ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶١) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶١) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
بۆ گێڕانەوی بیرەوەریی ئەم جارە ڕوو لە ناوچەی ئالانی سەردەشت دەکەم. ئەو ناوچەی کە بە درێژایی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان هەمیشە شوێنی حەسانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە. خەڵکی ئەم ناوچە لە کاتە هەستیارەکاندا پشتیوانی هەر بەهێزی جووڵانەوە بووە. بەتایبەتی لە ساڵەکانی ۴۶ و ۴٧ ئەو کاتەی کە ڕێژیمی [شا]ی ئێران وەک جەزیرەی ئارم ناو دەبرد بەڵام لەو کاتە ئاستەمەدا خەڵکی ناوچەی ئالان بە دڵ و گیان هاوکاریی کادر و پێشمەرگەکانیان دەکرد.
ناوچەی ئالانی سەردەشت بەهۆی میلیتاریزەبوونی لە دەورانی شەڕی عیراق – ئێران‌دا کەمتر پێشمەرگە دەیتوانی هەڵسووڕانی تێ دا هەبێ. بەڵام بە دوای کۆتایهێنانی شەڕی نەگرسی عێراق و ئێران، کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆری ئەو ناوچەی چۆڵ کرد و تەنیا چەند پایەگایەکی هێزی دوژمن لە ناوچەکە مانەوە. یەک لەو مۆڵگانە، گوردانی هێزە بەکرێگیراوەکانی دوژمن هەڵکەوتوو لە پشتی گوندی بێژوێ بوو. ئەم گوردانە هەرچەندی بڵێی مەحکەم بوو، چوونکی هەمیشە لە ژێر ئاگری تۆپخانەکانی ئەرتەشی عیراق‌دا بوو، بۆیە زۆر قاییم درووست کرا بوو و هێزێکی زۆری تێدا جێگیر کرابوو.
ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، لە چەند کۆبوونەوەی جیادا بڕیار درابوو هێزی گیاڕەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت کە ئەو کات کاک مستەفا مەولودی، بەرپرسی کومیتەی شارستان بوو و کاک حاجی جوندی فەرماندەری هێز و کاک حەمە نارستی جێگری هێزبوو، لە ناوچەی ئالانی سەردەشت عەمەلیاتێک لەسەر هێزی دوژمن بەڕێوەبەرن. بەڕێوەبردنی ئەم عەمەلیاتە بوو بەباسی نێو کۆبوونەوەکان. دوای شناسایی ورد و دەقیقی فەرماندە تێکۆشەرەکانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ، گوردانی بێژوێ هەڵکەوتوو لە ناوچەی ئالانی سەردەشت دەست نیشان کرا و هەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم گوردانەی دوژمن جێبەجێ کرابوو.
وەرزی سارد و سەرما بوو، بێجگە لە گوردانی بێژوێ، چەند پایەگایەکی دیکەش لە ناوچەکە هەبوون. بەڵام هەموو لایەنەکانی جۆری بەڕێوەبردنی ئەم حە مەلیاتە بە دەقیقی لێک درابۆوە و کاری پێویستی بۆ کرا بوو. هەر لە گوندی شیوەڕەز، واتە بنکەکانی خۆمان هەموو دەستەکان تەقسم کران، ئەوەندەی لە بیرم بێ هەموو هێزەکە کرا بە شەش دەستە؛
دەستەی یەکەم وەک دەستەی هێرش بۆ سەر گوردان دیاری کران، دوو دەستەی دیکە لە سەر دوو تەپۆڵکەی زاڵ بەسەر گوردان‌دا دامەزران تا بە ئاوری چەکەکانیان وەک ئارپیچی، قەناسە و بی‌کەی‌سی، گوردان بخەنە ژێر ئاگری خۆیان و لە ژێرئاوری ئەم دوو دەستەدا دەستەی هێرش، هێرشی خۆیان بۆ سەر دووژمن دەست پێ بکەن. دەستەی چوارەم کە لە کۆبوونەوەی فەرماندەکان‌دا من وەک مەسئولی دەستەی کەمین دیاری کرام لە شاخە سووری پشتی گووردان شوێنی دەستەی ئێمە بوو کە هەم دوور بوو هەم هەمووی بەفر بوو، زۆر سارد بوو. دەستەی پێنجەم بۆ پایەگای نێو ماڵان دیاری کرا بوو. دەستەی شەشەم لە زینوێی بناوێ جێگیر بوو و دۆشکەیان لەم شوێنە دامەزراند. چونکی زیاتر بیر لەوە دەکرایەوە؛ ئەگەر هێزی هەوایی بێت بەهاواری گوردانەکەوە، ئەم دۆشکەیە دەیتوانی ڕۆڵی باشی هەبێت. بە هۆی کوێستانی بوونی چیای هۆمل و بەفری زۆر و دووریی ناوچەی ئالان لە شاری سەردەشتەوە، هاتن بەهانای هێزی دوژمنەوە هەروا ئاسان نەبوو. بەم جۆرە سازماندەهییە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ خۆیان بۆ شەڕێکی قورس لە گەڵ هێزی نێو گوردان ئامادە دەکرد.
وا بڕیار درابوو کە لە گەڵ ڕوناکایی بەرەبەیان لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرش بۆ سەر دوژمن دەست پێ‌بکەن. هەر لە بەیانیەوە لە نێو بنکەکانی هێزی گیاڕەنگ‌دا پێشمەرگەکان لە جموجۆڵ‌دا بوون. زۆربەی کوڕەکان چاوڕێی ئەوەیان دەکرد لە دەستەی هێرش‌دا بن. بەڵام خۆناکرێ هەموو لە دەستەیەدا سازمان بدرێن. دوای کۆبوونەوە ناوی نەفەراتی هەموو دەستەکان خوێندرایەوە، هەموویان مەعلووم بوو لە کام دەستە دان. ناوی مەسئوولی دەستەکانیش خوێندرایەوە. بەم جۆرە زۆربەی هەرە زۆری کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە دەستەکان‌دا سازمان دران و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەیی بوون.
دەستبەسەرداگرتنی گوردانی بێژوێ و ئەنجامدانی عەمەلیاتێکی گەورە و بەرچاوی ئاوا هەڵدگرێ زۆر شتی لە سەر بنوسرێ. لە بەشەکانی دیکەدا بە وردی باسی لایەنەکانی ئەم حە مەلیاتە دەکەم و ئازایەتی و قارەمانەتیی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ بۆ ئێوە دەگێڕمەوە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *