۲۰ ساڵەی شەهید بوونی دوو بەهرە و دوو قەڵەمی شۆڕشگێڕ : قادر وریا

Posted by
۲۰ ساڵەی شەهید بوونی دوو بەهرە و دوو قەڵەمی شۆڕشگێڕ : شه‌هیدان ئەبوو کانیەڕەشی و جه‌لیل ره‌حیمیان
نووسینی: قادر وریا
چ زوو تێپەڕ بوو! دەڵێی دوێنێ بوو کە خەبەریان هات و ئەو ناوەی خستە ماتەم. خەبەر هات کە لە “حوسێن مامە”، لە سەر رێگای بۆکان ـ میاندواو، دوو شۆڕەسواری دێموکرات، دوو پێشمەرگەی بە بیرو باوەڕ، دوو کادری لێزان و تێگەیشتوو، دوو بەهرەی بواری ئەدەب و نووسین، بە هۆی هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆ دراون.

ئێستا هەژارانی گوند، کچان و کوڕانی تاسەبار و تامەزرۆی ساتێک دیدار و پەیڤین لەگەڵ ئەبوو و جەلیل، دەستە و دوعا راوەستاون. بڵێی ئەمجارەیان خۆشەویستتانی ئەوان و سەرجەم خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ناوچەکانی مەحاڵ و پیرمحەممەد و ئەحمەدی کۆر و شاری بۆکان، لەم هێرش و گەمارۆ ئەهریمەنییە، رزگاریان بێ؟ئێوارە بوو دی نوقمی دووکەڵ و بۆنی سووتمان. زیاتر لە سەعاتێک بوو ئەو ماڵەی دوو لاوە دێموکراتەکە سەنگەریان لێ گرتبوو، ببووە نیشانەی گوللەی ئارپیجی و توپی ۱۰۶٫ ئەوان وەک لێیان چاوەڕوان دەکرا، گاڵتەیان بە داوای خۆ بەدەستەوە دان هاتبوو و هەتا دوا فیشەک، هەتا دوا هەناسە دەستیان کردبۆوە. بەڵام هێزی پەلاماردەر نەیوێرابوو بچێتە سەر تەرمەکانیان. هەر بۆیە بە بۆردزێل، خاتووەکەیان بەسەر دا رووخاندبوون و کاتێک دڵنیا ببوون کە شەهیدیان کردوون، تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیان دا بردبوو.۲۰ ساڵ لەمەوبەر، دوانیوەڕۆی ۱۱ی پووشپەڕی ۱۳۷۰، حیزبی دێموکرات دوو رۆڵەی بە نرخی خۆی لە شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاوایی حوسێن مامەی ناوچەی بۆکاندا، لە دەست دا. یەک لەو دوو کەسە، “ئەبووبەکر خزری” ناسراو بە ئەبوو کانیەڕەشی بوو.ئەبوو کانیەڕەشی، خەڵکی ئاوایی کانیەڕەشی ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان بوو. ساڵی ۱۳۴۲ی هەتاوی لە داوێنی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی کانیەڕەش دا گەورە بوو، تا قۆناغی ئامادەیی درێژەی بە خوێندن دا. تێکۆشانی حیزبی و خەباتگێڕانەی لەیەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانەوە دەست پێ کرد. خولیای شانۆ و شانۆگەری ئەوی بۆلای یەکیەتیی لاوان راکێشا. ئەبوو لەیەکیەتیی لاوان دا، خۆی پێگەیاند. ژیان لە ئامێزی خەڵکی زەحمەتکێش و تامەزرۆی ئازادیدا و تێکۆشان لە نێو کۆڕی لاوانی بێبەش، بەڵام پڕ هەست و دڵپڕ لە ئەوینی نیشتمان، بۆ ئەبوو کانیەڕەشی سەرچاوەی فێربوون بوون. ئەبوو، کە لە باری نیزامی و پێشمەرگایەتییەوە، لاوێکی ئازا، بەورە و لە خۆ بردوو بوو، گرینگیی زۆریشی بە کاری سیاسی، تەبلیغاتی، فێربوون و فێرکردن دەدا و کەسێکی دیاری نێو کاروباری هونەری و فەرهەنگیی یەکیەتیی لاوان بوو. بەهۆی لێهاتوویی جۆراوجۆر، پلەکانی بەرپرسایەتیی هەر لە بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی بۆکانەوە، تا سەرپەرستی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، بڕی. لە روانگەی ئەو لاو و نه‌وجەوانانەی هاوڕێ و هاوکار و هاو ئۆڕگانی بوون، ئه‌بوو، مامۆستا و ئۆلگوو بوو و بەردەوام هەڵسوکەوت و کارو کردەوەی جوانی لێ فێر دەبوون.سەرەتای ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی، ئەبوو کانیەڕەشی، وەک کادری تەشکیلاتیی حیزب لە ناوچەی بۆکان دەست بەکار بوو. خەبات دژی نابەرابەریی کۆمه‌ڵایەتی و باوەڕی قووڵ بە خەبات بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی چینایەتی، شانبەشانی خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی و رۆشنگەری لە دژی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی، ئەو تایبەتمەندی و باوەڕانە بوون کە ئەبوو کانیەڕەشییان پێ دەناسرایەوە.ئەبوو، ئەوەندە ئۆگری خوێندنەوەو نووسین بوو کە لە ریزی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری “لاوان” دا جێگای خۆی کردەوە. هەوێنی نووسینەکانی ئەبوو کانیەڕەشی، ئەو رووداو و راستیانە بوون کە لەژیان و تێکۆشانی خۆی لە نێو خەڵکی رەش و رووت دا، تووشیان دەبوو. ئەو، لە بێبەشی و مەینەتییەکانی خەڵکێک کە خۆشیان دەویست و خۆشی دەویستن، ئیلهامی وەردەگرت و به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ لەسەر رێبازی خۆی کە خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو، شێلگیرتر دەبوو.ئەبوو کانیەڕەشی، لەگەڵ ئەوەی دەیزانی کارو تێکۆشانی خەباتگێڕانە لە ناوچەی میلیتاریزە کراوو لە نێورایه‌ڵکه‌ی سیخوڕان و بە کرێگیراوانی رێژیم دا چەندە پڕ مەترسییە و، سەرەڕای ئەوەی خۆشەویستی و ئۆگرییەکی زۆر بۆ هاوسەر و بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان، “تروسکە”ی کچی هەبوو، بێپەروا لە مردن و دابڕانی هەمیشەیی لەژیان و لە خۆشەویستان، رووی دەکردە قووڵایی ناوچەی پڕ مەترسیی شوێنی تێکۆشانی حیزبیی خۆی. لە نووسینێک دا کە ساڵێک و دوو مانگ بەر لە شەهید بوونی بۆ کۆرپە چەند مانگەکەی لە ژێر ناوی “بۆ تروسکەی کچم” دا، نووسیویەتی، دەڵێ: “کچە شیرینەکەم! قەت حەز ناکەم نازت بشێوێ، بەڵام رێگای تێکۆشان پڕ لە لێژو هەڵەمووتە و لەم رێگایەدا مرۆڤ گەلێک کەند و لەند و کڵۆ و پێکۆڵی دێنە رێ. هەر بۆیە پێ دەچێ مەرگ مەودام نەدا ئەو کاتە ببینم کە تۆ فام دەکەیەوە و دنیای دەوروبەر و جیهانی بێعەداڵەتی دەناسی…”بە داخەوەپێش بینی ئەبوو کانیەڕەشی وەڕاست گەڕا و، تروسکە هێشتا منداڵێکی دوو ساڵە بوو، کە باوکی لەپێناوی ئازادیی نیشتمان و رزگاریی گەلەکەی دا، گیانی خۆی به‌خشی و تروسکه‌ بۆ هەمیشە لێی بێبەش بوو.’دووهه‌م شه‌هید که‌ له‌ ئێواره‌یه‌کی خوێناوی و خه‌ماویی ۱۱ی پووشپه‌ری ۲۰ ساڵ له‌مه‌وبه‌ری “حوسێن مامه‌”دا، چووه‌ ریزی نه‌مران، لاوی شاعیر، جه‌لیل ره‌حیمیان بوو.جه‌لیل ساڵی ۱۳۴۴ی هه‌تاوی له‌ “قالوێ”له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌حمه‌تکێش دا، له‌ دایک ببوو. هه‌ر منداڵ بوو که‌ ماڵیان باری کرد و چوون بۆ بۆکان. له‌ نێو هه‌ژاری و نه‌داری و ژیانی کۆڵه‌مه‌رگی دا، گه‌وره‌ بوو و به‌ ده‌م کارو کوێره‌وه‌رییه‌وه‌، قۆناغه‌کانی خوێندنی بڕی.جه‌لیل مێرمنداڵێک بوو که‌ رێژیمی کۆماری ئیسلامی شه‌ڕی له‌ دژی گه‌لی کورد راگه‌یاند. ئه‌و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوژمن دا،تاوان و کرده‌وه‌ و ره‌فتاری دڕندانه‌ی هێزه‌ سه‌رکوتکه‌رکان و ره‌فتاری پڕ سووکایه‌تیی کاربه‌ده‌ستانی دژ به‌ کوردی به‌رامبه‌ر به‌ هاوشارییه‌کان و هاوزمانانی ده‌دی.هه‌ژاری و بێبه‌شییه‌کانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌ لایه‌ک و سته‌م و زۆرداریی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ له‌یه‌کی دیکه‌، هانده‌ری جه‌لیل بوون بۆئه‌وه‌ی رێگای خه‌بات بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ڵ بژێرێ.جه‌لیل ره‌حیمیان له‌ نێوه‌‌راسته‌کانی ده‌یه‌ی ۶۰ی هه‌تاوی دا، بڕیاری خۆی دا و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌ هێزی به‌یان، خۆی له‌ ریزی تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکرات دا، دیته‌وه‌. جه‌لیل له‌و تێکۆشه‌رانه‌ بوو که‌ پێی وابوو شۆڕشگێر هه‌ر نابێ به‌ چه‌کی ده‌ستی پشت ئه‌ستوور بێ. ده‌بێ به‌ر له‌ ده‌ستی،مێشکی به‌ چه‌کی باوه‌ڕ و تێگه‌یشتن، چه‌کدار بکا. ئه‌و شێعرانه‌ی له‌ پاشی به‌ جێماون، به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌م لاوه‌، مرۆڤێکی خاوه‌ن بیرو لێکدانه‌وه‌ بوو، روانینێکی پێشکه‌وتنخوازانه‌، دادپه‌رورانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ی هه‌بوو.له‌ شێعری “فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه‌”دا ده‌ڵێ:فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه‌رێی سه‌رکه‌وتنه‌
<p>فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه‌تیشکی ژیری‌یه‌ئازایی چوونه‌دژ به‌ خه‌وتنه‌فلسه‌فه‌ی ئێمه‌ دیموکراتی‌یه‌رووگه‌ی ئه‌هوه‌نی و بێشکه‌ی ئاشتی‌یه‌جه‌لیل نموونه‌ی مرۆڤێکی هێدی و له‌سه‌رخۆ بوو. به‌شێکی زۆر له‌ کاتی خۆی به‌ خوێندنه‌وه‌ تێپه‌ر ده‌کرد. هێندێ جاریش ده‌ستی بۆ قه‌ڵه‌م ده‌برد و هه‌ستی خۆی و به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌کانی خۆی به‌ شێعر و ‌نووسین، ده‌رده‌بڕی. پێگه‌یشتوویی فیکری و ئاماده‌یی بۆ تێکۆشان له‌ نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت دا، هه‌روه‌ها سه‌رکه‌وتوویی له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ردا، بوون به‌ هۆی ئه‌وه‌ جه‌لیل ره‌حیمیان ببێ به‌ کادرێکی سه‌رکه‌تووی کومیته‌ی شارستانی بۆکان. سه‌رئه‌نجام له‌گه‌ڵ ئه‌بوو کانیه‌ره‌شی، بوون به‌ هاوکار و هاوتیم و دوو هاوکاری گونجاو و یه‌کتر خۆشه‌ویست. دوو هاوکار که‌ شانبه‌شانی کاری سیاسی و ته‌شکیلاتی له‌ قووڵایی ناوچه‌کانی بۆکاندا، بیرێکیان هه‌ر لای کتێب و خوێندنه‌وه‌ و نووسین بوو. هه‌ر بۆیه‌ش چیرۆک و بیره‌وه‌ری و وتار و شێعر و نووسینی ئه‌وان، بۆن و تامی کات و ساته‌ پڕ مه‌ترسییه‌کان، ئێش و ئازاری خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ و ژێرده‌ست، خولیاو و ئاواتی منداڵه‌ بێبه‌شه‌کان و کچان و کوڕانی ساده‌ و ساکاری گونده‌کانیان ده‌دا. ئه‌وان پێشمه‌رگه‌ی بیرو قه‌ڵه‌م بوون.له‌ پێده‌شتی حه‌ز و خولیا ئینسانییه‌کان و له‌ هه‌وراز و لێژه‌کانی ژیانی شۆڕشگێرانه‌یان دا چاویان به‌رده‌وام له‌ ئاسۆی روونه‌وه‌ ده‌بڕی و له‌ پێناوی ژیان دا، ئاگایانه‌ و له‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیی ژیان دا، به‌ره‌و مه‌رگ، به‌ره‌و هه‌رمان ده‌چوون.ئه‌وان به‌ جه‌سته‌ له‌ بستووی ژیان ئاوا بوون، به‌ڵام بیریان، شێعریان، چیرۆک و بیره‌وه‌رییه‌کا‌نیان و یاد و ناویان، له‌ نێو رێبوارانی رێگاکه‌یان و له‌ نێو رۆڵه‌ ئه‌مه‌گناسه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا، هه‌ر زیندووه‌.
یادیان به‌ڕێز و رێگاکه‌یان پڕ رێبوار بێ.چه‌ند بابه‌ت له‌ نووسینه‌کانی شه‌هیدان ئه‌بووبه‌کر کانیه‌ڕه‌شی و جه‌لیل ره‌حیمیان به‌ بۆنه‌ی یادی بیست ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیان له‌ به‌شی “فه‌رهه‌نگی”ی سایت دا بڵاو بۆته‌وه‌ هه‌روه‌ها ده‌توانن بۆ دانلۆ‌دی فایله‌که‌ لێره‌ کلیک بکه‌ن:فه‌رموون کلیک له‌ سه‌ر بکه‌ بۆ دابه‌زاندنی به‌ فایلی پدف ئه‌م فایله‌ له‌ کوردستان و کورد سایتی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌رگیراوه‌

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *