بەشی چواردەھەمی گەرانەوە(١٤) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی چواردەھەمی گەرانەوە(١٤)
نووسینی (عەلی سوورەچۆمی)
رێگا سەخت و دەشوارەکان دەبڕین و بەیەکەوە باوەش بە خاک دادەکەینەوە،ریشەیەکمان لەو خاکە دایە،تا ئازاری ھەبێ ناحەسێینەوە.
بەڵێن بێ دەبینەوە ئێوارەی ھەموو چاوەروانییەکانی ئێوە باوەش بە نیشتمان دا دەکەینەوە،سنوورەکانی مەرگ دەبڕین و لە پێدەشتەکانی ئەوین وەک گووڵە مێلاقە،وەک ھەڵاڵەو بەیبوون،وەک بارانی بەھاری ئاو پڕژێنی دڵەکانتان دەکەین.لە ژێر سێبەری دار بەرووەکان لە پەنا رەزو دیمەنی جوانی وڵات باوەشتان پێدادەکەینەوە.
درێژە…………………

تۆپە کوێرە!(ئێمە ناومان نابوو)راستی سەعاتێک جارێک دەھات،لە ماوەی ئەو سەعاتەدا کەس نەیدەزانی لە کوێ دەتەقێتەوە ئامانجی کوێ دەبێ،کەسیش نەیدەزانی لەو ماوە دا لە چ دەقیقێکەوە دەست پێدەکات.با وای دابنێین سەعات یازدە دەھات،ھی کاتژمێر دوازدە کەس بۆی روون نەبوو! دوازدەو چارەگ دێت یا نیو یا بیست دەقیقەی دیکە!پێویست بوو:بە درێژایی شێست دەقیقە چاوەروانی بیت، کە تۆپی کاتژمێر یەکیش دەتەقییەوە،بۆ سەعاتی دوو چاوەروانی ھاتنی تۆپێکی دیکە بکەی!ئەو حاڵەتە بە درێژایی شەوو رۆژ و تەواوی کاتەکان ئاوا دووبارە دەبۆوە.!؟ بە کوردی شەرێکی قوورسی رەوانی بوو لە گەڵ ئێمە دەست پێکرا بوو.ئەو تۆپە زۆر بە دەقیقی دەھات دەبوا حیسابی خۆتی بۆ بکەی چۆن زۆر لە ئامانج نزیک بوو،یا لە پەنا ماڵەکانی دەدا یا مقەڕەکان.چەند مانگێک ئەوە درێژەی کێشا کە کاریگەری لە تۆپ بارانە قوورسەکان زۆر زیاتر بوو. ساڵی “١٣٦٦” ھەواڵی ھێرشێکی گەورەی ئێران بە حیزب گەیشتبوو،کە ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی بە نیازی ھێرشێکی گەورەن بە درێژایی ناوچەکە،ئەو ھێرشە بە مەودایەکی زۆر و بە شێوەی زەنجیرەیی درێژ دەبۆوە ھەر لە چیای بڵفەت و ناوچەکانی تا بناری قەندیل ئامانجی ھێرشەکە دەست بە سەر داگرتنی ناوچەکەو پێشرەوی بە ئاراستەی خاکی “ئێراق” بوو.ئەو کات جەنگەی شەری ئێران و ئێراق بوو:جا مەبەستی خۆم لە باس کردنی ئەو دۆخە روون دەکەمەوە !؟ ئامانجی یەکەمی ئەو ھێرشە زەربە لێدان لە ھێزەکانی حیزب و دوور خستنەوەیان لە ناوچەکە بوو،ئەوە لە کاتێک دا ئێراق رایگەیاندبوو لە بەرابەر ھەر ھێرشێک دا چەکی”شیمیایی”بە کار دێنێ،لەو ھەل و مەرجە پڕ مەترسییەدا کە ناوچەکەی داگرتبوو،ئێمە کەوتبووینە نێوانی بەرداشی ئەو دوو ھێزە داگیرکەرو شەرخوازە،(با ئەوەش زیاد بکەین ئێراق چەند جارێک ئاگاداری کردین کە شیمیایی تاقی دەکاتەوە، پەتوومان ھەڵدەگرتن بۆ دەم ئاوەکان!ئێراق گوتبووی: رەنگە بای ناوچەکە جیھەتی ئەو چەکە و مەوادە کووشەندەکانی بگۆڕێ)بەڵێ:لێرە باوەرێک ھەیە رووبەرووی ئەو مەترسییانە دەبێتەوە ھیواکانی ترووسکە دەدا،ئەوان پارێزەرانی کەرامەتی گەلێکن گاڵتەیان بە مەرگ دێ،لێرە زەماوەندی شانۆی ئەوین و راسانە بە رووی سەختی و نائوومێدی دا:کاراکتەرەکانی گەورەن لێبڕاون لە گیانیان بگووزەرێن بۆوەی ھیواکانی ئازادی بۆ ژیان بۆ رزگاری نەمرن.بەڵێ: ھەموو شەوێک تیمەکان دیاری دەکران و چەند کیلۆمیترێک دوور لە بنکەکانمان لە کەمین دا بوون،چەکە قوورسەکانی ئەوان “بیکەیسی”و ئاربی جی”بوون دەشیانەوەی لە ھەر دووک حاڵەتەکەی دا چ مەبەستی ھێرش کردن بۆ سەر بارەگاکانی ئێمە بێ و چ ئامانجی گەورەتر پێشی پێ بگرن و تێکی بشکێنن، لە کاتێک دا ھێزەکانی بەشداری وەھا شەرێک زۆر زیاتر بوون لە ھەموو فیشەکەکانی ھێزەکانی ئێمە!ئیدی بەوە دەڵێن باوەر ،کە تێگەیشتنی بۆ زۆر کەس رەنگە زەحمەت بێ! لە کۆتاییەکانی ئەو پیلانەش سەری نەگرت و ئەو جار ناردنی تیمی شەوانە بە چاو ساخی خۆفرۆشەکان دەستی پێکردکۆتاییەکانی ساڵی “١٣٦٦”ئەو پیلانەو دانانەوی مین لە سەر رێگای ھاتووچۆی پێشمەرگەکان بە ئەوجی خۆی گەیشت،لە بەرابەر دا:بڕیاری مانەوەو بەربەرەکانی بە دژی ھەموو پیلان و فشارەکان ھی ھێزێکە گیانی لە سەر بەری دەستی داناوە،ناشکێ و نابەزێ لە مەیدانی بەربەرەکانی و رووبەروو بوونەوەدا دەیان جار چۆکی بە ھێزی پۆشتە و پەرداخیان داداوە،بە سەدان ھەزار ھێزی داگیرکەر لە کوردستان مۆڵدراون و خەریکی تێک شکاندنی ئەو ئیرادە بە ھێزەن،بە سەرکووت بە تانک و تۆپ و تەیارە و دەیان پیلانی ترسنۆکانە،ئەوان ھیچ پرنسیپێکی شەر لە بەرچاو ناگرن،مووچەو مەزرا دەسووتێنن دێھات کاول دەکەن خەڵکی ھەژارو بێ دیفاع دەکەنە ئامانج و دەیانکووژن تا بە خەیاڵی خۆیان چاو ترسێنیان بکەن.)
من رەنگە تەنیا بەشێکی دیکەم مابێ تا گەیشتن بە مەیدانی گەرمی رووبەروو بوونەوەکانی ھێزی بە ھێزی پێشمەرگە،بەرە بەرە دەگەینە جەنگەی عەمەلیات و شەرە دەستەو یەخەکانی پاڵەوانانی ئەو رۆژگارە و ھەوڵ دەدەم بە گێرانەوەیان ھەنگاو بە ھەنگاو لە گەڵم بن و کاتی چوون بۆ سەر پایەگاو کەمین و بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان و دیفاع لە خەڵکی مەزڵوومی کوردستان بە یەکەوە بین و بەیەکەوە تیماری برینی ھاورێکانمان بکەین،ھەر بەیەکەوە باوەش بە ھاورێ شەھیدەکانمان دا بکەینەوە،بچینەوە ژێر جەستەی لە خوێن شەڵاڵیان و پەیمان نوێ بکەینەوە کە وەفادارین و ئامانج و ئاواتەکانی ئێوە بە دی دێن.ھاورێی شەھیدم جێمان نە ھێشتوویی و وەفادارین بە بەڵێنی و بە خاتر جەمی بنوو
چاوەروان بن
تێبینی:
تکایە وێنەو یادگارییەکانی خۆتان ھی ئەو رۆژگارەم بۆ بنێرن با ئەو کارەی ئێوە ببێتە بەڵگەو ئاسوودەی ویژدان بۆ ئێمە
سەرکەوتووبن .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *