ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ٧٠) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ٧٠) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ناوچەکان‌دا لە سەر بڕیاری حیزب لە قووڵایی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو باشوور وەڕێ کەوتن. کەش‌وهەوایەکی ناخۆش لە ئارادا بوو، هەموومان خەفەتمان لەم ڕۆژگارە دەخوارد کە بە ناچاری بەسەرماندا سەپابوو.
بەرەبەرە کۆتایی گەڕانەوەی هێزەکان بوو، ئەو جار پەیام بە ئێمەش گەیشت و ئاگادارییان کردینەوە کە بگەڕێینەوە، چار نیە و دەبێ لە قسەی سەرەوەی خۆمان دەرنەچین. لە ئێوارەیەکی درەنگ وەخت‌دا وەک دوا ماڵئاوایی لە چیای سووراو بەرەو مەرزی مەزرا وەڕێ کەوتین. مەرز میلیتاریزە کرابوو، دەمانزانی هێزی زیادی لێ جێگیر کراوە بۆ ئەوەی دوایین زەربەی خۆیانمان لێ بدەن. کاتێک نزیکی مەرز بووینەوە پشوویەکی کورتمان دا. دەبێ لێرە وریا بین، تیمی پێشڕەو بەرەو مەرز جووڵا، زۆری نەکێشا کەوتنە کەمینی هێزەکانی دوژمن و تەقە دەستی پێکرد. دوای چەند خولەک تیمی پێشڕەو بە بێ زیان گەڕایەوە. ئەو شەوە نەمانتوانی دەرباز بین، گەڕاینەوە و لە شوێنک ماینەوە. بۆ شەوی دووهەم ویستمان لە نزیک “قاسمەڕەش” خۆ دەرباز بکەین. لەوێش نەکرا، دووبارە ناچار بە مانەوە بووین. فشارەکان زیاتر دەبوون؛ ئێوارە لە کۆبوونەوەدا وامان بڕیار دا کە لە پشتی ماڵی ئاوایی کانیەزەرد خۆمان دەرباز بکەین بۆیە هەر لە ئێوارێوە ئەو شوێنەمان خستە ژێر چاوەدێری. تا کاتی وەڕێکەوتن لەبیرمە شەهید حەمەنارستی گووتی؛ ئەگەر کەمینیش بوو ناگەڕێنەوە و هێرشیان بۆ دەکەین. کاتێک نزیک بووینەوە من و سێ کەسی دیکە وەک تیمی پێشڕەو چووین. دەستەوتفەنگ خۆمان گەیاندە سەر مەرز خەبەرێک لە هێزی دووژمن نەبوو. بێسیممان کرد، ئەوانیش هاتن بەسەر سیمی خارداردا ئاودیوی گوندی تووژەڵ بووین. ئەو دیوی سیمی خاردارەکە مینگوزاری بوو. چار نەبوو دەبێ بە وشیاری لەوێش تێپەڕ بین. شانسمان بوو لە ژێر پێمان‌دا نەتەقینەوە.
دوای سێ ڕۆژ گەڕان بە دەوری مەرزدا، توانیمان لە مەرز دەرباز بین. لەوێمان نەجاتی بوو ئەوجار نۆرەی باشوور بوو، لە باشوور هەرچەند بڵێی وەزع خەراپ بوو شەڕێکی نەخوازراوی براکوژی لە گۆڕێدابوو گەیشتنەوە. لەوێش بۆ بنکە کارێکی ئاسان نەبوو، لە کومیتەی شارستان لە گەڵمان لە تەماس‌دا بوون. پەیتاپەیتا دەیانگوت وریا بن. بۆ سەر کێوی مامەندە سەرکەوتین، لەوێ کۆبووینەوە کەچۆن بگەڕێینەوە. لە کۆبونەوەکەدا واساغ بووینەوە کە خۆمان بچین بۆ ئاسایشی قەڵادزێ. هەرچەند من موخالیف بووم و دەمتوانی بە شوێنێکدا دەربازیان بکەم کە تا دەربەند هیچ سەیتەرەیەک نەمانبینێ بەڵام بەقسەی منیان نەکرد. سواری ماشێن بووین بۆ ئاسایشی قەڵادزێ کاتێک چووین دوای ماوەیەک وەستان لە حەساری ئاسایش لە سرت و خورتی بەرپرسەکان دیاربوو شتێک لە گۆڕێ‌دا بوو. بەرپرسی ئاسایش هەر نەدەهات بۆ لامان. ئێمەش زۆرمان لا سەیر بوو، بەڵام بە هاتوچۆی بەرپرسەکان دا دیار بوو شتێک هەیە. ئاخرەکەی گوتیان وەرن بۆ ئەو ژوورە. کە چووینە ژوورێ، یەک لە بەرپرسان هات و گووتی؛ خەجاڵەتم دەبێ چەکەکان دانێین، ئەمرمان پێ کراوە!!. نەدەکرا بڵێی نابێ، ئێمەش لەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەحەتیەوە چەکەکانمان دانا. بەڵام دەکرێ بڵێم ئەوە یەکێک لە ساتە ناخۆشەکانی ژیانمان بوو، هەرچەند هێندێک زۆر نێگەران بوون، بەڵام چارە نەبوو. کارم بەوەی نیە کە چەکیان کردین و بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام خوا هەڵناگرێ زۆریان ڕێز لێ گرتین. شەوێ لەوێ ماینەوە. لە ماوەی ئەم شەو و ڕۆژەدا جۆرها فکر و بیری ناخۆشبە زەینماندا دەهات و دەچوو. بەڕاستی شەوێکی زۆر ناخۆش بوو.
شەهید حەمەنارستی هەر داوای کاک ڕەحیمی حاجی خدری دەکرد و بەرپرسانی ئاسایشیش دەیانگووت؛ لەماڵ نیە. ئێوارەکەی هاتبوو بۆ دیوەکەی خۆی و کاک حەنارستی و کەریم تووژەڵیی لە گەڵ خۆی برد بۆ ماڵی خۆی و ئێمە لەوێ ماینەوە. دڵنیایی دابوو کە هیچ نابێ.
بەیانی کاک ڕەحیم هات و چەکەکانیان پێ داینەوە، بۆ نەهار چووین بۆ ماڵی ئەوان. دوای خواردن بە ماشێنەکانی کاک ڕەحیم تا کۆیە بەڕێ کراینەوە. دیارە جێی خۆیەتی لێرە دەستخۆشی لە کاک ڕحیم حاجی خدر بکرێ کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، یەکێک لە دۆستە بەوەفاکانی شۆڕشی کورد لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان بووە. من ئاگادارم و دەزانم چەند چاکە و پیاوەتی لە گەڵ کردوین.
دوای گەڕانەوە بۆ کۆیە، چووینەوە بۆ دێگەڵە(هێزی گیاڕەنگ لە دێگەڵە بوو). دوایی بۆمان دەرکەوت کە بڕیار درابوو ئێمە زیندانی بکەن بەڵام کاک ڕەحیم قبووڵی نەکردبوو و گوتبووی؛ ئەگەر ئەو برادەرانە زیندانی بکەن، ناچمەوە ئاسایش و واز دێنم. بەم جۆرە ئەوە ئاخرین جەولەی هێزی پێشمەرگە بوو لەو ساڵە دا.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *