بەشی بیست و یەکەمی گەرانەوە(٢١)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی بیست و یەکەمی گەرانەوە(٢١)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی.
چاوی ماندووی ئێمە لە سەر ئاسۆی دوورە رۆژێک دێ خەونی رزگاری دەکەینە دیاری و باوەڕی نەگۆڕمان گووڵ دەکا،جا ئەو کات لە بەردەم ئاگردانی شەوانی درێژی وڵاتم چیرۆکی سەفەری دوورو درێژمان بۆ پیرەپیاوانی پشت چەماوەی وڵات بۆ دایکانی کۆست کەوتووی رۆڵە کووژراو دەگێرینەوە، ئەوکات لە درێژەی سەفەرمان دا بە رۆژگاری خەباتی قوورس و بێکەسیمان دا دەچینەوە،جارێکی دیکە میوانی ئاشقانی ئەو کاروانە دەبین کە لە درێژەی سەرکەوتن بەرەو ئاسۆ بە جێیان ھێشتین،بۆیان باسی خۆزگە و چاوەروانیەکانی ھاورێ شەھیدەکانمان دەکەین.

زۆر جار لە درێژەی ئەو گێرانەوانەدا تا لێواری دوا وتەکانیان لە کاتی ماڵئاوایی دا دەچین،زۆر وەسییەتی ئەوانمان لایە ناخمان پڕی ئەو بەڵێنانەی شەرەفە کە بە ئەوانمان داوە.بەڵێن بێ یەکە یەکەی وەسییەتەکانیان دەگێرینەوە…وەک بەڵگەی وەفاداری و پەیمانی شەرەف بۆ رزگاری ئێوە، پێتان دەڵێین:لە دوا ماڵئاوایی دا بە تینوەتی و لە پەنا شاخێک و زۆر جار لە ناو دەوەنێک و لە قەراخ ریگایەکی چۆڵ بە جلی خوێناویەوە دوا وتەو دوا چاوەروانییەکانیان چی بوون…چیرۆکەکانی ئێرە تاڵن و بە خوێن نووسراونەوە…با بەیەکەوە ئەو سەفەرش دەست پێبکەین.
باسی ئەوەمان کرد کە بە دڵێکی پڕ لە تاسەو بە دنیایەک ئارەزووی جوانەوە خەوتین…ئێرە لێرەواری چڕی دیوی ناوچەی نەڵێنی سەردەشتە،ئەو ناوچە لە سەر جادەی پیرانشار سەردەشت ھەڵکەوتووە گووندەکانی بە بەرینی ناوچەکە دەکەونە خوار جادەو پشت جادەکە،ناوچەیەکی بە تەوای میلیتاریزە کراوە بە دەیان پایەگاو مۆڵگەی رێژیم دەور دراوە بە ھۆی تێپەرینی ئەو رێگا ستراتیژییە و گەرانەوەی بەشی زۆری ھێزەکانی حیزب و تێپەرینیان بە ناوچەکە دا:بە تایبەت زمزیران ھێندەی دیکە ناوچەکەی ھەستیار کردوە…بە ھۆی ماندوویەتی شەوی رابردوو دەرنگانێک لە خەو ھەستاین،کاک »خدر میراوەیی«فەرماندە کە خۆی خەڵکی ناوچەکەیە زۆر دڵ خۆشە بە گەیشتنی بە شوێنی مەبەست و بڕیاری مانەوەی بۆ ماوەیەک داوە…قسە خۆشەکانی کە بەشێکیان ھەر تایبەت بە خۆنی وەک:کوورەکان باشن،کوورەکان حەزتان لە چییە،قووربانی ئەو کووڕانە بم و زۆری……دیکە.
کە بۆ ورەی پێشمەرگەکان زۆر کاریگەرن!پێی دەناسرێتەوە«کاک ھەمزە گۆران بەر لە ھەمووان تەرکی خەوی کردوە رەنگە زۆر کەمیش خەوتبێ بە ھۆی سەرکەوتنی لە
پێشەنگایەتی تیمەکەی دا ھەست بە دڵنیایی زۆر دەکات،زوو دووربینەکەی ھەڵگرتووە چاوێکی بە ناوچەکە داگێراوەو دوای دڵنیایی چۆتە سەر کانیاوەکە ئاوی ھێناوە(کتری)یە رەشی سەر ئاورەکە ناوەو بە مەھارەتی خۆی ناھێڵێ دووکەڵ لە دڵی لێرەوار دەرچێ.لە درێژەی ئەو رۆژەدا چەند جارێک لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە…کەریم کۆدەڵەیی ھاورێم و رەفیقی خۆشەویستی ژیانی پێشمەرگایەتیم بەردەوام بەیەکەوەین و لە کاتە دشوارەکان دا زۆر جار لە پەنای یەک،ئەو کووری رۆژی تەنگانەیە!ناوھێنانی بیر خەرەوەی زۆرێک لە فیداکارییەکانە،لە خوار من لە دەوەنێک دایە! ھەستاوە بە دەنگە بەرزەکەی دەڵێ:ھا..عەلی »میخورلەری«کە بەردەوام ئەوەی پێ دەگووتین!میراوەیی ھاوار دەکات سەبر رۆڵە سەبر!لە دەوری یەک کۆدەبینەوە ھەموو(شەش)کەسین!ناوی دوو کەسم نەھێناوە کە ئێستا بە خۆشییەوە لە ژیان دان و لەناو ئێمە نەماون! تا نانی ناو کۆڵەپشتیەکان دەردەھێنین و کۆدەبینەوە چا سازە،با ئەوەش بڵێم:لێرە سیگار تامێکی تایبەتی دەدات
جا ئەگەر پەنیرت پێ بێ ئەوە دڵت بۆ سیگارەکە لێدەدا! ئێستا کە باسی سیگارم کرد…….با بڵێم:
کاک خدر قسەیەکی خۆشی ھەیە لە سەر من….! دەیگووت:کە دانیشتین و کاتی سیگار ھات!عەلی ئەگەر سیگاری پێ بوو!دیارە:!ئەگەر پێی بوو!!!!
ئەوە بە پەلە سیگارێک رادەکێشێ و لە چاو ترووکانێک دا دەڵێ:ناکێشن!زۆر سەریع دەستی دێت و دەڕوات ناگەی بڵێی:ئا..یا..نا!!!! بە خوا سیگارت بۆ وەرناگیرێ پاکەتەکە لە تەنگەی گیرفانی دایە…..!دیارە:ئەمنیش ھەر بە بووختانم زانیوە….!
ئێوارە دێت و سێبەرەکان شۆڕ دەبنەوە بەرە بەرە بەرەو جادە دادەکشێین یەکەم وێستگەی ئەو سەفەرە گووندی شێواوکان)ە خۆمان نزیک کردۆتەوە لە گەڵ نوێژی شێوان دەگەینە ناو گووندو میوانی ئەو خەڵکە بە وەفاو حیزب خۆشەویستە دەبین،شەوی یەکەمەو ھێشتا دووژمن ھەستی بە بوونی ئێمە نەکردوە مانگی گەلاوێژی(١٣٦٧)ە ھێزەکانی رێژیم بە ھاتنی مانگی گەلاوێژو نزیک بوونەوە لە ٢٥ی گەلاوێژ خۆف دایاندەگرێ!دەزانن بەردەوام بە بۆنەی ئەو رۆژە پیرۆزەوە ھێزەکانی حیزبی دێموکرات لە سەرتاسەری کوردستان قوورسترین زەربەکانی خۆیان لە پەیکەری رێژیمە داگیرکەرەکەیان دەوەشێنن!ھەر بۆیە ئامادەباشی بۆ ھێزەکانی رێژیم لە سەرتاسەری کوردستان دەرچووە.ئەو شەوە تا درەنگانی شەو لە ناو گووند ماینەوە دوای پێوەندی نوێ کردنەوە لە گەڵ خەڵکی گووندەکەو گوێ گرتن بۆ سەرنج و تێبینی و زانیاریەکانیان درەنگانی شەو لە گووند دەردەکەوین،رێگای لووتکەمان گرت و ھەڵکشاین بۆ دڵی لێڕەوار.بۆ بەیانی کە ھەواڵی ئەو تیمە پێشمەرگە بە ناوچە دا:بڵاو بۆوە،ھێزەکانی رێژیم لە گووندەکان زیاد کران و پاسەوانەکانی جادە دوو بەرابەر کران!رێژیم بە جۆرێک ترسی رێنیشت کە بەردەوام ھێزەکانی لە گووندەکان دا سەرەرای مۆڵگە سەرکووتکەرەکانی زیاد دەکرد،ئەو ماوە سەردانی زۆربەی گووندەکانی ئەو ناوچەمان کرد وە بەشێکی سوێسنایەتی ،وای بە سەر ھات بەرە بەرە گووندەکان تەنران و کەمینەکان زیاد کران ئێواران بە ھۆی ئەوەی کە زۆر کات گووندەکان لێک نزیک بوون لە شوێنێک خۆمان ئاشکرا دەکردو بە پەلە دەرۆیشتین بۆ گووندێکی دیکە تا وەک سەر لێشێواندنێک لە ھێزەکانی رێژیم بە تاکتیکی گوونجاو خۆمان بپارێزین!زۆر جار کە دەچووینە ناو گووندێک خەڵکەکەی بەلایانەوە سەیر بوو!دەیانگووت:ھەر ئێستا جاش و پاسدارەکان لە ناو گووند بوون!جاری وا بوو نانی دوو رۆژمان دەخستە ناو کۆڵەپشتییەکان و نەدەچووینە ھیچ گووندێک!با شتێکی خۆش بگێرمەوە:ھەواڵمان بۆ ھات کە رێژیم بە نیازی ھێرشێکی گەورەیە بۆ سەرمان،شەوێکی تەواو ھەڵکشابووین بەرەو دامێنی سەری گۆمێ کە کێوێکی بەرزەو بە سەر تەواوی ناوچەکە دا دەڕوانێ،شەوەکەی لە بنارەکەی کانیاوێک ھەبوو لە نزیک کانیەکە ماینەوە،دوای ئەوەی ئێوارەکەی لە دەوری یەک کۆبووینەوە و بە زووەوە نان و چاییمان خوارد بۆ خەوتن شوێنەکانی خۆمان دیاری کرد بە ھۆی ئەوەی تەنیا شەش کەس بووین نیگابانی شەوانە ناخۆشترین ئەرک بوو!دەبوا چەندین سەعات لە پۆست دابی و چاو کراوە،دیارە:لێرەدا ئەوەش ئیشارە بکەین دوو لە ھاورێیانمان زۆر فەقیر و کەم ئەزموون بوون!داینەمۆو قوورسایی ئەرکەکان لە سەر شانی چوار کەس بوو.
لێرە باوەرەکان گرەو لە سەر شتە مەحاڵەکان دەکەن تیمێکی کەمن بەڵام:کۆڵ نادەن و ناوچەکە جێناھێڵن ھەواڵی کۆکردنەوەی ھێزێکی زۆری رێژیم پێمان دەڵێ:دوژمن چەند نیگەران و زەبوونە لە بەرابەر ئیرادەی ئەوان دا:شەوەکەی کۆبووینەوە بڕیار بدەین ناوچەکە دوای ئەو فشارانە چۆڵ بکەین!دوو فەرماندەکەمان کاک خدرو کاک ھەمزە سوورن لە سەر مانەوە!ئیدی چوار کەسەکەی دیکە دەبێ گۆی بۆ فەرماندەکانیان بگرن!کاک خدر دەڵێ: جا ئەمن ئەو کووڕانەم لە گەڵ بێ لە زەربەتی دەترسنۆک دەترسێم!چەند کەسمان بۆ دێن؟ھەر چەندێکی بن ھەر یەکەتان لە بەرابەر سەد کەس دا!ئیدی ورە دەبارێ و شاگەشکە دەبینەوە!باوەرکانی پۆڵە ھەڵۆکە لە لووتکە دایە!(ئەوان کاتی ھێرشەکە ئەوەیان ئیسپات کرد).دەی کاکی دە من با بەردەوام بین..ئەو شتەی ویستم بیگێرمەوە ھێشتا نەگووتراوە!ھەر وەک گووتم:شەو ھات و ھەر کەس بەرەو شوێنی خۆی سروەی شەماڵێک دێت و بۆنی بێژان و جاترە کێویلکە دەھێنێ لە گەڵ چەند بۆنێکی خۆشی کوێستانی ئای کە خۆشە ئێستا لێرە ئەو ئاورە نەکووژێنیەوە!تا بەیانی لە گوێی ئاگرەکە بێ ترس و خۆف بخەوی!خەیاڵێکەو رامدەکێشێ ئاخر ئێمەش ماندووین و پێویستمان بە پشوویەکی ئارامە،لەو خەیاڵانە دا بووم لە خوار ئێمە ھەستێک ھات و خشپە خشپ دەستی پێکرد دڵە خوورپەی منیش زیاد دەکات تۆ بڵێی چی بێ!؟
چاوەروان بن.(وەک فیلمەکەی کاتم نەما)!!!

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *