دووبارە گەمارۆ! بەشی یەکەم!له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ! بەشی یەکەم! خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو و خەڵک لە سەر موچە و مەزراکانیان هاتبوونەوە نێو ئاوایی، تا دوای تێپەڕکردنی ڕۆژێکی پڕلە چەرمەسەری کاری وەرزێری، بحەسێنەوەو و هێزێکیان بێتەوە بەر و بتوانن لە عۆدەی کوێرەوەری ڕۆژی داهاتوویان بێنە دەر. بەو هۆیەوە نێو دێ، کە تا پێش ئەو کاتە لە نیوە چۆلگەیەک دەچوو، لە خەڵک جمەی دەهات. بەشێکی زۆری نێو دێ سێبەری بە سەرکشابوو، بەڵام زەردەپەڕی ئێوارە هێشتا لە چەند ماڵێکی لای ڕۆژهەڵاتی ئاوایی مابوو.پێشمەرگەکان، دوای بە سەربردنی تەواوی ئەو ڕۆژە لە پاشخانێکی تاریکدا، هاتبوونە دیوی پێشەوەی ماڵەکە و لە گەڵ کوڕی ماڵەکە، کە تازە لە کاروان گەڕابۆوە دانیشتبوون و هاوکات بەر دەرگای ماڵەکەشیان، کە تەنیا شوێنێک بوو دیار بێت، لە ژێر چاوەدێری گرتبوو. ئەو ڕۆژە تا ئەودەمە بێ کێشە تێپەڕ ببوو. بەڵام بە لە بەر چاو گرتنی کەمتەرخەمی کچی خاوەنماڵ، هێشتا دڵەڕاوکێی ئەوە کە هەواڵی بوونی تیمی تەشکیلاتی لەو ماڵەدا بڵاو بووبێتەوە، وەک مۆتەکەیەک بە سەر هەل و مەرجەکەدا قورسایی دەکرد و بیر و هۆشی پێشمەرگەکانی بە خۆیەوە خەریک کردبوو.
لە ناکاو دوو چەکداری هێزەکانی حکومەت لە کەڵەکە بەردەکەی تەنیشت خانووی جێی حاوانەوەی پێشمەرگەکان ڕا بازیان دایە پێش دەرکی ماڵەکە. دواتر ژمارەیان زیاتر بوو. ئەوانەی وەبەر چاو کەوتن هەموویان جلی ئەرتەشیان دەبەر دابوو. پێشمەرگەیەک کە لە نیزیک پەنجەرەکە ڕوو بە دەرەوە دانیشتبوو یەکەم کەس بوو چاوی پێکەوتن. پێشمەرگەکان هەر زوو بەرەو پاشخانەکە، شوێنی حەسانەوەی ئەو ڕۆژەیان کە چەکەکانیانی لێ بوو چوون و خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد.
دواتر دەرکەوت کە ئەو هێزانە سەر بە ئەرتەش بوون و لە مۆڵگەکانی دەورووبەری پردێ کۆڕبناوێ ڕا هاتبوون.
———–
هێشتا دەرهاویشتەی گەمارۆدران وشەڕی ماوەیەک لە مەوبەری تیمێکی تەشکیلاتی و دەربازبوونیان لە نێو خەڵکدا باسی دەکرا کە تیمێکی تەشکیلاتی ماوەیەک دواتر لە گوندێکی دیکەی ناوچە، “قەلەڕەشێ” گەمارۆدران و لە ماوەیەکی کورتی چەند مانگەدا، شەڕێکی نەخوازراویان بە سەردا دەسەپا. بەشێک لە خەڵک کە ئاگاداری شەڕی پێشوو بوون، بەڵام نەیاندەزانی هۆی دەورەگیرانی پێشمەرگەکان کەمتەرخەمی ماڵەکە بووە نەک پێشمەرگەکان، زۆر بە زەحمەت دەیانهێشت پێێشمەرگە لە ماڵەکانیاندا بمێنێتەوە. زۆربەی خەڵکیش تا ڕادەیەک، ئەگەر تەنیا قسەی خەڵکیش بێت، ئاگاداری پشت پەردەی ڕووداوەکان بوون. بەشێکیش پێیان وابوو ئەوەی لە فڵانە گوند ڕوویداوە ناکرێ لە گوندەکەی ئەوانیش دووبارە بێتەوە. ئەو دوو بەشەی دوایی خەڵک هەروەک جاران پێشوازیان لە پێشمەرگە دەکرد و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەیانحاواندنەوە.
تیمی تەشکیلاتی کومیتەی ناوچەی هۆمل سەر بە کومیتەی شارستانی سەردەشت، دوای جەولەیەکی چەند ڕۆژی لە ناوچەدا، بڕیاریاندا بچنە گوندی قەلەڕەشێ و بە ڕۆژ لەوێ بمێننەوە و شەوی دواتر هیندێک ئەرکی تەشکیلاتی ڕاپەڕێنن. درەنگانێکی شەو گەیشتنە نێو ئاوایی و ساغبوونەوە تا بە سەر دوو دەستەدا دابەش بن و لە دوو ماڵی جیادا بمێننەوە. بە گەیشتنیان بەو ماڵە و قسەکردن لە سەر مەبەستەکەیان لە هاتن بۆ ئەو ماڵە، داوایان لە ئەندامانی بنەماڵەکە کرد کە نهێنی بپارێزن. با تووشی ڕووداوێکی نەخوازراوی وەک ئەو ماوەی پێشوو نەبن، کە لەودا بەداخەوە، سەرەڕای زیندانیکردن و ئازار و ئەزییەتێکێ زۆری بنەماڵەکە، خانووی ماڵەکەشیان بە لۆدێر ڕووخاند بوو.
بە داخەوە وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لەو ناوچەیە ڕووی نەدابێ، هەرچی پێشمەرگەکان شێر و ڕێویان بۆ کچی ماڵەکە هێنایەوە، نەیانتوانی قەناعەتی پێ بکەن تا ئەوە هەر لای خۆی بمێنێتەوە با تووشی ڕووداوی دڵتەزێن نەبن. یان ئەگەر قەناعەتیشی کردبێ هەر بۆ ڕازیکردنی پێشمەرگەکان بوو، نەک ئەوەی بۆ خۆی بەو قەناعەتە گەیشتبێت. باوکی کچەکە لە سەر موچەکەیان مابووە و تەنیا کچی گەورەی ماڵ و براکانی لە ناو گونددا بوون. پێشمەرگەکان زۆر بە ڕاشکاوی پێیان گوتن کە ئەوان تەنیا بۆ حەسانەوە هاتوونە ئەوێ و پێویستیان بە خزمەتێکی تایبەتی نیە، بەڵام کچە هەر دەیگوت: “هیچ باس نیە، خۆ ئەمنیش بەوەی دەزانم، خەمتان نەبێ”. کچە بە تەمابوو ڕۆژی دواتر بچێ بۆ شار تا هێندێک کەل و پەلی وەک ماست… هتد، بفرۆشێ و شتی پێویستیش بۆ ماڵ بکڕێت. پێشمەرگەکان دووبارە وەبیریان خستەوە کە شتێکی زیادی جیاواز لە ڕۆژانی پێشتر لە خۆی نیشان نەدا، بەڵام ئەو هەر وڵامەکەی پێشووی هەبوو، “دەزانم، کوڕە خۆ ئەوە یەکەمجار نیە!!!”
شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکان وەک باو بوو، یان ژێرخان بوو، ئەگەر خاوێن بایە، یان پاشخانی ماڵ. ئەو جارەش وەک هەر کاتێکی دیکە پاشخانی ماڵ بوو بە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکان. پاشخانەکە هیچ پەنجەرەی تێدا نەبوو و ڕووناکایی تەنیا ئەو کاتە بۆ دەهات کە یان دەرگای دەرەوەی ماڵ دەکرایەوە یان دەبووایە بە چڕا ڕووناک بکرێتەوە. لە نێوەڕاستی پاشخانەکە لیژنە دارێک هەڵچندرابوو و کردبووی بە دوو بەشەوە. بە لای چەپی دیواری پاشخانەکەوە دیوارێکی نیزیک بە میترێک بڵیند و نیو میتر پان دروست کرابوو. ئەگەر لە نهۆمی خوارەوەی خانوەکە بایە زۆرتر بۆ شوێنی ئاخوڕەی ماڵات دەگونجا.
ئەو ڕۆژە هەمووی لەو پاشخانەدا تێپەڕکرا و پێشمەرگەکان هیچ جموجۆڵێکیان، کە ببێتە هۆی ڕاکێشانی سرنجی خەڵکی دیکە لە خۆیان نیشان نەدا. ڕووداوەکانی دواتر سەلماندیان کە بە تەنیا نهێنێ پارێزی پێشمەرگەکان بەس نیە.
میوانی شارەزا؟!
پێش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بێ هیچ کێشەیەک تێپەڕ بوو، تا کاتێک لە ناکاو چەند کەسێک کە وادیار بوو خەڵکی گوندەکانی باشوری کوردستان بن و بۆ بردنی کرێبار هاتبنە ئەو گوندە وەژوور کەوتن. بە دەنگیان دیار بوو زۆر منداڵکار بن و ئەگەر بە بوونی پێێشمەرگەکانیان بزانیبایە، دڵنیاییەک نەبوو کە خۆیان بۆ ڕاگیرابایە. دەکرا بە جۆرێک بووبانایە هۆی ئاشکرا بوونی تیمەکە. وا دیار بوو، ماڵەکە کلیلی ماڵیان بۆ لە شوێنێک شاردبنەوە. ئەوان بۆ نان و چا خواردن هاتبوونە ئەو ماڵە و وێدەچوو ئەوە کاری هەر ڕۆژەیان بێت. ئەوان بە هەموو کەل و پەلە پێویستەکانی نان و چا خواردنیان دەزانی و هەموو شتێکیان زوو تێک دەپەڕاند. ترسی تیمەکە ئەوە بوو ئەوان بە دوای شتێک دا بگەڕێن و بە رەو پاشخانەکە بکشێن، بەڵام وادیار بوو ئەوەی مەبەستیان بوو لە لای پێشەوەی خانووەکە دەستیان دەکەوت و ڕێگایان نەکەوتە پاشخانەکە. ئەوان تا نان و چایەکەیان خوارد ماوەیەکی پێچوو و دواتر بە تێر و پڕی لە ماڵەکە وەدەرکەوتن.
درێژەی هەیە….


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *