بەشی بیست و شەشەمی گەرانەوە(٢٦)نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی بیست و شەشەمی گەرانەوە(٢٦)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بگەرێنەوە تا مانای بوونی ئێمە چرۆ بکاتەوە،تا شاخ سەنگەرتان بێ و مەتەرێزی شەرەف پارێزەرمان،بگەرێنەوە تا ئەستێرەکان لە ئاسمانی وڵاتی ئێمە ئارام بگرن و لە شەوە تاریکەکان دا:کاتی ماڵ ئاوایی لە مانگ شەبەقی رێگای دوورتان بن،بگەرێنەوە خەرمان و ھەگبەی ئومێدمان ئێوەن،لە ژێر چۆراوکەی باران بە دەم ھەناسەکانی ژیانەوە تنۆک تنۆک رندۆکی بێ ئێوەیی دەرێژین.
درێژەی رووداوەکان:

لە ئێوارەیەکی کش و مات ھەناسەکان تووند دەبن و پێشمەرگەکان لە چاوەروانی دا:(تۆ تا ئەو کاتانەت لە لێواری جادەیەک یا پەنا تێلدرووی پایەگایەک تاقی نەکردبێتەوە!نازانی تەزووی پێش رووداوەکە چۆن بە گیانیان دا دێ و چاو لە سەر سیرەی تفەنگ چاوەروانی بڕیاڕ……
زۆری نەبرد یەکەم دەنگی بێسیم لە شەرگەی ئێمە دەڵێ:ماردین دەست پێبکەن…دەنگی یەکەم ئاربیچی“و رەگبارەکانی دۆشکەو بیکەیسی“تێکەڵاوی یەک بوون و بێدەنگی ئەو ئێوارەی تۆراند.
ئامانجی ئەو گەڵاڵە گرتنی پایەگای دوژمن لە „سێپەکانە!تیمی ھێرش بە نارنجۆکەکانی دەستیانەوە…دوای دابارینی ئاگری پشتیوان لە دوو بەرەوە ھێرشەکانی خۆیان دەست پێدەکەن و لە دەروازەی پایەگا نزیک دەبنەوە،ھاوکات لە چەند بەرەیەکی شەر مۆڵگەکانی رێژیم دەکەونە بەرئاگری تووندی تیمەکانی پشتیوان،چەند تیمێکی دیکە لە چاوەروانی بە ھاناوە ھاتنی ھێزەکانی یارمەتیدەری دووژمن سەنگەر دەگرن.
پێشرەوی پێشمەرگەکانی دێموکرات ئەوانەی زۆر جار ئەو دیمەنانەیان تاقی کردوونەوە دەستی پێکردوە،فەرماندەو پێشمەرگە بەیەکەوە شان بە شانی یەک دەگەنە دەروازەی پایەگا،ئاربیچی تیمی ھجووم سەنگەرەکانی دووژمنی کردۆتە ئامانج.زۆر ناخایەنێ پێشمەرگەکان دوژمن گەمارۆ دەدەن و شەرێکی زۆر گران دەست پێدەکات،لەو کاتە دشوارەدا!لە پڕ پێشمەرگەکانی ھێرشبەر! لە رووداوێکی چاوەروان نەکراو دا!لە ئاگری پشتیوان بێبەش دەبن!نەک ھەر ئەوە،بەڵکوو:چەند جارێک دەکەونە ژێر مەترسی ئاگری چەکەکانی پشتیوان!بێبەش بوونی تیمەکانی ھێرش لە چەتری پشتیوانی دەبێتە دەرفەتێک تا دووژمن وەخۆ بێتەوە!لێرەدا شەرێکی خوێناوی و سەنگەر بە سەنگەرو دەستەویەخە دەست پێدەکات و تیمەکانی ھەڵمەت بەر سوورن لە سەر ئەوەی کە کارەکە تەواو بکەن و دەست بە سەر مۆڵگەی داگیرکەران دابگرن،پایەگای ھەڵکەوتوو لەو شوێنە(استعکامات)ی بە ھێزەو زۆر بە زەحمەت دەتوانرێ بە کڵاشینکۆف و چەند نارنجۆکێک رێگا لە دژ کردەوەی پاسدارە داگیرکەرەکان بگیرێ،لەو شەرە سەخت و بێ ئەمانەدا:تەنیا دوو سەنگەری دووژمن دەمێنن دەستیان بە سەر دابگیرێ.ئەوە لە کاتێک دا روو دەدا،کە دۆشکەکانی پشتیوانی بە داخەوە گیریان کردوە!“ھۆکاری ئەو رووداوە لە کۆتایی دا باس دەکەین“!.
خۆشەویستانی ھاورێم:ئەو رووداوە زۆر کاریگەرو ھەژێنەرە،فەرماندەکانی وەک رەحیم قارنجی،عوسمان ئەحمەدی بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە،تا بە خوێن سوور نەکەن خاکی کوردستان و سەنگەری شەرەف بە خوێن نە نەخشێنن،لە بڕیاری خۆیان پەشیمان نابنەوە،ھیچ بریارێکی فەرماندەیی گشتی ناتوانێ ئەو پێشمەرگە و فەرماندانە پاشگەز بکاتەوە،دواجار بڕیاری شەرەف لێرە بە خوێن دەنووسرێتەوە مەخابن دوو لە فەرماندە ئازاکانی دێموکرات دوو لە ھیواکانی ھەژارانی کوردستان دوا سەفەری کوردستان و دوا ژوانی نیشتمان لەو ئێوارە خەمناکەدا بە بەرچاوی ھاوسەنگەرانیانەوە…دەست پێدەکەن رزگار کردنی دوو فەرماندە…کە کاک رەحیم قارنجی خۆی فەرماندەری بەرەیەکی شەڕ دەبێ زۆر سەخت دەبێ…ھاورێی من…من لە بەرچاوی تۆ پێکراوم دەزانم ئازاری تۆ چەندە…بیر لە چی دەکەیەوە،ئەگەر دوا وشەکانم توانیبا دەربڕم…دەمگووت:تکایە بڕۆ لێم گەرێ.با بە شەقامەکانی شاردا بمگێرن و خەڵکی شار بزانێ تا دوا ھەناسە بۆ رزگاری ئەوان جەنگاوم….
کێ لە ئێمە ھەیە چەند جار دوا وشەکانی ھاورێی سەخت پێکراوی لە مەیدانی شەڕ دا لە گوێ دا نەزرینگێتەوە،کە دەڵێ:ھاورێم لە وەفای تۆ تێدەگەم تکایە بڕۆن جێم بھێڵن با لە سەر من شەھید نەبن…تکایە سوێندتان دەدەم دەی بە قسەم بکەن..نا ھاورێم یا چارەنووسی تۆ…یا دەبێ لە سەر گۆرەکەت دوا پەیمانی شەرەف و ماڵ ئاواییت بۆ دووپات بکەینەوە..کاک عووسمان ئەحمەدی ھاورێی گیانی بە گیانی کاک“عوومەر کانیبی“لە سەر سەرییەتی و ناتوانێ ھەنگاوێک بێ ئەو دوور بکەوێتەوە،کە گەرایەوە چی بۆ ماڵ و منداڵەکەی بگێرێتەوە.دوا جار ھاورێکانیان بە ھەر نرخێک بووە،جەنازەی لە خوێن شەڵاڵی فەرماندەکانیان جێناھێڵن و لە ژێر ئاوربارانی دووژمن دوای شەرێکی زۆر قوورس لە مەیدانی شەڕ دوور دەکەونەوە.لەو کاتەدا مەسیری پاشەکشەی پێشمەرگەکان یەک پارچە دەبێتە ئاگری دوژمن و لە یەک کات دا چەندین سەرە“ژ٣“ی دوژمن دەتەقنەوە.ئێوارەیەکی دەرنگەو مەودای بینین کەم بۆتەوە،پێشمەرگەکان سەرەرای شەھیدەکان برینداریان ھەیە،کاک مەحمەد مام ئاغا بریندارە و دەبێ دوور بخرێتەوە،ھێشتا بە تەواوی روون نییە کێی دیکە بریندارە یا شەھید بووە!ھەوا تاریک بووە پێشمەرگەکان ماندوو و ھیلاک و دڵ بریندار……
لە کاتی گەرانەوەدا لە ناو گووند،یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ناوی.ع..ا..بریندارێک دەبینێ چەند ھەنگاوێک لە خۆی دوور تەقەی لێدەکات دەچێتە سەر سەری و دەمانچەکەی قەدی دەھێنێ!بە خەیاڵی ئەوەی برینداری دووژمن بێ،بۆ بەیانی کە ھەوا رووناک دەبێ لە چیای“کاسە بەردین“یا ھەر لە رێگا نیشانی ھاورێیانی دەدات!مەخابن کێ باوەڕ دەکات لێرە چی روو دەدات!ئەوە دەمانچەی ھاورێی پێشمەرگەمان ئاربیچی زەنی خۆمان“خالید ئاڵڵایە“رووداوەکە وەک خۆی دەگێرێتەوە:لە کاتی گەرانەوە دا کە پێی وا دەبێ ھێزی دووژمنە تەقەی لێدەکات لە حاڵێك دا بریندار بووە!ئەویش بە برینداری نیازی تەقە کردنی لەو ھاوسەنگەرمان دەبێ!رووداوە تراژیدیەکە کۆتایی نەھاتووە کاتی سەرژمێری و پرسیار کردن دەردەکەوێ ھاوسەنگەرێکی دیکەمان پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی:“ئەبووبەکر مەمەندی“دیار نەماوە!بەداخێکی گرانەوە ئەویش ھەر لە ناو دێ شەھید دەبێ کە پێدەچێ ھەر بە دەستی ئەو ھاوسەنگەرەمان بە ھەڵە شەھید کرابێ!کەمتر رووداوی وا دڵتەزێنم بینیوە!،جەنازەی ئەو دوو شەھیدەمان بە جێدەمێنن لە حاڵێک دا کەس بەوە نازانێ ئەوان پێکراون و شەھید بوون،ئەویش بەو شێوە تاڵ و خەمھێنەرە بۆ ھاوسەنگەرانیان.
با ئاورێک لە بەرەکانی دیکەی شەڕ بدەینەوەو پاشان رووداوە تاڵەكە وەک خۆی تەواو بکەین.
لە شەرگەی ئێمە پایەگای گووندی“چەکۆ“تا ئەو جێگایەی بیرم مابێ!کەوتە بەر ئاگری چەکەکانی ئێمە،لە کاتێک دا لە ناو گۆرەپانی مۆڵگەکەیان سەرگەرمی واڵیباڵ كردن بوون،تا کاتی پاشەکشەی ئێمە دووژمن بڕستی لێبڕاو نەیتوانی دەست بکاتەوە،لە بەرەکانی دیکەی شەر دووژمن ھیچ جموجۆڵێکی نیشان نەداو نەیوێرا بە ھاواری ھێزەکانیەوە بێت.
تۆپ بارانێکی سەخت ناوچەی داگرتووە،لە تەواوی شەرگەکان و ناوچەکانی نزیک لە شەر خاکی کوردستان ئاگری لێ ھەڵدەستێ بریسکەی تەقینەوەکان و چڕە دووکەڵ بەو ئێوارە درەنگەش دەبیندرێ،لە ژێر ئەو ئاگرە بێ ئەمانەی دووژمن دا پێشمەرگە دڵ پڕ لە ئازارەکان پاشەکشە دەکەن.
پێشمەرگەی دێموکرات و رۆژگارە سەختەکانی خەباتی ئەوان لێرە بناسەو رووداوەتاڵەکانیان ببینە،ببینە چۆن فەرماندەرانی بەشێکی ئەو شەرگە بۆ خۆیان لە پێشی پێشەوە گیانبازی بە خوێنی خۆیان دەکەن.رەحیم قارنجیەکان ھیواکانی دوارۆژی ئێمە بوون،ئای کە خاکی و خەڵکی بوو ھەزار حەیف کاتی ئەو کۆستە گەورە نەبوو.عووسمان ئەحمەدی جارێکی دیکەش بە قوورسی بریندار ببوو،وە لە راستی دا لە مەرگ گەرابۆوە.
دوو لاوی ئەو ئێوارەمان دڵە گەرمەکانیان بە شێوەیەکی زۆر تراژیدی لە لێدان کەوت.لێرە چەند گیایەکی بەھاری سیس ھەڵدەگەرێن و دەکووژێنەوە لە ئاستی ئەو رووداوە کاریگەرە.
دوا جار بۆ سیوادی بەیانی زوو بە ھیلاکی و شەکەتی لە حاڵێک دا چەند پێشمەرگەیەک ھەموو گیانیان لە خوێن دا سوور بووە ھەموو تیمەکان دەگەنە لووتکەی“کاسەبەردین“ئەو بەیانی“یە،کەس حەز بە رووناکی ناکات کەس توانای بینینی سیمای خەمباری ھاورێکەی نییە،خەمێکەو پێناسە کردنی زۆر ئەستەمە..ھەر سەرت بەرز بکەیەوە:دوو ھاورێی شەھیدت لێدیارە دوو فەرماندەی رۆژانی تەنگانە،دوو شەھید لە پەنای یەک درێژ کراون گیانیان رەق بووە…ھێشتا چاویان لە سەر ھاورێکانیانە،پێشمەرگەکان دوو دوو و سێ سێ سەر دەبەنە پەنای سەری یەک تا بە ئەسپایی رووداوەکان بۆ یەکتر بگێرنەوە.چەند سەختە لە ماوەیەکی کەم دا ھیواکان بگۆرێن و خەمی لە دەست دانی چوار ھاوسەنگەر ببێتە ئازارێکی گەورەو بێ کۆتایی.
پێشمەرگەکان ھیلاک ماندوو برسی،ئازاری ئەو خەسارە گەورەش بە جێگای خۆی .بە ناچاری بێسیم بۆ سوونێ دەکرێ تا خواردن بە پیرمانەوە بێنن،کاک مەلا خدری مامکاوێ لە گەڵ تیمێک بۆ تەدارووکاتی پێشمەرگەکان وەرێدەکەون.بارگەی خەم ئامادە دەکرێ و دوو شەھید بە سەر پشتی وڵاخەوە لە نێو ئاپۆرای پێشمەرگەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وەرێدەکەوین،بە دەشتی خواری دا ھەر بەو شوێن و رێگایانەی رۆژی پێشتر کە چوار دڵی گەورە بۆ ئازادی و رزگاری ھاوسەفەرمان بوون،بە بەرچاوی ھەوارنشینەکانەوە رێگای گەرانەوە دەگرین،لە رێگا ئەو تیمەی نانیان بۆ ھێنابووین فەریای ئێمە دەکەون و نان بە سەر پێشمەرگەکان دا دابەش دەکرێ.
لە شاخی“سادر“وە دادەبەزین و جارێکی دیکە کەوتینە بەر تۆپ بارانی ھێزەکانی ئێراق و کاک مەحمەد کەسرایی بە سووکی بریندار بوو.
دوای گەیشتنەوە لە نێو ئاپۆرای دەیان پێشمەرگەو خەڵکی ناوچەکە،بە ئامادەبوونی بنەماڵەی داخداری کاک عووسمان ئەحمەدی لە نێو دنیایەک خەم و خەفەت و نیگەرانی دا بە خاک دەسپێردرێن.
شەھید:ھۆ لووتکەی ھەر مانی گەڵ،بەڵێن بێ رێگای تۆ بێ رێبوار نابێ.بەڵێن بێ تا گەیشتن بە ئاسۆی رزگاری ئەو کاروانە نەوەستێ.
………………………………………….
ھۆکارەکانی ئەو زەربە قوورسەو خەسار ناسیییەک تا ببێتە ئەزموون بۆ داھاتوومان.
١-وەک شناسایی بە باوەڕی من ئەو مەیدانی شەرە ساڵی“١٣٦٦“ لە کۆی شناساییەکانی ئەو ساڵە بە بەشداری مامۆستا مەلا حەسەن خۆی کرابوو،بەڵگەی ئەو قسەم دوای ئەوەی کاک عەلی حاجی بریندار دەبێ و مامۆستا دەبینێ لە نەخۆشخانە پێی دەڵێ:ئەو کارەتان بۆ کرد نەمگووت ئەو شوێنە مەوقعییەتی زۆر ناسکەو بۆ بەرنامەیەکی لەو جۆرە نابێ.
٢-لە یەکەم کۆبونەوەی فەرماندەرانی نیزامی دا ناکۆکی درووست بوو بەر لەوەی وەرێکەوین بۆ شوێنی مەبەست،ھەتا چەند قسەیەک لە نێوان شەھید رەحیم قارنجی و رەحمانە رەش دا کراو کاک رەحیم گووتی:دوای گەرانەوە کار ناکەم وەک نارەزایەتییەک
٣-دوو دۆشکە کە وەک:ئاگری پشتیوان و یەک لاکەرەوە دیاری کرابوون،یەکیان رەحمانە رەش خۆی لە سەری بوو!کە زوو گیر دەکات ھیچ!بەڵکوو:چەند پێشمەرگەیەک باسی ئەوەیان کرد کە بەرامبەر خۆیان بە کار ھاتووە!دەمێنێتەوە دۆشکەکەی کاک رەسوڵ کە چەند جارێک گیر دەکات و دووبارە دەیخاتەوە کار،دواتر کە رەحمانە رەش دەچێتە لای تا ھاوکاری بکات ئەویش بە ھۆی دەستکاری کردن لە کار دەکەوێ»من چەند جارێک لە شەھید کاک رەسوڵ عەزیزیم گوێ لێ بووە کە مەشکووکییەتی خۆی لەو کارە باس دەکرد.رەحمانە رەش بۆ لەو شوێنە بوو بۆ لە تیمی ھێرش نەبوو!؟ئایا ئەو کات پێوەندی ژێر بەژێری ھەبووە!پرسیارێکن تا ئێرە بێ وەڵام!
٤-رەحمانە رەش خۆی تەحویلی رێژیم دایەوە دوای ئەو کارەو بوو بە جاش،کە ھەر بە دەستی ھێزی پێشمەرگە کوژرا.
ئیدی دواتر لەوەدا شک نەمایەوە کە ئەو کارە بە ئەنقەست بووە.
٥-ئێمە لە دوای ئاسەوارە تووندەکانی لەت بوون دابووین و ئەوە بۆ ھێزی گیارەنگ کاریگەری خۆی ھەبوو.
٦-ئەو ناوچە کەمتر ببوو بە مەیدانی چالاکی و جمو جۆڵی ئێمە و چەقی تێکۆشانی ئێمە نەبوو.
٧-وەک یەکەم بەرنامەی عەمەلیاتی نەدەبوا ھێز ئەو شوێنە دیاری بکات،ئەزموونی دواتری چوار ھێزی حیزب دەریخست کە ئەو شوێنە بۆ بەرنامەیەکی لەو جۆرە گوونجاو نییە.
ئەو چەند کەم و کۆرییەم کە باس کردن زیاتر روانگەی خۆم و ھاورێکانمن و خۆم لێی بەرپرسیارم.
بۆ ھەموو رەخنەو پێشنیارێک ئامادەو کراوەم چاوی ئەو کەسانە ماچ دەکەم لە گەڵم ماندوو دەبن و پشتگیریم دەکەن.وە لە راستی دا ئەوان بەو کارە خزمەتێکی گەورە دەخەنە سەر تەمەنی دەیان ساڵ لە خەباتیان.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *