ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە ) به‌شی ٧٢ له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
هەروەک لە بەشی حەفتاویەک‌دا باسم کرد بەرەبەرە ئێمە لە کۆتایی ئەو ئەرکەدا بووین کە بۆمان دیاری کرابوو، دەبوایە لە گەڵ تاریکی هەوا لە نزیک گوندی نەبیاوا هێزی بەیان تەحویلی هێزی زمزیران بدەین. دوای تێپەڕین لە جەنگەڵەکانی پشتی نەبیاوا و سێکۆ لە نزیک گوند، لە گەڵ هێزی زمزیران یەکمان گرتەوە. ئەوان بەرەو ناوچەی ڕەبەت لە گەڵ هێزی بەیان و ئێمەش بەرەو ناوچەی خۆمان ماڵئاوایمان لەیەک کرد. بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی ڕێگا و مەترسیی جێبەجێ نەبوونی ئەو ئەرکەی بۆمان دیاری کرا بوو، خەفەتی غەفوورم هەر لە دڵدا بوو دوای جیابوونەوە لەوان، ئێمەش بەرەو گوندی مووسالان چووین. لە نێو گوند لە گەڵ تیمی بووڵفەت یەکمان گرتەوە و دوای جێبەجێ کردنی ئەرکی حیزبی لە گوندی مووسالان بەرەو جەنگەڵ وەڕێ کەوتین. ئەو شەوە هیچ خەبەر لە دوو شتی شەوی پێشێ نەبوو. واتە ئیزن نەدانی من بۆ چوون بۆ چادرەکانی ئاڵواتان. چووینەوە نیزیک ئەم شوێنەی کە کاک غەفوور و خۆشکەلام شەوەکەی لە ئێمە جیابوونەوە، تا بەیانی هیچ نەبوو، بەیانی لەگەڵ ڕووناکیی هەوا بەزمەکە دەستی پێکرد دوای باسێکی زۆری ئەم ڕۆژە، کەمێک مۆڕبوونەوە و قەڵس بوون لە یەکتر، دوبارە ئێوارێ لە گەڵ غەفوور ئاشت بووینەوە و درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا. ئێوارێ وا ساغ بووینەوە کە بۆ شەوێ بچینە گوندی بریتەی سەر جادەی پیرانشار – سەردەشت. سەر لە ئێوارێ بەرەو گوند شۆڕ بووینەوە، تا گوندەکە لەژێر چاوەدێری بگرین. چونکی لە نزیک گوند پایەگایەکی گەورەی لێبوو کاتێک نیزیک بووینەوە بۆمان دەرکەوت کە دەوروبەری گوند کەمینی هێزی دوژمنی لێ جێگیر کراوە بۆیە بەرەو دواوە گەڕاینەوە و بەرەو داوێنی چیا گۆمێ سەرکەوتین کە ئەو ساڵە ئەویش یەکمجار بوو کە مۆڵگەی دوژمنی لێ دانرابوو. لەسەر کانی‌قاسم پشوویەکمان دا. دوای خواردنەوەی ئاوی ساردی ئەو کانیاوە، لە سەر ئەوە ساغ بووینەوە کە بۆ مانەوە بچینە گوندی گردێنە کە دوو ماڵی لێ مابوون. ئەوانیش هاوینان گوندیان بەجێدەهێشت و دەچوون بۆ چادران. ئەو دوو ماڵە یەکیان ماڵی خاڵم بوو، ئەوەی دیکەش هەر خزم بوو. ئەو تیمە دە کەس بووین، ئەوانەی لە بیرم مابن بریتی بوو لە: حەسەن خۆشکەلام، غەفوور ڕیشی، عەلی شێلمان، لوقمان، کەسرایی، خدر بەگ، شێخە قەلەڕەشی، تۆفیق مارەغانی و موتەلیب ڕەسووڵی. بەداخەوە ناوی ئەو چەند کەسەی دیکەم لەبیر نیە. لە نزیک ماڵان بووین بە دوو دەستە؛ من و چوار کەسی دیکە بۆ خانوە چۆڵەکەی ماڵی خاڵم، غەفوور و چوار کەسەکەی دیکەش بۆ ماڵی پوورئامانێ. دەمانزانی بەیانی هەردووکی ئەم خانوانە نەفەریان بۆ دێ. شەوێ لە دەرەوەی خانوەکە خەوتین. بەیانی زوو چووینە ژوورێ. کە چووینە ژورێ، کێچ فشاریان بۆ هێناین کە بەڕاستی زۆر ناخۆش بوو. بەڵام چارە نەبوو، دەبا تەحەمول بکەین. بەیانییەکەی چاڕوانی ماڵی خاڵم دەکرد. زۆری نەکێشا ڕۆحی شاد بێ خاڵ پەیدا بوو. منیش لە پەنجەرەکە بە هێواشی بانگم کرد، کە هاتە ژوورێ زۆری پێ ناخۆش بوو. بە هێواشی گوتی؛ جا ئێرە بۆمانەوە دەبێ؟ ئێمەش گوتمان لەوەی گەڕێ خاڵە کەمێک نانمان بۆ بێنە لە گەڵ یەک کتری چا. قەولی پێ‌داین، بەڵام خاڵ هەر دیار نەبوو!! منیش زۆر ناڕەحەت بووم. هەم برسیمان بوو، هەم ئارەزووی چامان دەکرد.
ئەو تیمەی دیکەش کاتێک بە بێسیم قسەمان دەکرد، دیان گووت ئێمە هەموو شتمان بۆ هاتوە!! ئەوەندەی دیکەش تووڕە دەبووم. دوای چاوڕوانییەکی زۆر، دەوری سەعاتی یەک، خاڵ پەیدا بوو. خۆ نەدەکرا هیچ بڵێ. کە هات یەک کتری چاو و دوو سێ خەیار و چەند نانێکی وشکی هێنابوو. ناچار بووین قەناعەت بکەین. من تووڕە بووم و خۆشکەلامیش ئارامی دەکردمەوە. بەڵام بۆ وابوو؟! بەڕاستی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا زۆریان لە خاڵم دابوو؛ قەول و قەراریان لێ وەرگرتبوو کە نابێ بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی پێشمەرگە بکات. بۆیە خاڵم دەترسا. دەنا جاری وابووە ئەو ماڵە زیاتر لە بیست پێشمەرگەی لێ بووە و خزمەتی زۆریان کردبوو. جا لێرە شتەکە خۆش دەبێ؛ ئەوجار نۆرەی ئێمە هات کە تۆڵە لە خاڵم بکەینەوە. خاڵم لە نزیک ئێمە لە شوێنێک بە ناوی دیوی “بییە” خەریکی گیا کۆکردنەوە بوو، زۆری نەکێشا خاڵ هات و گووتی؛ خدربەگ! ئەو دوو نەفەرەی پایەگای جەنگی هاتنە خوارێ. زۆر ڕۆژان دێن و دەچن لە بێرییەکانی ئەحمەد بریوێ شیر دێنن و دێنەوە. کووڕە کارتان پێ نەبن، ماڵم وێران نەکەن. قەولمان پێ دا هیچیان لە گەڵ نەکەین. خاڵم ڕۆیشت و کەمێکی کێشا دوو عەجەمەکە پەیدا بوون. هەردووکیان پاسدار ڕەسمی بوون. هاتن، دوو وڵاغیان پێ بوون. لە بەر دەرکی خانوەکە کەمێک ڕاوەستان. ئێمەش لە چەند میتری چاومان لێ دەکردن، بەرەو خوار ڕۆیشتن. خاڵم هاتەوە بۆ لامان و لە خاڵم پرسی کەی دەگەڕێنەوە؟ گوتی: سێبەر شۆڕان. لە گەڵ خۆشکەلام باسم کرد؛ با بیانگرین. ئەو گووتی لێیانگەڕێ، لەبەر خاڵت ناخۆشە. بە قسەم نەکرد. بە بێسیم قسەم لە گەڵ تۆفیق مارەغانی کرد و پێم گووت بچۆ لە خوارێ بۆیان دانیشە. دەنگیان بدە، ئەگەر تەسلیم نەبوون بیانکووژن. تۆفیق لە گەڵ دوو کەسی دیکە کەمین دەگرن، ئێمە لە گەڵ خاڵم قسمان دەکرد. تەقەی تفەنگێک هات. خاڵم گوتی: ئەوە چ بوو؟! گووتم؛ هیچ نیە. تۆفیق بێسیمی کرد و گوتی؛ گرتمانن. گوتم؛ بیانهێن. زۆری نەکێشا پێشمەرگەکان لە گەڵ دوو پاسدارەکە پەیدا بوون. خاڵم کە ئەو دیمەنەی دیت زۆر تووڕە بوو، جنێوی دا و بە تووڕەیی ئێمەی بەجێهێشت. هەموو جنێوەکانیشی لە گەڵ من بوو. ئێوارە درەنگانێک تیمی بووڵفەت لە ئێمە جیا بوونەوە. ئەوان بەرەو ناوچە چوون و ئێمەش پێش تاریکداهاتن و دوای قسەکردن لە سەر سیاسەتەکانی حیزب و بەرخوردی پێشمەرگە لە گەڵ دیلەکان هەر لە شوێنی خۆمان ئەو دوو کەسەمان ئازاد کردن. ئەوان بەرەو پایگا چوونەوە و ئێمەش بەرەو چادرەکانی گردێنە هاتین. لە ترسی خاڵم لامان نەدا چادرەکان. بەرەو دەشتی وەزنێ هاتین. لە دەشتی وەزنێ لای چەند شوانێک نان و چایەکی سادەمان خوارد و لە مەرزی دۆڵە کۆگێ ئاودیوو بووین.
ڕۆژی دوایی خاڵم بانگ دەکەنە گوردانی ئاڵواتان و زۆری ئەزیەت دەکەن. زۆر جار کە منی دەدیت، دەیگوت؛ قەت گەدنت ئازاد ناکەم. بەڵام بە بێ ئەوەی کە زیادم گوتبێ، بنەماڵەی عەلی عەبدوولی گردێنەی کەم پێشمەرگە هەیە کە نانی ئەوانی نەخواردبێ و چەندین جار میوانی ئەو بنەماڵە نەبووبێ. بەڵام فشارە لە ڕادەبەدەرەکانی کۆماری ئیسلامی ناچاری کردبوون، لەوە زیاتر هیچ نەدەکرا.
وێنە چوارقۆڵیە کە لە چەپەوە ڕەسوو مەولود محمد میراوەی غەفوور ڕیشی کەماڵ دۆڵە گەرمی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *