەوە.
٣- تیم“ێک لە لای رۆژئاواڕا ببن بە پشتیوان بۆ تیمی“ھێرش تا باشتر بتوانن ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن.
جا ئێستا لە سەر ئەو تیم“ە ،چەند شتێک ھەیە وەک خۆی باسی بکەم چۆن من لە گەڵ ئەو پۆلە پێشمەرگە بووم.
قەرار بوو لە تیم“ی ھێرش بم ،بابم کردی بە کێشەو رێگای نەدا ،گووتی: دەبێ لێرە بمێنییەوە من دەچم! ئەوە بوو کاک حەمە نارستی رازی بوو کە ھەر دووک بەیەکەوە لە گەڵ ئەو تیم“ە بین کە وەک پشتیوان لە لای رۆژھەڵاتەوە سەنگەر دەگرین، دەبووین بە پشتیوان بۆ تیمی ھێرش و بەرە بەرە دەچووینە پێشەوە بۆوەی لە کاتی پێویست دا ھەماھەنگی تەواو لە نێوانن دا ھەبێ.
با جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لەوەی کە لای رۆژھەڵاتی پایەگا“مین رێژ کرابوو ،بەو پێیە بێ نابێ بە ھیچ جۆرێک تاریکی بە سەر دابێ کە ھەموو پلانی”ھێرش دەبێ کۆتایی بێت.
……………………………………
ئێمە لێرە بۆ ئازادی دەجەنگین و بەیداخی باوەرێکی باوەرێکی مەزنین.
……………………………………
بۆ بەشی کۆتایی …….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *