ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٩) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٩) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
هەر وەک لە بەشی ۶٨ باسم کرد، دوای کەوتنەکەمین لە گوندی گەڵوو و ڕزگاربوونمان بەبێ زیان، گەشتی سیاس و نیزامی خۆمان لە ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت درێژە پێدا. سەردانی چەندین گوندی ناوچەکەمان کرد؛ شەوێک چووینە گوندی مەزرا، بۆ مانەوە چووینە چیاسووراو. ئەو ڕۆژە واساغ بووینەوە کە حەیوانێک بکڕین و سەری ببڕین. لای سەعاتی دوازدە و نیو هەموومان بۆ خواردنی نان و چایی لە دەوری یەک کۆبووینەوە تا گوێ بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان بگرین. کاتێک ڕادیۆ کوردستان بەرنامەکانی دەست پێکرد هەر لە سەراتاوە دەرکەوت خەبەرەکان خۆش نین و ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ۱۳۷۵/۵/۱۵ خەبەری هێرش بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی لە کۆیە بڵاو کردەوە؛ کە هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی بە تۆپخانەی قورسەوە دەگەنە چیا ی هەیبەت سووڵتان و تەواوی بنکە و بارەگاکانی حیزب دەکەنە ئامانج. زیاتر لە سێ هەزار گوللەتۆپ و کاتوێشا بەرەو بنکەکانی دەفتەری سیاسی دەهاوێژرێن ئای ئەم ڕۆژە کە ڕۆژێکی چەند ناخۆش بوو. ئێمە هەموومان ناڕەحەت و نیگەران بووین و نەماندەزانی چارەنووسی حیزبەکەمان بە کوێ دەگات. هەرچۆنێک بێ لە گەڵ تیمەکەی دیکە پیوەندیمان گرت. هەرچەند لەو کاتە دا بێسیمی ڕاکاڵەکەمان خراپ ببوو، ئەوانیش نەیانتوانی بوو لە گەڵ مەرکەز پێوەندی بگرن. بەڵام لە گەڵ ئێمە لە تەماسدا بوون. سەرنجام یەکێک لە پێشمەرگەکان ئامادە دەکرێ کە بینێرنەوە تا خەبەرێک وەرگرێ. ئەوەی لەبیرم بێ، کاک عوسمان زەردەکانی ئەو ئەرکە وە ئەستۆ دەگرێ و جێبەجێی دەکات.
دوای گەڕانەوەی عوسمان و وەرگرتنی ئاخیر خەبەر لە کۆیە، وا ساغ بووینەوە کە هەموومان یەک بگرینەوە. ئێمە لە گەڵ ئەو تیمەی کاک حەسەن قادرزادە ڕۆژی دوایی لە نیزیک گوندی بووبانە یەکمان گرتەوە. تیمەکەی دیکەش لە ناوچەی هۆمل بەرەو لای ئێمە دەگەڕێنەوە. دوای شەوێ ۱۳۷۵/۵/۱۸ دەچنە گوندی بێورانی خوارێ لە نێو گوند لە گەڵ هێزی دوژمن دەرگیر دەبن. تەقە و لێکدان دەست پێ دەکات، هێزی دوژمن دەوری گوند دەگرێ. بەڵام پێشمەرگەکان بە هاوکاری چاوساغەکان یان باشتر بڵێم پێشمەرگەکانی ئەم گوندە، بە تایبەت کاک محەمەدی مام ئاغا، تێکۆشەری قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەبات لە گوند دەردەکەون. لەو تەقە و لێکدانەدا کاک سەید قادری حوسێنی، پێشمەرگەی ڕۆژەسەختەکانی خەبات بریندار دەبێ و بەرەو لای ئێمە دەگەڕێنەوە. سەر لە بەیانی ئەم ڕۆژە هەموومان لە ڕشتەچیای سووراو یەکمان گرتەوە. بەڵام خەبەرمان بۆ هاتبوو کە هێزی دوژمن دوای ئەم هێرشە بەرەو ئێران گەڕاوەتەو.
دوای ئەم هێرشە، دەفتەری سیاسی هەموو هێزەکانی ئاگادارکردنەوە کە دەبێ بگەڕێنەوە. ئەوە بوو بە پەلە دەست کرا بە گەڕانەوەی هێزەکانی حیزب بەرەو دەفتەری سیاسی. گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناچاری بۆ باشووری کوردستان لەو کاتەدا زۆر قوورس بوو، چونکی هەموومان دەمانزانی ئەم گەڕانەوە چۆڵکردنی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر فشار دایە. ئەگینا کاتی گەڕانەوە نەبوو. لەو سەروبەندەدا کۆماری ئیسلامی لە ناوچەش فشارێکی زۆری بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان درووست کردبو. سەرەڕای فشارەکان بەرەبەرە هێزەکان گەڕانەوە، بەڵام ئەوەی لەبیرمە، کومیسوێنی سیاسی – نیزامی لە گەڵ کومیتەی شارستان و هێز قسەیان کردبوو کە تا گەڕانەوەی هەموو هێزەکان، دەبێ تیمێک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە ناوچە بمێنەوە بۆ ئەوەی ئەگەر هێزێک پێویستی بە هاوکاری ئێمە بوو، هاوکاری بکەین.
ئێوارێ لە کۆبوونەوەیەک‌دا بڕیار درا کە هێزەکەی ئێمەش بگەڕێتەوە. بەڵام تیمێک بە سەرپەرشتی فەرماندەری هێزی گیاڕنگ، حەمە نارستی، تێکۆشەری ڕۆژە سەختە کانی خەبات لە گەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە و فەرماندەی دیکەی ئەو هێزە لە ناوچە وەمێنین کە منیش یەک لەو پێشمەرگانە بووم. شەوێ هەموومان بەسەریەکەوە چووینە گوندی وەردێ. ئەو تیمەی کە دەگەڕایەوە ئێوارێ لە نزیک گوندی وەردێ لە ئێمە جیا بوونەوە. ئێمە چووینە نێو گوند و ئەوانیش بەەرو بنکەی سابت گەڕانەوە. ئێمەش لە ناوچە ماینەوە و تا هەموو هێزەکانی ناوندی کوردستان گەڕانەوە درێژەمان بە گەشتی خۆمان دا. کاتێک هێزەکان ناوچەیان چۆڵ کرد، بە بڕیاری دەفتەری سیاسی فشار لە سەر ئەو تیمەی ئێمە زیاتر دەبوو، هێزێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکە هێنرابوو بۆ ناوچەی سەردەشت تا ئێمە لە داوی خۆیان بخەن. بەڵام توانرا بە هوشیاری هەموو کادر و پێشمەمەرگەکان پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکرێنەوە.
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگە کانی هێزی گیاڕەنگ

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *