ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ٧١) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ٧١) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
ئەو هێزانەی کە شوێنی کاروتێکۆشانیان سنوور بوو بێجگە لە کاروباری حیزبی لە ناوچە کانی خۆیان، ئەرکێکی دیکەشیان لەسەر شان بوو.
کاتێک کە هێزی پێشمەرگە بەرەو ناوچەکان دەگەڕانەوە،
دە بوایە بۆ دەرباز کردنیان لە مەرزەکان هاوکاریان باین. هێزی گیاڕەنگ ساڵانە هاوکارییەکی زۆری هێزەکای بەیان، زمزیران، پێشەوا و چەند جارێکیش هێزەکانی دیکە بوون.
بۆ چوون و گەڕانەوەیان لە کاتە هەستیارەکان دا. بە تایبەت ئەوکاتەی تووشی شەڕ دە بوون یان برینداریان دەبوو. ئەوانەی ئەو کاتە پێشمەرگە بوون دەزانن کە ڕاگواستنی بریندارەکانی شەڕ چەند ناخۆش بوو. دەکرێ بڵێم یەکێک لە ئەرکە قورسەکان بوو. بەڵام بێگوێدان بە قورسی سەختییەکان، بۆ دەربازکردن و کەمبوونی ئازاری جەستەیان، ئەوەی لە دەستمان هاتبا دەمان کرد و درێغیمان نەبوو. ئەگەر بە خۆهەڵکێشان بۆم لەقەڵەم نەدرێ، یەکێک لە ماندووترین کەسەکانی هێزی گیاڕەنگ بووم بۆ ئەو ئەرکە. لەو بارەو لە گەڵ چەند هاوڕێی دیکە زۆر ماندوو بووین، بۆیە تا ئێستاش شانازی بەو ئەرکەوە دەکەم.
ساڵی ١٣٧٣ بەڕێکردنەوەی هێزی بەیان کە ئەوکاتە سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی هێزی گیاڕەنگ بووم کەوتە سەر شانی ئێمە. لە گەڵ چەند کەسێکی دیکە و بە هاوکاری کۆمیتەی بووڵفەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە لە زەویەسپی‌یەوە بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. لە “گۆجاڕ”ێ ڕا بەرەو “دۆڵەکۆگێ” وەڕێ کەوتین. ڕوژەکەی لە دۆڵەکۆگێ کە شوێنێکی زۆر سەختی ناوچەکەیە، ڕێگەیەکی دژواری هەیە ماینەوە. لە چۆمی سوونێ تاسەر مەرزی دەشتی وەزنێ هەمووهەورازەشاخی زۆر سەخت و ناخۆشە. بە ئیردای پێشمەرگانەی ئەو کات توانیمان ئەم ڕێگە دوور و درێژ و سەختە ببڕین. ڕۆژەکەی لە دۆڵەکۆگێ ماینەوە، ئێوارێ بەرەو مەرز وەڕێ کەوتین. لە پێش‌دا من لە گەڵ چەند کەسێکی تیمی پێشڕەو بەرەو بەرزایی دەشتی وەزنێ وەڕێ کەوتین. ناوچە هەموو مین‌گوزاری بوو. بەڵام دەکرا تا نزیک مینەکان بە ڕۆژێ بڕۆی. بەڵام وەک پاتیزانێک نابێ خۆت بخەیە بەرچاوی دوژمن. کاتێک چووینە سەر مەیدانی مینەکان ئەوانی ڕێگر بوون لە سەر ڕێمان لابردن، یان باشتر بڵێم هەڵمان گرتنەوە. توانیمان ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و ئەو هێزە بەرەو ناوچە دەرباز بکەین. کاتێک تاریک داهات، بەرەو دەشتی وەزنێ شۆڕ بووینەوە. بە وریایی و ئارامی ئەوێشمان تێپەڕ کرد. کاتێک لە جادەی ئاڵواتان بۆ ساوان پەڕینەوە، من بە کاک عومەری باڵەکیم – کە ئەو کات بەرپرسی کومیتەی شارستانی بۆکان بوو – گووت؛ ئەرێ بۆ نەچم لەو چادرانە خەبەرێک وەرگرم. قسەمان دەکرد، کاک عومەر خەریک بوو بڵێ؛ باشە!! لە ناکاوغەفوور ڕیشی هات و گوتی؛ ئیجاەی مەدە، ئاشکرا دەبین!!. لە ئاخیردا کاک عومەر تەسلیمی قسەی کاک غەفوور بوو،منیش لەدڵی خۆمدا تووڕە بووم. بەڵام هیچم بۆ نەکرا، هەربە تووڕەیی‌یەوە وەک نەفەری یەکەم بەرەو هەورازی “پڕکانیان” پێش کەوتم. دوای بڕینی ڕێگەیەکی درێژ و ناخۆش، بۆ مانەوە چووینە جەنگەڵی خوار “سەری گۆمێ”. کاتێک لەوێ جێگیر بووین، کاک حەسەن خۆشکەلام و کاک غەفوور بەیەکەوە قسەیان دەکرد، دوای چەند دەقیقە هاتن بۆ لای من و گوتیان ئێمە کارمان هەیە ئەو شۆ دەچین بۆ خوارێ لە فڵانە شوێن دەمێنینەوە. من پێم باش نەبوو، بەڵام گووتم؛ باشە سپەی شەوێ لە کوێ یەک دەگرنەوە؟! کومیتەی بووڵفەت چوار کەس بوون، لە ئێمە جیا بوونەوە وئەوان ڕۆیشتن. بەڵام من هەر نیگەران بووم. چونکی دەمزانی لەکوێ دەمێنەوە. ئێمەش لای هێزی بەیان ماینەوە تا شەوێ. ئێواری بەرەو جادەی سەردەشت – پیرانشار شۆڕ بووینەوە. لە نزیک گوندی “نەبیاوا” هێزی بەیانمان تەحویلی هێزی زمزیران دا و ئێمەش لە گوندی “مووسالان” لە کۆمیتەی بووڵفەت یەکمان گرتەوە. ئەوان بەرەو ناوچەی ڕەبەت و ئێمەش دوای ئەنجامی وەزیفە لە ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت درێژەمان بە ئەرکی حیزبی دا.
با ئەوەشم لەو بیر نەچێ؛ چوونی من بۆ ئەو چادرانە کە نەیانهێشت بچم لە گەڵ چوونی کاک غەفەوور بۆ ئەو شوێنەی کە ئەو شەوە بۆی چوون، یەک شت بوو. بەڵام غەفوور بە زیرەکی خۆی قەناعەتی بە کاک حەسەن خۆشکەلام هێنا بوو بۆ چوونی بۆ ئەو شوێنە و چوونەکەی منیشی پەک خست. ئێستا کە غەفوور ئەم بیرەوەرییە دەخوێنێتەوە دەزانی باشی بۆچووم.
بەشی کۆتای ئەم جەولە لە بەشی ٧٢دا بۆ ئێوە بەڕێزان دەگێڕمەوە …
وێنە پێنج کەسیەکە لە ڕاستەوەبەکرە سێوە تاڵی عەلی سوورە چۆمی هەمزە عەزیزی شەهید سەعدون مارەغانی خدربەگ .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *